قه‌زافی: ئاماده‌م به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریتان بكه‌م

2023-06-18

دوای ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی‌ هاتنه‌ ئاراوه‌، دوای رێكه‌وتنی‌ ئازاری 1970 و یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو باڵی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، مام جه‌لال به‌ پێویستی زانی خۆی‌ رزگار بكات له‌و ئابڵوقه‌یه‌ی‌ تێیدا بوو له‌ كوردستانی عیراق، به‌تایبه‌تیش دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی و چوونه‌ پاڵ باڵی بارزانی، بۆیه‌ بڕیاریدا وڵات به‌جێبهێڵێت به‌ره‌و ئه‌وروپا له‌ ساڵی 1972دا، بێ وه‌رگرتنی هیچ به‌رپرسیارێتییه‌ك، ته‌نها ئه‌ندامێتی نه‌بێـت له ‌سه‌ركردایه‌تی پارتی به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ بارزانی، كه‌ ئه‌وكات وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی ناوی ده‌ركردبوو به‌ هۆی‌ ئیمزاكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسدا، بۆیه‌ مام جه‌لال هیچ دژایه‌تییه‌كی‌ شۆڕشی نه‌كرد و ناڕه‌زاییشی ده‌رنه‌بڕی به‌رامبه‌ر ئه‌دای سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌، به‌ڵام نامه‌یه‌كی‌ بۆ بارزانی نووسی تێیدا ئاماده‌یی خۆی‌ ده‌ربڕی بۆ پیشكه‌شكردنی خزمه‌تی پێویست به‌ شۆڕشی كورد له‌هه‌ر كوێیه‌ك بێـت.

له‌ ئه‌روپاوه‌ بۆ شام

مام جه‌لال دواتر له‌ ئه‌روپاوه‌ به‌ره‌و شام و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌یروت چوو، له‌وێ په‌یوه‌ندی به ‌هاوڕێ و دۆسته‌ فه‌له‌ستینییه‌كانییه‌وه‌ كرد، به‌هه‌موو گروپه‌ جیاجیاكانییه‌وه‌، به‌تایبه‌تی به‌ره‌ی‌ شەعبی كه‌ جۆرج حه‌به‌شی هاوڕێی نزیكی سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرد و توانی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا قاعیده‌یه‌كی‌ به‌هێزی په‌یوه‌ندی خه‌باتگێڕانه‌ بنیات بنێت، دوای ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ش بۆ سه‌ر ژیانی له‌ لوبنان دروستبوو، ئه‌و وڵاته‌ی‌ به‌جێهێشت به‌ره‌و قاهیره‌ له‌ساڵی 1973دا، له‌وێش ده‌ستیكرد به‌ په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر سادات و موعه‌ممه‌ر قه‌زافی و حافز ئه‌سه‌د، كه‌ دواتر متمانه‌ی‌ هاوبه‌ش له ‌نێوانیاندا دروستبوو تا ئاستی ئه‌وه‌ی‌ زۆر زوو ئاگاداریان كرده‌وه‌ له‌ بوونی پیلانێك بۆ له‌باربردنی شۆڕشی كورد له‌ كوردستانی عیراق، به‌ نێوه‌ندگیری جه‌زائیر بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو رژێمی ئێران و عیراق، بۆیه‌ مام جه‌لال په‌یوه‌ندی به ‌سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕشه‌وه‌ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ رێگرتن له‌و پیلانه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ی‌ بێ سوود بوو.

كاركردن له‌ نووسینگه‌ی‌ كاروباری‌ عه‌ره‌بی پارتیدا

مام جه‌لال له‌ساڵی 1974دا و له‌سه‌ر داوای سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕشی كورد، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌یروت، بۆ كاركردن له‌ نووسینگه‌ی‌ كاروباری‌ عه‌ره‌بی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو، كه‌ رژێمی عیراق به‌ئاشكرا هه‌وڵی ده‌دا خۆی‌ له ‌جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی ئازار بدزێـته‌وه‌ و كوده‌تا به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا بكات، مام جه‌لال بابه‌تێكی له‌ رۆژنامه‌ی‌ سه‌فیری لوبنانی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا وتی: «رێنماییم بۆ حكومه‌تی‌ عیراق ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕ دژ به‌ مه‌لا مسته‌فا به‌رپا نه‌كات، چونكه‌ ئێستا ئه‌و زه‌عیمی بزووتنه‌وه‌ی‌ كورده‌، ئه‌مه‌ش واقعه‌و ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ داوا له‌ حكومه‌تی‌ عیراق ده‌كه‌م واقعیانه‌ بیربكاته‌وه‌ و سەرکێشی‌ له‌و جۆره‌ نه‌كات».. بابه‌ته‌كه‌ی‌ مام جه‌لال ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ فراوانی هه‌بوو، حكومه‌تی عیراقیشی نیگه‌ران و توڕه‌ كرد، بۆیه‌ هانی راگه‌یاندنی نزیك له‌خۆی‌ دا، وەڵامی مام جه‌لال بده‌نه‌وه‌ و هێرشی بكه‌نه‌ سه‌ر و جنێوی توندیشی پێ بده‌ن، ئه‌وه‌بوو مام جه‌لال داوای له‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب كرد كه‌ نامه‌ ئاراسته‌ی‌ رژێمی ئه‌وكاتی عیراق بكه‌ن و داوای لێبكه‌ن په‌نا بۆ به‌كارهێنانی عه‌قڵ ببات و نه‌چێته‌ جه‌نگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی كورددا و هه‌وڵ بدات چاره‌سه‌ری‌ ئاشتیانه‌ پێش هه‌ر شتێكی تر بخات له‌و رووه‌وه‌.

مام جه‌لال و پریماكۆڤ

یه‌كێتیی سۆڤیەت ئاگاداری پێشهاته‌كانی عیراق بوو، له‌نزیكیشه‌وه‌ چاودێری ده‌كرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌ڤگینی بریماكۆڤ كه‌ په‌یامنێری‌ رۆژنامه‌ی‌ براڤدا بوو، خێرا هات بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چاوپێكه‌وتنێكی له‌ به‌یروت له‌ 1974دا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال دا كرد، مام جه‌لال سه‌باره‌ت به‌وه‌ له‌ كتێبی «دیداری ته‌مه‌ن»دا ده‌ڵێت: «بریماكۆڤ پێی وتم خۆشحاڵه‌ پێی‌ بڵێت، سۆڤیەت ئه‌و وه‌كو كه‌سێكی شۆڕشگێڕ و پێشكه‌وتوخواز ده‌بینێت، هه‌روه‌ها وای ده‌بینێت، كه‌ مه‌لا مسته‌فا هه‌ڵه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وی‌ په‌راوێزخستووه‌، بۆیه‌ منیش پێم وت: هاوڕێ بریماكۆڤ، ئه‌مڕۆ هه‌موو كورد له‌ پشتی بارزانیه‌و هه‌وڵی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا جێگه‌ی‌ قبوڵ نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌رن با په‌یوه‌ندی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ كورد باش بكه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌و ئێوه‌ش باشتره‌، بریماكۆڤ خۆشحاڵی ده‌ربڕی و وتی:  هیوادارین كه‌ بتوانین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له ‌رێگه‌ی‌ تۆوه‌ باش بكه‌ین، هیواداریشین هه‌وڵی خۆت بده‌یت له‌و رووه‌وه‌، به‌ڵام دوای هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ هه‌بوون بۆ یارمه‌تی شۆڕش سوودێكی بۆمان نه‌ما».

مام جه‌لال له‌ كتێبی دیداری ته‌مه‌ن دا به‌رده‌وام ده‌بێـت و ده‌ڵێت: بارزانی پێش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ، له‌ رێگه‌ی‌ عه‌زیز ره‌زای نوێنه‌رییه‌وه‌ له‌ به‌یروت، داوای لێكردم كه‌ جه‌وله‌یه‌كی‌ دیپلۆماسی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ بكه‌م، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی بۆ شۆڕشی كورد، هه‌ر به‌ عه‌زیز ره‌زادا چه‌ندین په‌ڕه‌ی‌ سپی به‌ ئیمزای خۆی‌ بۆ ره‌وانه‌كردبووم، تێیدا ته‌خویلی كردبووم كه‌ چۆنم پێ باشه‌ تێیدا بنووسم، مام جه‌لال ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات و ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ بارزانی ئه‌وه‌نده‌ باش بوو، تا ئاستی ئه‌وه‌ی‌ ئیمزا له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی‌ سپی ده‌كرد بۆم، به‌و متمانه‌یه‌ش ده‌ستمان به‌كاركرد له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆری نه‌خایاند و شۆڕش هه‌ره‌سی هێناو ئه‌و هه‌لانه‌ی‌ هه‌شبوون له‌ده‌ستمان دا».

مام جه‌لال ئاگاداری رووداوه‌كان بوو

مام جه‌لال له ‌رێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌ فراوانه‌كانییه‌وه‌ ئاگاداری هه‌موو ئه‌وانه‌ بوو لە پشت په‌رده‌وە له‌ناوچه‌كه‌دا روویداوە، بۆیه‌ له‌هه‌مان سه‌رچاوه‌دا ده‌ڵێـت: قه‌زافی لێی پرسیم، بۆچوونت چۆنه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسی شۆڕشی كورد ئه‌گه‌ر عیراق و ئێران رێكه‌ون؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێم وت: بێگومان به‌رده‌وام ده‌بین له‌شه‌ڕ و به‌رگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌ویش پرسیاری كرده‌وه‌: تۆ ته‌ئكیدی له‌وه‌؟ وەڵامم دایه‌وه‌ كه‌ به‌ڵێ ته‌ئكید و دڵنیاشم، به‌ڵام پێویستمان به‌ پاڵپشتی جه‌نابت ده‌بێت، ئه‌وكاتیش ده‌توانین رێڕه‌وی بزووتنه‌وه‌كه‌ بگۆڕین و له‌بری ئه‌وه‌ی‌ پشت به‌ ئێران ببه‌ستین، ده‌توانین پشت به‌ دۆسته‌كانمان له‌ لیبیا و میسر ببه‌ستین، قه‌زافیش وەڵامی دامه‌وه‌: ئه‌گه‌ر رێڕه‌وی شۆڕش به‌و ئاراسته‌یه‌ بگۆڕن كه‌ باسی ده‌كه‌یت، ئه‌وا ئاماده‌م هه‌ر شتێك داوای بكه‌ن پێتانی بده‌م، بۆیه‌ لێم پرسی: مه‌به‌ستت هه‌موو جۆره‌ یارمه‌تییه‌كه‌؟ وتی به‌ڵی جه‌لال هه‌موو جۆره‌ یارمه‌تییه‌ك». 

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌ لیبیا مام جه‌لال نامه‌یه‌كی‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌ده‌ستی عه‌زیز شێخ ره‌زادا نارد ، سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسی سه‌ر شۆڕش و قسه‌كانی قه‌زافی، به‌ڵام قسه‌كانی به‌جددی وه‌رنه‌گیراو به‌ ته‌نها دیعایه‌یه‌كی‌ قه‌زافی هه‌ژماركرا، دوای ئه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی جه‌زائیریش له‌ 6/3/1975 ئیمزاكرا، قه‌زافی جارێكی تر مام جه‌لالی داوه‌تكرده‌وه‌ و كه‌ هاتیش بۆلای داوای لێكرد به‌ خێرایی بچێت بۆ لای‌ مه‌لا مسته‌فا و  پێی رابگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و هێشتا له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ خۆیه‌تی‌ بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌موو یارمه‌تییه‌ك، ئه‌گه‌ر شۆڕش به‌رده‌وام بێت و رێكه‌وێت له‌گه‌ڵ ته‌جه‌موعی نیشتمانی عیراقیدا.


مام جه‌لال له‌و روه‌وه‌ ده‌ڵێت: لای قه‌زافی گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ دیمه‌شق و بینیم هه‌موان چاوه‌ڕوانمن و له‌نێویاندا عومه‌ر ده‌بابه‌ و ئه‌حمه‌د عه‌زاوی و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی تر له‌ ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا، هه‌موان له‌وێ هاوده‌نگ بووین له‌سه‌ر پێویستی جووڵه‌كردن بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌ نه‌گریسه‌كه‌ی‌ جه‌زائیر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ مام جه‌لال به‌خێرایی عومه‌ر ده‌بابه‌ی‌ نارد بۆ لای مه‌لا مسته‌فا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێی رابگه‌یه‌نێت قه‌زافی و حكومه‌تی‌ لیبیا ئاماده‌ی‌ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تین به‌ شۆڕشی كورد، هه‌روه‌ها له‌وه‌ی‌ مام جه‌لال چاوی به‌ سه‌رۆك حافز ئه‌سه‌دیش كه‌وتووه‌، ئه‌ویش ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی به‌تایبه‌ت چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، مام جه‌لال ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌ كه‌ عومه‌ر ده‌بابه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هیچ وەڵامێكی وه‌رنه‌گرتبوو له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش، بۆیه‌ نامه‌یه‌كی‌ تری به‌ هێرۆ خاندا ناردووه‌، كه‌ سوودی نه‌بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌موو شتێك له‌ده‌ست چووبوو شۆڕشیش هه‌ره‌سی هێنابوو.


 

زیاتر بخوێنەرەوە

شوان شێخە قەرەنی

بۆیادی "سایەی شکۆمەندیی"
Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved