‎هێرۆ خان، ساڵڕۆژی لە دایكبونت پیرۆز بێت

2024-06-13
هێرۆ خان، دەمەوێت بۆ یادی ساڵڕۆژی لە دایکبونت وێڕای پیرۆزبایی گەرم و داخوازیی و هیوا دەربڕینم بۆ تەمەن درێژیی و لەش ساغییت، بە چەند دێڕێکیش سەرباری بیرهێنانەوەی ئەو سەردەمەی کە لە سەروبەندی شکستی ١٩٧٥  گوێت نەدایە مەترسییەکانی سەر ژیانت ،رێگەی سەختت بڕی تا پەیام و نامەکانی سەرۆك مامجەلال بگەیەنیت بە ئامانجی دانبەخۆدانگرتن و بڵاوەپێنەکردنی شۆڕش، هاوکات دەمەوێت بەخشش و خزمەتە زۆر و زەوەندەکانت بخەمە رو کە  هەر لە زوەوە تا ئەمڕۆ پێشکەشت کردوە بە:- گەلەکەت، مێژوی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆڵە پێشمەرگەکانت، مناڵان، ژنان، بەساڵاچووان، کەسوکاری پێشمەرگەکانی شۆڕشی رزگاریی بەخشی دیموکراتیکی گەلی کوردستان بێ جیاوازیی، کەسوکاری قوربانیانی بۆردومانی کیمییایی لەهەڵەبجە و ناوچەکانی تر، کەسوکاری ئازیز بێسەروشوێنکراوانی  بارزانییەکان و ئەنفالکراوانی عەملیاتی وەحشییانەی ئەنفالە بەدناوەکان، کەمئەندامانی سەنگەر و خاوەن پێداویستییەکانی تر، هونەر و هونەرمەندان، شاعیر و ئەدیبان، روناکبیران، میدیای ئازاد و نەترس،زیندوکردنەوەی سەدان دەستنوس و سەرچاوەی جیا جیای مێژویی  و ئەدەبیی، پاراستنی کلتور و ئاسەوارەکان،  پاراستن و نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، رێگرتن لە روخاندنی ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی و هێشتنەوەی تا زوڵم و زۆردارییەکانی سەدامی خوێنڕێژ لە بیرو زاکیرەی نەوەکاندا هەر بمێنێت، دامەزراندنی رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان کە نەك هەربۆ مناڵانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڵکو بۆ خزمەتی مناڵانی تری عێراق و کوردی بەشەکانی تریش، سەدان هەنگاوی نیشتمانیی و نەتەوەیی تر، دەستگیرۆدەیی  بۆ لێقەوماوان لە بەخشش و خزمەتە گەورەکانی تۆیە . 

‎دەزانم هيرۆ خان ئێستا ئەگەر ئەم چەند دێڕە ببینیت دەفەرمویت رۆڵە بۆ نوسیویتە من هیچم نەکردوە بۆ باسکردن و ستایشکردن، ئەرکی سەرشانم بوە . 

‎بەڵێ ئەو رێچکەیە (خزمەتکردنی خاك و گەل بێ چاوەڕوانیی ستایشکردن)هەم پەروەردە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی نەمر ، هەم رێچکەکەی سەرۆك مامجەلالی مەزنە، بەڵام ناکرێت  ئەو هەمو خزمەتەی ئێوە نەك هەر باس بکرێن و بخرێنە رو، بەڵکو بە ستایشەوە لە مێژوی خەبات و جوانییەکانی ئەم گەلەدا تۆمار بکرێن .

‎ئاخر جەنابت (بۆیە  وشەی جەنابت بەکاردەهێنم ،چونکە جارێکیان پێت وتم کە هەرگیز قبوڵم نەکردوە کەس پێم بڵێت جەنابت بەڵام لەبەر ئەوەی هەستم کردوە تۆ بەڕێزەوە بە کەسی لەخۆت بچوکتریش هەر دەڵێیت جەنابت، بۆیە  قەیدی ناکات)، بۆ رۆژێکیش  زامەکانی میلەتەکەت غافڵ نەکردوە. وەك هەر پێشمەرگەیەكی قارەمانی هاوسەنگەرت، ژیانی خۆت دەخستە مەترسییەوە تا هەم سەروەرییەکانی پێشمەرگە تۆمار بکەیت، هەم مێژوی خەباتی ی ن ك بە زیندویی بمێنێتەوە (ئەوەتا ئەمڕۆ ئەو فیلم و ڤیدیۆیانەت بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندەشمان دەدوێن کە  گەلی کوردستان بە چ سەختیی و دژواریەکدا تێپەڕ بوە. 

‎بۆشاییەکانی رەخنە و درامای کوردیی هەر خۆت پڕت کردەوە بە هاندانی پسپۆڕانی بوارەکە .

‎بەرهەمەکانی حسێن میسریی هەمیشە زیندو،  کەشکۆڵەکەی سیروان جمال و هاوڕێکانی، سیخورمە و بەرنامەی بەرنامەی دکتۆر شێرکۆ عبداللە و تەکنیسێن هونەرمەندەکانی هاوڕێی، بەسەرکردنەوەی هونەرمەندانی کۆن و نوێ و ئاوڕ دانەوە لێیان، بەرنامە گرنگەکانی تری خاك تیڤی و کوردسات، نمونەی زیندوی ئەو هەوڵ و تەقەللا پڕ ماندوبون و سەرئێشەیەتن .

‎سەدان منداڵی توشبوی سالاسیما و نەخۆشییە ترسناکەکانی تر بە هەوڵ و هیلاکبونی تۆ چاكبونەوە لەبەردەستی پسپۆڕانی پزیشکییدا، نەخۆشخانەی (هیوا)ش ئەگەر بە ئینساف بین یەکێکە لەداهێنانەکانی خۆت و بە پشتیوانیی سەرۆك مامجەلال کەوتە سەرخۆی بە جۆرێك لە سەرتاسەری عێراق و  ناوچەکانی ترەوە سودی لێ دەبینن. 

‎ئەی تۆ لانە و ماڵی بێ لانە و پێ پشتیوانەکانی پێشمەرگە دێرینەکان نەبویت ؟!، هەرخۆت داکۆکیکاری ئەوانە نەبویت کە  قوربانیی زوڵم و غەدری جۆراوجۆری سیاسیی، کۆمەڵایەتیی بون؟!
 ئەی هەر خۆت نەبویت کە شەرت دەکرد لەسەر ئەوەی هەر دەبێت ، لە بەر قاپی سەرا سەفیان ببەستن  شێخ و مەلا و زاهید مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت هەر  گردی سەیوان  بێت 
؟!.
‎دەزانم ئەگەر ئەم نوسینە ببینیت پێت ناخۆشە باسی سەروەرییەکان و جێ دەستە رەنگینەکانی بەخششەکانت بکەم، بەڵام دڵم بەوە خۆشە تۆی مرۆڤە پۆڵایینەکە هەمیشە دڵە میهرەبانەکەت رێت نادات کە لەم رۆڵەیەی خۆت توڕە ببیت، وەك چۆن توڕە نەبویت کە بۆ یەکەمجار  دەستەواژەی خانمی یەکەمی عێراقم بەکارهێنا.  زۆری تر هەیە باسیان بکەین و بە کۆمەڵانی خەڵکیان بناسێنم  لە وتار و نوسینێکدا ناتوانم مافی تەواو بدەم بەوەی کە هێرۆخانی مرۆڤە پۆڵایینەکە بەرامبەر  چنگ درێژ و خاوەن هێزەکان، میهرەبانەکەی بەردەم لاواز و بێدەست و بێدەسەڵاتەکان ، چ خزمەتێکی کردوە! لە کۆتاییدا دوبارە پیرۆزبایی ساڵڕۆژی لە دایکبونت دەکەم بە هیوام هەر تەمەن درێژ و لەش ساغ بیت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved