مام جەلال جۆرج واشنتۆنی عیراق

2026-10-02

لەیەکێک لە ئەلقەکانی بەرنامە بەپێزەکەی دکتۆر حەمید عەبدوڵلا بە ناوی ( تلک الایام ) باس لە سەروبەندی گفتوگۆکانی هەڵبژاردنەوەی رەوانشاد مام جەلال دەکات بۆ خولی دووەمی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەساڵی ٢٠١٠ و پەیوەندی سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا باراک ئۆباما لەگەڵ مام جەلالدا.
ئەم ئەڵقەیە بە گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی بەڕیز فەخری کەریم راوێژکاری سەرۆک مام جەلال لەو کاتەدا وەکو سەرچاوەیەک دەبەستێ کە ئەویش باس لەوە دەکات ، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەساڵی ٢٠١٠ گفتوگۆ و راوێژی دامەزراندنی حکومەتێکی نوێی عیراق دەستیپێکرد . لەم کاتەدا لیستی ( العراقیە ) بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی لەپێشەوەی لیستە سەرکەوتووەکان بوو بە ٩١ کورسی بەرامبەر بە لیستی ( دەوڵەتی قانون ) بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بە ( ٨٩ ) کورسی . بەمەش مافی عەلاوی بوو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق وەربگرێ . بەڵام دواتر تەفسیرێکی دەستووری کرا بۆ مادەی (٧٦) دەستوور کە دەڵێ ( لیستی زۆرینەی کورسییەکان ) رادەسپێردرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام هەندێ لایەن بە دەستوەردان وفشاری سیاسی تەفسیرێکی تازەیان دۆزییەوە کەوا ( کوتلەی زۆرینەی دوای هەڵبژاردن ) مافی خۆیەتی حکومەت پێکبهێنێ ، بەمەش دەوڵەتی قانون توانی کوتلەی زۆرینە دروست بکات و پۆستەکە لەدەست ئەیاد عەلاوی دەربهێنێ .

لێرەدا ئەمریکییەکان هاتنە ناو پرۆسەکەوەو ویستیان بە کاندیدکردنی ئەیاد عەلاوی بە پۆستی سەرۆک کۆمار قەرەبووی بکەنەوە . بەڵام لەو کاتەدا مام جەلال کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان و کوتلەی شیعی و بەشێک لە سوننەکان بوو .
ئەمریکا هەوڵێکی زۆری دا فشار بخاتە سەر نوری مالیکی و مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی دەست لە کاندیدکردنی مام جەلال هەڵبگرن ، بەڵام ئەوان بە تووندی رەتیانکردەوە . بەپێێ قسەکانی فەخری کەریم ، لەو سەروبەندەدا کەسێکی نزیک لە ئیدارەی ئەمریکییەوە پەیوەندی پێیەوە کرد و وتی " سەرکردایەتی ئیدارەی ئەمریکا کە پێکهاتوون لە ( سەرۆکی ئەمریکا ، وەزیری دەرەوە ، وەزیری بەرگری ، وەزیری ئەمنی قەومی ، سەرۆکی دەزگای موخابەراتی ئەمریکی)  پەیامێکیان هەیە بۆ سەرۆک مام جەلال و داوا دەکەن لە کاندیدبوون بکشێتەوە .، چونکە ئیدارەی ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت سەرۆکێکی نزیک لەئێران ئەم پۆستە وەربگرێ ". فەخری دەڵێ منیش پێمگۆت " ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە و ڕەنگە کەسانێک بە درۆ ئەم قسانەی بە ئێوە گەیاندبێ ، ئەگینا ئێوە دەیانجار لەسەر سفرەی مام جەلال نانتان خواردووەو دەیان دیدارتان لەگەڵیدا هەبووە هیچ کاتێک گوێمان لەمشێوە قسانەی ئێوە نەبووە ، بۆچی لەم کاتو ساتەدا باسی ئەم مەسەلەیە دەکەن "؟. وتی "ئەمە ڕای ئیدارەی ئەمریکایە و بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت بۆ کاندید بوونی مام جەلال " . پێمگۆت " باشە ئەگەر مام جەلال رەتیبکاتەوە ئیجرائاتی ئەمریکا چێ ئەبێت " . وتی " یەکەم ، پێداچوونەوە بە رێکەوتنی هاوپەیمانی ئەمنی عیراق وئەمریکا دەکەین ، دووەم عیراق لەسەر ئاستی عەرەبی وئیقلیمی پەراوێز دەخرێ ، سێیەم هاوکاری دارایی عیراق دەوەستێ ، چوارەم پارێزگاری ئەمریکی بۆ هەرێمی کوردستان نامێنێ ".  فەخری کەریم لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێ " کاتێک لەگەڵ مام جەلال ودکتۆر لەتیف رەشید و نەجمەدین کەریم  پێکەوە دانیشتبووین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مام جەلالەوە کرا و پێی راگەیەندرا کەوا سەرۆک باراک ئۆباما دەیەوێ قسە لەگەڵ مام جەلال بکات . ئەوە بوو سەعات ١٠ی شەو پەیوەىندییەکە کراو ئۆباما قسەی لەگەڵ مام جەلال کرد و بە دەق پێی وت "  ئێمە لە ئەمریکا سەیری تۆ دەکەین وەکو جۆرج واشنتۆنی دامەزرێنەری ئەمریکا بە نیسبەت عیراقەوە ، کاری خۆت زۆر سەرکەوتووانە بەجێ گەیاندووە و دەوڵەتی نوێی عیراقت دامەزراندووە . بەڵام ئێستا وەزعەکە گۆڕاوە ، بۆیە داوات لێدەکەم لەکاندیدبوون بکشێیتەوە بۆ ئەوەی ئەیاد عەلاوی ببێتە سەرۆک کۆماری عیراق ". مام جەلال بە حیکمەتە سیاسییەکەی خۆی وەڵامی دایەوە پێی وتبوو " جەنابی سەرۆک ئۆباما ، عیراق  لەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکی دامەزراوە کە ئەوانیش کوردو عەرەبی سوننەو عەرەبی شیعەن . ئێستا مالیکی دەبێتە سەرۆک وەزیران کە شیعەیە ، ئەیاد عەلاویش هەر شیعەی عەرەبە ببێتە سەرۆک کۆمار ، کوردیش سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت ، ئیدی شوێنی سوننەکانی عیراق لەکوێ دەبن ". 
بەم وەڵامە سەرۆک ئۆباما قەناعەتی دێت و لەداواکەی پەشیمان دەبێتەوەو وپیرۆزبایی لە مام جەلال دەکات بۆ بوونی بە سەرۆک کۆماری عیراق لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی کۆماردا .
ئینجا بەراستی ئەم رووداوە مێژووییە حیکمەت و گەورەیی مام جەلال دەردەخات کە بە راستی وەکو جۆرج واشنتۆنی ئەمریکا دامەزرێنەری دەوڵەت و وەکو سەید عەلی سیستانیش وتەنی ( صەمامی ئەمانی عیراق ) بوو .
راستییە گەورەکەش ئەوەیە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عیراق لەساڵی ١٩٢١ ەوە تاکو ئێستاش کە ١٤ سەرۆک کۆماری بەخۆیەوە بینیوە ، هیچ سەرۆکێکی زاناو داناو حەکیم وشاییستەی وەکو مام جەلال نەهاتۆتە سەر کورسی سەرۆکایەتی کۆمار . ئەمەش گەورەیی ئەو زاتەمان بۆ دەردەخات کە لەغیابی ئەو حەکیمەدا عیراق و کوردستانیش خێریان لەخۆیان نەدیوەو ناشیبینن .

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved