هێرۆخان... حزبایەتی لە تەنگانەدا
2024-06-12
هێرۆخان هاورێی ژیان و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلالە، بۆیە رەهەندی تێکۆشانی سیاسیی وی مەعلومی هەمووانە، بەڵام بەشی زۆری کارکردنی هێرۆخان لە رەهەندە فراوانەکەی سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەییدا تەرخانی کەلتور، هونەر، میدیا، چالاکیی کۆمەڵایەتی و پرۆژە ستراتیژە مرۆڤدۆستانەکانی بوو.
حزبایەتی ئاشکرا و راستەوخۆی ئەو کاتە دەرکەوت و تۆخبۆوە کە لەسەردەمی تەنگژەکاندا هاتە سەرخەت و نەترسانە و بوێرانە داکۆکی لە یەکێتی و حزبایەتی راستەقینە کرد، بەتایبەتی ئەو کاتەی پیلانگێڕیی گەورە لەسەر یەکێتی تەنگی بە سیاسەت و کوردایەتی هەڵچنیبوو و ئینجا مام جەلالیش بەهۆی نەخۆشییەوە لە پشووی جەنگاوەریدابوو، زۆر بوون ئەوانەی فاتیحایان بۆ نەمانی یەکێتی دەخوێند و زۆر مودەعی تێزی بەدیلی یەکێتی و مام جەلالیان دەخستە بازاڕەوە، جا ئەو کاتە هەبوون لە سامانی ماددی و مەعنەوی یەکێتیان دەخوارد و بە کاریان دەهێنا کەچی پێیان شەرم بوو ناوی یەکێتی بێنن یان دوو قسەی خێری بۆ بکەن، بە ناوی دیموکراتی و باقوبریقی ترەوە گاڵتەیان بە نەریتی حزبایەتی و شانازی حزبی دەکرد، گوایە حزبایەتیی تەسک باوی نەماوە و شەرمە شەڕەپەڕۆی بۆ بکەیت. ئا لەو تەنگانەدا هێرۆ خانی حریفی حزبایەتی و دڵسۆزی یەکێتیبوون دەرسی پێشکەشکرد و دەرکەوت. جگە لە داکۆکییە رەسەن و جەوهەرییەکانی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی لە ئاماژە، ئاڵا و لۆگۆشدا هەمیشە سەربەرزی و سەرفرازی یەکێتی زەق دەکردەوە. جلی سەراپای سەوز و یەکێتیانەی دەپۆشی و تەنانەت ئۆتۆمبیل و کەرەستەکانی ڤلێکس و قەڵەمیشی سەوز دەکرد. زۆربەمان چالاکییەکانی ئەو کاتەی لە بیرە کە لە کەمپینی هەڵبژاردن و جۆش و خرۆشی جەماوەریدا ئەم جلوبەرگانەی دەپۆشی .
هێرۆ خان هیچ مەجبور نەبوو دوای ئەو مێژووە گەورەی خەباتی سیاسی، شۆڕشگێری و پێشمەرگایەتی خۆی و دوای ئەوەی هەموو یەکێتی بە دادە و خوشکی گەورە و مامۆژن بانگیان دەکرد و حورمەتی هاوشانی مام جەلالی هاوسەنگەری هەبوو ، ئەم ئاماژە حزبیانە پەیڕەو بکات، بەڵام تینوتاوی کوردایەتی و تێگەیشتنی قووڵی لەسەر رۆڵی مێژوویی یەکێتی و رۆڵی بەهاداری حزبایەتی لە تەنگژەکاندا ئەنگێزەی سەوزپۆشی و حزبایەتی بەرچاوی هەڤاڵ هێرۆ بوو.
ئەو لە تەنگژەدا خۆی لە ئەرکی سەرشان نەشاردەوە ئازایانە، ژنانە و دادانە هاتە کۆڕی سەوزەوە.
بەمەش دەرس و وانەیەکی مەزنی حزبایەتی نیشان داین کە لە تەنگژەدا بێیتە جواب و لە شێنەییدا فراوانتر و نەتەوەیی بڕوانیت.
ئەم وێنەیەی هێرۆخان وێستگەی حزبایەتی ئازایانەی ئەو لە ناو یەکێتی و کوردایەتی دەردەخات.
بەو بۆنەیەوە یادی لەدایکبوونی پیرۆز بێت و تەمەنی بۆ کورد و یەکێتی پڕ بەرەکەت بێت.