ساڵیادی مەرگی مام جەلال و هەنگاونان بۆ بەکەلتورکردنی کۆنەستی نەتەوەییمان

2026-10-05
مەزنەسەرکردەی مێژوویی کورد، دەرفەتی دەسپێکی هەنگاونانی بابەتییانە بۆ بیرخستنەوەی بیرەوەریی و بڕستی سیاسی و ئاکاری ئینسانی ئەو سەرکردەیە زیاتر دەڕەخسێنێت. ساڵوەگەڕ، سیاسەتێکی ئەخلاقییە، تاوەکو تەمای هەر هێزێکی کۆمەڵایەتی بە گڕدانی گیانی گێڕانەوەکان، بتوانێت بە ئاڕاستەی ئەو ئەزموونە دروستە، بتوانێت ببێتە خاوەنی دنیابینی دروستی داهاتووی نەوەکانی. 
ئێمەی کورد ئیعتیاجمان بە گێڕانەوەی گیانی رابردووە، ئێمە حەوجێ بە حیکایەتە شیرینە تەژیی لە شانازییەکانی رابردوومان، ئێمە  لە هەمووکات زیاتر، پێویستمان بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و کەلتورییە تاوەکو لێیەوە لۆژیکی یەکبوونی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەرزتر رابگرین. 
کەوایە بۆ ئەوەی ئەزموونی کەسایەتییەکی کاریگەر، زەمینەی زیندوویەتی بۆ بڕەخسێنرێت، بێجگە لە لۆژیکی ماکس ڤێبەر، کە شوناسی کەسایەتییە کارێزماکان و کاریگەرییانی بەشێوەیەکی بابەتی بۆمان روونکردووەتەوە، هاوکات تیۆرییەکانی پێێر نۆرا دەرهەق بە خستنەگەڕی گرنگی گێڕانەوەکان بە ئاقاری  بیرێکی بابەتییانە کە خزمەت بە ئەزموونە ئینسانییەکە بکات، لەم میانەدا مۆرای ئێدەلمان-یش لەسەر چێکردنی چەمکگەلێک، کە رەواجپێدانی رێبازی سیمبوڵە سیاسییەکان دەهێنێتە گۆڕێ، چلۆن بیروباوەڕیان بەرجەستە بکرێت، چلۆن ئەزموونی ئەخلاقی و ئەندێشە و ئیمانیان بە  دۆزە نەتەوەییەکە، بکرێتە ئەزموونێکی زیندوو و زەینییەتی کۆمەڵی پێ باربهێنرێت.  
لەم وتارەدا و لە میانی چەند خاڵێکدا، دەمانەوێ، رۆڵی رابەرێکی نەتەوەیی کورد، کاریگەریی کەسایەتییەکی کارای ناو جووڵانەوە کوردییەکە، لەپاش مەرگی، مامەڵەیەکی مەیدانی لەگەڵ لۆژیکیدا بکەین و بڕستی بەکەلتورکردنی کارەکانی و ئاکاری ئینسانی ئەو رابەرە، لە سۆنگەی سیفات و سایکۆلۆژیای سەرۆکایەتییەکەیدا شیبکەینەوە. 
یەکەم: بەکەلتورکردنی ئەزموونی کەسایەتییە کاریگەرەکان، مام جەلال بە نموونە:بەکەلتوورکردنی بیرەوەریی و ئەزموونی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز، یان سەرکردەیەکی کارێزما، ئیعتیاج بە پەیجوری و  پرۆسەیەکی دوورودرێژی  سیستماتیکە، تاوەکو لێیەوە، رابردوو، پەیڤ و پێناوی ژیانی وەک سەرکردەیەکی سیاسی،  هەر لە چوارچێوەی مێژووەکەیدا قەتیس نەمێنێت، بەڵکو بە شێوەیەکی بابەتییانە، بڕستی تێپەڕاندنی ئەو بازنە مێژووییە. هەنگاونانە بەرەو بوونی سەرکردەکە بە  بەشێک لە کەلتور، شوناس و ئەرزشی  ڕۆژانەی کۆمەڵگەکە. لە راستیدا ئەم هەوڵە بریتییە لە گۆڕینی  کەسایەتییەکی مێژوویی بۆ  ژمارەیەکی گرنگ و رەمزێکی راستەقینەی لەیاد نەکراو. لێرەدا ئیتر ئەو  رابەرە، بە تەنیا سیاسەتمەدارێک نییە، بەڵکو  ژیان و ژینگەکەی،  رەفتار و روانگەکەی، راز و رێبازەکەی دەبێتە پێوەر و  پێوانەی هەر مرۆڤێکی مەزن و دڵسۆز و نیشتمانپەروەر. 
دووەم: میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ مێژووی سەرکردەدا:
گرێدانی بابەتییانەی بیرەوەرییەکانی سەرۆکێکی کارێزمی، لە رێگەی بایەخدان بە بە  بۆنەکانی ژیان و زیندووڕاگرتنی قۆناغە کرنگەکانی خەباتییەوە دەبێت، جیا لەوەش چێکردنی تەنانەت پەیکەرێکی یادگاری، تابلۆیەکی تێڕوانینەکانی، ناونان و گۆڕینی ناوی کوچە و شەقام و پارک و شوێنە گشتییە خزمەتگوزاریی و زانستییەکان، تێکڕا هەوڵی گرنگن، یاخود یادکردنەوەی ساڵوەگەڕەکانی ژیانی، تێکڕا شێوازێکی شیاون بە بیرخستنەوەی بابەتییانە بۆ نەوەکانی ئایندە، تاوەکو هەمیشە ناو و ناونیشان و ناسنامەی ئەو کەسایەتییە لەسەر زار و زەینییەتی زەمینە کۆمەڵایەتییەکەدا بمێنێتەوە. 
سێیەم: تێکهەڵکێشی تێڕوانینەکان لەگەڵ گێڕانەوە  گشتییەکاندا، لەم هەنگاوەدا مەبەستمانە چۆنێتی چیرۆکی ژیانی سەرکردەکان، کوالێتی کەسایەتییان، لە ڕەهەندەکانی ئەخلاق و هەڵوێستی بەرزەوە، بکرێنە بابەتێکی نەریتیی و بکرێنە ناسنامەی ناسینەوەی نەریتە خاوێنەکان، بکرێنە چەمکگەلی ستانداردی سیمای کۆمەڵایەتیمان، بکرێنە عادەتی ناونیشانی مرۆڤبوونمان و مەیدانخوازی هەر هێزێکی شەڕەنگێزی شوناسە کۆمڵایەتییەکەمان بەو بوونە کارێزمییە بکەین. 
چوارەم: فۆڕمە فەلسەفییەکانی بە کەلتوریکردنی کۆیادەوەری کارێزماکان:
پڕۆسەیەکی لەم جۆرە، پێویستی بە چەند ئامڕازێکە، تاوەکو لێیەوە لۆژیکی بە کەلتوریکردنی کەسایەتییەکان بچێتە ناو ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەوە. ئەو ئامڕازانە بریتین لە:
-1 زیندووڕاگرتنی بیرەوەریی سەرکردە لە نەستی نەریتدا، ئەوەش لە دامەزراوەکاندا دەبێت لەسەر بنەمای راسپاردەی رۆشن و رەوان، کاری زانستی بۆ بکرێت، بۆ نموونە دامەزراوە زانکۆییەکان، سەنتەرە ئەکادیمییەکان و...هتد. 
-2 بە رەمزکردنی رێباز و روانگەی تایبەتی و ژیاننامەی سەرکردە:
ئەم رێگایە، میکانیزمێکی گرنگ تری گۆڕانکارییە زەینییەکانە، بە وەشانی وێنە، نووسینەکانی، دەستوخەتی، یاخود شوێنانێک کە نزرگە و شوێنی تۆماری ژیانی ئەو کەسایەتییەن، وەک ماڵی مانەوەی، شوێنی داستان و کۆبوونەوەکانی، پۆشینی پەڵاس و شێوازی هەڵسوکەوتی. 
-3 ئامادەیی خەیاڵدانی هونەری و ئەدەبی لە نەخشی ژیانی سەرکردەدا:
یەکێک لە رێگە کەریگەرەکانی بریتییە لە ئامادەیی ئەدەب، ئەدەب بە تەواوی ژانرەکانییەوە، چیرۆک، پەخشان، داستان، شیعر، دروستکردنی سروود، کێشانی تابلۆ و بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و سریاڵ لەسەر ژیان و ئەزموونی سەرکردە، تێکڕا رێگەی گرێدانی گیانی کۆمەڵگەن بە کارەکتەره کارێزماکانی ڕابردوومانەوە. 
پێنجەم: ئامانجی بە کەلتوریکردن:
-1 بۆ درێژەدان بە رێبازی رابەرێک، پاش مەرگی رابەێکی نەتەوەیی، هەموو ئەوانەی پێویستیان بە درێژەپێدانی دیدگا و دەسەڵاتی ئەو رێبازەیە، تەنیا بە تەمای بەکەلتوریکردنی بیرەوەرییەکانی، دەتوانن رەوایەتی سیاسی و نەزم و نەریتی کۆمەڵایەی ئەو زیندوو رابگرن. 
-2 لەپێناو یەکبوونی نەتەوەدا، بەتایبەت گەر نەتەوەکە هێشتا لە خەباتی رزگاریخوازیدا بی، یاخود لە ساتەوەختی ئاریشە و دژواری سیاسی و ناسەقامگیرییدا بێت، ئەوا یادەوەریی ئەو سەرکردە کارێزمایە وەک کۆمپاسێک رۆڵ دەبینێ، بەتایبەتی بۆ یەکبوونی ریزەکان و چێکردنی هەستی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانسازیی.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved