ڕێبازی مام جەلال

2026-09-29

دوێنێ ئێوارە، لە ماڵەوە لەسەر مێزی نانخواردن، لەگەڵ هاوسەر و منداڵ و نەوەکانم خەریکی خواردنی ژەمی ئێوارە بووین. مێزەکە پڕ بوو لە خۆشەویستی و بیرەوەری و قسەی دڵ؛ جارێک باسی ژیانی ڕۆژانە و جارێکیش باسی سیاسەت.

کەسوکار و خزمان دەڵێن: «باڵا و شێوەی ئارام لە گەنجیی تۆ دەچێت.» کاک قوبادیش دەڵێت: «بزێویی ئارام، وام پێ دەڵێت لە بزێویی سەردەمی گەنجایەتیی خۆت دەچێت.»

ئارام، کوڕە بچووکەکەم و دوا منداڵمان، لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی شەهیدبوونی کاک ئارام لەدایک بوو، کاک دڵێر و کاک بەختیار ناوی «ئارام»یان لێ نا. ئارام بە چاوێکی تیژ و دووربینەوە سەیری کردم و وتی:

ـ باوکە، زۆرجار دەبیستم تۆ و هاوڕێ دێرینەکانتان دەڵێن: «ڕێبازی مام جەلال». من مام جەلالم بینیوە؛ کاتێک منداڵ بووم وێنەشم لەگەڵ گرتووە، بەڵام سیاسەتم لەگەڵ نەکردووە تا بزانم ئەو ڕێبازە چییە. تۆ کە ماوەیەکی درێژ لە نزیکی مام جەلال بوویت، بۆمان باس ناکەیت ڕێبازی مام جەلال چییە؟

منیش وتم:

ـ باشە، با ژەمەکەمان تەواو بکەین؛ لە کاتی چای خواردنەوەدا، بە پێی توانای خۆم بۆتان باس دەکەم.

دوای نان، کاتێک چایەکەمان لەنێوان هەڵم و بۆنی بیرەوەریدا دانرا، بە پرسیارێکی کورت دەستم پێکرد: ڕێباز چییە؟

ڕێباز تەنها کۆمەڵێک دروشم و وتەی جوان نییە کە لە بۆنەکاندا دووبارە بکرێتەوە؛ بەڵکو کۆمەڵێک بنەما و بەها و هەڵوێستە کە بیرکردنەوەی سیاسی ئاراستە دەکات و لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەبێتە ڕێنمای کردار. ڕێباز ئەو ڕێگایەیە کە سەرکردەیەک لەنێوان وشە و کردار، ئامانج و ئامراز، هێز و ئەخلاق دروستی دەکات.

بۆیە، ڕێبازی مام جەلال ناکرێت لە وتارێک یان قۆناغێکی دیاریکراودا کورت بکرێتەوە. ئەو ڕێبازە لە تێکەڵبوونی بیر و پراکتیک، شۆڕش و گفتوگۆ، کوردایەتی و مرۆڤایەتی، چەپایەتی و دیموکراسیدا پێک هاتووە.

یەکەم کۆڵەکەی ئەم ڕێبازە، کوردایەتی و باوەڕبوون بە مافی گەلانی ژێردەست بوو. مام جەلال کوردایەتی بە دژایەتیی گەلانی تر لێک نەدەدایەوە؛ مافی کوردی بەشێک لە مافی مرۆڤ و گەلان دەزانی. لە ڕێبازی ئەودا، کوردایەتی تەنها هەست و سۆز نەبوو؛ بەرپرسیارێتی بوو: پاراستنی خاک و ناسنامە و زمان، لەگەڵ داننان بە مافی پێکهاتە و گەلانی تر. ئەو باش دەیزانی گەلێک کە داوای ماف بۆ خۆی دەکات، نابێت مافی ئەوانی تر لەبیر بکات.

کۆڵەکەی دووەم، چەپایەتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو. چەپایەتیی مام جەلال تەنها دەستەواژە و پۆشاکێکی سیاسی نەبوو؛ لە نزیکبوونەوەی لە ڕەنجدەران، جوتیاران، کرێکاران، مامۆستایان و چینە پەراوێزخراوەکاندا دەردەکەوت.

ئەو پێی وابوو ئازادیی سیاسی، ئەگەر لەگەڵ یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا نەبێت، ناتەواوە. بۆچی مرۆڤ مافی دەنگدانی هەبێت، بەڵام نانی نەبێت؟ بۆچی مافی قسەکردنی هەبێت، بەڵام نەخۆشخانە و قوتابخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی شایستەی نەبێت؟

مام جەلال باوەڕی بە سۆشیالیزمێک هەبوو کە لەگەڵ دیموکراسی، فرەڕەنگی و ئازادییە گشتییەکاندا بگونجێت. سۆشیالیزم لە دیدی ئەودا تەنها بەدەوڵەتیکردنی سامانی وڵات نەبوو؛ دادپەروەری، یەکسانیی دەرفەت و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بوو.

کۆڵەکەی سێیەم، دیموکراسی و قبوڵکردنی فرەڕەنگی بوو. مام جەلال لە دەربڕیندا میانڕەو بوو، بەڵام لە باوەڕ بە ماف و ئازادییەکاندا شل نەبوو. میانڕەویی ئەو لاوازی و بێ‌هەڵوێستی نەبوو؛ هونەری دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و کردنەوەی دەرگای چارەسەر بوو.

ئەو سیاسەتی بە چەپکەگوڵ دەنواند؛ هەر گوڵێک ڕەنگ و بۆن و جوانیی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک پێکەوە دەبن، چەپکەگوڵێکی جوانتر دروست دەکەن. کۆمەڵگەش بە یەک ڕەنگ جوان نابێت؛ هێزی لە جیاوازییەکانیدایە، بە مەرجێک جیاوازی نەکرێتە هۆی ڕق و دوژمنایەتی، بەڵکو ببێتە سەرچاوەی تەواوکاری.

مام جەلال تەنها بە زمان باسی دیموکراسی نەدەکرد؛ لە ڕەفتاری ڕۆژانەیدا کاری پێ دەکرد. ڕەخنەی قبوڵ دەکرد و لە ڕەخنەکردنیش لە خۆی نەدەترسا. زۆرجار لە کۆبوونەوەکان بە ئێمەی دەوت: «ئەگەر ڕەخنەتان هەیە، لە منەوە دەست پێ بکەن.»

ئەمە باوەڕێک بوو بەوەی سەرکردە دەبێت پێش هەمووان خۆی بخاتە بەردەم پرسیار و هەڵسەنگاندن. حیزبێک کە گوێ لە ڕەخنە نەگرێت، هەڵەکانی خۆی نابینێت؛ سەرکردەیەکیش کە خۆی لە ڕەخنە بەدوور بگرێت، بەرەبەرە لە خەڵک و ڕاستییەکان دوور دەکەوێتەوە.

ڕێبازی مام جەلال ڕێبازی گفتوگۆش بوو. ئەو لەگەڵ هاوڕێ و ڕکابەر و تەنانەت دوژمنیش قسەی دەکرد؛ نەک لەبەر ئەوەی جیاوازییەکانی لەبیر دەکرد، بەڵکو دەیزانی سیاسەت هونەری گۆڕینی ناکۆکییەکانە بۆ چارەسەرێکی مومکین.

باوەڕ بە ماف و ڕۆڵی ژنانیش بەشێکی بنەڕەتیی ئەم ڕێبازە بوو. لە دیدی ئەودا، ژن تەنها نیوەی کۆمەڵگە نەبوو؛ بەشدارێکی سەرەکیی سیاسەت و دروستکردنی داهاتوو بوو. کۆمەڵگەیەک کە ژن لە ماف و بڕیاردان دوور بخاتەوە، ناتوانێت بە ناوی ئازادی و پێشکەوتنەوە قسە بکات.

پوختەی فکریی ئەم ڕێبازە لە نامیلکەی «یەکێتیی نیشتمانی بۆ چی؟»دا دەبینرێت. ئەو نامیلکەیە تەنها وەڵامی پرسیاری دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو بەڵگەنامەیەکی فکرییە بۆ ئەوەی یەکێتی چی بێت، نوێنەرایەتیی کێ بکات و بۆ چ جۆرە کۆمەڵگەیەک تێبکۆشێت.

ڕەهەندێکی دیکەی ڕێبازی مام جەلال، واقع‌بینیی سیاسی، دروستکردنی هاوپەیمانی و لێبوردەیی بوو. لە ئامانجە بنەڕەتییەکاندا قایم، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئامرازدا نەرم و واقع‌بین بوو. لای ئەو، سیاسەت مەیدانی تۆڵەسەندنەوە نەبوو؛ هونەری گۆڕینی ڕکابەر بۆ گفتوگۆکەر و دوژمنی دوێنێ بۆ هاوبەشی چارەسەری ئەمڕۆ بوو.

بێگومان، ڕێبازی مام جەلال ڕەهەند و تایبەتمەندیی زۆری دیکەشی هەیە کە لەم وتارە کورتەدا نەمانتوانیوە هەموویان بخەینە بەرباس. ئەمە تەنها هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای لێکۆڵینەوەیەکی فراوانتر.

لە ڕاستیدا، شێوە و شێوازی ڕەسەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان واتای ڕێبازی مام جەلالە؛ یەکێتییەک کە پەناگەی ڕەنجدەران، ڕووناکبیران، ژنان، لاوان، جوتیاران و کرێکاران بێت. یەکێتییەک کە ناوی نیشتمانی تەنها لەسەر دروشمەکانی نەبێت، بەڵکو لە ڕەفتار و بڕیار و خزمەتکردنیدا دیار بێت.

ڕێبازی مام جەلال تەنها ئەوە نییە کە لە یادەوەری و ساڵیادییەکاندا باسی بکەین. ڕێباز کاتێک زیندووە کە لە کرداردا بەردەوام بێت، بە پێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم نوێ بکرێتەوە و وەڵامی پرسیارەکانی نەوەی نوێ بداتەوە.

پرسیارەکەی ئارام تەنها پرسیاری کوڕەکەم نەبوو؛ پرسیاری هەموو نەوەی نوێیە: ڕێبازی مام جەلال لە کوێی ژیان و سیاسەتی ئەمڕۆماندا دەردەکەوێت؟ چۆن دەتوانێت وەڵامی کێشەکانی گەنجان، ژنان، بێکاری، کۆچ، نادادپەروەری و لاوازیی متمانە بداتەوە؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە بە وتارێک تەواو نابێت. پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکانی ناو یەکێتی، بە هاوکاریی زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەییەکان، بنەماکانی ڕێبازی مام جەلال بە شێوەیەکی زانستی کۆبکەنەوە و شیکارییان بکەن؛ وتار و نامە و بڕیار و هەڵوێستەکانی، لەگەڵ ئەزموون و شایەتیی هاوڕێیانی، لە دووتوێی کتێبێکی تایبەتدا بڵاو بکەنەوە. کتێبێک کە تەنها باس لە ژیانی مام جەلال نەکات، بەڵکو بنەما و شێوازی جێبەجێکردنی ڕێبازەکەی بخاتە بەردەم نەوەی نوێ.

کاتێک قسەکەم تەواو کرد، چایەکە سارد ببووەوە، بەڵام پرسیارەکەی ئارام هێشتا گەرم بوو. تێگەیشتم کە ناتوانرێت ڕێبازی مام جەلال لە شەوێکدا و لە دانشتنێکی چای خواردنەوە تەواو بکرێت.

من تەنها دەرگایەکم کردەوە؛ چونکە ڕێباز، ئەگەر لە کتێب و یادەوەریدا بەجێ بهێڵرێت، دەبێتە مێژوو؛ بەڵام ئەگەر لە بیر و کردار و وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانی نەوەی نوێدا بەردەوام بێت، دەبێتە داهاتوو.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved