کوردی
العربیة
English
سەرەکی
دامەزراوە
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
سەرۆکی دامەزراوە
جێگری سەرۆک
ڕێکخەری میدیا
پەیوەندی
میدیا
هەواڵ
سەردان
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
چاوپێکەوتن
کتێب
سکۆلارشیپ
وتار
گەلەری
وتار
عیماد ئەحمەد
گوڵێک لە باخچەی یادەوەریدا
2026-09-27
گوڵێک لە باخچەی یادەوەریدا
لە نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا
بەتەنیا، لەگەڵ سێبەرەکەم، لە باخچەی ماڵە کۆنەکەی مامۆستا یونس ئەفەندی، لە گەرەکی عەقاریی شاری سلێمانی، لەسەر کورسییەکی پلاستیکیی کۆن دانیشتووم. ئەم تەنهاییە جیاوازە لە تەنهایی جاران؛ کاتێک لە ژوورە تاریک و بێپەنجەرەکەی خانووقوڕەکەی خاڵۆ موسا، لەسەر ئەرز، لەگەڵ هاژەی ئەڵوەن و بۆنی باخەکانی گەرەکی جەلەوە لە خانەقین دادەنیشتم.
ئەوسا بیرم دەفڕی بەرەو داهاتووی وڵاتەکەم، خێزانەکەم و خۆم. بەڵام ئێستا، لە تەنیشت قورییە شکاوەکە و لەنێو دەنگی سەیارەکان و بۆنی شێ و ئەشکەنجەی زیندانی ئەمنەسوورەکەدا، بیرم دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو؛ بۆ ئەو ڕۆژانەی پڕ لە تەم و گومان بوون، بەڵام هیوا وەک چرایەکی بچووک لە دڵماندا دادەگیرسا.
ئەوسا ژوورەکە تاریک بوو، بەڵام داهاتوو ڕووناک؛ ئێستا دنیا ڕووناکە، بەڵام داهاتوو لێڵ و ڕابردوو پڕشنگدارە.
ئەوسا کاتم بە چرکەکانی کاتژمێر دەپێوا، ئێستا بە درێژیی سێبەر.
سێبەرەکەم بەسەر دارێکی گوڵەباخدا کەوتبوو. تەنها گوڵێکی سووری ئاڵ بە دارەکەوە مابوو؛ وەک دڵێک لەنێو سەوزایی باخچەدا. دارەکە بە هەموو لق و گەڵاکانییەوە گوڵەکەی لە باوەش گرتبوو و گەڵاکان بەیەواشی باوەشێنیان دەکرد؛ وەک ئەوسای دایکم، «گەوهەر»، کە لە نیوەڕۆی گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاوینی خانەقیندا، بە مقەبا باوەشێنی چوار منداڵە بێباوک و بێنازەکەی دەکرد تا خەویان لێبکەوێ.
چاوەکانم لە جوانیی دیمەنەکە مەست و سەرسام بوون.
لەناکاو، پەپوولەیەکی سپی هات و چرکەیەک لەسەر پەنجەی دەستی ڕاستم نیشتەوە. منی بەرەو گوڵەکە ڕاکێشا، پاشان باڵی لێدا و بەرەو ئاسمان فڕی؛ منی بە تەنیا لەبەردەم گوڵە سوورەکەدا بەجێهێشت.
گوڵەکە هاتە قسە:
ـ عیماد، بۆچی ئاوا سەرسامی؟
وتم:
ـ لە جوانی و بۆنخۆشیی تۆ مەستم. لەنێو ئەم هەموو لق و گەڵایەدا، تۆ وەک ئاڵایەکی سوور، بە تەنیا ماویتەوە.
گوڵەکە بە ناز و شەرمێکی منداڵانەوە وتی:
ـ من ئەمساڵ تاقانەی دایکمم. بە دڵ و گیان بەخێوی کردووم؛ لە گەرما و سەرما و ڕەشەبای شار پاراستوومی. ئێستا پێم خۆشە بمکەیتە دیاری بۆ کەسێک کە شایەنی من بێت و نرخی جوانی و بۆنم بزانێت.
لەو ساتەدا نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال هاتە خەیاڵم. دڵم لە عەقارییەوە فڕی بۆ دەباشان؛ بۆ ئەو گۆڕەی هەرگیز بە تەنیا نەماوە. خەڵک دێن و دەڕۆن، چەپکەگوڵ دادەنێن، فاتیحایەک دەخوێنن، ساتێک بێدەنگ دەوەستن و لەگەڵ یادەوەرییەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە.
بە گوڵەکەم وت:
ـ لە دایکت جیات ناکەمەوە. هەر لەم باخچەیە و لەنێو باوەشی ئەم دارەدا بمێنەوە؛ بەڵام ڕۆحت بگەیەنە مەزاری مام جەلال لە دەباشان. بە هێمنی پاڵ بە مەزارەکەوە بنێ، با تەنانەت دڵۆپە شەونمێکیش لەسەر گەڵاکانت نەلەرزێت.
پێی بڵێ:
«مام جەلال، بە تەنیا هاتووم. دەزانم حەزت لە چەپکەگوڵ بوو، بەڵام من گوڵێکی تاقانەم؛ جوانیی هەموو گوڵەکان و بۆنی هەموو باخچەکانی کوردستانم بۆ هێناویت.»
گوڵەکە وەڵامی دامەوە:
ـ بەسەرچاو. تا ئێستا ئەم سەفەرەم بۆ کەس نەکردووە، بەڵام مام جەلال شایەنی ئەوەیە ڕۆحی گوڵێک بۆی ببێتە پەیامبەر.
وتم:
ـ لە دڵەوە سوپاسگوزارم؛ چونکە من «جەواهیری» نیم تا بتوانم بڵێم:
«شوقاً جلال كشوق العين للوسن
كشوق ناءٍ غريب الدار للوطن»
من شاعیرێکی گەورە نیم تا شەوق و خۆشەویستیی خۆم بۆ مام جەلال بکەمە شیعر. مرۆڤێکم، بەشێک لە ژیانم لەگەڵ ئەو بووە؛ لە نزیکەوە گەرمیی دەستی ئەوم هەست پێ کردووە و دەنگی ئەوم لە هەوراز و نشێوی خەباتدا بیستووە.
مام جەلال لە یادەوەریی مندا جارێک بە پێکەنینە ناسراوەکەی دەردەکەوێت، جارێک بە قسەیەکی پڕ لە پەند و جارێک بەو چاوە دووربینانەی کە لە پشت هەورە ڕەشەکانیشەوە ڕووناکیی بەیانی دەبینی.
من ئەوم تەنها لە ڕۆژانی ئاساندا نەناسیوە؛ لە ڕۆژانی قورسدا بینیومە. ئەو کاتانەی ڕێگا تاریک و هەواڵەکان دڵتەنگکەر بوون، مام جەلال لە قسەکردن و گەڕان بەدوای خەون و ئاسۆدا ماندوو نەدەبوو. جارێک بە پێکەنین، جارێک بە پەندێک و جارێک بە قسەیەکی کورت، دڵی ئەوانەی دەوروبەری خۆی ئارام دەکردەوە.
من شەیدای ئەو چرکەساتانەم؛ ئەو ئێوارانەی مام جەلال بە تەلەفۆن بانگی کاک کۆسرەت، کاک عومەر فەتاح، کاک دلێری سەیدمەجید و منی دەکرد بۆ نانی ئێوارە لە دەباشان.
دوای نان، لە دەوری مێزە خڕەکەی ژووری مەکتەبەکەی، لە نهۆمی سەرەوە، دادەنیشتین. لەنێوان قسەوباسی سیاسەت و کاروباری یەکێتی و پێکەنینەکانماندا، هەڵمی چای و قاوە لەگەڵ دووکەڵی سپی و شینی سیگارە کوبییەکەی دەستی ڕاستی مام جەلال تێکەڵ دەبوو. بۆنەکە هێشتا، وەک نیشانەی ئامادەبوونی ئەو و گەرمای ئەو شەوانە، لە ناخمدا ماوەتەوە.
ئەو «مرافعە»یەی مام جەلال لە ئەنجومەنی حوکمدا، دەربارەی کەرکووک، پێشکەشی کرد، هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە.
لە شاخ و زیندان و ئاوارەییدا، خەڵک ناوی ئەویان لەگەڵ هیوا دەهێنا. دایکی شەهیدێک، پێشمەرگەیەکی بریندار، زیندانییەکی سیاسی یان ئاوارەیەک لە سنوورێکی دوور، هەریەکەیان بە شێوەی خۆی مام جەلالی دەناسی. هەر بۆیە یادەکەی بە دەباشان سنووردار نەبووە؛ لەنێو ماڵ و دڵی خەڵکدا ماوەتەوە.
نۆ ساڵە جێی هەناسەکانی بەتاڵە. لەم ماوەیەدا زۆر ڕووداو ڕووی دا، زۆر قسە کرا و زۆر دەرفەتیش لەدەست چوو. هەر کاتێک دووبەرەکی قووڵتر و زمانی گفتوگۆ لاوازتر دەبێت، جێی ئەو زیاتر بەدی دەکرێت.
ئێوارە خۆی بەسەر باخچەکەدا دادەدا. سێبەرەکەم درێژتر دەبوو و گوڵە سوورەکە هێشتا بە دارەکەوە بوو. پەپوولە سپییەکە لە دوورەوە گەڕایەوە، چرکەیەک بەسەر گوڵەکەدا سووڕایەوە و دیسان بەرەو ئاسمان فڕی.
لە دڵی خۆمدا وتم:
ڕەنگە ئێستا ڕۆحی گوڵەکە گەیشتبێتە دەباشان؛ ڕەنگە بە هێمنی پاڵی بە مەزاری مام جەلالەوە دابێت و پێی بڵێت:
«مام جەلال، من تەنها گوڵێکی سوور نیم؛ من بۆنی هەموو باخچەکانی کوردستانم. عیماد لە باخچەی ماڵە کۆنەکەی مامۆستا یونس ئەفەندییەوە ناردوومی، تا پێت بڵێم: نۆ ساڵە لەناوماندا نیت، بەڵام هێشتا فەرمایش و پێکەنینەکەت لەنێو یادەوەرییەکانماندا دەبیسترێت؛ ڕێبازەکەت لە دەستی نەوەی دێرین و نوێدا پارێزراوە و ناوت، وەک گوڵێک لە باخچەی مێژوودا، هەرگیز هەڵناوەرێت.»
زیاتر بخوێنەرەوە
رێنوار خەلیل عەلی
عــــیــــراق و کــــوردســــــــتــــان، نــــیــــشـــــــتـــــــــــمـــــــانـــی نـــووســــــــــــەر و شـــاعـــیــــرە مـــەزنـــەکــان
د. سەلام عەبدولکەریم
مام جەلال و پرسی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ ماوەی مێژوویی نێوان ساڵانی (1975-1991)
پەیمان عوسمان
پێداچوونەوەیە بە مێژووی نیو سەدە لە خەباتی سەرۆکێک
چێنەر شەرعی
هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال بۆ بووژاندنەوەی ئابووری
چێنەر شەرعی
سەرۆک مام جەلال؛ پەیامهێنەری ئاشتی و دادپەروەری
ستران عەبدوڵڵا
هەر خۆی مامۆستای گێڕانەوەش بوو
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
دامەزراوە
ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
پەیوەندی
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
لینکی زیاتر
کتێب
وتار
گەلەری
سکۆلارشیپ
میدیا
هەواڵەکان
سەردان
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 pjtfoundation.org ,All rigth reserved