سەرۆک مام جەلالی مەزن، بە تووندی وەڵامی سەدام حسێنی دایەوە 

2023-04-26

 
 ساڵی ٢٠٠٣ بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی رزگارکردنی عێراق، هاوکات لەگەڵ خۆ گیڤ کردنەوە و فڕوفیشاڵەکانیداکە گوایە ئەو جەنگە یەکلایی کەرەوە دەبێت، سەدام حسێن دیکتاتۆری لەناوچوو، نامەیەکی بۆ مام جەلال سکرتێری گشتی (ی. ن. ك.) نارد، بەڕێزیان  بەشێوازە دیپلۆماتییەکەی وەڵامێکی زۆر تووندی دایەوە (کە دەقە تەرجەمەکراوەکەی دەخوێننەوە).

وەك هەمووان دەزانین سەرۆك مام جەلالی مەزن بەشێوازە تایبەتمەندە سیاسییەکەی ناسراوە و، بەشێوازە دیپلۆماسییە نەرم و نیانەکەی خوڵقێنەری دەستپێشخەریی و درووستکردنی  رووداو و مەسەلەکان بووە، سەدان، بگرە هەزاران دیمەن و گۆڕانکاریی سیاسی شایەتی ئەو هەڵوێستە رەسەنانەی سەرۆك مام جەلالن کە بە شێوازە دیپلۆماتییە نەرم و هێمنەکەی خستوویەتییە روو .


 ئەم شێوازە دیپلۆماتییەی سەرۆک مام جەلال رێی لەوە نەگرتووە کە لەکاتی پێویستدا  تووند و رەق بێت لە ئاست بەرانبەرەکەی و ئەوانەی دژی داوا رەواکانی گەلەکەمان وەستاونەتەوە یا مەرامیان بووە ببنە کۆسپێك لەبەردەم  کاروانی خەباتی گەلی عێراق بە کورد، عەرەب، تورکمان، کلدانی ئاشووریی و تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی، ئاینیی و مەزهەبییەکانی دیکەی عێراقەوە لەپێناوی دیموکراسیی بۆ عێراق و تێکشکاندنی دیکتاتۆریەت .

 وەڵامەکەی سەرۆك مام جەلال سەرباری  مانا و واتا سیاسییە بە نرخەکەی، ئاماژەیەکی گرنگی دەوڵەتداریی و داناییشیان بوو بۆ شێوازی وەڵامەکەی لەو کاتە ناسکەدا .
نامەکەی سەدام حسێن، هەڕەشە و چاو سوورکردنەوەکە بوو، بەڵام سەرۆك مام جەلال بە زمانێکی دیپلۆماتی تووند و  ترسێنەرتر وەڵامی داوەتەوە کە مەگەر هەر خۆی زانیبێتی چۆن باری دەروونی سەدامی شپرزە کردبێت !
سەرۆك مام جەلال لە وەڵامەکەدا سەرباری بە بیرهێنانەوەی دیکتاتۆر لەئاست تاوانەکانی بەرانبەر بە عێراق و گەلەکەی، ئەوەیشی پێ راگەیاندووە کە تەمەنی دیکتاتۆرەکان کورتە بۆیە ئامۆژگاری کردوە کە واز لە کورسییەکەی حوکمداریی بهێنێت  و ملکەچی ئەو واقیعە بێت کە لەبەرچاودایە، ئەویش روودانی جەنگێکە کە ئەمجارە سەری سەدام دەخوات .

واتە سەرۆك مام جەلال ئەو چارەنووسە رەشەی  خستووتە بەرچاو کە چاوەڕێی  سەدام دەکات، بۆیە پێشنیازی بۆ کردووە کە باشترە دەستبەرداری کورسیی حوکم بێت، بەوەش ئەو  لاف و گەزاف لێدانەی بێ نرخ و ناگرنگ کردووە کە سەدام  هەمیشە بە فیزەوە خۆی بە دیکتاتۆرییەتەوە هەڵدەکێشا .
وەڵامەکەی سەرۆك مام جەلال لە روانگەی  ئەو بوێرییە هەمیشەییەی بووە  کە  بە درێژایی ئەزموونی خەباتە شەست ساڵانەکەیەوە  لێی راهاتبوو.

سەرۆك تاڵەبانی وەك چۆن  رووبەڕووش لەکاتی دانووستانەکانی شۆڕش لەگەڵ حکومەتە یەك لەدوایەکەکانی عێراق، بە رژێمی سەدامیشەوە  راشکاوانە ئەو تاوانانەی بە بیر سەرانی ئەو رژێمانە هێناوەتەوە، بە هەمان شێوە لە نامەکەدا بەشێکی تاوان و دڕندەییەکانی  سەدام حسێنیشی بە بیر هێناوەتەوە، دەرهەق بە ئێران و کوەیتی دراوسێ و گەلانی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتیی. 


لە نامەکەیدا سەرۆك مام جەلال بە شێوازە دیپلۆماسییە ناسراوەکەی خۆی، مژدەی کۆتایی هاتنی حوکمی دیکتاتۆریی و هاتنەکایەی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراسیی لە عێراق  بە سەدام راگەیاندوە، لەو بارەیەشەوە زۆر راشکاوانە دەستبەرداربوونی  ناوبراو لە  کورسیی حوکمی بە تاکە چارە داناوە تا عێراق و گەلەکەی و وڵاتانی ناوچەکەش رزگاریان بێت لە جەنگ و ماڵوێرانیی .

 لەو نامە تووندەدا  کە بە نامەیەکی مێژویی لە قەڵەم دەدرێت لە سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ دەسەڵاتدارێکی دیکتاتۆری لە خۆبایی بوو، سەرۆك مام جەلال  شێلگیریی و سازش نەکردنی خۆی و سەرکردایەتیی کوردستانی خستۆتە روو، ئەوەش ئاماژەیەکی گرنگی باوەڕ و متمانە بە خۆ بوونە لە پێگەیەکی بەهێزەوە کە هەمیشە مام جەلالی پێ ناسرابوو .
دیارە پسپۆڕان و چاودێرە بە ئەزموونە سیاسییەکان دەتوانن، مانا، واتا و لێکدانەوەی زیاتر و باشتر لەم نامە مێژوییەی سەرۆك مام جەلالی مەزن لەو وێستگە گرنگەدا هەڵبهێنجن .
ئەمەش دەقی تەرجەمەکراوی وەڵامنامەکەی سەرۆك مام جەلالە، کە بە سوپاسە سودم لە  چەند پەرەگرافێکی  تەرجەکەکراوەکەی پەرلەمانتار سالار محمود وەرگرتوە.

 

لە جەلال تاڵەبانییەوە بۆ سەدام حسێن


بیستم و دواتر نامە هەڕەشە ئامێزەکەتانم خوێندەوە کە بۆتان  ناردبوم، هەرچەندە بە ئاواتەوە بووم نامەکەتان بە مەبەستی ئاشتبوونەوەی گشتی بوایە، لەسەر بنەمای کۆتایی هاتنی دیکتاتۆریی و هاتنەکایەی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراسیی پەرلەمانیی فیدراڵیی فرەیی لە عێراقدا، بەڵام بەداخەوە ئێوە دەرسی پێویستتان لەو کارەسات و ماڵوێرانییانە  وەرنەگرتوە، کە  دیکتاتۆریی سەرەڕۆ بەسەر گەلی عێراق و ئابوورییەکەی و سوپا و قەوارەکەیدا هێناوە  و جەنگی ناوخۆ و هەرێمایەتی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە  .


هەڕەشە کردنتان بۆش و پووچە، چونکە بە دڵنیاییەوە دەزانن سەرکردایەتیی هاوبەشی کورد رایگەیاندووە کە هیچ هێرشێك ناکاتە سەر شارەکانی موسڵ، کەرکوك و سوپای عێراق، بۆیە ھیچ بەرەیەکی باکوور نییە، دواتر ئێوە بە درێژایی حوکمتان بە گشت جۆرێك  زوڵم و دوژمنکارییەکتان دژ بە گەلی کوردستان کردووە، کە باب و باپیرانتانی  داڵدەدا، کاتێ والی بەغدا لە سەردەمی عوسمانیدا، دەربەدەریکردن و هەڕەشەی لەناوبردنی لێکردن.


ئێوە وەک یەکەم  حوکمڕان چوونە  ناو مێژوەوە  کەچەکی کیمیایی  بەکار هێنابێت دژی گەل و هاونیشتمانی خۆی. بە ئاشکرا شانازیتان بە  پەلاماردانەکانی  ئەنفالەوە کرد. کە   لە مێژوودا لە رووی تاوانباریی و قێزەونیی و  دڕندایەتییەوە  بێ وێنەیە، ھێزەکانی ئێوە  هەموو گوند و شارۆچکەکانی کوردستانی عێراقیان وێران کرد، هەموو سامانی ئاژەڵ و مەڕوماڵاتیان بە تاڵان برد ، سەرباری تاوانەکانی لەسێدارەدان، تێرۆرکردن، دەربەدەرکردن و دورخستنەوە و راپێچکردنی جەوانان بۆ دۆزەخی سێ جەنگە دوژمنکاریەکە  (جەنگ دژی گەلی کوردمان، جەنگ دژی گەلی ئێرانی دراوسێ و موسڵمان و دۆست، جەنگ دژی گەلی کوەیتی برا و بێوەی).
ئێستاش ئێوە  باش دەزانن ئێمە شانبەشانی ئەمریکاییەکان شەڕمان نەکردووە  جگە لەدژی ئەو تاقمە گومڕا تێرۆریستە تاوانبارە نەبێت کە ناویان ئەنسار ئیسلامە و عەقیدی موخابەراتی عێراقیی سەعدون محمود عەبدول لەتیف  ئەلعانی (ابو وائل)  رێبەرایەتییان دەکات، ئیتر  ئەم نامەی هەڕەشەیە لە پای چییە و بۆ چ مەرامێکە؟ ئایا بۆ ترساندنی گەلەکەمانە کە چەندین سەدە بە  تاقی تەنها خۆڕاگر بووە لە بەرانبەر  زۆرداران و چەوسێنەراندا؟! یاخود بیانوویەکە بۆ   خۆئامادەکردن بۆ تاوانی تازە  دژی گەلی کوردستانی عێراق؟!

کەواتە بە دڵنیاییەوە  ئێوە دازانن کە تائێستا  بەرەی باکوور لە ئارادا نییە، سەرباری ئەوەی کورد بەشداریی تیادا ناکات، بەڵکو بەرەیەکی  نیشتمانیی عێراقی لە ئارادایە و دەستەیەکی سەرکردایەتیی رابەرایەتیی دەکات، منیش شەرەفی ئەندامێتیم پێ بەخشراوە کە خەبات دەکات لەپێناوی رزگارکردنی عێراق لە مەینەتییەکانی جەنگ، کە دیکتاتۆریەت سەپاندوویەتی بەسەر گەلەکەماندا، لە بنەڕەتیشدا دەرەنجامی زەوتکردنی مافی گەلی عێراقە لە دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی  بەو جۆرەی خۆی بەڕێوە ببات لەڕێگەی هەڵبژاردنی  ئازادانەی نوێنەرانیی خۆیەوە.

دەستەی سەرۆکایەتیش لە بەیاننامەکەی ئەم  دواییەیدا سیاسەتی خۆی بە روون و ئاشکرا راگەیاند، ئێمەش پاندین پێوەی و کار دەکەین بۆ بەدیهێنانیان، ئەی!بەڕێز سەدام حسێن! ئەگەر ئێوە دڵسۆزی بەرگریکردنن لە عێراقی مەزن ئەوە بە جەنگی  بێهودەی دۆڕاو کە ئەنجامەکەشی دیارە نابێت، بەڵکو بەوە دەبێ کە دەست لەکار بکێشنەوە و دەستبەرداری حوکم ببن و بیدەنە دەست حکومەتێکی نیشتمانیی ئیئتلافیی کە گەل و نیشتمان قوتار بکات لەو جەنگەی دیکتاتۆرییەت سەپاندوویەتی بەسەریاندا.


دەتوانیت بەم جۆرەش  کۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆت بهێنیت کە وەك جەوانێکی خەباتگێڕ  لە حزبێکی  ئۆپۆزیسیۆن  عێراقیی  دەستت پێکرد، ئەمە هەنگاوێکە  کە خۆت و خانەوادەکەت رزگار دەکات  لە بەشێکی بەرپرسیارێتی مێژوویی گەورە کە لە ئەستۆ و سەرشانتانە .
والسلام لمن إتبع الهدی
جەلال تاڵەبانی
٢٠٠٣/٤/٤

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved