لە یادی كوردپەروەریی هەولێر كاك عەونی یوسف‌-دا

2023-07-17
ئەم وتارەی سەرۆك مام جەلال لە ژمارە (733)ی رۆژی یەكشەممەی 17/7/1994ی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا بڵاوكراوەتەوە، كە بە بۆنەی یادی كۆچی دوایی رووناكبیر و كوردپەروەر عەونی یوسف-وە نووسراوە. بڕیاریشە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم وتارە و سەرجەم وتارەكانی تری مام جەلال كە پێشتر لە كوردستانی نوێ و گۆڤاری خاكدا بڵاوكراونەتەوە، مەكتەبی راگەیاندن لە دووتوێی كتێبێكدا چاپی بكات و بڵاوی بكاتەوە.

15/7 بیرەوەریی كۆچی دوایی كوردپەروەری دێرینی هەولێر شەخسیەتی ناسراوی كوردستان مامۆستا عەونی یوسفی پارێزەر‌ و حاكم‌ و وەزیری نیشتمانییە.
كاك عەونی یوسفی خوالێخۆشبوو، هەر لە سەرەتای ژیانییەوە لە كوردایەتیدا بەشدارییەكی دیار و چالاكانەی كردووە. 
دەستەی یەكەمی تێكۆشەرانی رێگەی رزگاریی كوردستان لە شاری هەولێر، كاك عەونی یوسف‌، عیزەدین فەیزی‌، رەمزی نافیع ئاغا، فەیسەڵی ئەحمەد عوسمان‌ و چەندین كوردپەروەری تر بوون.

تێکۆشەری نەمر عەونی یوسف

لاوێک لە بنەماڵەیەکی ناسراوی هەولێر

 لەو سەردەمەدا بەدەگمەن هەڵدەكەوت، خەڵك خەبات لە پێناوی رزگاریی كوردستاندا بكات، هەرچەندە مامۆستا عەونی یوسف كوڕی یوسف ئەفەندی قازی-ی ناوداری هەولێر بووە و لە بنەماڵەیەكی ناسراو بووە، بەڵام وەك لاوێكی عیصامی لە سەرەتای لاوێتییەوە خۆی ژیاندووە و لە مەحكەمەدا بۆتە كاتیب تاكو بتوانێ‌ خوێندنی كولیەی حقوق بەسەربەرزی تەواوبكات. 
لەكاتی خوێندنیشدا لە بەغدا لەگەڵ چەندین خوێندەواری هۆشیاری عەرەبدا وەك خوالێخۆشبوان مستەفا عەلی‌ و لوتفی صدقیدا بۆتە دۆست‌ و ناسیاو.
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حزبی هیواشەوە مامۆستا عەونی بۆتە ئەندامێكی چالاكی ئەو حزبە و پاشان كە كراوە بە حاكم لە شاری زاخۆ لەسەرەتای شەڕی جیهانی دووەمدا، لەگەڵ كوردپەروەری دێرینی كورد دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریمدا پێكەوە كوردایەتیان درێژە پێداوە و بیروباوەڕەكەیان لەناو خوێندەوارانی زاخۆدا بڵاوكردۆتەوە تا ئەو رۆژەی پێكەوە گیران‌ و رەوانەی زیندانی (معتقل)ی ئەو سیاسیانە كران كە بە تۆمەتی دژایەتی بەریتانیا‌ و دۆستایەتی ئەڵمانیا گیرابوون، كە بێگومان ئەو تۆمەتەش هەر ئەوەندەی ڕاست بوو كە كاك عەونی‌ و كاك دكتۆر جەعفەر دوژمنی ئیمپریالیزمی بەریتانیا‌ و دوو تێكۆشەری دیموكرات‌ و ئازادیخوازی دوژمن بە داگیركردن بوون، ئەگینا هەردووكیان دوژمنی سەرسەختی فاشیزم‌ و دوو مرۆڤی دیموكرات‌ و پێشكەوتخوازبوون.

دوای ئازادبوون لە زیندان

خوالێخۆشبوو كاك عەونی ساڵانی زیندانی بە سەربەرزی‌ و خۆڕاگری‌ و ورەی بەرزەوە بردە سەرو لەوێش هەر بە گوێرەی توانا كوردایەتی خۆی دەكرد. 
كە لە زیندان ئازاد كرا خێرا دەستی دایەوە چالاكی رێكوپێك لە ریزی حزبی رزگاری كوردا و بووە ئەندامێكی چالاكی ئەو حزبە لە شاری هەولێر كە مەڵبەندی چالاكی بێوچانی ئەو رۆڵە كوردپەروەرەی كوردەواری بوو. هەر زووش لەگەڵ دەستەی دووەمی تێكۆشەرانی هەولێردا كە هەرە ناسراوەكانیان مامۆستایان صاڵح حەیدەری‌ و رەشید عەبدوقادر‌ و نافیع یونس بوون، بوو بە هەڤاڵ‌ و دۆست‌ و ئاشناو. بێگوێدانە تەمەنی ژیان‌ و خەبات لەژێر سەركردایەتی ئەواندا خۆنەویستانە خەباتی كرد. تا رۆژێ هات كە كۆنگریسی یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردی - عیراق بەسترا (1946) كاك عەونی بە ئەندانی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

سەرۆکایەتی لقی هەولێری پارتی

واتا هەر لەسەرەتای پارتییەوە كاك عەونی بە سەركردەیەكی ئەو پارتە هەڵبژێردرا و پاشان لە لقی هەولێریشدا بوو بە سەرۆك.
لە هەولێریش كاك عەونی هەمیشە خەریكی هۆشیاركردنەوەی خەڵك بوو. ئەوەندەی پێیكرابێت چۆتە ناو جەماوەری رەنجدەرەوە. دەردی خۆی هەمیشە دەیگوتەوە (عەمرم رووتەڵە عەمرم رەشوڕووت).
ئەوەش خۆی لەخۆیدا نیشانەیەكی ئەهمیەتدانی بوو بە هێزی سەرەكی خەبات. بەڵام كاك عەونی لەگەڵ هەموو توێژەكانی كۆمەڵیشدا دۆست بوو، لەگەڵ چوار جوامێرە نیشتمان پەروەرە لاوە ئاغا دزەییەكانیش زۆر نزیك‌ و دۆست بوو كە بریتی بوون لە بەهەشتیانی خوالێخۆشبوو كاك ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، كاك مشیر، كاك ئیبراهیم عەلی‌و كاك صابر ئاغا. هەروەك زۆر دۆستی شەخسیەتی كوردپەروەری هەولێر كاك قاسمی مەلا ئەفەندی بوو. 

نازناوی جەناب-یان لێنابوو

هەموو ئەوانە و چەندین پیاوماقوڵی هەولێریی تریش دۆست‌ و ناسیاوی كاك عەونی بوون كە بە (جەناب) ناویان دەبرد سەبارەت بەوەی هەمیشە دەیگوتەوە (جەناب بەڕاستی كورد مەغدورە) لە ساڵانی 1946‌و 1947‌و 1948 كاك عەونی‌ و تێكۆشەرانی تر خەباتێكی زۆریان بۆ بوژاندنەوەی جەژنی نەورۆز لە هەولێر كرد.
لە راپەڕینی كانوونی دووەمی 1948یشدا كاتێک كە تێكۆشەرانی هەولێر كەوتنە جموجۆڵ، كاك عەونی هەر لەڕیزی پێشەوەی خەباتەكە بوو.  ئەوە بوو لە پاشەكشەی ساڵی 1949دا حوكمی كۆنەپەرستی بەغدا جارێكی تر قین‌ و توڕەیی خۆیان لە خەباتی ئەو جوامێرەی هەولێر بە زیندانی كردنەوەی كاك عەونی دەربڕییەوە. ئەوەندەیان رق لە كاك عەونی‌ و خەباتەكەی هەڵدەستا تا ئەو رادەیەی پریشكی كەسوكاریشی دەگرتەوە. لەكاتی مەحكەمە كردنی مامۆستا برایم ئەحمەدی سیاسەتمەدار و ئەدیبی ناوداری كورد لەگەڵ كاك جەلیل هۆشیاری برای كاك عەونی لەكاتێكدا مامۆستا برایم گاڵتەی بە شایەدە دەستچینەكانی (تحقیقات الجنانیة) دەكرد‌ و كاك جەلیلیش زەردەخەنەیەكی دێتی: نەعسانی حاكمی عورفی پێی دەڵێ‌ (هەم برای عەونی‌ و هەمیش لە مەحكەمە پێدەكەنی - دەبڕۆ تۆش ساڵ‌ و نیوێ‌ حوكم بە) - بێ‌ ئەوەی هیچی لەسەر ثابت بێت.
بە رووخۆشییەوە گوێی لە قسە توندەکانی ئێمە دەگرت
ئەوجارەیان كە كاك عەونی لە زیندان بەرەڵابوو. بەسەر وەزعێكی شڕی پارتی دیموكراتی كوردی عیراقدا كەوت. بەڵام لەگەڵ هەڤاڵانی تردا قۆڵ ‌و بازووی ژیاندنەوەی پارتیان لێ هەڵكردەوە. واتە كاك عەونی یوسفی تیژتر دەكرد لە خەباتیدا‌ و سوورتر دەكرد لەسەر رێبازی كوردایەتیدا.
من لەو سەردەمەدا لە نزیكەوە كاك عەونی یوسفم ناسی، لەو كاتەدا من لە گروپەکەی ناو پارتی بووم كە دژی ئەو تۆمەتە ناڕەوایە بووین كە درایە پاڵ مامۆستا حەمزە عەبدوڵڵای سكرتێری ئەو سەردەمەی پارتی كە لەگەڵ سەركردایەتی كاتیش تەبا نەبوو. یەكێكیان كاك عەونی بوو، زۆر بە رووخۆشیەوە گوێی لە قسە توندوتیژەكانی ئێمە دەگرت‌ و بە پێكەنینەوە وەڵامی داینەوە كە ئێمە (دەروێشین)، بەڵام پێی گوتین كە دەروێشی دڵسۆز‌ و تێكۆشەرین، بۆیە لێمان زویر نەبوو.
لە هاوینی 1950دا كە چوومە هەولێر بۆ كۆبوونەوەی لق‌ و پاشان چووم بۆ خوێندن، زۆر لە نزیكەوە كاك عەونیم باشتر ناسی. پیاوێكی رووخۆش. گەش و هێمن‌ و دەم بە پێكەنین‌، هەرچەندە هەردووكمان لە دوو خەتی لێك جیاواز بووین، هەمیشە لەگەڵمان میهرەبان‌ و دۆستانەبوو. 
خوالێخۆشبووان نوری شاوەیس‌، میرزا فەندی و حەیدەر حەمەدەمین لەلایەك بووین‌ و كاك عەونی رەحمەتیش لەلایەكی تربوو، كەچی زۆر هەڤاڵانە و گەرم دۆست بوو لەگەڵمان‌ و هەمیشە وەك برایەكی گەورە لەگەڵمان رەفتاری دەكرد.

دوای سەرکردایەتی بۆوە بە ئەندامێکی سادە

لە شوباتی 1951دا لە ماڵی شەهید عەلی حەمدی نەمر كۆنگرەی دووەمی پارتیمان بەست، كاك عەونی زۆر دڵسۆزی‌ و پەرۆشی بۆ پارتی نیشاندا، هەرچەندە كە ئێمە زۆربەمان لەو كۆنگرەیەدا داوای لابردنی خۆی ‌و هەموو كۆنە سەركردەكانی پارتیمان دەكرد. لەكاتێكدا دوو لەو تازە سەركردانە ملی كوێرەڕێی جیابوونەوەیان گرت كە كاك عەونی بەڕووە خۆشەكەیەوە هەڵوێستی زۆربەی سەلماند و وەك ئەندامێكی سادە ملی نایەوە خەبات. 
لەو كۆبوونەوەیەدا مامۆستایان برایم ئەحمەد، جەلیل هۆشیار، نوری شاوەیس، بەكر ئیسماعیل‌و محەمەدەمین مارف بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران‌ و ناوی پارتی كرا بە پارتی دیموكراتی كوردستان - عیراق‌ و رێبازی چەپی شۆڕشگێڕانەش پەسەندكرا.
 من خۆم یەكێك لەو پێنج هەڵبژێردراوانە بووم، بەڵام سەبارەت بە رێكەوتنی پشت پەردە و لەبەر كەمیی تەمەن‌ و لەسەر داوای مامۆستا برایم ئەحمەدی سكرتێری نوێی‌ هەڵبژێردراویی هەموولایەكمان، خۆم كێشایەوە و دوای من بە دەنگ مامۆستا جەلیل هۆشیار شوێنەكەی بەركەوت.
كە گەڕاینەوە هەولێر، دیسان كاك عەونی بی تۆران‌ و زیزبوون‌ و لالوتی لەگەڵمان بە برایانە و هەڤاڵانە كەوتەوە خەباتی بێوچانی نهێنی ئەو سەردەمە. 
ئەوەی راست بێ‌ كاك عەونی لە شاری هەولێردا تاكە رووی ناسراوی پارتی بوو كە زۆریش لەسەر بارزانییەكان هەڵی دەدایە. لەبیرمە ئەوسا كوڕی نولوبەگی شێروانی بارزانی لەلایەن پیاوەكانی ئاغا زێباریەكانەوە كوژرا بوو، كاك عەونی تەتەوعی كرد و چووە مەحكەمە لە دژیان.

سەرپەرشتیاری رێکخستنی توێژە جیاجیاکان بوو

لەو سەردەمەدا كاك عەونی جیرانی خوالێخۆشبوو ئەمین رەواندزی بوو، بۆیە زۆر جار لە ماڵی كاك عەونی ئەویشمان دەدیت. ئەوسا خوالێخۆشبووان كاكە زەیدی ئەحمەد عوسمان ‌و قاسم ئەفەندی مەلا ئەفەندی ناودار و كاكە زیاد ئاغای كوردپەروەری كۆیە‌ و كاك ئەحمەد حەمەدەمینی دزەیی‌ و حەیدەر حەمەدەمینی جوانەمەرگیش زۆرجار لەماڵی كاك عەونی كۆدەبوونەوە و قسەوباسی كوردایەتیان دەكرد و لەو سەردەمەدا كاك عەونی بە نهێنیش خەریكی رێكخستنی جووتیاران بوو. بەتایبەتی كاك صاڵح شێرە و كاك حەسەن مستەفا و چەندانی تر لەناو كرێكارانی شەمەندەفەریش مەلا عەوڵای حاجی مەلا ئیسماعیلی رێكخستبوو لەناو قەساب‌ و فیتەر و شۆفێرانیشدا شانەیەكی هەبوو.
لە هاوینی 1951دا كاتێك بۆ یەكەمجار من گیرام‌ و نەفی موسڵ كراین، مامۆستایانی خوالێخۆشبوو كاكی كاكان (عومەر دەبابە)‌ و عەونی یوسف‌ و عومەر حەبیب‌ و مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا‌ و چەندین تێكۆشەری تری پارتیش نەفی كراوبوون. 
لەو نەفیەدا كە لە موسڵ بەناخۆشی بردمانە سەر، كاك عەونی وەك زۆر لەو هەڤاڵانە هەر گاڵتەی بە حكومەت‌ و نەفیەكە دەهات. كاكە دەبابە شاگوڵی مەجلیسەكان‌ و مشورخۆری هەموومان بوو، هەمیشەش لەگەڵ كاك عەونی لەسەر عومر و ساڵی لەدایك بوون گاڵتەیان دەكرد! 
كاك عەونی زۆر بێباكانە و بە گیانێكی سپۆرتەوە تەعلیقاتی كاكمانی وەردەگرت. لەوێدا بۆم دەركەوت كە كاك عەونی زۆر هێمن‌ و كۆیی گوتەنی (باغەڵ قووڵ) قسە قبوڵ كەرە لە هەڤاڵان.

پێشنیازێک بۆ بەلەدیەی هەولێر

ئەوانەی سەرەوە كورتەی لایەنە گەشەكانی بیرەوەریی خۆمە لەسەر ئەو پیاوە تێكۆشەر و گەورەیەی هەولێر كە بێگومان وەك هەموو رۆڵەیەكی تری ئەو گەلەش لایەنی سەلبیشی هەبووە و بۆتە هۆی هەندێک گیروگرفتیش لەناو ریزەكانی پارتی. لەگەڵ هەڤاڵەكانی تریدا. بەڵام بێگومان خەباتی ئیمڕۆ درێژەپێدانی خەباتی ئەوسا و پێش ئەوسای گەلەكەمانە. بەرو دەسكەوتەكانیشی بەری رەنج ‌و خەباتی هەموو ئەو تێكۆشەرانەی ئەو سەردەمە و پێش ئەو سەردەمە و دوای ئەو سەردەمەیە تا ئیمڕۆ. 
ئەم راستییە زۆر گرنگە بۆ مێژووی گەلان، بۆیە نابێ‌ فەرامۆشی بكەین، ئەگینا هەق‌ و ئەركی تێكۆشەرانی دێرین بەربا دەدرێن.
هەربۆیەش كاك عەونی یوسف-ی تێكۆشەر و رۆڵەی خۆڕاگری زیندانەكان‌ و خەباتگێڕی ریزی كۆمەڵانی خەڵك، هەمیشە لە مێژووی گەلەكەماندا زیندوو دەمێنێتەوە و لەناو مێژووی هەولێریشدا جێگەیەكی تایبەتی دیاری بۆخۆی گرتووە. بۆیە هەقە شەقامێكی گەورەی هەولێری بەناو بكرێت‌ و گۆڕەپانێكیشی بۆ تەرخان بكرێت، یان ناوی لەسەر قوتابخانەیەك دابندرێت.
هەزاران سڵاو لە گیانی مامۆستا عەونی یوسفی خوالێخۆشبوو. دەبا گیانی پاكی لە بەهەشتی نەمریدا شادبێت بەوەی كە ئیمڕۆ شارەكەی رزگار و پایتەختی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌ و ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانە. دەبا بەلەدیەی هەولێریش پاداشتی ئەو هەموو ئەرك‌ و زەحمەت‌ و ناخۆشی‌ و زیندانییەی مامۆستا عەونی یوسف بۆ كوردایەتی بە ناودانانی بەسەر شەقامێكی گەورەدا بدەنەوە، تا هیچ نەبێ‌ گیانی كاك عەونی یوسف دڵنیا بكەین كە جەناب مەقایس ماوە و كورد دەفتەری بۆ خۆی پەیداكردووە، كە زۆرجار خۆی دەیگوت كە جەناب مەقایس نەماوە و كورد دەفتەری نییە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved