٦ی ئەپریل، بەهاری عیراقی نوێ و دیموکراسیی بوو

2024-04-05
ئەوێ رۆژێ  کە  ھەڤاڵ مام جەلال  لە چیا سەرکەشەکانی  کوردستانەوە و دواتر لە  بەشە  رزگاربووەکەی  ھەرێمی  کوردستانە، لە جەژن و بۆنەکاندا، مژدەی   ئاھەنگ گێڕانی  جەژنە گەورەکەی  لە عیراقێکی  نوێ  و ئازاد و لە بەغدای  پایتەخت  بە گوێی   کۆمەڵانی  خەڵکی  کوردستان  و عیراق  و گەلانی  ناوچەکە  و جیھانیش  دەدا، ئەوانەی  باوەڕیان بەحەتمیەتی سەرکەوتنی  خەباتی گەلان و رووخانی دیکتاتۆرەکان  لاواز و لەق  بوو، ھاتنەدی ئەو عیراقە ئازادەی  مام جەلال یان بە خەون  و مەحاڵ  دەزانی، بەڵام  وەک چۆن (ی. ن. ک.) مەحاڵی دوای ھەرەسھێنانی  شۆڕشی   کردە واقیع  و سەرلەنوێ  شۆڕش و بەگژاچوونەوە  بەرپا  کرایەوە،  ئەو  مژدەیەی  سەرۆک  مام جەلال یش نەک  ھەر ھاتە دی، بەڵکو کورسیی سەرۆکایەتیی عێراق پێشوازیی لە شەخسی سەرۆک مام جەلال کرد .

‎ئەورۆژەش کە کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار وتی فەرموو گەورەم  ئەم شوێنە بە کەسایەتیی ئێوە بەھا و نرخی دەبێت، رۆژی شەشی ئەپریلی ساڵی ٢٠٠٥ بوو کە  یەکەمین  پارلەمانی ھەڵبژێراوی گەل بە گشتیی دەنگ ئەو کەسایەتییەی هەڵبژارد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە دەیان ساڵ بوو خەباتی بێوچانی لەپێناوی عیراقێکی دیموکراسیی و فیدراڵیی دا بوو ...

بەوەش عراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بە بەهاری راستەقینە و رۆژی هات شادبوون،
‎سەرۆک مام جەلال بووە  سەرۆکی  عیراق، عیراقییەکان بەجیاوازیی رەنگیانەوە، ھیوا و ئاواتی گەورەیان لەسەر ھەڵچنی لە ھەموو بوارەکاندا
‎نەک، ھەر ئەوە، بەڵکو  دراوسێکانی  عیراق، وڵاتانی  ناوچەکە و جیھانیش ئومێدیان لەسەر قورسایی و پێگەی سەرۆک مام جەلال بەهێزبوو، کە لەدوای سەرۆکێکی دیکتاتۆر و  سەرکێش  و شەڕخوازی ترسناک لەسەر ئارامیی و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیھان، سەرۆکێکی نوێی عیراقێکی نوێ ببێتە مایەی ئارامیی، سەقامگیریی و بووژانەوە. بۆیە  ھەموو دەوڵەتان لەسەرووی ھەموویانەوە زلھێزەکان زۆر سەخاوەت مەندانە دەرگەی کۆمەک و وەبەرھێنانیان لە عیراقدا کردەووە .
‎راستە لە دەورانی سەرۆکایەتیی سەرۆک مام جەلال_دا ھەموو کێشە و گرفتە  کەڵەکە بووەکانی  دەیان ساڵەی عیراق لەڕووی سیاسی، ئابووری،کۆمەڵایەتیی،
‎کلتوریی و  بووژانەوەی ژێرخان چارەسەر نەکران، بەڵام پێکەوەژیانێکی  رێژەیی لەنێوان دژبەیەکەکاندا ھاتە ئاراوە.
‎لەماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەڕێزیاندا دەستکەوتی زۆر گرنگ بەدیھاتن لەسەر ئاستی عیراقیی و کوردستانیی، ھەمووان  ئێستاش شایەتیی ھەق دەدەن بۆ  ئەو سەردەمەی سەرۆک مام جەلالی مەزن .
‎لەگەڵ ئەوەی عەبای عیراقی لە شان کرد، بەڵام  بۆ  چرکەیەکیش خەم و ھەمی ھەرێمی کوردستانەکەی و حەتمیەتی گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێو بازنەی پاکتاوی نەژادیی، بۆ سەر ھەرێمی کوردستانی لە بیر نەکرد، ھەر بۆیە شێلگیرانە بە چەندین ماددەی دەستوریی مافەکانی  قەوارەی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوکی چەسپاند .

‎سەرۆک مام جەلال بە شێوازە  دیپلوماتییەکەی خۆی، قورسایی کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی بە پشتیوانیی لێکدانەوەی دەستوریی، رێژەی بودجەی ھەرێمی کوردستانی  زامن کرد  تا ھەرگیز ئەو ھەرێمە رووبەڕووی قەیرانی دارایی نەبێتەوە و کارمەندان و خانەنشینان بێ مووچە نەبن ولە خۆشگوزەرانیی بێبەش نەبن، چونکە  ھەم خۆی خەباتی بۆ  خۆشگوزەرانیی کۆمەڵانی خەڵک بوو ،ھەم پەی بەو راستییە بردبوو ئەگەر شێوازە سەرکەوتوەکەی خۆی نەبێت لە مامەڵەکردن لەتەک کێشەکاندا، ئەوا ساڵانە بەو ئاسانیی و سەلسی یە بودجەی ھەرێمی کوردستان تێپەڕ نەدەبوو .

‎سەرباری ئەوەی نێوانی دیپلۆماتی و سیاسی و بازرگانیی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیھانی گەیاندە ئاستێکی بەرز لەسەر بنەمای رەچاوکردنی بەرژەوەندیی ھاوبەش و ھاوسێیەتی باشھەمان کەناڵی پەیوەندیشی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ و جیھانیش دامەزراند، بە بێ دەنگیی و بێ هەراسان کردنی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، یا رای گشتیی نەتەوە پەرستیی عیراقی و ناوچەیی، هەرێمی کوردستانی کردە دەوڵەتێکی سەربەخۆی رانەگەیەنراو کە خاوەنی ئابووری و سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بو بێ ھیچ لاف لێدان و  موزایەدەیەک بەسەر کەسدا .
‎ سەرۆک مام جەلال روانین و جیھان بینیی تایبەتی خۆی ھەبوو  بۆ  دامەزراندنی عێراقێکی نوێی فیدڕاڵیی بەهێز و کوردستانێکی بەهێز، لەسەر ئەو بنەماو پرەنسیبانەی کە پێکەوە ژیانی ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی، ئایینی و مەزھەبییەکان لەو عیراقە فیدڕاڵەدا زامن بکات کە خۆی دەیویست بینای بکات. ھەربۆیە رێچکەی تەوافوقی بە باشترین دەریچە زانی کە ئێستا کاڵ بوونەوەی ئەو تەوافوقە بوەتە کۆسپ لەبەردەم ئۆقرەیی یەکی سەرتاسەریی   .
‎ھەر لە روانگەی ئەو بیر کردنەوە دروستە بوو کە سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا سەرۆک مام جەلالی بە جۆرج واشنتنی عیراق  ناوزەد کرد، جۆ بایدنی، سەرۆکی ئێستاش بە تاکە سەرکردە باش و کۆکەرەوەکەی عیراقی نوێی ناوبرد .

‎دیارە  سەرکردە و سیاسەتمەدارانی تری عیراقی و عەرەبی و جیھانیی باشتر ئەزانن کە مامی مەزنمان چ خزمەتێکی  گەلەکەی و تەواوی عیراقییەکانی کرد، ھەر یەکێکیان بدوێنیت بە ستایش وگەورەییەوە باسی رۆڵی ئەم سیاسەتمەدار و پیاوی دەوڵەتە مەزنە دەکەن، کە لە رۆژە سەختەکاندا پلان و رێگە چارەکانی ئەخستە سەر مێزی  گفتوگۆ و ھەموو ناکۆکەکانی قایل دەکرد و خاڵی ھاوبەش کۆی دەکردنەوە .

بە ناهەق نەبوو کەسایەتییەکی گەورەی ئایینی وەك ئایەتوڵڵا عوزما سەید علی سیستانی نازناوی سەمامی ئەمان ببەخشێت بە سەرۆك تاڵەبانی .
‎دوای کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆك مامجەلال، لە ساڵی ٢٠١٤ ەدا، سەرۆك دکتۆر فوئاد مەعسوم بە سەرۆك کۆمار هەڵبژێرا. وەفدێکی عەشایری باشوور و فوراتی ناوەڕاست بۆ پیرۆزبایی هاتبوون بۆ کۆشکی سەلام لە بەغدا، سەرۆکی وەفدەکە باسی رۆڵی گرنگی سەرۆك تاڵەبانی کرد و هیوای خۆی دەربڕی کە سەرۆك مەعسومیش وەك بەڕێزیان بێت. سەرۆك مەعسوم  بەزەردەخەنە ناسراوەکەی خۆیەوە  پێی وتن “سوپاسی متمانەکەتان دەکەم، بەڵام ئەو ئەرکە قورسە مەخەنە سەرشانم، چونکە کەس ناتوانێت وەك ئەو رابەرە مەزنە بێت، تەنها دەتوانم سیاسەت و رێچکەکەی  فەخامەتیان  پەیڕەو بکەم  و روانینەکانی  بکەینە رێنمای کارکردنمان  بۆ خزمەتی گەل و  وڵاتمان “.
‎هەروەك مەسعود بارزانی لە ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلالدا وتی “ماڵئاوایی رابەرێکی وەك مام جەلال خەسارەتێکی گەورەبوو لە گەلەکەمان وا بە ئاسانیی جێگەکەی پڕ ناکرێتەوە “.
سەرکردەی مەزنیش کاك نەوشیروان مستەفا کە هاوڕێی خەباتیشی بوو لە دیدارەکەی مانگی مایۆ/ئایار ی ٢٠١٦ لە دەباشان، فەرمووی“ مام جەلال بەڕاستی جێگەت دیارە لە كوردستان و عیراق و پڕناكرێتەوە، لە كوردستان  پێویستی زۆرمان پێتە،
 ئێستا لەوەتەی لە بەغدا نیت، ناكۆكییەكان قوڵبوونەتەوە، جاران جەنابتان هەموویانت كۆدەكردەوە”. لە دیدارێکیشدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی “سەرۆك مام جەلال بەهایەکی  دەگمەن و جیاوازی  باڵا و بەهێزی دا بە کورسیی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق “.
ئێستاش ئەگەر سیاسییەکانی  کورد گەرەکیان بێت لەم قەیران و تونێلە تاریکە دەربچن، با تێز  و روانینە راست و رەواکانی سەرۆک مام جەلال بکەنە رێنما و رێنیشادەریان بۆ قوتار بوون لەم چەندرێیانییە و یەک رێگە  بدۆزنەوە کە بەزویی دەیانگەیەنێتە کەناری ئارام و ئۆقرەیی  
هەر بە روانین و بۆچوونە راست و رەواکانی سەرۆك مام جەلالیش دەتوانرێت هەرێمی کوردستانی دەستوریی، لەم بێ مووچەیی و هەڕەشانەی سەری
رزگار بکرێت، نەك بە موزایەدە و تەخوین کردن تا ئەم لێکترازان و ناکۆکییانە بەردەوام بن دەستی دەرەکیی زیاتر دێتە ناوەوە و هەرێمی کوردستانیش پێگەکەی لاواز دەبێت .

بە بڕوای من ئێستا کاتی ئەوەیە کەسایەتییەکی سیاسی وەك بارزانی کە  ئەزمونێکی باشی پێکەوە کارکردنی هەبووە لەگەڵ سەرۆك مام جەلالدا، رۆڵی شیاوی خۆی ببینێت، ئەگەر بارودۆخەکەش نەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئەپریل و دواتریش لانی کەم پێکەوە هەڵکردن و لێک تێگەیشتنێکی هاوبەشی کوردستانی و عیراقی بهێنێتە کایەوە تا چیتر دەستی دەرەکیی درێژ نەبێت، چیتر پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز نەکرێت، چیتر روداوی وەك ئەوەی گوڵە خانە دووبارە نەبێتەوە، ئاهێكیش بێتەوە بە بەری ئەو جەماوەرەی کە سەرۆك مام جەلال لەپێناو سەربڵندیی و بەختەوەرییاندا ماندو بوونی نەدەزانی چییە.  

*سکرتێری رۆژنامەوانیی سەرۆك مام جەلال
 

زیاتر بخوێنەرەوە

عیماد ئەحمەد

سێ (D) یەکەی مام
Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved