مام جەلال کاریزمایەکی لەبیرنەکراو لە مێژووی کوردا

2023-04-10
سەرۆک مام جەلال یەکێکە لە سەرکردە گەورە و کاریزماکانی کورد بەدرێژایی مێژوو کە دروستبوونەوەی کەسایەتییەک بەو ھەموو سیفەتە لێھاتوویەوە لە سەرکردەی کوردا ئەستەمە باس کردن لە مێژووی سەرۆک مام جەلال پێویستی بە سەدان لێکۆڵینەوەی قوڵە بۆئەوەی ھەق بەگەورەیی و لێھاتوویی سەرۆک مام جەلال بدرێت.

سەرۆک مام جەلال لە تەمەنی لاویدا:
سەرۆک مام جەلال تەنانەت لە تەمەنی ھەڕەتی گەنجیشدا جیاواز بوو لە ھاوتەمەنەکانی خۆی، خزمەکانی سەرۆک مام جەلال رۆژێک لای باوکی گلەیی لێ دەکەن لەوەی کە زۆر کتێب دەخوێنێتەوە بەدوای شتدا دەگەڕێت، باوکی سەرۆک مام جەلال وەڵامیان دەداتەوە دەڵێت لێی گەڕێن ئەوەی کتێب زۆر بخوێنێتەوە یان شێت دەبێت یان دەبێت بەکەسێکی دیار و لێھاتوو، دیارە سەرۆک مام جەلال بوو بەکەسێکی گەورە و کاریزمای گەلی کورد و ناوێکی لەبیرنەکراو بۆ ھەتا ھەتایە.

ساڵی ١٩٥٣ کە تەمەنی سەرۆک مام جەلال تەنها ٢٣ ساڵ دەبێت سەرپەرشتی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان دەکات لێھاتوویی خۆی بۆ ھەمووان دەسەلمێنێت ھەر لەو کۆنگرەیە دەبێتە سکرتێری گشتیی یەکێتییەکە، لەساڵی ١٩٥٥ سەرۆک مام جەلال کە یەکێک دەبێت لەدەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بەھۆی توانا بەرزەکانی دەبێتە سکرتێری گشتیی لاوان، وە لە ساڵی ١٩٥٩ کۆلێژی یاسا لە بەغدا  تەواو دەکات، تەمەنی گەنجی سەرۆک مام جەلال پڕیەتی لە تواناو کاری باش واتا تەمەنی گەنجی بۆ ئەو پڕ سەروەری بوو.

سەرۆک مام جەلال و گرنگیدانی بە ڕۆشنفکری:
لای ھەڤاڵ مام جەلال ڕۆشنفکری و ڕۆشنبیری خوێندن و خوێندنەوە گرنگی زۆری ھەبووە بۆیە ھەمیشە لە ژیانی ئەودا ئەو بوارە رەنگی داوەتەوە گرنگیدانی بەو بوارەش لە ژیانی خۆیدا گەیاندیە ئاستێکی زۆر گەورە و دیار لەناو مێژووی گەلەکەماندا،تەنها بۆ ژیانی خۆی ئەم بوارە گرنگ نەبووە، بەڵکو گرنگی داوە بەوەی کە دەبێت ئەم بوارە لەلایەن ھەمووچین و توێژەکانی کۆمەڵگەگرنگی پێدەن، لەناو پارتی دیموکراتیش ئەوکاتە بەھۆی گرنگی دانی بەو بوارە ھەمیشە لەلایەن کەسانێک ھەرقەلەی بۆ دروست دەکرا، ھەر بۆیە دواجار سەرۆک مام جەلال بەھۆی جیاوازی دنیا بینینی بۆ ڕووداوەکان و ژیان ڕێگەی جیاکردەوە لە پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دامەزراند، سەرۆک مام جەلال لەناو ریزەکانی یەکێتیش گرنگی گەورەی بە بواری ڕۆشنفکری و خوێندن و خوێندنەوە داوە لای ئەو بۆ کادیری حزبی خۆ ڕۆشنبیریکردن گەڕان بەدوای فراوانکردنی ئاستی ڕۆشنفکری زەرورەتێکی گەورەبوە، ھەربۆیە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان جێگەی پێگەیاندنی نووسەران و ئەدەب دۆستان و ئازادیخوازان بووە.

بەرھەمی بیرکردنەوە و سیاسەتەکانی سەرۆک مام جەلال وای کرد کە سنووری ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ببێتە مەڵبەندی ھەموو ئازادیخوازان و ڕۆشنبیر و نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ئەم کاتەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەڵبەندی ئەو قوتابخانەیە کە سەرۆک مام جەلال دایمەزراند بۆ ئازادیخوازان و ڕۆشنفکران، جگە لە ھەموو ئەمانە سەرۆک مام جەلال خۆشی خاوەنی قەڵەمێکی بەھێز و نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی لێھاتوو بوو لە گۆڕەپانی نووسین.

رۆڵی سەرۆک مام جەلال بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان:
ھەڤاڵ مام جەلال زیاتر لە٥٠ ساڵی تەمەنی بەخشی بە کورد و کوردستان لەو پێناوە شەڕی گەورە و بێوچانی کرد بۆ مافە رەواکانی گەلی کوردستان کە بەدرێژایی تەمەنی پشووی نەدا ھەمیشە لەسەنگەری بەرگری کورد و کوردستان بوو، لە تەمەنی لاویدا چەندین وڵاتی ئەوروپا و جیھان گەڕا بۆ درووستکردنی لۆبی تا پشتیوانی بەدەست بێنێت بۆ گەلی کورد و مافە ڕەواکانی.

دوای ئەوەی سەرۆک مام جەلال بەھۆی جیاوازی لەبیرکردنەوەی بەڕێوەبردن و دنیابینین بۆ کایەکانی سیاسەت کردن و حزبایەتی ڕێگەی لە پارتی جیا کردووە ھێزێکی نوێی لەناو گۆڕەپانی کوردایەتی دروست کرد کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لەوکاتەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی بێھیوایی دابوون ھاتنەکایەی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان لەسەردەستی ڕەوانشاد مام جەلال ھیوای گەڕاندەوە بۆ جەماوەری کوردستان یەکێتی بە رابەرایەتی مام ھەزاران داستانی گەورەی بۆ مێژووی گەلەکەمان تۆمار کردوە، رووبارێک خوێنی بەخشی بەڕێگەی ڕزگاریخوازی خەباتی کورد،

رۆڵی سەرۆک مام جەلال دوای رووخانی رژێمی سەدام:
ھەڤاڵ مام جەلال بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتی رژێمی سەدام بەرخودانی گەورەی کردووە بۆ کۆتایی ھاتنی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعس  لە ساڵی ٢٠٠٣ دوورستبوونی ئەنجومەنی کاتی حکومی عێراق ھەڤاڵ مام جەلال شەرەفی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکەی درایە رۆڵێکی گەورەودیاری دیت لە ئاشتەوایی لەنێوان پێکھاتەکانی عیراق، ھەروەھا ڕەوانشاد مام جەلال رۆڵی گەورەی ھەبوو لە نووسینەوەی دەستوری نوێی عێراق کە توانرا بە دەقی دەستوری باسی کورد بکرێت و مافەکانی تێدا بچەسپێنرێت،
لە ڕێکەوتی ٦⁄٤⁄٢٠٠٥  ھەڤاڵ مام جەلال بەزۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەرەفی  ڕابەرایەتیی گەلی عێراقی درایە، ئەم رووداوە رووداوێکی گەورە و مێژووییە بۆ گەلی کورد کە بۆ یەکەمجار کوردێک توانی بگاتە پۆستی رابەرایەتی گەلی عێراق سەرۆک کۆمار.

ڕەوانشاد مام جەلال لەو پۆستەشدا وەک ھەموو ئەزموونەکانی ژیانی توانی سەرکەوتوبێت لە سەردەمی ئەودا ھەمیشە زۆر بەئاسانی ھەموو پێکھاتەکان و ڕاجیاوازەکان کۆدەبوونەوە لەسەر میزی گفتوگۆ ئەم جۆرە کۆکردنەوەش تەنها لە توانای سەرۆک مام جەلالدا بو کەسی دیکە ئەمەی پێ نەدەکرا، ھەربۆیە نازناوی سەمامی عێراقی درایە کە ئەمەش شانازیەکی دیکەی مێژووی ئەو کاریزما گەورەی گەلەکەمانە.

عێراق دوای سەرۆک مام جەلال:
دوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد مام جەلال عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەدیت و کەسێک نەبوو پێکھاتە و مەزھەبە جیاوازەکانی عێراق بەئاسانی وەک سەردەمی ئەو کۆکاتەوە بۆیە ھەمیشە گرفتەکان لەگرفتی بچووکەوە زۆر ئاڵۆز دەبوون ھەمووسیاسییەکان بەئاشکرا دانیان بەوەدا ناوە کە گیان ئاوایی ھەڤاڵ مام جەلال زیانێکی زۆر گەورەی لە ھەموو پێکھاتەکانی عێراقدا، مێژووی سەرۆک مام جەلال مێژوویەکی پڕسەروەرییە کەکەم سەرکردەی کورد ئەو مێژووە گەورەی ھەیە.
بەداخەوە دڵەگەورەکەی سەرۆک مام جەلال لە رێکەوتی ٣ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ لە لێدان کەوت،
گیانی ئەو ڕابەرەگەورەی گەلەکەمان شاد و ئارام بێت.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved