چۆن دەتوانین وەک سەرۆک مام جەلال بین؟

2024-06-06
لە زۆرینەی وتار و لێدوانی زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ناو یەکێتیی نیشتتمانی کوردستان، لە بۆنە و نووسینەکانیاندا، تەنانەت سیاسییەکانی دەرەوەی ئەم حزبەش، کە باسی رووداوە سیاسییەکانی دەیەکانی رابردوو دەکەن، سەرۆک مام جەلال بە نموونە دەهێننەوە و دان بەوەدا دەنێن کە ئەوەی بەدەستهات لە پێش و پاش نەمانی رژێمی بەعس و سەدام، رۆڵی بەرچاوی ژیریی و حەکیمانەی ئەوی تێدا هەبووە.

زۆرێکیش لە سەرکردەکانی ئێستای یەکێتی بە هەمان شێوە وتە و کردە و هەڵوێستەکانی سەرۆک مام جەلال بە نموونە دەهێننەوە، هیواخوازن کە ئەو هەنگاوە باشانە بەردەوام بێت لەسەر هەمان رەوتی ئەو.
ئەوەی جێگەی سەرنج و پرسیارە، ئەوەیە کە ئەوانە خۆیان، کەمترین هەنگاوی (جەلالیزم)مانە ناگرنەبەر، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەڕێوەبردنی حزب و وڵات.

ئەوەی سەرۆک مام جەلال کردویەتی و وتویەتی، ئەو شێوازانەی ئەو گرتوونیەتە بەر بۆ درێژەدان بە سیاسەت و حزبایەتی، دیارن، زۆرێک لە سەرکردە و کادرە دێرینەکانیش لە نزیکەوە درکیان بەوە کردووە، بۆچی مام جەلال لە هەندێک هەڵوێستیدا پێچەوانەی رەوتی فیکریی خۆی هەنگاوی ناوە، ئەگەر ئەو ساتە تووشی شۆکی کردبن، دواتر تێگەیشتوون لەوەی بۆچی ئەو هەنگاوەی ناوە؟ کەوابوو دەکرێت هەرکەس لای خۆیەوە ئەو ئەزموونە باشانە بگرێتە بەر و کاری پێبکات، بەم جۆرەش، بیر و هزری جەلالیزم و رەفتاری ئەو لەناو حزبدا رەنگدەداتەوە. 

کۆمۆنیستەکان هەنگاویان بەپێی وتەکانی مارکس و لینین دەنا، بیانویستبایە هەڵوێست لە رووداوێک وەربگرن دەگەڕانەوە بۆ شێوازی ئەوان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئێمەش هەر دەڵێین سەرۆک مام جەلال بمابایە وانەدەبوو، وانەدەکرا، ئیتر دوورین لەوەی وەک ئەو رەفتار بکەین، ئەوەی ئەو کردی جێدەستی هەیە و ماوە، با تیئۆری دانەنابێت، بەڵام هەموو لێدوانەکانی سەرۆک مام جەلال لەسەر رووداوەکان، ململانێکان، کێشەکان، دەبنە ئەزموون و لەوێشەوە بە تیئۆر، دەکرێت کاری لەسەر بکەین و وەک ئەو هەنگاو بنێین، مێژوو پێمان دەڵێت ئەو چۆن مامەڵەی کردووە، کێشەکانی کە لەسەردەمی ئەودا هەبوون بە جۆرێکی تر گۆڕدراون، بەڵام ماون، کێشەی نەتەوەیی، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، دراوسێکانی هەرێم، ناوخۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، خزمەتکردنی خەڵک لە هەموو توێژەکان، گرنگیدان بە رۆژنامەنووسان و ئەدیبان و هونەرمەندان و نووسەران، تێڕوانینی ئەو بۆ ژنان، هەموو ئەمانە کردەی بەرچاو و سەرنجراکێشی سەرۆک مام جەلال-ی تێدایە، ئەستەمیش نییە بۆی بگەڕێیەنەوە و وەک ئەو بکەین، ئەمەش دەبێت لەناو بەرنامە و سیاسەتی ی.ن.ک دا بە رەسمی بچەسپێندرێت و لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیدا بۆ چارەسەرەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر سەرۆک مام جەلال بمایە چۆن و چی دەکرد؟ با ئێمەش وا بکەین بە گونجاندنی لەگەڵ سەردەمە نوێیەکە.

مانەوەی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دێرینی مام لەناو رێکخستنەکانی یەکێتیدا، دەبنە هەوێنی سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی سەرۆک مام جەلال و بەکارهێنانیان وەک زنجیرەی درێژەی خەبات کەڵکیان دەبێت بۆ دوای ئەوانیش و تا ئەو کاتەی یەکێتی لەسەر پێی خۆی راوەستابێت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved