مام جەلال و شایەتیدان لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق

2023-04-27

سەبارەت بە دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت و لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراقی فیدڕاڵ مام جەلال، لەبارەی دادگایی کردنی سەدام حسێن و کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکە  بۆچوونی خۆی خستە روو... مام جەلال بابەتی دادگاییکردنی سەرۆک کۆماری پێشووتری بەستەوە بە گۆڕانکاری لە حوکمڕانی لە عێراق و کۆتایی ھاتن بەدەسەڵاتی تاکڕەویی و دیکتاتۆریی. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کەپێی وترا وەک شایەتحاڵ بەشداری دەکات لە دانیشتنەکانی دادگادا؟

مام جەلال لە وەڵامدا سەرنجی دادگا و تەواوی مافپەروەران و یاسا ناسانی بۆلای خۆی جوڵاند. کاتێ وڵامی دایەوە بەم جۆرە: «کاتێک دادگا بانگم بکات ئامادە دەبم». ئەم دەستەواژە و رستەیە، لە مەغزایدا چەندین خوێندنەوەی نوێ لەژیانی سیاسیی، بەتایبەتی پێگەی سەرۆک کۆماری عێراق هەڵدەگرێت، چونکە ئەمە یەکەم جارە سەرۆکێک لەماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵی رابردووی ئەم وڵاتەدا بەئاراستەیەک قسە بکات،کە دەرخەری ئەوەبێت هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێک چیتر لە عێراقی دوای بەعس و دیکتاتۆریەتدا لەسەروو یاساوە نابێت.


سەروەریی یاسا دەبێت پارێزراو بێت و هەمووان لە بەردەم یاسادا یەکسان بن، لە نزیکترین کاردانەوەدا بۆ ئەم دەستەواژەیەی مام جەلال بەکاری هێنا. جەعفەر موسەوی، سەرۆکی دەستەی داواکاری گشتیی دادگاکە رایگەیاند: "مانای ئەوەیە عێراق خێری بەسەردا باریوە، واتە یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە". هەروەها وتی: "یەکەم کەسیش کە ئەمەی خستە چوارچێوەی دەستەواژە راستەقینەکەیەوە، مام جەلال بوو کەسەرۆک کۆمارە، بۆ سەرۆک کۆمارێک کە هەموو تەمەنی لە خزمەت ئازادی و  بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکاندا بە خەرج دابێت. بەسەختترین رێگەی خەباتی لە شاخ و شیاوترین شێوازی سیاسی و  دیبلۆماسی بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆریەت گرتبێتەبەر، دەبێت بەو جۆرە هەڵوێست بنوێنێ".

بەتایبەتیش ئەو سەرۆکەی خۆی کەسێکی مافپەروەرە و لەڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی دیموکراسیانەوە گەیشتۆتە ئەو پلەو پایە، بەدیوێکی تردا ئەگەر مام جەلال وەکو شایەتحاڵیش بەشداریی دادگای بکردایە ئاسایی دەبوو، چونکە خۆی کەسێکە رێبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی شاڵاوی ئەنفالی کردووە؛ لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکدا ژیاوە و هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر. ئەگەر وەک کەسێکی ئاسایی حیساب بکرێت زەرەرمەندیش بووە و ماڵیشی وەک شایەتحاڵەکانی دیکە رووخێنراوە.

بەدەر لەم خوێندنەوە یاساییە و ئاماژە بوون بۆ دەرکەوتن و گۆڕانی بنەڕەتی لە دیدی سەرۆکی وڵات لە قۆناغێکی نوێدا، ئەو وڵاتەی کە لە درووستکردنییەوە دوور بووە لە پیادەکرن و مەیلی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و حوکمی یاسا لەنێو دامودەزگاکان، پەیڕەویکردن و رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ مەسەلەیەکی جێبایەخ نەبووە. بۆیە کاتێک مام جەلال بەو هەڵوێستەوە بیروبۆچوونە راستەقینەکانی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی، بێگومان دەبێتە جێ سەرنجی چاودێران و بە خاڵێکی نوێ لەژیانی سیاسیی عیراقدا دەژمێردرێت.  ھەر واش بوو. بەتایبەتی تەنها کەسێکیش دەرفەتی ژیان و مانەوەی نەدرابێتێ لە عێراقدا لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە مام جەلال بووە. دیارە ئەمەش رادەی دیموکرایی ویستی مام جەلال و دژایەتیکردنی بۆ دیکتاتۆرییەت دەگەڕێتەوە.

بۆیە رژێمەکەی سەدام حسێن ئەو ئازادیخوازەی بەمەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتەکەی زانیوە، لە هەمانکاتدا تواناو رێبەرایەتیکردنی ئەو کوردە خاکییە بۆ بزووتنەوەکانی گۆڕان و وەرچەرخان لایان شتێکی دیراسەکراو و چاوەڕوانکراو بووە. لەبەر ئەوەش هەر کاتێک ئەو لێبوردنە ساختەیەی ساڵانە لەبۆنەکانی بەعس و موناسەباتەکانی خۆیاندا بۆ (یاخیبووان) دەریان دەکرد. لەدوا دێڕی (عافوات)ەکانیاندا ئەو دێڕە دەنووسرا (ئەم لێبوردنە هەموو کەسێک دەگرێتەوە لەدەرەوەو ناوەوەی وڵات تەنها جەلال تاڵەبانی نەبێت). لەپای ئەو ڕێگە نەدانەو، دواجار رێبەرایەتیکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و هەبوونی چەندین بەڵگە بەپێی ئەزموون و رووبەڕووبوونەوەی ئەو رژێمەی تاوانی ئەنفالی ئەنجامدا، ئاسایی بوو مام جەلال  بچێتە بەردەم دادگا هەم وەک شایەتحاڵێکی ناو رووداوەکانی ئەنفال و هەم وەک شکایەتکارێک لەسەر ئەو ناعەدالەتیەی دەرهەق بەخودی خۆی و  گەل و نەتەوەکەی کرا.
کاتێک حوکمی لە سێدارەدان بۆ سەدام حسێن دەرچوو لەسەر دۆسیەی دوجەیل. بەپێی حوکمە بەرکارەکانی یاسا لە عێراقدا دەبێت سەرۆک کۆمار واژۆی ئەو حوکمە بکات.

کە حوکمی لە سێدارەدانی سەدام سەرۆکی پێشووی عێراق دەبرێتە بەردەم سەرۆکی عێراق مام جەلال، سەرۆک کۆمار واژۆی لە سێدارەدانەکە ناکات. دیارە لەبەر دوو ھۆکار:


یەکەم: مام جەلال کاتی خۆی وەک پارێزەر واژۆی لەسەر لائیحەیەک کردوە بۆ ئەوەی سزای لە سێدارەدان ھەڵبوەشێتەوە. لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقی ئەوسەت جەخت لەو خاڵە دەكاتەوە.
دووەم: وەک جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئینتەرناسیۆناڵی جیھانی. کە چەتر و رێکخراوی سەرجەم حزب و پارتە سۆسیالدیموکراتەکانی جیھانە، گونجاو نەبوو. خۆی دەڵێ لەبەر ئەوەی من ئیشتراکیم تەحەفوز ئەکەم و ئەو ئیشە بۆ دوو جێگرەکەم بەجێدێڵم.
بەدەر لەمانە لە زەمانی شاخیشدا کە دادگای شۆڕش سزای لە سێدارەدانی بۆ تاوانباران و خۆفرۆشان دەرکردبێت بەدەگمەن مام جەلال وەک رێبەری شۆڕش واژۆی کردووە.

لەھەمان کاتدا بۆ ئەو ساتەوەختەی کە حوکمی لە سێدارەدان بۆ سەدام دەرکرا لە شەقامەکانی عێراقدا شەڕێکی خوێناوی لەنێوان سوننە و شیعە بەرپابوو لەژێر ناوی ئیرھاب و دەسەڵات!


مام جەلال لەم مەسەلەیەدا دور بین و ورد بوو، نەیدەویست کێشەی قوڵ و مێژوویی لەنێوان سوننە و کورد دروست ببێت، لەکاتێکدا دەیزانی ئەگەر واژۆش نەکات سەدام ھەر لە سێدارە دەدرێت و شیعەکانی کاربەدەست مەبەستیان بوو رۆژێ زووتر کۆتایی بەژیانی بھێنن.
ئاکام دەرکەوت ئەو خۆ بەدورگرتنەی لە واژۆکردنی حوکمی لە سێدارەدانی سەدام زیاتر گەورەیی مام جەلالی دەرخست و زۆرترین ستایشی ھەڵوێستی کراو تووشی رەخنەش نەبوەوە نە لە کوردستان و نە لە عێراق و نە لە ئاستی جیھانی عەرەبیش.
بەم ھەڵوێستەی وێنەی کوردی وەک گەلێکی ئاشتی خواز و بێ کینە لە دڵ زیاتر پیشاندا.

نەک ھەر بۆ سەدام حسێن، بۆ لە سێدارەدانی تارق عەزیز، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردەمی سەدام، مام جەلال لەڕێگەی کەناڵی فرانس ٢٤ ی فەرەنسییەوە بە میدیاکانی جیھانی راگەیاند کە واژۆی لەسەر حوکمی لە سێدارەدانی ناکات. وتی: "لەبەر ئەوەی تەمەنی لەحەفتا ساڵ تێپەڕی کردووە".

تارق عەزیر لەبەر ئەوەی مەسیحی بوو دەوڵەتی ڤاتیکان بە رەسمی داوای لە عێراق کردبوو تارق عەزیز لە سێدارە نەدرێت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved