سەرۆك مام جەلال، ئەو گەنجینە فرە رەهەندەی هەمیشە پێویستمان پێیەتی

2026-10-01

ماوەی نۆ ساڵە سەرۆك مام جەلال بەجەستە لە ناوماندا نییە، بەڵام لە ماوەی ئەم نۆ ساڵەدا هەموو پێشهات و رووداوەکان، پێگە سەنگینەکەی خەباتی 65 ساڵەی مام جەلال-مان زیاتر لەلا بەرجەستە دەکات، پێگەیەك کە فاکتەری هاوسەنگیی سیاسی، دیپلۆماتی، پێکەوەژیان، کۆمەڵایەتی و ئایینییە.

هەر بوارێکی کە پەیوەست بێت بە بارودۆخی خەبات و ئەمڕۆی عیراق و ناوچەکە و کوردستانەوە و بمانەوێت لەبارەیەوە بدوێین، پێویستمان بە پێداچوونەوەیە بە وتار و لێدوانەکانی سەرۆك مام جەلال-دا  تا بزانین  دەربارەی هەر رووداو و مەسەلەیەك روانین و جیهانبینی بەڕێزیان چۆن بووە؟! یاخود هەڤاڵەکانی لەناو (ی.ن.ك) و هاوخەباتەکانی لە حزبەکانی دیکەدا چ عیراقی، یان کوردستانی، یان عەرەبی و ناوچەیی چۆن باسی حیکمەتی مام  دەکەن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان و مەسەلە ئاڵۆزەکان؟
 بۆچی دەڵێین سەرۆك مام جەلال گەنجینەی فرە رەهەندە؟ چونکە هەرگیز خۆی بە یەك ریتمی خەبات و شێوازی رێگەچارەکانەوە پابەند نەکردووە، هەمیشە بە بیرکردنەوەی فراوانترەوە مامەڵەی لەگەڵ رەوتی رووداوەکاندا کردووە، بەردەوامیش باوەڕی بەو پرەنسیپە بووە کە هەر بڕیاردانێك پەیوەستە بەو کات و ساتەی کە تێیدا دەژین، لەو بارەیەشەوە ئەو وتە باوەی بە نموونە دەهێنایەوە کە:  «قاپووت و جلی ئەستوور لە هاویندا لەبەر ناکرێن».

ئەمڕۆ تەنیا رووناکی دەخەینە سەر یەکێك لە شێوازەکانی خەبات کە سەرۆك مام جەلال تێیدا  تاکە شارەزا و قاڵبووی ئەو شێوازەی خەبات بووە.

کاتێك (ی.ن.ك) بەنیازبوو خەباتی چەکداریی دەستپێبکات، سەرباری پەیوەندییە بەرفراوانە هەمەجۆرەکەی بە پارت و کەسایەتییە سیاسییە ناودارەکانی جیهان، پەی بەو راستییەش  برد کە لەو هەلومەرجە هەرە ناسك و ناهەموارەدا سەرباری پشتیوانیی جەماوەر، پێویست دەکات  دەنگێکیش لە دەرەوەی چــــــــــــــــوارچێوە داخراوەکەی ئەوسای ناوچەکەدا هەبێت ئەم هەواڵە بڵاوبکاتەوە، تا هەمووان پەی بەو راستییە ببەن کە شۆڕش و بەرەنگاریی گەلێکی ستەملێکراوی وەك کورد تەنیا پەیوەست نییە بە ژمارەی پێشمەرگە و جبەخـــــــــــانەی سەربازییەوە، بەڵکو شۆڕشی کوردستان واقیع کردە و پرۆسەیەکی سیاسییە، بۆ ئەو مەسەلەیە کــــــــــــاتێك رۆژنامەنووسێکی بە ناوبانگی ئینگلیز لە شام لە هۆتێل (ئوممەیە) سەردانی دەکات پێیدەڵێت: لە یادی یەکەمین ساڵڕۆژی دامـــــــــــــــەزراندنی (ی.ن.ك)دا شۆڕش هەڵدەگیرسێتەوە. واتا سەرۆك مام جەلال، جیهانی دەرەوەی بە گرنگ زانیوە بۆ ئاشنابوون بە مەسەلەی رەوای گەلەکەمان و شۆڕشە هەق خوازەکەی بۆ ئەوەش لەڕێی رۆژنامەگەریی دەرەوە زەمینە خۆش دەکات بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری کەناڵە دیپلۆماتییەکان لە شۆڕش، تا گەیشتە ئەمڕۆژە گەشەی کە ئێستا نەك هەر (ی.ن.ك) بەڵکو کورد و کوردستانیش پێگەیەکی سەنگینیان لەناو ناوەندە بڕیاردەرەکانی ناوچەکە و جیهاندا هەیە.
 ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زۆر پێشتر، ئەوا پەی بەو راستییە دەبەین کە سەرۆك مام جەلال هەر زوو لە ساڵانی یەکەمی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، لە خەمی گەیاندنی دەنگی رەوای کورد و ناساندنی مەسەلەکەیدا بووە بە هێزە سیاسییەکانی دیکەی عیراق و ناوچەکە و جیهان، بەشداریکردنی لە کۆنگرەی سباع لە بەغداد ساڵی 1948، دواتریش سەردانی پۆلۆنیا  و یەکێتی سۆڤیەت و چین و بەشداریکردنی لە میهرەجانی جەوانان و خوێندکارانی جیهان لە  ساڵی 1955 دا نموونەیەکی زیندوون بۆ ئەم بیرکردنەوە ژیرانەیەی سەرۆك مام جەلال بۆ سەرنجڕاکێشانی گەلان و حزب و حکومەتەکانی ناوچەکە و جیهان بۆ لای کورد و پشتیوانیکردنی خەباتە رەواکەی، دیارە لەم بوارەشدا سەرکەوتنی گرنگی بە دەستهێناوە تا  گەلی کوردستان هەر خۆی و چیاکان بە تەنیا دۆستی یەکتر نەبن، بەڵکو ناوچەکە و جیهانی دەرەوەش دۆستی بن .
 دیارە  بۆ زیاتر لێدوان یان توێژینەوە یاخود قسەکردن لەسەر گەنجینەی فرە رەهەندی سەرۆك مام جەلال سەدان کتێبخانەی گەورە  پێویستە، چونکە هەر گۆشە و وێستگەیەکی ئەم رابەرە مەزنە  پڕە لە وانەی  گرنگ کە نەوەکان چەندی لێ بکەنە رێنما و رێپیشاندەری خۆیان هەر تەواو نابن.
سەرۆك مام جەلال  لە پەیوەندییەکانیدا هەمیشە بە پەرۆشەوە گرنگیی پاراستنی هاوسەنگی دوپاتکردووەتەوە کە  دۆستایەتی بە چاوی کلکایەتی و هاوپەیمانێتی بە چاوی پاشکۆیەتی سەیر نەکرێت، واتا مانەوەی سەربەخۆیی بڕیار وەك خۆی، ئەوەش ئەو سیاسەتە نەگۆڕەیە کە ئێستاش (ی.ن.ك) دەستی پێوەگرتووە .
لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا لەوکاتەی (ی.ن.ك) پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ حکومەتی سوریادا هەبووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبەکانی کوردی سوریا زیاتر قووڵکردووەتەوە بۆ برەودان بە خەباتی هاوبەش، ئەوکاتەش لە سەردەمی خەباتی شاخدا کاتێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئاسایی بووە، هاوکات پەیوەندی لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە و هێزە رەسەنەکانی تردا بەهێزتر بووە، بگرە زۆرجار رۆڵی بینیوە بۆ تێگەیاندنی کاربەدەستانی ئێران کە شۆڕشی خەڵکی کوردستانی ئێران مێژوو کردە، بە شارەزاییە دیپلۆماتییە بێوێنەکەی سەرۆك مام جەلال، ئەو پەیوەندییانە دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەك هەر وەك خۆیان مانەوە، بەڵکو پاراستنیشیان زامنکرا، سەرباری ئەوەی (ی.ن.ك) و هاوپەیمانە پارتییەکەی فەرمانڕەوایەتی ئەم  هەرێمەیان دەکرد، واتە لە قۆناغی شۆڕشگێڕێتی چەکدارییەوە چووبوونە قۆناغی دەوڵەتداری، کەچی پەیوەندییەکان نەپچڕان، بەڵکو بە جۆرێکی قانوونی رێکخران، ئەو پەیوەندییانە بە جۆرێك پارێزراو بوون تەنانەت لەوکاتەی سەرۆك کۆماریش بوو هەوڵی بێوچانی بەردەوام بوو بۆ ئەوەی لەڕێی دەستووری عیراقەوە ئارامیی ئەو پارتە سیاسییانە تێكنەچێت، تەنانەت چەندین جار ئەو کەناڵە دیپلۆماتییەی دەکردە دەریچەیەك بۆ رزگارکردنی چەندین کوردی ئێران لە حوکمی لەسێدارەدان .
هەر ئەو کەناڵە دیپلۆماتییەی کە سەرۆك مام جەلال شارەزای بوو، فاکتەری یەکەمین بە رەسمی ناسینی مەسەلەی کورد بوو لە تورکیا، بەمەش دەرفەتی باش بۆ گفتوگۆی نێوان کورد و حکومەتەکانی ئەنکەرە هەر لە ئۆزالەوە تا ئەردۆگان رەخسا.
دیارە سەرۆك مام جەلال لە خەباتی ئۆپۆزسیۆنیشدا لەنێو هێزە کوردستانییەکان و عیراقییەکاندا بۆ چارەسەرکردنی ململانێ و کێشەکان، کەناڵە دیپلۆماتییەکانی فەرامۆش نەکردووە و تەواوی هەوڵەکانی لەو پێناوەدا بووە کە هیچ ململانێیەك نەگاتە بەکارهێنانی چەك، بە هەمان کەناڵ و شێوازی دیپلۆماتیش سەرۆك مام جەلال رۆڵی خۆی لە بنیاتنانەوەی عیراقی دوای سەدامدا بینی، هەر بۆیە ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی بە (صمام الامان)ی عیراق ناساند، هەروەها باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا مام جەلال-ی بە جۆرج واشنتنی عیراق ناوزەد کرد.
 ئەو باوەڕبوونەی سەرۆك مام جەلال بە دیپلۆماتی لەناو گەنجینەی روانین و جیهانبینییە پراگماتییەکانیدا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە سیاسەت هونەری بەدیهێنانی ویستەکانە بەوەی سازش و مانۆڕ لەخۆ دەگرێت، لەو کاتانەی کە نەرمونیانی و دوورکەوتنەوە لە پێداگریی  دەستەبەر دەبێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان، هەر بەو گیانەشەوە توانی سەرۆکایەتی عیراق بکات.
سەرۆك مام جەلال هەمیشە پەی بەو راستییە بردووە کە سەرکەوتن بەسەر لایەنی ناکۆكدا  هەر بە زەبری هێز نییە، بەڵکو لە دانبەخۆداگرتن بۆ رێگرتن لە کارەسات و جەنگەوە بەدیدێت. ئەو پرەنسیپەشی لەو رووەوە پەیڕەوکردووە کە دەبێت سەرکردە و رابەرەکان زۆر بەباشی لە مەترسییەکانی ئاگری جەنگ تێبگەن، هەر بۆیە لە هەموو سەردەم و قۆناغەکاندا دەرگای دیالۆگی کراوەبوو، لە پێناو ئاشتی و ئۆقرەییدا کە ئەوەش کاردانەوە و رەنگدانەوەی سەرەکی دەبێت لەسەر گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی وڵات لە هەموو بوارەکاندا و زامنکردنی خۆشگوزەرانی و سەرفرازیی کۆمەڵانی خەڵكدا.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

عیماد ئەحمەد

ڕێبازی مام جەلال
Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved