دیدار لەگەڵ سەرۆک تاڵەبانی

2026-10-01

ئێوارەیەکی درەنگی سەرەتای زستانی ساڵی ٢٠١٢ بەر لەنەخۆشکەوتنی سەرۆک تاڵەبانی، بانگێشتکراین لەگەڵ ژمارەیەک لاو بۆ دیداری سەرۆک تاڵەبانی لە دەباشان، دیتنی وەها نزیک لەگەڵ مام جەلال زۆر جیاوازبوو خۆ ئامادەکردنی گەرەک بوو، بۆ من وەک ئەوە وابوو لەناو تونێلێکی تاریکەوە بەرەو رووناکییەکی فراوان بچی..بە پلیکانەی ماڵەکەی سەرۆک مام جەلال لەدەباشان بەرەو ئۆفیسە تایبەتەکەی مام جەلال چوین، مام سەرباری بارگرانی تەمەن و ئازاری ئەژنۆکانی بەپێوە یەک بەیەک تەوقەی لەگەڵکردین و دەستێکی هەربەمێزەکەوەبوو، دیدار لەگەڵ مام جەلال تەواو هەستێکی جیاوازبوو، لەهەمانکاتیش بێدەنگییەکی سەیریشبوو..؟!

 سەرۆک تاڵەبانی دوای دەستخۆشی لەکاروباری سیاسی لاوان و گەنجان و خوێندکاران کە جوڵەیەکی مەدەنییان لەنێو حزب دروستکردبوو، باسی لەسەفەری خۆی کرد؛ وەک نوینەری لاوان و قوتابیانی کوردستان  لە ساڵی ١٩٥٥ی سەدەی رابردوو بۆ کۆماری میللی چین و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لاوان لەو وڵاتەو دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

مام، زۆر دیداری مێژووی باسکرد؛  کە تێیدا باسی دۆزی کوردو کێشەی نەتەوەی کوردی کردبوو لە رۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت لە عێراق.
مام جەلال، لەگەنجیدا تەواو چست و چالاک بوو؛ بێ پاسپۆرتیش دەیتوانی وڵاتەو وڵاتبکات و وەک مەندوبی گەلێکی ژێر دەستە لەخەمی گەورەی دۆزی گەلەکەی بووە.
 مام جەلال، جوانترین رەفتاری ئەوەبوو کە تەواو خاکی و خەڵکی بوو.
سەرۆک و رێبەری راستەقینەبوو؛ خۆی لەخەڵک جیانەدەکردەوە دەیگووت بێ ئێوە ئێمە نین..؟! 
مام جەلال، هەستی کرد جەوی کۆبوونەوەکە جۆرێک لە بێدەنگی تێدایە؛ کەشێکی هاوڕێیانەی دروستکردوو؛ هەڤاڵەکان نوتقیان کرایەوەو یەک یەک قسەوباسی خۆی کرد؛ بیرمە یەک لەوان رەخنەی توندی گرت و تەنانەت لەخودی مام جەلالیش رەخنەی هەبوو؛ بەڵام مام.. دوای گوێداریکردن لە لاوەکان؛ بە حیکمەتەوە باسی لە سیاسەتی هاوسەنگی لەهەرێم کردو زۆر شانازی بەوە دەکرد کە کورد ئێستاکە خاوەن دۆستەو چیتر تەنها چیاکان دۆستنین بەڵکو حکومەت و گەلانیش هەن کە دۆستمانبن و هاوکاری ئەزموونەکەمان کەن باسی لە برایانی چین کرد کە ئامادەی خۆیان دەربریوە بۆ بوژانەوەی کەرتە ژیارییەکانی وڵاتەکەمان.
روونیکردەوە کە هەموو ئەو کارانەی مام لە بەغداد دەیکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و تێکنەچوونی بارە گشتییەکەیە؛ مام جەلال، لەدوای دانیشتن یەک یەک رێگەی دا کە لاوەکان وێنەی یادگار تۆماربکەن.
دواتر ماڵئاوایمانکرد.
دوای هاتنە خوارەوەی وەفدەکە، برادەرانی سکرتاریەت بە هەڵەداوان هاتن و گووتیان: مام جەلال داواتان دەکاتەوەو بگەڕێنەوە، ئەوەش جۆرێک لە مقۆ مقۆی دروستکرد؛ دووبارە چوینەو هەمان ژوورە تایبەتەکەی سەرۆک تاڵەبانی؛ مام رووی کردە وەفدەکەو فەرمووی لێکردین بۆ خواردنی ئەو میوەو شیرینیانە کە دانرابوون لە ناوەندی ژورەکە، خۆی ئاماژەی دەکرد کێ چی هەڵگرێ و کێش چی بخوات..؟
کەشەکە تەواو جیاوازبوو، میوەو شیرینی خواردن و دەورەدانی مێزەکەی سەرۆک مام جەلال دیمەنێکی سادەو خەڵکی بوو، گەنجەکان زۆر هەڤاڵانە دەدوان؛ وەک ئەوەی پێشترنەبوو گفتووگۆکان و زۆر هەڤاڵانەبوو؛ کەشێکی خۆش و باوکانەبوو.
مام جەلال، رێبەرێکی راستەقینەبوو؛ هەڵقوڵاوی ناو گەل بوو خۆی لەگەلی خۆی جیانەدەکردەوە، لە سەختییەوە هاتبوو؛ خاوەن ئیرادەیەکی بەرزبوو، توانی بەخەبات ئەم گەلە بگەیەنێتە کەناری ئارام.
خەمی گەورەی پاراستنی دەستکەوتەکان و نەخەوتن بوو لەسەر چەپکەگوڵی سەرکەوتن کە زۆرجار باسی لێوەدەکرد.
بەداخەوە دوای ئەودیدارە دوای گەڕانەوەی بۆ بەغداد بەماوەیەکی کەم؛ تەندروستی مام تێکچوو ئیتر وەک خۆی لێنەهاتەوە بەڵام رێبازەکەی فراوانتربوو دیدو ئەندێشەکانی بوونە ئامراز بۆ رزگاری ئینسانی کورد.
 مام جەلال وەک کاکو حەمە کە دەڵێت: هەر مام جەلالەو هەرمام جەلالیشدەبێت..
واتە رێگەکەی کراوەیەو کۆتایی نایەت؛ ئەو بووە رووناکی رەواندنەوەی تاریکی و شۆڕشی دادپەروەری کە مرۆڤایەتی موحتاجییەتی.

زیاتر بخوێنەرەوە

عیماد ئەحمەد

ڕێبازی مام جەلال
Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved