پارێزەرێک کۆبوونەوەی مەجلیسی حوکمی هەژاند

2023-03-07
ئەوێ ڕۆژێ (9ی شوباتی 2004) بوو، رەوشی سیاسیی بەغدا تەواو لە رۆژانی دیکە جیاواز بوو، کە لەژێر نسێی کۆشکی سەلامدا ڕەشەبایەک هەڵیکرد و پەڕە بە پەڕەی دیرۆکی هەڵدایەوە، لەم ڕۆژەدا زمانی بەڵگە هاتە قسە و چەند ڕاستییەکی مێژوویی خرانە سەر مێزی گفتوگۆ، ڕابەرێکی کورد وەکو یاساناس، توێژەر و لێزانێکی مێژوویی لەناو ئامادەبوواندا دەرکەوت و بە خستنەڕووی بەڵگەکانی بەردەستی، سەرکردەی زۆربەی لایەنە سیاسییە عێراقییەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد.

ئەوێ رۆژێ نوێنەرانی پێکهاتەکان بە شیعە، سوننە، عەلمانی، ئیسلامی و قەومییەوە بێدەنگ بوون، تەنها لەدەم و نیگای سەرۆک مام جەلال-یان دەڕوانی! بەڵێ لە 9ی شوباتدا ئەو وتەیە کۆتایی هات کە دەیوت: «کورد ئەوەی لە شەڕ بەدەستی دەهێنێت، لەسەر مێزی گفتوگۆ دەیدۆڕێنێت».
نەخشەیەکی دانسقە.

لەم کاتەدا ئارام سەعید، رۆژنامەنووس کە بەچاوی خۆی ئەم دیمەنانەی بینیووە، زۆر بە تامەزرۆیی ڕووی پرسیارەکان لە دکتۆر مەحمود عوسمان ئەندامی ئەوسای مەجلیسی حوکم دەکات، کە ئامادەی کۆبوونەوەی مەجلیسی حوکم بووە و پێی دەڵێت: لەناو مەجلیسی حوکمدا چی دەگوزەرێت؟ هەست دەکەم بارودۆخ نائاساییە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: «مام جەلال قەوماندی». دیارە لەم ڕۆژەدا مام جەلال دوای چەندین ساڵ گەڕان و دەستکەوتنی نەخشەیەکی دانسقە کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1896 و چەند ئامارێکی حکومەتەکانی تورکیا و عێراق، کوردستانیبوونی کەرکوکی بە ئامادەبووان
سەلماند، لەبەرئەوە لەم ڕۆژەدا بە دەرفەتی زانیووە ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتە مێژووییەی کە دەستی کەوتووە بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکەی بخاتەڕوو.

ئەو رۆژنامەنووسە وەکو ئیتیکی پیشەکەی بەردەوام دەبێت و کاری بنکۆڵکاری دەکات بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە، بەهەر شێوەیەک بێت دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە خۆی نزیک دەکاتەوە لە مام و هەڤپەیڤینێکی لەبارەی خستنەڕووی دیکۆمێنتەکە لەگەڵدا سازدەکات و لێی دەپرسێت: ئاخۆ مام مەبەستێتی کۆبوونەوەکەی ئەو ڕۆژە بکرێت بە هەواڵ؟ مام جەلال-یش ئامادەیی نیشانداوە و وتوێتی ئا وەرە بنووسە، مام قسەی کردووە و ئەویش دەستی کردووە بە نووسین، لە ناوەڕاستی قسەکاندا رۆژنامەنووسەکە هەستی کردووە فریا ناکەوێت بۆ نووسین و وتویەتی ئەمە مێژووی زۆر تێدایە و وردەکارییە ڕەنگە هەڵەیەک بکەم لەو ژمارانەدا.

مام جەلال دوای چەندین ساڵ گەڕان و دەستکەوتنی نەخشەیەکی دانسقە کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1896 و چەند ئامارێکی حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کوردستانیبوونی کەرکوکی بە ئامادەبووان سەلماند.

مام جەلال زۆر کامەران بوو لەو ڕۆژەدا
دیارە ئەو ڕۆژە مام جەلال زۆر کامەران و کەیفساز بووە کە ئەو شەڕە گەورەیەی کردبوو بە پشتبەستن بە بەڵگەی دیرۆکی، ئامادەیی خۆی نیشانداوە و پێی وتووە «باشە، ئەو قەڵەمەم بدەرێ» دەستی بۆ چاکەتەکەی ڕاکێشاوە کە لەناو چاکەتەکەی بووە، دوای پێدانی قەڵەمەکە و چەند لاپەڕەیەکی سپی، مام جەلال بە وردیی تەوەر و بابەتەکانی کۆبوونەوە مێژووییەکەی بۆ نووسیوەتەوە، هەر لەنووسینەکەیدا ئاماژەی بە چۆنێتی دامەزراندنی عێراق و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقی عەرەبییەوە کردووە و، جگە لەمانەش بەوردی تیشکی خستۆتە سەر چەند سەرژمێرییەک لە عێراقدا بۆ پاڵپشتی قسەکانی و داکۆکیکردن لە ناسنامەی کوردستانیی کەرکوک، هەروا هەوڵەکانی دەستەڵاتدارە یەک لەدوا یەکەکانی عیراقی بیرهێناونەتەوە بۆ دابڕاندنی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی تری باشووری کوردستان.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved