مام جەلال لەژووری هەواڵدا... ئەدگاری ئەندێشەی راگەیاندنی مام جەلال

2026-11-01
هاوشێوەی ئەم جووڵە شۆڕشگێڕییە بۆ بانگەوازی شۆڕش لە فیلمێکی تایبەت بە شۆڕشی کوبا دەبینرێت کە تیمەکانی پارتیزانی پەیامنێری گۆڤارێکی حەریفی ئەمەریکی بۆ شوێنەونی دەبەنە چەند بنکەیەکی جیاجیای پارتیزانی تا وابزانن هەزار پارتیزان لە کایەدان. سەرەنجام گۆڤاری بورژوازی دەبێتە سەکۆی بەربڵاوی ناساندنی شۆڕشێکی چەپخوازی بەرپاکراو لە چیاکانی سیراماستێرا لە کوبا.

ئەندێشەی پێکەوە گرێدانەوە 

دوای قۆناغی دابینبوونی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان لە شۆڕشی نوێدا، لە چەند لایەنێکەوە هەم راگەیاندنی شۆڕش گەشە دەکات و فراوان دەبێت، هەمیش روانگە شۆڕشگێڕییەکانی مام جەلال و (دیارە بەو بۆنەیەوە سەرکردایەتی یەکێتی و شۆڕش) لەسەر رۆڵی راگەیاندن، تەکنیکەکانی کاری راگەیاندن و شێوازەکانی پێکەوە گرێدانەوەی تۆڕێکی فراوانی راگەیاندن گەڵاڵە دەبێت. 
هەڵبەتە لێرەدا زەحمەتە کۆی مێژووی راگەیاندنی شۆڕشی نوێ و پەرەسەندنی دامەزراوەکانی بگێڕینەوە. 

کارێک کە چەندین هەڤاڵی قاڵبوو بەشداری راستەقینەی ئەو ئەزموونەی ناو شۆڕش لەسەریان نووسیووە و لێیان گێڕاوەتەوە،  دوای ئەوەش توێژینەوەی ئەکادیمی و نامەی خوێندنی باڵایان لەبارەوە هێنراوەتەوە (بۆ نموونە نامەی ماستەر و کتێبی د.ئەرسەلان بایز بەناوی راگەیاندنی شۆڕش و بزووتنەوەی شیعری کوردی 1975-1991)، (لمحات من تأریخ أذاعه‌ صوت شعب كردستان. ‌آمانج كاكه سور. من منشورات مكتب الفكر و التوعیة‌)، (سەرەتای کاروانەکە، دوێنێی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی گرنگدا 1975_1980 نەوزاد عەلی ئەحمەد)، (یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان مانیفێستی شۆڕش لە برادۆست_نەوزاد عەلی ئەحمەد)، (راگەیاندن و هونەر لە شۆڕشی نوێدا_عەباس عەبدولڕەزاق بڵاوکراوەکانی بۆردی هۆشیاری مەکتەبی راگەیاندن ساڵی 2025).

سەرەتا ئاماژە بە قۆناغی دوای نەخشەی رزگاری دەکەین کە هەندێک ئەدگاری ئەندێشەی راگەیاندنی مام جەلالی تێدایە:

راپۆرتێکی مام جەلال بە ئیمزای ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەر، لەژێر تایتڵی باری ئێستای خەباتمان، سەرەتاتکێی بیر و ئەندێشە لەسەر خەباتی هۆشیارانەی راگەیاندن لە قۆناغی دوای (نەخشەی رزگاری) واتا قۆناغی خۆ ئامادەکردن لە ناوچەی ئازادکراوی شۆڕش لە ناوەوەی وڵات نیشان دەدات:
(لەناو یەکێتیدا  دەبێ زەمینەیەکی دیموکراتی و جەوێکی پڕ لە سەربەستی دروست بکەین بۆ ئەوەی هەڤاڵان بیروڕای خۆیان بە سەربەستی دەربڕن. دەبێ چەکی ئەم خەباتەش تەنیا هەر چەکی هوشیارکردنەوە و چەکی پێ سەلماندن و چەکی رەخنه و رەخنه لە خۆگرتن و چەکی دەربڕینی راستی بێت. پێویسته هەموو جۆره شێوازێکی بیرۆکراتی و سەپاندن لە سەرەوه و دامرکاندنەوەی رەخنه و سەربەستی بیروڕا بە توندی بەربەرەکانی بکەین و ماوەی پەیدابوونی بە هیچ جۆرێک لە ریزەکانماندا نەدەین. 

بەلای منەوه زۆر پەسەنده ئەگەر بتوانین گۆڤارێکی هۆشیاری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەربەست بڵاوبکەینەوە که ئایا لە چوارچێوەی رێبازی گشتی یەکێتیماندا ماوەی رەئی جیا جیا و ئیجتهاداتی جیاواز و لێکدانەوەی جۆر بە جۆر بدەین؟ بۆ رۆژنامەکانی خۆشمان شەراره و رێبازی نوێ، دەبێ  ماوەیەکی باشی سەربەستی و ئازادی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی جیاجیای تێدابێت، بەو مەرجەی لە چوارچیێوەی بیروباوەڕ و رێبازی یەکێتیدا بێت. (سەرەتای کاروانەکە- .نەوزاد عەلی ئەحمەد- لە بڵاوکراوەکانی کوردستانی نوێ- چاپخانەی شەهید ئازاد هەورامی..لاپەڕەی 27)
بۆیە ئێمە لێرە لەسەر چەند وێستگەیەکی ئەو ئەزموونە دەدوێین کە پەیوەستە بە روانگە و سروشتی کاری مام جەلال لە کایەی راگەیاندنی یەکێتی و شۆڕشدا، یان ئەو وێستگانەی جۆراوجۆرن و بە هێنانەوەی نموونەی پێویست خزمەت بە باسەکەمان دەکەن:
-ئەندێشەی دابەشبوونی ئەرکەکان و تەواوکاری لە کاری راگەیاندندا.
-ئەندێشەی دۆزینەوەی رێوشوێنی شۆڕشگێڕی لە بەکارهێنانی ئامرازەکان و پێکەوە گرێدانەوەیان.
-ئەندێشەی تەحریری رۆژنامەوانی کاغەزی و فراوانکردنی ئەو ئەندێشەیە تاوەکو لە زەمینی دژواری شۆڕشدا بەکار ببرێن.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved