پێداچوونەوەیە بە مێژووی نیو سەدە لە خەباتی سەرۆکێک

2026-09-13


سەرۆک مام جەلال؛ سەرکردەی مێژوویی و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردی عێراق، یەکێکە لە دیارترین و کاریگەرترین سیمبولەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، ساڵیادی مەرگی ئەم سەرکردە مەزنە، تەنیا یادکردنەوەی کۆچی دوایی مرۆڤێک نییە، بەڵکو پێداچوونەوەیە بە مێژووی نیو سەدە لە خەبات، دیپلۆماسیەت، و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.

سەرۆک مام جەلال قوتابخانەیەکی گەورەی سیاسەت و حیکمەت بوو، ئەو بە هێزی لۆژیک، توانای ناوازەی لە کۆکردنەوەی نەیارە سیاسییەکان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا هەبوو. لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، وەک "سەمامی ئەمان" یان قوفڵ و کلیلی چارەسەری قەیرانەکان دەبینرا. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، توانی ڕۆڵێکی باڵا لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و چەسپاندنی مافە فیدراڵییەکانی کوردستان بگێڕێت.

کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، کەلێنێکی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراقدا دروستکرد کە تائێستاش شوێنەواری پێوە دیارە. لەم یادەدا، پێویستی گەڕانەوە بۆ پەیامە هەمیشەییەکانی ئەو کە خۆی لە "یەکڕیزی، تەبایی، و دیالۆگ"دا دەبینییەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر هەستی پێدەکرێت.

یادکردنەوەی سەرۆک مام جەلال، بەرزڕاگرتنی بەهاکانی ئاشتی و پێکەوەژیانە. باشترین وەفاداری بۆ ڕوحی ئەم سەرکردە مەزنە، درێژەدانە بە کاروانە نەتەوەییەکەی و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بە خەبات و قوربانیدانی ئەو و هەزاران تێکۆشەر بەدی هاتوون. ناوی سەرۆک مام جەلال وەک ئەندازیاری ئاشتی و خەبات، هەمیشە لە مێژووی گەلی کورددا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پەیمان عوسمان، مامۆستای زانکۆ
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved