مام جەلال و تەمەن

2024-03-12


مام جەلال هەمیشە نادڵنیاییەکی نیشان دەدا لەسەر ساڵی لە دایکبوون، لە ساڵی 1986 لەگەڵ مامۆستا (عەلی حەوێز) پێکەوە لە کن مام جەلال بووین لە (یاخسەمەر)، من و تیپی 93ی کۆیە راسپێردرابووین، بۆ ئامادەکاری و ئەرک بۆ شەڕی (قەیوان-ماوەت) بارەگامان لە (کانی گەوەڕە) دانابوو لە نزیک (گوندی غەمزە) کانی و ئاوێکی چاکی هەبوو دەیانگووت هەوار و مەکۆی (شێخ مەحموودی نەمر) بووە

 * لەو دیدارە دا (مام جەلال) لێ پرسیم رەهبەر تەمەنت چەندە؟ منیش گووتم30 ساڵ نابم گووتی چۆن؟ دەمێکە لێپرسراوی و ناوبانگت هەیە گووتم بە خوای 30ساڵ نابم ئەوسا فەرماندەی تیپی 93ی کۆیە بووم.

تازە (ی.ن.ك.) پەیوەندی پەیداکردبۆوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، مام جەلال گووتی چوومە ئێران کابرایەکی سەربازی بە کووڕە کووڕ بە گۆچانەوە هات و لێی پرسیم ئەرێ مام جەلال تەمەنت چەندە؟ (مام جەلال)یش گووتبوو لە دەوری 50 ساڵم، کابرای جەنەڕاڵ واقی وڕما بوو گووتی چۆن لە دەوری 50 ساڵی من 50 ساڵ زیاترە ناوبانگتم بیستووە و دەتناسم دیارە باوکت برادەرم بووە، لەو دیدارەی مام جەلال تەزبیحی بە دەستەوە بوو، تەزبیحەکەی خۆی پێدام، منیش تەزبیحم پێ بوو لێی وەرگرتم واتا گۆڕیمانەوە.

 * بابم ساڵی 1986 لەگەڵ دایکم و خوشکەکانم کەوتنە (گوندی هەڵەدن) حاکم پێشڕەوی برام لەگەڵ بابم چووبوونە کن مام جەلال، بابمی دەناسی، چونکە بابم ئەندامی ناوچەی پارتی بوو، بەشی کاسبکاران لە کۆیە.
لە چالاکییەکی مانگرتن دا بابم رۆڵی هەبووە سەرکەوتوو بووە، بۆیە مام جەلال ئەو دەمەی قەڵەمێکی پاندان سی پێشکەشی بابم کردبوو، بابم لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی باسی ئەو پاندانەی کردبوو وشیعرێکی لەسەر دانابوو،

* کە مام جەلالی دیبوو پێ گوتبوو مام جەلال لە بیرتە کە تۆ یەکی سەرەتایی بووی، منیش شەشی سەرەتایی بووم لە کۆیە، هەندێ گچکۆکە بووی لەسەر کورسی و مێزی قوتابخانەکەمان دادەنای وتارت دەدا و شیعری شۆڕشگێڕانەت دەخوێندەوە، من بە تەمەن لە تۆ گەورەترم، مام جەلال زۆر کەیفی بە قسەکانی بابم هاتبوو پێ گووتبوو یەکەم کەسی کە دەتبینم دەڵێ گەورەترم، هەرچی دەبینم دەڵێ مام جەلال تۆ گەورەتری، خۆی لە راستیدا مام جەلال لە رەگەزنامە و ناسنامە 1932نووسراوە هاوشارییەکانیش وەکو خالید دلێر و عەبدولکەریم شێخانی و عوسمان پشکۆ دەیانگووت مام جەلال لە دایکبووی ساڵی 1932 و خوارتریشە.

 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved