یەكەم مەفرەزە لە قامیشلۆوە دەرچوو
2023-08-06
هەروەكو چۆن بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یەكەمجار لە 1-6-1975 لە شام پەخشكرا، یەكەم مەفرەزەی پێشمەرگەكانی یەكێتیش لە 1-6-1976 لە شاری قامیشلۆوە دەرچوو، وەكو چۆنیش پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا رۆڵێكی كارای گێڕا لە پاڵپشتی ئەم حزبە دۆستەی لە كاتی دامەزراندنی، بەهەمان شێوە رۆڵیی كاریگەری گێڕا لە پێشكەشكردنی هاوكاری و یارمەتی بۆ یەكێتی، بەمەبەستی هەڵگیرساندنی شۆڕشە نوێكەی و پێشكەشكردنی ئاسانكاری پێویست بۆ جێكردنەوەی ئەندامەكانی و پەڕینەوەی پیشمەرگەكانی بەچەكەوە لە سنوورەكانەوە بەرەو كوردستانی عیراق.
یەكەم كۆبوونەوەی مام جەلالیش لەگەڵ یەكەم مەفرەزەی یەكێتی لەماڵێك بوو لە قامیشلۆ پێش ئەوەی دەرچن بەرەو كوردستانی عیراق، بۆ راگەیاندنی شۆڕشی نوێ، ماڵەكەش ماڵی خەلیل عەبدی (صور)ی كەسایەتی نیشتمانپەروەری ناسراو بوو، كە كادرێكی پێشكەوتووی ئەوكاتی پارتی دیموكراتی پیشكەوتوخوازی سوریا بوو، ئەم هەڵوێستانەش ئاستی ئەو پاڵپشتییە گەورەیە دەردەخات كە پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخواز پێشكەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشەكەی دەكرد، كە ئاراستە و رێڕەوەی نسكۆی كوردی لەعیراق گۆڕی بۆ بەرگری و سەركەوتن، هەڵوێستەكانی ئەوكاتیش دەرخەری متمانەی زۆری نێوان ئەو دوو حزبە دۆستەیە بەرامبەر بەیەكتر.
كوردی سوریا بەگشتی و پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا بەتایبەتی، رۆڵێكی كارا و كاریگەریان گێڕا لە پاڵپشتیكردنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پاڵپشتیكردنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە كوردستانی عیراق.
كوردی سوریا و یەكێتی
كوردی سوریا بەگشتی و پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا بەتایبەتی، رۆڵێكی كارا و كاریگەریان گێڕا لە پاڵپشتیكردنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پاڵپشتیكردنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە كوردستانی عیراق، لە بواری سیاسیی و سەربازییدا.
خەلیل عەبدی سەربازی ونی كوردی سوریا، یەكێك لەو خەباتگێڕانە بوو، كە هەردەم ماڵی كراوە بوو بۆ سەركردەكانی یەكێـتی و كادرەكانی لە شاری قاملیشلۆ، هەموو خزمەتێكیشی پێشكەش دەكردن، عەبدولرەزاق فەیلی لە دیدارێكیدا لەگەڵ سایتی (پیوكەی میدیا) لەو بارەیەوە دەڵێت: ناتوانرێـت باز بەسەر رۆڵی كادرانی حزبە كوردییەكانی سوریا بدرێت و باس لە پاڵپشتی و هەوڵی شۆڕشگێرانەیان بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەكرێت، ناتوانم باس لە دایكی شۆڕش و خێزانی خەلیل عەبدی خەباتگێڕ نەكەم، كە یەكەم مەفرەزەی یەكێتی لەماڵی ئەوانەوە دەرچوو لە 1-6-1976.
عادل مورادیش لە كتێبی (الانطلاقة من طلیطلە الی بغداد)، سەبارەت بە چۆنێتی پێكهێنانی یەكەم مەفرەزەی یەكێتی كە لەماڵی (خەلیل صور) لەقامیشلۆوە دەرچوو دەڵێت: سەركردەكانی یەكێتی و ئەفسەرەكانی لەناو سوریا، 40 پێشمەرگەیان هەڵبژارد بۆ پێكهێنانی یەكەمین مەفرەزەی یەكێتی بەسەرۆكایەتی شەهید ئیبراهیم عەزۆ، كە دواتر هەموویان بەڕێكەوتن بەرەو ناوچەی بادینان بۆ راگەیاندنی شۆڕشی نوێ و دەستپێكردنی خەباتی چەكداری، مەفرەزەكە ناوی (الدعایة المسلحة)ی لێنراو پێش راگەیاندنی پلانی كاركردنی ئەو 40 پێشمەرگەیەو ناردنیان بۆ كوردستانی عیراق، بۆ ئەركەكەیان كە ئاراستەی رووداوەكانی گۆڕی و لە كۆتایی مانگی ئایاری ساڵی 1976دا داوەتكران بۆ شاری قامیشلۆ، لەبری كۆبوونەوەشیان لە بارەگای حزبەكەیان ئەوا لە ماڵی خەلیل عەبدی كەسایەتی ناسراو كۆبوونەوە.
پۆلێک پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی ی.ن.ک
سەربازی ون (خەلیل عەبدی)
سەبارەت بە وردەكاری ئەو رووداوە مێژووییە، خەلیل عەبدی لەدیدارێكی ئەیاز هەركی رۆژنامەنووس لەگەڵیدا بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەڵێت: دوای كۆتایی هاتنی مەشق بۆ ژمارەیەك پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەشام، لەلایەن ئیبراهیم عەزۆ، عەبدولرەزاق فەیلی سەرپەرشتیاری پێشمەرگەو رێكخستنەكانی یەكێتی لە قامیشلۆ و ناوچەی جەزیرە، بۆ ئەوەی شوێنی تایبەتیان بۆ ئامادەبكەم، لەبەر ئەوەی مام جەلالیش دەهات و كۆبوونەوەی بەو كۆمەڵە پێشمەرگەیەی كوردستان دەكرد و دواتر ماڵئاوایی لێیان دەرك بۆ چوون بۆ كوردستانی عیراق، لەبەر ئەوەی شوێنێكی گونجاویش بۆ ئەوە نەبوو تەنها ماڵەكەی خۆم نەبێت، ئەوا خێزان و مناڵەكانم نارد بۆ ماڵی مامم و بۆ ماوەی چوار رۆژ، ماڵیشم لەو كاتدا لە گەڕەكی خۆرئاوای قامیشلۆ بوو، نزیك بارەگای نوێنەرایەتی یەكێتی، ئەوەبوو مام جەلال و ئەو سەركردانەی یەكێتی كە لەگەڵیدابوون، لە 27-5-1975 لەماڵەكەم لەگەڵ ئەو كۆمەڵە پێشمەرگەیە كۆبوونەوەو قسەی بۆكردن، ئەوەندەی بیریشم بێت، لەو كۆبوونەوەیەدا هەریەك لە عەبدولرەزاق فەیلی و شەهید ئیبراهیم عەزۆ و بە ئامادەبوونی ئەو پێشمەرگانە كۆبوونەوە.
خەلیل عەبدی بەردەوامی بە قسەكانی دەدات و دەڵێت، نیوەڕۆی 27-5-1976 پێشوازیم لەمام جەلال كرد كە بەمەبەستی كۆبوونەوە بە پێشمەرگەكان هاتبوو بۆ ماڵەكەم، هەروەها دەڵێت: كۆبوونەوەكە تا شەو بەردەوامی هەبوو، ئەوەش بەمەبەستی ئامادەكردنی ئەو پێشمەرگانە بوو بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستانی عیراق و هەروەها بەمەبەستی راگەیاندنی خەباتی چەكداری و دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ بوو، ئاماژە بەوەش دەكات: مام جەلال ئەو شەوە لەماڵەكەم مایەوە، رۆژی دواتر چوو بۆ بارەگای یەكێتی لە قامیشلۆ، بەڵام پێشمەرگەكان تا رۆژی 1-6-1976 لەماڵەكەم مانەوە، كە رێكەوتی یەكەم ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دەكرد، دوای ئەوە هەمووان ماڵەكەیان بەجێهێشت و بەپێی زانیارییم ئەوان لە رووباری دیجلەوە پەڕینەوە بەرەو جەزیرەی بۆتان لەباكووری كوردستان». خەلیل عەبدی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو دیدارە مێژووییەو وتی: «جێی شانازییە بۆ من كە یەكەم مەفرەزەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەسەرۆكایەتی مام جەلال سەركردەی شۆڕشی نوێی گەلی كورد لەماڵەكەی منەوە دەرچوون بەمەبەستی دەستپێكردنی شۆڕشی چەكداری لە باشووری كوردستان».
پاڵپشتی كوردی سوریا لە شۆڕشی نوێ
هاووڵاتیانی كوردی خۆرئاوای كوردستان و بەتایبەتی هەڤاڵانی پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا، رۆڵێكی گرنگیان بینی لەپاڵپشتیكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەروەها وەستان لەپاڵ شۆڕشە نوێكەیدا بەسەرۆكایەتی مام جەلال، هەموو یارمەتییەكیشیان پێشكەش بە كادرو خەباتگێڕانی یەكێتی و خێزانەكانیان كرد كە پەنایان بۆ ناوچە كودرییەكانی سوریا بردبوو لە دوای رێكەوتنامەی جەزائیر و داڕمانی شۆڕشی 1975، ناوچە كوردییەكان بەگشتی لەسوریا و بەتایبەتی قامیشلۆ و دێرك، بوون بە قووڵایی ستراتیژی پڕ ئاسایش بۆ پاڵپشتی لەشۆڕسی نوێ بەسەرۆكایەتی مام جەلال و هەروەها پەڕینەوەی پێشمەرگە بەچەك و تەقەمەنییەوە بۆ كوردستانی عیراق، هەروەكو چۆن پێشتریش هاوكاری شۆڕشی ئەیلولیان كردبوو بەسەركردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، مام جەلالیش پەیوەندی فراوانی هەبوو لەگەڵ توێژە جیاجیاكان و هەروەها كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكانی ئەم ناوچەیە، عەبدولرەحمان یوسف میرانی لە دیدارێكی ئەیاز هەركی لەگەڵیدا بۆ گۆڤاری نوێبوونەوە دەڵێت: بۆ یەكەمجار كە چاوم بە مام جەلال كەوت كاتێك بوو كە سەردانی گوندی تەل خەنزیری كرد لەناوچەی كۆچەرای سەر بە دێرك، ئەوكات هەریەك لە نەوشیروان مستەفا و تەحسین بەگی میری ئێزدییەكان و حسێن بابە شێخی لەگەڵدا بوو، كە بەمەبەستی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی نایف پاشا میرانی، كە عەبدولكەریمی كوڕی كۆچی دوایی كردبوو، لە كۆتاییەكانی حوزەیرانی 1976دا، نانی بەیانییان لەماڵی نایف پاشای میرانی خوارد و مام جەلال و وەفدی هاوڕێی زۆر بە گەرمیەوە پێشوازییان لێكرا لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە.