هێرۆ خان؛ سیمبولی تێکۆشان

2024-06-12
لە ساڵڕۆژی لەدایكبوونیدا
هێرۆ خان؛ سیمبولی تێکۆشان
هێرۆ ئبراهیم ئەحمەد، كەسایەتییەكی گەورە‌و ناوداری كوردستانە، ئەو وەك پێشمەرگەیەكی ئازا‌و جەسوور بەشداریی شۆڕشی نوێی كوردستانی كردووە، لەچاوی كامێرەكەیەوە چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە‌ و بۆردۆمانی فڕۆكە‌ و تۆپخانەكانی رژێمی بەعسی بۆ سەر ناوچە ئازادكراوەكان تۆمار كردووە، خاوەنی گەورەترین ئەرشیفی شۆڕشی نوێیە.

هێرۆ ئبراهیم ئەحمەد كە بە( هێرۆخان) ناسراوە، رۆژی 12ی حوزەیرانی 1948 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە. لەئامێزی مامۆستا ئبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار‌و رووناكبیر ‌و خاتوو گەلاوێژ ساڵح نووسەر‌ و رۆماننووسدا پەروەردە بووە، ئدی هەر لەمنداڵییەوە ئاشنای كتێب‌ و خولیای خوێندنەوە بووە.

بەهۆی كاری سیاسیی باوكییەوە، وەك خۆی دەڵێت‌ ماڵەكەیان وەك جانتایەكی سەفەریی گەڕۆك بووە، هەر بۆیەش قۆناغەكانی خوێندنی لە چەند شارێك تەواو كردووە.

قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌ و ناوەندی و ئامادەیی لەنێوان شارەكانی كەركوك‌، بەغدا‌، سلێمانی‌ و تاران تەواو كردووە.
دواتر بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی دەرووناسیی كۆلیجی پەروەردەی زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
سەرەتای ساڵی 1970 لەگەڵ سەرۆك مام جەلال ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە‌و بەرهەمی ئەو
هاوسەرگیرییە، دوو كوڕ بووە ( بافڵ، قوباد).

ئدی هێرۆخان وەك هاوژین‌ و هاوخەباتی سەرۆك مام جەلال رێگەی سەختی تێكۆشانی هەڵبژاردووە.
لەگەرمەی شۆڕشی نوێدا، جگەر گۆشەكانی لای باوك‌ و دایكی لە لەندەن بەجێدەهێلێ، لەگەڵ سەرۆك مام جەلال دەچێتە كۆڕی گەرمی تێكۆشانەوە.

لە شاخ خولیای كاری میدیایی بووە، هەربۆیەش لەرێی چاوە بچووكەكانی كامێراكانی ڤیدیۆ ‌و فۆتۆوە، چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌ و بۆردومانی فرۆكە‌و تۆپخانەكانی رژێمی بەعس تۆمار دەكات ‌و وەك رۆژنامەنووسێكی پێشمەرگەی ئازا‌و بوێر، لە مەیدانی جەنگدا موجازەفە بەژیانی خۆی دەكات. خاوەنی گەورەترین تۆمار‌ و ئەرشیفی شۆڕشی نوێی كوردستانە.

ئەوەش خزمەتێكی گەورەیە بە مێژووی شۆڕش ‌و ئەڕژێتە ناو مێژووی گەورەی كوردستانەوە.
ناوی (هێرۆخان)یش وەك یەكەم ژنە وێنەگری پێشمەرگە بەشانازییەوە دەچێتە دیرۆكی زێڕینی كوردستانەوە.
دوای راپەڕینی ئازادیی كوردستان، هێرۆ خان لە چەند بوارێكی دیكە خزمەتی كرد.
سەرەتا رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستانی دروستكرد، ئەو رێكخراوە خزمەتی زۆری بەمنداڵان كرد‌و بەردەوامە لەكارو خزمەت.
ئەو چۆن لەشاخ خولیای كاری میدیایی بوو، لە شاریش بەدیدێكی نوێوە درێژەی بەو خولیایەدا، تەلەفزیۆنی خاك‌ و كەناڵی كوردساتی كردەوە، ئەو دوو كەناڵە میدیاییە، كە بەردەوامن لە كار، خزمەتی زۆریان بەبوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی كوردستان كردووە.
هەروەها بڕیاری دەركردنی گۆڤاری خاك ‌و پەپوولە ‌و سیخورمەی دا. ئەوانەش هەریەكەیان لەبواری خۆیدا خزمەتی زۆریان كرد، هێرۆخان بەحوكمی پێگەی سیاسی، رۆڵی دیاری هەبوو لە پاراستنی شوێنەوارەكان‌ و خانووە كلتورییەكان‌ و موڵكی گشتی.

ھێرۆ خان پشتیوانی چەندین پرۆژەی کلتووری بووە، لەوانە: گەلەری زاموا، پاراستن و چاپکردنی دەستنووسە کۆنەکان، مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، پاراستنی سەرا، پرۆژەی پەیکەرسازی و چەندانی تر.
ئەو وەك كەسێكی قاڵبووی ناو كاری سیاسی، رۆڵی دیاری سیاسیی لە ترۆپكی رێكخراوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بینی.

بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرانەی هێرۆ لە بوارەكانی كاری خێرخوازی‌، میدیایی ‌و پاراستنی شوێنە كلتورییەكان پێشكەشی كردووە، چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە خەڵاتی رێزڵینانی پێبەخشراوە.
لەكۆتاییدا هیوای لەشساغی‌ و تەمەن درێژی بۆ هێرۆخان دەخوازم، ئەو ژنەی لەكۆڕی تێكۆشانی شاخ‌و خەباتی مەدەنی شاردا، زۆربەی ژیانی خۆی بەخزمەتكردنی گەلەكەی بەخشی ‌و مێژووویەكی جوانی تۆمار كرد‌ و وەك هێمای تێكۆشان‌ و بەرخودان و بەخشندەیی دەچێتە دیرۆكەوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved