دادەی کوردایەتی و تەوارەکەی شۆڕش

2024-06-12
زۆرێكمان به‌رله‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ بیبینین و هام‌وشۆی بكه‌ین، ناسیومانه‌، چونكه‌ كه‌سایه‌تی و تێكه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی زۆر تایبه‌ته‌. ئه‌و ته‌نیا له‌ ده‌رگای سیاسه‌ت و خه‌باته‌وه‌ نه‌هاتبووه‌ مه‌یدانه‌وه‌، به‌ڵكو باگراوه‌ند و پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتری هه‌بوو. دواتر كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه‌ هێما و لۆگۆی كوردایه‌تی، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ وه‌ستابوو و بۆ ئێمه‌مانانیش بووه‌ خوشك و دایكێكی میهره‌بان، بۆیه‌ ده‌گوترێ ئه‌و خانمێكه‌ پشتی مام جه‌لال و جه‌رگی برایم ئه‌حمه‌د و بینایی حه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵایه‌. ئه‌و شاژنێك بوو له‌سه‌ر عه‌رشی نه‌هامه‌تییه‌كانی شۆڕش و له‌ناو كۆشكی بێنازی پێشمه‌رگایه‌تیدا دانیشتبوو. دوور له‌ جگه‌رگۆشه‌كانیان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ رێگا خۆڵه‌مێشییه‌كانی تێكۆشاندا ئه‌ڕۆیشتن و له‌ قاوه‌خانه‌ی به‌رخۆداندا دووكه‌ڵی مه‌راقی كوردایه‌تییان به‌با ده‌كرد.

ئیتر وه‌كو ئه‌و گوڵه‌ هێرۆیه‌ی ناوه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، گوڵی خۆڕسك و ساده‌ و ساكاری كوردایه‌تی بوو‌.
شوێنپێی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ تووله‌ڕێیەكانی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تیدا، له‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی مۆدێلێكی سیاسی و نوێخوازی كوردایه‌تیدا، وه‌ك خۆی سه‌نگین، به‌ڵام بێده‌نگن. له‌وانه‌یه‌ كه‌م كه‌س بزانێت كه‌ ئه‌و خاتوونه‌ له‌ شانه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا بووه‌ و له‌ سه‌ره‌تاكانی له‌دایكبوونیدا به‌شدار بووه‌، ئیتر قۆناغه‌كانی دواتری ژیانی سیاسی هێرۆخان به‌ هه‌مان شێوه‌ هێمن، به‌ڵام كاریگه‌ر و پڕ مانا بوون، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیی به‌ شۆڕشی نوێ و هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بكا و ئیتر بۆ ئه‌به‌د رووی كرده‌ كوردایه‌تی و مام جه‌لال؛ دواتریش به‌ ته‌ونی شۆڕش رێگای نۆكان و تووژه‌ڵه‌ و شێنێیان به‌سته‌وه‌ به‌ كۆشكی كۆماری له‌ به‌غدا و لەوێ مام جه‌لال بوو به‌ شۆڕه‌سواری دیموكراسی و به‌ حیكمه‌ت و پشوودرێژیی خۆی ته‌لیسمه‌كانی ئه‌و كۆشكه‌ و كۆده‌كانی دیكتاتۆرییه‌تی شكاند و قۆناغێكی تازه‌ی سیاسیی له‌ عیراقدا نه‌خشاند. سه‌ره‌نجام مامی كوردایه‌تی بوو به‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆک كۆماری كورد و مامۆژنی کوردیش بوو به‌ خانمی یه‌كه‌می له‌ هه‌موو عیراق.

ره‌نگه‌ زیاده‌ڕەوی نه‌بێ گه‌ر بڵێین مێژووی یه‌كێتی و تۆماری شۆڕشی نوێ بێ هێرۆخان ناته‌واوه‌، چونكه‌ ساته‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ جیاوازانه‌ گه‌ر تۆماركرابن ئەوە‌ به‌شێكی به‌سه‌ر شانی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌شێك له‌ حه‌كایه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌كانی شۆڕش له‌ڕێگه‌ی هێرۆخانه‌وه‌ تۆمار و ئه‌رشیف كران، ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی كه‌ دووباره‌ نابنه‌وه‌، ئه‌و كردنی به‌ تۆمارێكی نه‌مر و نه‌وه‌كانی داهاتوو به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانن به‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌كانی شۆڕشی نوێوه‌ بڕوانن؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پاڵپشتی به‌رده‌وامی مام بوو، دایك و خوشكێكی به‌رده‌وامی شۆڕشگێڕان و پێشمه‌رگه‌كان بوو. ئه‌و زۆرجار خۆی ده‌كرده‌ قه‌ڵغان بۆ هاوڕێ و دۆستەکانی.
من بۆ یه‌كەم‌جار ساڵی 1989 له‌ قاسمه‌ڕه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ هێرۆخانم بینی و یه‌كترمان ناسی. دوای ئاسایی بوونه‌وه‌ی نێوانی یه‌كێتی و ئاڵای شۆڕش له‌سه‌ر داوای مام جه‌لال له‌ ره‌زایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاك ئه‌رسه‌لان بایز به‌ره‌و قاسمه‌ڕه‌ش كه‌وتینه‌ڕێ. له‌ قاسمه‌ڕه‌ش به‌ره‌و خانوویەكی گڵ چووین كه‌ به‌رهه‌یوانه‌كه‌ی به‌ نایلۆن گیرابوو و ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ كۆشكی شۆڕش و كوردایه‌تییه‌ و ئیتر له‌وێ من بۆ یه‌كه‌مجار هێرۆخانم به‌ شه‌رواڵ و كراسێكی خاكی و به‌ قژێكی ره‌ش و تاڵتاڵی سپییه‌وه‌ بینی، ته‌وقه‌یه‌كی گه‌رمی له‌گه‌ڵ كردم، ئیتر له‌وێوه‌ ئاشنایەتی و نزیكیی من له‌گه‌ڵ هێرۆخان ده‌ستی پێكرد. تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵ بێت، سه‌ختییه‌كانی ژیان و هه‌ڵبه‌زودابه‌زی دنیای سیاسه‌ت و ناكۆكییه‌كانی نه‌یانتوانی درز بخه‌نه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، له‌ هه‌ر وێستگه‌ و هه‌لومه‌رجێكدا بووبێت. ئیتر دلسۆز و خه‌مخۆری یه‌كتر بووین و ئه‌و هه‌میشه‌ هاوكار و پشتیوانی من بووه‌. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌شمان هه‌میشه‌ بۆ خێری یه‌كێتی و دۆست و هه‌ڤاڵان بوو. به‌یه‌كه‌وە زۆر كێشه‌ و ناخۆشی و ناكۆكیمان چاره‌سه‌ر كرد.

هێرۆخان له‌ ناخی خۆیدا به‌رله‌وه‌ی سیاسی بێت، شتی تره‌، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و ژنه‌ بناسن ئه‌زانن هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، ئه‌ده‌ب و ئه‌دیبان، دنیای منداڵ و مافه‌كانیان، میدیا و میدیاكاران ئیهتیمامی یه‌كه‌می ئه‌و بوون، ئه‌یویست سیاسه‌ت بخاته‌ خزمه‌تی پڕۆژه‌یه‌كی كه‌لتووری بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردایه‌تی ته‌نیا ناسنامه‌یه‌كی سیاسی نه‌بێت و بواره‌كانی تریش پێش بكه‌ون.
كه‌سایه‌تیی هێرۆخان تایبه‌ته‌، زۆربه‌ی ژیانی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال به‌سه‌ربرد، به‌ڵام مام جه‌لال نه‌یتوانی كه‌سایه‌تی و خه‌سڵه‌ته‌كانی قووت بدات. ئه‌و له‌ پڕۆژەی سیاسیدا كت‌ومت كۆپیی مام بوو، به‌ڵام له‌ شتی تردا ناسنامه‌ی خۆی هه‌بوو، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌ندێ شتی ده‌كرد ته‌نیا له‌ خۆی ده‌وه‌شایه‌وه‌.

دوای هه‌ڵبژاردنی 2009 و پاشه‌كشه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی، من به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستن بووم، رۆژێك خۆی و كاك دلێری سه‌ید مه‌جید هاتنه‌ لام، وتی هاتووم گه‌ر پێت ئاسایی بێت ئه‌مه‌وێ به‌رپرسیایەتیی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی وه‌ربگرم، ئه‌مه‌ بۆ من مایه‌ی پرسیار بوو، چۆن كه‌سێك دوای شكست بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ به‌رپرسیارێتی وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، كه‌ گۆڕان توانی ده‌نگی زۆر بهێنێت و كاك نه‌وشیروان خۆشی له‌ كایه‌كه‌دا بوو. 
لەو هەلومەرجەدا ئه‌و پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت و له‌و وێستگه‌یه‌ش به‌ ره‌فتار و كرداره‌كانی، په‌یوه‌ندیمان زۆر له‌ جاران باشتر بوو. زوو زوو یه‌كتریمان ده‌بینی و پرس و راوێژمان بە یەک ده‌كرد. دوای ئه‌و قۆناغه‌ و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌میشدا به‌ راسته‌وخۆ هاته‌ ناو كاری حزبایه‌تی و یه‌كه‌م ده‌نگی كۆنگره‌ی به‌ده‌ستهێنا و بوو به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.

هێرۆخان ژنێكی سه‌رڕاست و ئازا و بێ‌منه‌ت بوو. به‌ جه‌سته‌ لاواز و باریك بوو، به‌ڵام له‌ ناخ و جه‌وهه‌ردا قایم و پته‌و و وه‌كوو دارحه‌یزه‌ران به‌رز. ژنێكی قسه‌ له‌ڕوو و  نادیپلۆمات بوو؛ ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدا بوو نه‌یده‌شارده‌وه‌، نه‌ك هه‌ر بۆچوون و رایه‌كانی پێ نه‌ده‌شاردرایه‌وه‌، بگره‌ له‌ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا دانی به‌خۆیدا نه‌ده‌گرت و هه‌ندێ شتی قووت نه‌ده‌دایه‌وه‌.
خه‌سڵه‌تێكی تری یه‌كجار تایبه‌تی هه‌بوو، كه‌ بێده‌نگییه‌كه‌ی بوو، ئه‌و زۆر بێدەنگ و كه‌م‌دوو بوو، به‌ڵام بێده‌نگییه‌کەی به‌قه‌د هاواری زۆر كه‌سی تر كاریگه‌ر و بیستراو بوو. هه‌میشه‌ بێده‌نگیی ئه‌و جۆرێك‌ بوو له‌ قسه‌كردن، كه‌ به‌رامبه‌ره‌كانی به‌ڕوونی  تێی‌ده‌گه‌یشتن. 

به‌هۆی دۆخی تایبه‌تی و ته‌ندروستییه‌كه‌ی و په‌تای كۆرۆناوە، ماوه‌یه‌كه‌ من له‌ دیدار و هام‌وشۆی بێبه‌شم، به‌ڵام هه‌میشه‌ بیری ده‌كه‌م، وه‌ك چۆن بیری ئه‌ڵوه‌ن و دایكم و حه‌مید ئه‌كبه‌ری هاوڕێم ده‌كه‌م، كه‌ له‌ کاتی شه‌هیدبوونییه‌وه‌ بۆ ساتێكیش له‌ یادم نه‌چووه‌تەوە، ئێستاش كه‌ به‌ ده‌باشانا ره‌ت ده‌بم، به‌ ده‌ستی راستم رووده‌كه‌مه‌ ماڵی مام جه‌لال و دوعای خێر بۆ هێرۆخان و به‌ ده‌ستی چه‌پیشم رووده‌كه‌مه‌ مه‌زاری مام جەلال و فاتیحا دەنێرم بۆ گیانی بەرزی.
هێرۆخان هاوڕێ و خوشك و پشتیوانێكی بەهێزی هاوڕێکانی بووه‌، هه‌میشه‌ بیری ده‌كه‌م، چونكه‌ دابڕانی بۆ ئێمه‌مانان كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه‌.
ئه‌مه‌ ته‌نیا چه‌ند دێڕێكی وه‌فادارییه‌ بۆ هێرۆخانی هاوڕێم. ئه‌گه‌ر په‌یكه‌رتاش بوومایه‌ ره‌نگه‌ له‌جیاتی ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌ هه‌وڵم بدابووایه‌ په‌یكه‌رێكی بۆ دابتاشم، چونكه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ شایسته‌ی ئەوەن یاد و یادگارییان بەرز رابگرین.

زیاتر بخوێنەرەوە

شوان شێخە قەرەنی

بۆیادی "سایەی شکۆمەندیی"
Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved