جۆرج واشنتۆن، باوكی دامەزرێنەری ئەمریكا

2023-09-04
جۆرج واشنتۆن، كەسایەتییەكی مەزنی مێژووییە، رۆڵی دیاری لە شۆڕشی رزگاریی نیشتمانی‌و سەربەخۆیی‌و نووسینەوەی دەستوور‌و دامەزراندنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەبووە‌و بە باوكی دامەزرێنەری ئەو دەوڵەتە دادەنرێت، واشنتۆنی پایتەخت‌و ویلایەتێك بە ناوی ئەوەوە ناونراون.
جۆرج واشنتۆن، لە رۆژی 22ی شوباتی 1732 لە هەرێمی وستمۆلاندی ویلایەتی ڤیرجینیا لەدایك بووە.

بە بنەچە خەڵكی وڵاتی بەریتانیان، باپیری جۆرج واشنتۆن لە ساڵی 1657 لەبەریتانیاوە كۆچی كردووە بۆ ئەمریكا‌و لە ویلایەتی ڤیرجینیا گیرساوەتەوە.
ناسناوی ئە‌و خانەوادەیە لەزێدی خۆیانەوە هاتووە لەبەریتانیا،ئەویش ناوچەی (واشنتۆن)ی نزیك شاری نیوكاسڵی بەریتانیایە.
ئەو خانەوادەیە لە ویلایەتی ڤێرجینیا پێگەیەكی بەهێز‌و دیاری كۆمەڵایەتی‌و ئابوورییان هەبووە، خاوەنی رووبەرێكی فراوان‌و بەرینی زەوی كشتوكاڵی بوون‌و بەكاروباری كشتوكاڵی‌و ئاژەڵداری‌و بازرگانی‌و كەشتیڕانی‌و كنە‌و پشكنینی كانزاكان خەریك بوون.
جۆرج واشنتۆن خرایە بەر خوێندن‌و توانی قۆناغی سەرەتایی تەواو بكات‌و لە تەمەنی 11 ساڵی وازی لە خوێندن هێنا‌و خۆی بۆ بەڕێوەبردنی كاری كێلگەی كشتوكاڵی‌و خولیای ئەسپسواری تەرخانكرد.
لە تەمەنی 16 ساڵیشەوە بایەخی بە پیشەی رووپێویی زەوییە كشتوكاڵییەكان دا‌و شارەزایی لەو پیشەیەدا پەیدا كرد‌و تێیدا قاڵبۆوە، لەرێی ئەو پیشەیەوە كە خواستێكی زۆری خاوەن زەوییەكانی لە سەر بوو، سامانێكی گەورەی پێكەوەنا.
ساڵی 1754 پەیوەندی بە سوپای شۆڕشی رزگاری كیشوەریی وڵاتەوە كرد‌و هێندە بەدڵسۆزی لەو سوپایەدا خزمەتی كرد، پلە بە پلە لە سوپادا بەرز كرایەوە تا ساڵی 1775 بە سەركردەی ئەو سوپایە دەستنیشان كرا‌و بەوپەڕی جوامێرییەوە سەركردایەتیی ئەو سوپایەی كرد‌و پاش شەڕێكی درێژخایەنی سەخت‌و دژواری شەش ساڵی سەركەوتنی بەدەستهێنا‌و سەرزەمین‌و خاكی ئەمریكای لە قەڵەمڕەوی لەشكری بەریتانیا رزگار كرد.

پاش رزگاركردنی وڵات، جۆرج واشتۆن رۆڵی دیاری هەبوو لە نووسینەوەی دەستوور‌و پەسەندكردنی سیستمی فیدراڵی‌و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و دامەزراندنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و جێبەجێكردنی دەستوور ‌و یاسا‌و یەكخستنی هەموو ناوچە‌و دەڤەر‌و هەرێمەكان لە ژێر سایەی ئاڵای ئەمریكادا.
لەسەر داوای جۆرج واشنتۆن، ساڵی 1789 كۆنگرەی دەستووری لە فیلادیفیا بۆ نووسینەوەی دەستووری وڵات بەسترا، پاش گفتوگۆ‌و مشتومڕێكی زۆر، دەستووری ئەمریكا پەسەند كرا، ئەو دەستوورە دامەزراوەكانی یاسادانان‌و جێبەجێكردن‌و دادوەری‌و دابینكردنی ماف‌و ئازادییەكانی بەرجەستە كرد.
لە دوای پەسەندكردنی دەستووری وڵات، دەستەی هەڵبژاردنی باڵا بە كۆی دەنگ جۆرج واشنتۆنی بەسەرۆكی ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵبژارد‌و رۆژی 30ی نیسانی 1789 وەك یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە مێژوودا، لە تەلاری ئەنجومەنی پیران سوێندی یاسایی خوارد‌و وەك یەكەم سەرۆكی وڵات دەستەبەكار بوو.

جۆرج واشنتۆن بۆ دوو خول سەرۆكایەتیی ئەمریكای كرد لە ساڵانی (1789-1797)، لەماوەی حوكمڕانیدا توانی بنەماكانی دەوڵەتداری بچەسپێنێت‌و خزمەتێكی گەورەی پێشكەش بە وڵاتەكەی كرد‌و لە دەروازەیەكی زێڕینەوە وەك سەرۆكێكی مەزنی مێژوویی چووە دیرۆكەوە.
جۆرج واشنتۆن دوو خولی سەرۆكایەتی ئەمریكای تەواو كرد، سەرۆكێكی خۆشەویست‌و خاوەن پێگەیەكی جەماوەری بەرین بوو، داوای لێكرا بۆ خولی سێیەمی سەرۆكایەتی خولی كاندید بكاتەوە، هەرچەند هیچ رێگرییەكی دەستووری‌و یاسایی لە دژی خۆكاندید كردنەوەی نەبوو، بەڵام ئەو رازی نەبوو خۆی كاندید بكاتەوە‌و خۆی خانەنشین كرد‌و گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی لە گردی (ماونت ڤێرنون) لە ڤێرجینیا، قسەیەكی مێژوویی كرد‌و وتی خۆم كاندید ناكەمەوە بۆ ئەوەی هیچ سەرۆكێك نەتوانێ‌ لە دوو خول زیاتر سەرۆكایەتیی وڵات بكات‌و ئەو دوو خولە وەك عورف بچەسپێت، بێگومان دوای ئەو عورفە لە دەستوور چەسپا‌و هیچ سەرۆكێك نەیتوانی لە دوو خول زیاتر سەرۆكایەتیی وڵات بكات.

جۆرج واشنتۆن، دوای خانەنشیبوونی چەند ساڵێكی كەم ژیا‌و لە 14ی كانوونی یەكەمی 1799 كۆچی دوایی كرد‌و لەسەر وەسێتی خۆی، لە گردی (ماونت ڤێرنون) لە هەرێمی ڤێرجینیای زێدی خۆی بەخاك سپێردرا، ئێستا مەزارەكەی بۆتە روخسارێكی نیشتمانی‌و مێژوویی وڵات، ساڵانە هەزاران گەشتیار لە ناوخۆی وڵات‌و هەموو كونج‌و قوژبنێكی گۆی زەوییەوە سەردانی دەكەن‌و وێنەی یادگاری لێدەگرن.
جۆرج واشنتۆن، هێندە سەرۆكێكی مەزن‌و خۆشەویست بووە، دەیان زانكۆ ‌و قوتابخانە‌و شار ‌و شەقام ‌و شوێنی گشتی بەناوی ئەوەوە ناو نراون، یەكێك لە پەنجا ویلایەتەكەی ئەمریكا ‌و پایتەختی وڵاتیش بە ناوی ئەوەوەیە، تەنانەت وێنەی لە سەر دراوی دۆلار ‌و پوولی پۆستە دانراوە. ژیان‌و كارەكانی بۆتە ئیلهامبەخشی بەرهەمی نووسەران‌و هونەرمەندان‌و لە بەرهەمەكانیاندا رەنگی داوەتەوە.

سەدان كتێب‌و لێكۆڵینەوە بە زمانە زیندووەكانی جیهان لە سەر ژیان‌و دەستكەوتەكانی نووسراوە، دەیان فیلمی بەڵگەنامەیەكی لەسەر ژیانی ئەو كەسایەتییە مەزنە بەرهەم هاتووە‌و ژیانی لە زانكۆ‌و قوتابخانەكاندا بە وانە دەخوێنرێ‌.
لەمێژووی ئەمریكادا، هیچ سەرۆكێك هاوشێوەی ئەو نەبووە‌و كەس شانی لە شانی نەداوە‌و نەگەیشتۆتە ئاستی مەزنی ئەو‌و ئەو ناسناوە بەكەس نەبەخشراوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان‌و هەڵوەستە لەسەركردنە لەو بارەیەوە ئەوەیە، كە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2008 سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق سەردانی ئەمریكای كرد‌و لەگەڵ سەرۆك جۆرج بوش لە كۆشكی سپی كۆبۆوە، سەرۆك بوش لەو كۆبوونەوەیەدا ستایشی رۆڵی سەركردایەتیی دیاری سەرۆك تاڵەبانی لە پرۆسەی سیاسی‌و دیموكراتی عیراق كرد‌و بە جۆرج واشنتۆنی عیراق وەسفی كرد!

وەسفكردنی سەرۆك تاڵەبانی بە جۆرج واشنتۆنی عیراق لەسەر زاری سەرۆك بوش لەو كاتەدا مانا‌و مەغزا‌و دەلالەتی مێژوویی هەبوو، مانای ئەوە بوو چۆن جۆرج واشنتۆن لە قۆناغێكی سەخت‌و دژواردا رابەرایەتیی شۆڕشی رزگاری نیشتمانیی كرد‌و وڵاتەكەی رزگار كرد‌و رۆڵی دیاری لە نووسینەوەی دەستوور‌و بەرجەستەكردنی سیستمی فیدرالی هەبوو، بەهەمان شێوە سەرۆك مام جەلالیش لە چیاكانی كوردستانەوە رابەرایەتیی شۆڕشی نوێی كوردستانی كرد لە دژی رژێمی دیكتاتۆری سەدام كرد‌و كۆڵی نەدا تا شۆڕش گەیشتە دوا مەنزڵی رزگاری‌و سەركەوتن‌و رۆڵی دیاری لە نووسینەوەی دەستووری عیراق‌و چەسپاندنی سیستمی فیدرالی هەبوو. دواتر سەرۆك تاڵەبانی وەك یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردرا‌و لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە چووە كۆشكی كۆماری عیراق‌و لە قۆناغێكی سەخت‌و هەستیاردا سەرۆكایەتی عیراقی نوێی كرد‌و جێگەی رەزامەندی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییە جیاوازەكان بوو، سەردەمی حوكمی سەرۆك تاڵەبانی بە باشترین قۆناغی حوكمڕانی عیراقی نوێ‌ لە قەڵەم دەدرێ‌.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved