رۆژی مورافەعەی کوبرا 

2024-02-09
بیرەوەری، ٩-٢-٢٠٠٤ لە بەغدا 

  ئەوکات بەندە بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردسات بووم لە بەغدا، ئەو رۆژە لە ئەنجومەنی حوکم بووم کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی حوکم هەبوو، چوونە ناو کۆشکی کۆماری زۆر قورس بوو، چونکە هێشتا هەموو شوێنەکان بەدەست ئەمریکاوە بوو کە پۆڵ بریمەر، حاکمی مەدەنی عیراق بوو، مام جەلال ٨ ستافی هەبوو کە هەویەیان بۆ کرابوو لەلایەن CPA ەوە کە دەیانتوانی بچنە ناو کۆشکی کۆماریەوە، من یەکێک بووم لەو هەشت کەسە کە کاری راگەیاندنم دەکرد. 

لە هۆڵی کۆبوونەوە کاک ئازادی وێنەگر کە پێمان دەوت ئازادی گیتار وێنەگری تایبەتی مام جەلال و سکرتاریەت بوو، ئەو چووە ژوورەوە بۆ وێنەگرتن و هەم فۆتۆ و هەم ڤیدیۆشی دەگرت بۆ کوردسات، رۆژنامەی ئیتیحاد و کوردستانی نوێ و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، واتە هەموو میدیاکانی یەکێتی و زۆرجار میدیاکانی تریش وێنە و ڤیدیۆکانیان بەکاردەهێنا.

لە رارەوی کۆبوونەوەکە وەستابووم بینیم محەمەد بەحر علوم بەشڵەژاوی هاتە دەرێ، دواتر د. مەحمود عوسمان کە هەردووکیان ئەندامی ئەنجومەنی حوکم بوون. بەوپێیەی د. مەحمود هەمیشە نێوانی باش بوو لەگەڵ میدیا و منیش دەمناسی لێم پرسی دوکتۆر ئەو هاتوچۆو شڵەژانە چییە؟ پێی وتم "مام جەلال قەومانی" زۆر بووە مەراقم کە بزانم چییە و ئایا دەکرێتە هەواڵ یان تێ ئەپەڕێت.
 
دواتر بۆ پاش نیوەڕۆ چومەوە بۆ ماڵی مام جەلال لە یەکێک لە سکرتێرەکانم پرسی بۆئەوەی بزانم ئەو کۆبوونەوەیە بکەین بە هەواڵ وتی بۆ ناچیتە ژورەوە هەر خۆیەتی مام کەسی لانییە فرسەتە خۆت پێی بڵێ، ئەو بڕیارانە کاک ئازادی وێنەگریش نەیدەتوانی بیدات کە بڵاوبێتەوە یان نا، تەنها ئەویش دەچووە کۆبوونەوەکانەوە بۆ وێنەگرتن، ئیتر چوومە ژورەوە و مام جەلال چاکەتەکەی دابوو بەسەر کورسیەکدا و دانیشتبوو لەسەر کورسییەکی تر کە لە دەوری مێزێکی گەورە بوون و لەسەر ئەو مێزە زۆر رۆژ نان دەخورا و میوانەکانی مام جەلال کە دەهاتن لەو شوینە نانیان دەخوارد. 

کوردسات گرنگی زۆری هەبوو لای مام جەلال و هەروەها بەوپێیەی هێرۆخان سەرپەرشتی دەکرد پشت وپەنایەکی گرنگ بوو بۆ کوردسات. 
پاش سڵاو لێم پرسی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ بکەین بە هەواڵ؟ مام جەلال ناوی منی نەدەزانی پێی دەوتم کوردسات، وتی ئا وەرە بنووسە، مام قسەی کرد و منیش دەستم کرد بە نووسین، لە ناوەڕاستدا هەستمکرد فریا ناکەوم بۆ نووسین، وتم ئەمە مێژووی زۆر تێدایە و دەقیقە رەنگە هەڵەیەک بکەم لەو ژمارانەدا، دیاربوو ئەو رۆژە مام جەلال زۆر کامەران بوو کە ئەو شەڕە گەورەیەی کردبوو بەڵگەکانی خستبوە روو، وتی "باشە، ئەو قەڵەمەم بەرێ" دەستی بۆ چاکەتەکەی راکێشا کە لەناو چاکەتەکەی بوو، وەرەقەکانم خستە بەردەستی و دەستیکرد بە نووسین. 
مام جەلال لەو سیاسییانە بوو دەیزانی ئەگەر هەواڵێک گرنگ بێت دەبێت خۆی بینووسێت کە یەکێکیان لەبەر ئەوەبوو پەیامەکەی وەک خۆی بگات و نەک راگەیاندن دەستکاری بکەن دووەم کە دەستوخەتی خۆی بوایە ئیتر کەس لە راگەیاندن دەستکاری نەدەکرد، لەڕووی زمانەوانییەوە ورد بوو پاشان خۆی یەکێک بوو لەوانەی بەشداری گەورە بوو لە زمانی راگەیاندنی یەکێتیدا، کە دیارە یەکێتی زمانی نووسینی جیاوازبوو لە حزبەکانی تر.
 
مام جەلال کەلەسەر کاغەزێک بینووسیایە ئەگەر لاپەرەکە تەوابوایە دەچووە دیوی دووەمی لاپەرەکە واتە نەیدەکرد بەپەڕەیەکی تر، جگە لەوەش دەستوخەتی زۆر جوان بوو، بەئاسانی دەخوێندرایەوە. 

ئەو وەرەقەیەی ئەو هەواڵەی تیانووسرابوو من لەلای خۆم بوو پاشان سکانم کرد و کە لە کاک ئازادم پرسی بۆ وێنە و ڤیدیۆکان کە من خەمم بوو هەواڵەکە تێکستەکەی زۆردرێژە و پێویستە وێنەی ڤیدیۆمان زۆربێت، ئەوەی باش بوو هەم فۆتۆی جوانی گرتبوو هەم ڤیدیۆش لەکاتێکدا ئەو کۆبوونەوەیە شڵەژانێکی زۆری درووستکردبوو هەم لای سوننە و شیعەکان هەم لای ئەمریکییەکان. 
دواتر کاک ئازاد وێنە و ڤیدیۆکانی بۆ ناردین و فۆتۆکانیش بۆ راگەیاندنەکانی تری یەکێتی نارد، ئێمەش بە ئێس ئێن جی ناردمان بۆ کوردسات لە سلێمانی و ئەو شەوە هەواڵەكە بڵاوبووە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved