رۆژنامەنووسێکی حەریف و پرۆفیشناڵ

2026-10-07
2
فەسڵی یەکەم :

کورتەیەک لە رێڕەوی ژیانی رۆژنامەوانی مام جەلال
رێڕەوێک لە ژیانی رۆژنامەوانی مام جەلال یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو ئەزموونەی بە دەستی هێناوە لە کایەی رۆژنامەنووسی و گرێدراوی ئەو کایە بەو ئەزموونە سیاسی و شۆڕشگێڕی و حزبییەی کەڵەکەی کردووە. پەیامنێری یان هەواڵنێری یان نێردراوی رۆژنامە هەر ئەوە نییە قادرمەی یەکەمی سەرکەوتنە بەسەر پەیژەکانی رۆژنامەنووسیدا. (ئاگر)کە بەم ناوە چەند هەواڵ و زانیارییەکی لە کۆیەی کوردستانەوە ناردووە، هەر تاقیکردنەوەی بەهرە و قابیلیەتی رۆژنامەنووسی رووت نییە، بەڵکو بەمانای خاوەندارێتی لە کێشەی ژیان و گوزەران لە سنوورەکە دێت. بەشێکە لە پێکەوە گرێدانەوەی ناوچەکە (کۆیە) بە ناوەندی رۆژنامەکان و پایتەختی سیاسەتەوە. بەشێکە لە ئەرکی گەیاندن لە پاڵ ئەرکی گشتی حزبایەتی و پەرۆشی بۆ بەتەنگەوەهاتنی ژیان و رێڕەوی کێشەکانی خەڵک. 
ئێمە لە چەند وێنەیەکدا ئەوە دەبینین. تاڵەبانی گەنج لە شوێنی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان، لە دادگاکان و لە شوێنی رووداوەکان رووماڵی هەواڵ و قەومانەکان دەکات، ئەم بەهرەی گوێزانەوەی هەواڵ و رووداوەکان هەم توانای نووسین بۆ کادرێک، هەم توانای روماڵ و ریپۆرتاژ و گوێزانەوەی دیتن و روانینەکان بۆ رۆژنامەنووسێک، پەرە پێدەدات.
ئەوەتا لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ (لەساڵی 1955 بەولاوە کە رۆژنامەی نهێنیی سیاسیی کوردیی لەلایەن حزبەوە (پارتی دیموکراتی کوردستان) دەردەچوو، من دەوری هەم نووسین و هەم چاپکردن و تایپ کردنیشم تیادا دەبینی. کتێبی رۆژنامەنووسیی سەرکۆمار، سەرکۆماری رۆژنامەنووس چاوپێکەوتنی لەیلا عەلی، چاپی یەکەم 2009، دەزگای ناوەندی سینەمایی و رۆژنامەڤانی بەدرخان. 
بەڵام پێش ئەرکی رۆژنامەوانی حزبی لە رۆژنامەی تریش نووسیویەتی و خۆبەخشانە بەشدارە . بەشێک لە نووسینەکانی لە رۆژنامەی هەولێر بڵاوبوونەتەوە لە ناویاندا ئەو نووسینانەی بەم ناوانە بوون: میللەتەیەکگرتووەکان..نووسینی کوردی بە لاتینی (پێشەکی کتێبی جەلال تاڵەبانی لە وتارە رۆژنامەوانییەکان ..لە نووسینی سامی قادر لاپەڕە 22-23 چاپی یەکەم 2024، هەردوو وتار لەژمارەی 19 لە رۆژی 21-4-1951 و ژمارە 24 لە رۆژی 26-4-1951 لە رۆژنامەی هەولێر بڵاوبونەتەوە.
بەڵام ئەوی جێی سەرنجە مام جەلال خۆی ئاماژە دەکات (بێ ئەوەی ناوی خۆم بڵێم هاوکاریم دەکرد لە کارەکانیدا) کە ئەمەش رەنگە بە مانای هاوکاری بێت لە کاری پراکتیکی رۆژنامەنووسیدا، نەک تەنها کاری نووسینی نووسەرێک. هەمان رۆڵی بەشداری پراکتیکانەی خۆی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت:(دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1951 ئەو کاتە لە هەولێر خوێندکاری دواناوەندی بووم، ڕۆژنامەیەک دەردەچوو، خۆالیخۆشبوو مامۆستا عیزەدین دەری دەکرد، پیاوێکی بەناوبانگ و خوێندەواری هەولێر بوو، ئەو کاتە ناو بەناو وتارم تێدا دەنووسی، بەبێ ئەوەی ناوی خۆم بنووسم،  هاوکاریم دەکرد لە کارەکانیدا، پاشتر لە ساڵی (1952)ەوە لە ڕۆژنامەی نهێنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق کارم دەکرد، تا وایلیهات ماوەیەک هەر خۆم بووم بە بەرپرسیاری  چاپ و تایپ و رۆنیۆ و دەرچوواندنیشی، لەو کاتەوە کارم لە رۆژنامەگەریی نهێنیدا کردووە، ناو بەناو وتار و بابەتی دیکەشم دەنووسی، لەبیرمە یەکەمین بابەت کە لە رۆژنامەی رزگاری بڵاوکرایەوە ریپۆرتاژێک بوو لەسەر رووداوێک بەناوی (ئاگر)ەوە بڵاوم کردەوە، دواتر ئه‌و (ئاگر)ە بوو بە (نازناوی حزبییشم لەناو پارتیدا)، (کتێبی بیرەوەری رۆژنامەنووسی مام جەلال، چەپکە گوڵم پێ جوانترە لە تاقە گوڵ، هاوار مستەفا خان لە چاپەمەنییەکانی هاواری فیلم چاپی سێیەم ، لە ساڵی 2018)
بەم رێڕەوە داڕشتن و توانای  مەشق و روماڵی رۆژنامەنووسی سەلیقەی رۆژنامەنووسێکی قاڵبوو پەرە پێدەدات کە جیاواز لە بەهرەی نووسینی وتار و ستوون و چوونە ناو دیالۆگی رووبەروو و گەرم، خاو و شێنەیی لەگەڵ نووسەران و کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەو زەمانەدا، دەبێتە رۆژنامەنووسێکی حەریف و پرۆفیشناڵ. ئەم رێڕەوە لە فێربوونی رۆژنامەنووسی لە سەروبەندی ئاشکرابوونی کاری سیاسیی و رۆژنامەنووسی پارتی لە لە دوای شۆرشی  14ی تەمووز وادەکات لە ساڵی1960دا، مام جەلال وەک رۆژنامەنووسێک سەرنج و دیتنەکانی خۆی لەسەر سەردانی بولگاریا لە شێوەی ریپۆرتاژێکی چڕو پڕ  لە سێ بەشدا بنووسێ و بگێڕێتەوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved