پەیکەری سەرۆک مام جەلال لەسەر چیای ئەزمڕ

2024-03-06
هەرچەندە لە یەکێتی سۆڤیەت گۆڕانکاریی ریشەیی هاتەکایەوە و هەموو سیستمە کۆمۆنیستییەکەی گۆڕی، بەڵام تا ئێستاش هەندێک ئاسەواری ئەو دەوڵەتە هەر ماوە و خەڵک وەک مێژوو شانازیی پێوە دەکەن، لەوانە ئارامگای لینین-ە لە مەیدانی سوور، پەرچەمی سووری نەخشێنراو بە داس و چەکوش، هەروا گەلێک پەیکەری گەورەی لینین و مارکس لە گۆڕەپانەکان و شارۆچکەکان، تەنانەت لە باکووری هۆڵەنداش لە گوندێک پەیکەرێکی بەرزی لینینی لێ ماوە.
ئەمە لە زۆر جێگەی وڵاتانی سەر بە بلۆکی خۆرهەڵاتیی کۆمۆنیستییش هەر هەیە و ماوە، ئەوان پێیان وایە لەو سەردەمانەدا ئەو کەسایەتییانە جێگە دەستیان دیاربووە لە شۆڕش و مانەوە لە سەنگەری خەڵکدا، هەر لەم روانگەیەوەیە کە دەیانپارێزن و جێگەی شانازییانن.

ئەمە جگە لە پەیکەری گەلێک لە پاشاکان و ناوداران لە هەموو جیهاندا.
مام جەلال زیاتر لە 60 ساڵ بەشداریی سیاسەت و بەڕێوەبردن و نەخشەدانەری شۆڕش بووە و حکومڕانیی کردووە، ناوێک کە زۆرێک لە سەرۆک و رابەرەکانی جیهان و ناوچەکە پێی ئاشنا بوون، کەسایەتییەک کە رژێمەکانی عیراق یەک بەدوای یەکدا لێی تۆقیون و حسابیان بۆ کردووە، رابەرێک کە توانی شۆڕشێکی سەرتاسەریی شکستخواردوو، زیندوو بکاتەوە و بیگەیەنێتە سەرکەوتن. 
چەندە بگەڕێیت بۆ دۆزینەوەی سیفەتی رابەریی لەم کەسایەتییەدا هەیە. لە سەدەی رابردووەوە تا ئەم سەدەیەش، هیچ کەسایەتییەکی هاوشێوەی مام جەلال هەڵنەکەوتووە کە تا کۆتایی و کۆچی دوایی بەردەوام بێت و دەستکەوت بۆ گەلەکەی بەدەست بێنێت.

ئەمانە ئەوەی بە بیر هێنامەوە بڵێم دەبوا زۆر لە پێشتریش بیربکرابایەوە لە دروستکردنی پەیکەرێکی گەورە بۆ مام جەلال لە دوو شوێنی عیراق.

یەکەم وەک ئەوەی ناوی لێنرا( صمام الأمان) لە ناوجەرگەی بەغدا بۆی دروست بکرێت، دووەمیش وەک ئەوەی رێگەی هاتوچۆی زۆری بە شاخی ئەزمڕدا بوو لە سلێمانی، لەسەر ئەو شاخە دروست بکرێت.
پەیکەرێکی بڕۆنزیی  40 مەتری یان زیاتر، ئەوەی کە دەستی لەناو دەستی ناوە بە مانای یەکێتیی ناو یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بکرێتە شوێنی سەردانی گەشتیاران.
دانانی پەیکەرێکی لەم جۆرە و بەو بڵندییە یان زیاتر، گرنگی و جوانییەکی تر دەداتە کێوی ئەزمڕیش بۆ سلێمانی، چ بە دیوی شارباژێڕدا، چ بە دیوی سلێمانیدا، هەر لەو جێگەیەش پارکێکی رازاوە دروستبکرێت تا گەشتیاران لەوێ بتوانن دابنیشن و وێنە بچرکێنن لەگەڵ پەیکەری ئەم ناودارەی کورد و عیراق.

دڵنیام زۆرێک لە عیراقییەکان خۆشیان دەوێت و بە رابەری خۆشیانی دادەنێن، چونکە لەسەردەمی ئەودا زۆر هەنگاوی باش نراوە بۆ عیراقییەکان، بەتایبەتی لە پێکهێنانی چەندین تیرە و هۆزی پێکدا هەڵپڕژاو بەدەستی بەعس و چاندنی تۆوی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان، ئەوە بۆ کوردیش ناومان ناوە مامی گەورە و رابەرمان.

* دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پەیکەری سەرۆک جەلال تاڵەبانی تەواو کردووە لە ئایندەیەکی نزیکدا شوێنێک دیاری دەکات پەیکەرەکە دادەنێت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved