کێ قەرزەکەی مام جەلال دەداتەوە؟

2026-09-30


بە بۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال-دا، یادکردنەوەی ئەو رابەرە نیشتمانیی و کاریزمایە، گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پێکەوەژیان، حیکمەت و مرۆڤدۆستی لە دیمەنی سیاسیی کوردستان و عیراقدا، چونکە مام جەلال تەنیا سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو مامۆستا و رابەری ئاشتەوایی و پەناگەیەکی هەمیشەیی بوو بۆ سەرجەم هێز و لایەنە جیاوازەکان، کە لە قورسترین و تاریکترین قۆناغەکاندا بە خەندە و پشوودرێژییە مەزنەکەیەوە چارەسەری دەدۆزییەوە و هەمیشە بە باوەڕێکی قووڵەوە رێبازی دیالۆگ و پێکەوەبوونی بەرجەستە دەکرد.
لەم یادەدا وروژاندنی پرسیارێک و بیرهێنانەوەی بە بیری کۆمەڵێک کەسایەتی دەسەڵاتدار و دامەزراوەی میری و دۆستە نزیکەکانی سەرۆک مام جەلال پێویستە، کە قەرزێکی گرنگ و مێژوویی و ئەخلاقی لەسەر شانیانە و کاتی ئەوە هاتووە قەرزەکەی مام جەلال بدەنەوە. هەڵبەت ئەوانەی، کە پێویستە قەرزی مام جەلال بدەنەوە: دوو بەشن، بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن و بەشی دووەمیش لە بەغدادن.
بەشەکەی هەرێم بریتین لە:
ـ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە دۆستێکی نزیکی مام جەلال بوو، ئەرکی پێدانی قەرزەکە لە هەرێم زیاتر دەکەوێتە سەرشانی بەڕێزیان.
ـ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و لیژنەی تایبەت بە نووسینی مێژووی گەلەکەمان لە پەرتووکەکانی پرۆگرامی خوێندندا.
ـ هەموو ئەو سەرکردە و رۆشنبیر و مێژوونووس و نڤیسکار و ئەکادیمیستانەی، کە هاوڕێی مام جەلال بوون.
ـ سەرکردایەتیی حزبەکەی مام جەلال (یەکێتی).
 بەشەکەی بەغدادیش بەهەمان شێوە:
ـ جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ. 
ـ وەزارەتی پەروەردە.

قەرزەکە چییە؟
بەپێی هەموو مەرج و پێوەرە زانستییەکانی نووسینەوەی مێژوو بێت:
ـ مام جەلال وەکو سەرکردە و رابەرێکی نیشتمانیی کوردستانی و عیراقی.
ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی نوێ .
ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری کورد. 
ـ وەکو ئەو سەرۆکەی، کە لەسەر ئاستی کوردستانی و عیراقی و نیودەوڵەتی، کۆدەنگییەکی هاوبەش و هاوسەنگیان لەسەربوو .
ـ وەکو باوکی تەوافوقی نیشتمانی و ئاشتەوایی و لێبوردەیی و پارێزەری مافی هەموو پێکهاتەکانی عیراق.
ـ وەکو سەرکردەییەکی قاڵبووی سیاسەت و دیپلوماسییەتی نەرم و ژیرانە.
ـ وەکو سەرکردەیەک، کە پێشڕەوی شۆڕشێکی گەورە و درێژخایەنی گەلی کوردستانی کردووە و تا دواساتەکانی ژیانی، خزمەتی گەلەکەی کردووە.
ـ وەکو هەموو ئەمانە و چەندانی دیکە، لەلایەکەوە مافی خۆیەتی هاوشێوەی سەرکردە ناودارە جیهانییەکان، مێژووە هەمەجۆرەکەی لەناو  پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکاندا تۆمار بکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان و عیراقیش مافی خۆیانە بە رەهەندە مێژووییەکانی خەباتی مام جەلال ئاشنا ببن. 
ـ تۆمارکردنی ئەو مێژووە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا، ئەرکێکی نیشتمانی، مێژوویی، ئەخلاقییە لەسەر شانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و نابێت ئەم بابەتە لەسەر ئاستی هەرێم تێکەڵاوی ململانیێ حزبایەتی بکرێت. هەروەک ناکرێت لەسەر ئاستی بەغداد -يش ئەم بابەتە بخرێتە ناو تەرازووی ململانێی نەتەوەییەوە و وەکو هەمیشە سەرۆک مام جەلال خۆی وتویەتی: «من موڵکی هەمووتانم».
ـ دەبێ ئەمجارە و لەدوای ئەم پرسیارە چاوەڕوان بکەین و بزانین تا چەند گفتار و کردارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە رەنگدەداتەوە‏.
هەموو ئەو قەرزانە، هۆكارەكەی روونە، باسكردن و شرۆڤە و گێڕانەوەی مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیى كورد و خەباتی دیموكراسییانەی عیراق، بەبێ مام جەلال مێژوویەکی راست و دروست و بێلایەنانە تۆمار ناکرێت، چونكە هیچ قۆناغ و وێستگە و دەستكەوتێك نەبووە پایەی بیر و بازووی مام جەلال لە سەرمەشقیی و سەركردایەتی پرۆسەكانیدا رەنگی نەدابێتەوە، لەناو ئەو مێژووەدا مام جەلال هەر رابەرێکی یەكێتی نەبوو، بەڵكو ستوونێكی بەهێزی كورد و خەباتی دیموكراسییانەی عیراق و تەنانەت كاراكتەرێكی هەرێمیی گەورەش بوو، كە شوێن دەستی بەسەر رووداوەكانی مێژووی هاوچەرخەوە جێهێشتووە.

زیاتر بخوێنەرەوە

عیماد ئەحمەد

ڕێبازی مام جەلال
Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved