لیژنەی ئامادەكار بۆ هەماهەنگی و هاریكاری

2023-09-17

بێگومان پڕۆژەی كوردستانی گرنگ، وەک ئەوەی «لیژنەی هەماهەنگی كوردستانیدا تەرح کرا»، كارێكی گەورەبوو، بەتایبەت كە پڕۆژەكە هەوڵی كۆكردنەوەی بزووتنەوەی كوردی لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەدا لە چوارچێوەیەكی سیاسییدا، هەروەها هەوڵی دۆزینەوەی جۆرێك لە جۆرەكانی هەماهەنگی و هاریكاری دەدا لە نێوان لایەنە بەشداربووەكانی لیژنەكەدا بەپێی بەرنامەیەكی گشتی كوردستانی، كە تایبەتمەندی پارچە جیاجیاكانی كوردستانیشی لەبەرچاو دەگرت، پڕۆژەیەك كە كەسایەتی كاریزمایی وەكو «مام جەلال و عەبدولڕەحمان قاسملو و كەمال بۆرقای و عەبدولحەمید دەروێش» بەڕێوەیان دەبرد، بەپاڵپشتی راستەوخۆی كەسایەتی و سیمبولی شیوعی هاوشێوەی «خالید بەگداش و عەزیز محەمەد»، بێ گومان بێ كێشە و لەمپەریش تێناپەڕێ.
 
هەڵوێستی بەرپرسیارانەی بەگداش،بەرامبەر بەڕەوابوونی دۆزی کورد مام جەلال و ئەندامانی تری  سەرسام كرد، بۆیە دەستخۆشیان لەهەڵوێستە  ئازاو پڕ جۆرئەتەكەی كرد

كۆبوونەوەی یەكەمی لیژنەی هەماهەنگی

یەكەم كۆبوونەوەی «لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی» كە لە شام لە 1980دا بەسترا، تێیدا بڕیار لەسەر ئەوە درا لیژنەیەك بەناوی»لیژنەی ئامادەكار»پێك بهێنرێت، كە ئەركی ئامادەكردن بوو بۆ كۆبوونەوەی حزبە كوردی و كوردستانییە پێشكەوتوخوازەكان، ئەم لیژنەیە پەیوەندی كرد بە حزبە جیاوازەكانەوە، بەتایبەت ئەوانەی ئەوكات هەبوون لە شامدا، بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەیان سەبارەت بەهۆكارەكانی پێكهێنانی لیژنەكە و هەروەها ناساندنی ئامانجەكانی، كە ئامادەكاری بوو بۆ بەستنی كۆبوونەوەیەكی گشتی حزبە كوردییەكان، بەمەبەستی گەیشتن بە چوارچێوەیەكی فیعلی كە بتوانێت خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییان یەك بخات،
لیژنەكە چەندین كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ حزبە كوردییەكان كرد، بەمەبەستی گەیشتن بە لێكتیگەیشتنی هاوبەش، لەو بارەیەوە عەبدولحەمید دەروێش لە كتێبی  (أضواء علی الحركة الكردیة في سوریا) دەڵێت: ئەم هەوڵانە بێ لەمپەر و كێشە تێنەپەڕین، چونكە زۆرێك لەحزبە كوردییەكان هەڵوێستی سلبییان بەرامبەر بەم لیژنەیە هەبوو بە پاساوی ئەوەی بێ رەزامەندی و را وەرگرتنی ئەوان پێكهێنراوە، لەبەر ئەوە كاریان بۆ شكستپێهێنانی دەكرد، ئەمە چ جای ئەوەی هەردوو حزبی شیوعی توركی و ئێرانی، لای خۆیانەوە هاریكاریان لەگەڵ لیژنەی ئامادەكار رەتكردەوە بە پاساوی ئەوەی لیژنەیەكی نەتەوەییە، لەكاتێكدا ئەمان حزبی ئومەمین!؟ هەروەها لیژنەی ئامادەكار بوو، لەلایەن هەندێ لایەن و نێوەندی نا كوردییەوە دژایەتی كرا، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان داگیركردووە، ئەوەبوو  دەستیان بە جووڵە كرد لێرەو لەوێ بۆ دروستكردنی لەمپەر و كێشە لەبەردەم لیژنەكەیدا بەمەبەستی شكستپێهێنانی».
ئەوەی گرنگە، عەبدولحەمید دەروێش دوای بینینی عەبدولڕەحمان قاسملو لە واوانی كوردستانی ئێران لە ئەیلولی 1980 گەڕایەوە بۆ شام، ئەنجامی دیدارەكەشی بۆ مام جەلال و ئەندامانی تری لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی گێڕایەوە و هەڵویستی ئیجابی دكتۆر قاسملو و حزبەكەی بەرامبەر بە لیژنەی ئامادەكار بۆ گواستنەوە.

لایەنە بەشداربووەكانی یەكەم كۆبوونەوە

دوای ئەو دیدارانە بڕیار لەسەر یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكار درا، كە لە 19-24/11/1980 لە شام بەڕێوەچوو، بەئامادەبوونی «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبی سۆشیالیستی كوردستانی توركیا، پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی سوریا»، بە ئامادەبوونی هەردوو حزبی شیوعی «سوریا و عیراق» وەكو چاودێر، «پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران»یش ئامادەنەبوو، لەو بارەیەوە دەروێش لەكتێبەكەیدا دەڵێت:- مامۆستا عەزیز محەمەد لەم كۆبوونەوەیەدا پێشنیازی ئەوەی كرد بكرێم بەبەرپرسی ئەم لیژنەی ئامادەكارە،  هەریەك لە مام جەلال و مامۆستا كەمال بۆرقاییش رازی بوون لەسەر پێشنیازەكە، بۆ تەواوكردنی هەوڵەكانی پێشووش لە نێوان هەر شەش حزبەكە، لیژنەیەكی ئامادەكار پێكهێنرا كە ئەركی ئامادەكاری بوو بۆ بەستنی كۆبوونەوەی حزبە كوردستانییە پێشكەوتوخوازەكان».
لەچوارچێوەی هەوڵە چڕەكانی ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاریش بۆ سەرخستنی هەوڵەكانی، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانیان لەگەڵ خالید بەگداش «ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی سوریا» بەست لە ماڵەكەی خۆیدا لە هاوینی ساڵی 1981دا، كە هەریەك لە «جەلال تاڵەبانی- سکرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و عەزیز محەمەد – سكرتێری حزبی شیوعی عیراق و كەریم ئەحمەد- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عیراق و  كەمال بۆرقای- ئەمینداری گشتی حزبی سۆشیالیستی كوردستانی توركیا و عەبدولحەمید دەرویش- سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا و رەمۆ شێخۆ فەرحە- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی سوریا»، نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، لە كۆتایی دیدارەكەشدا،   بەگداش بەڵینی ئەوەیدا كە هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ یارمەتیدانی لیژنەی ئامادەكار و پاڵپشتی كردنیان، لەبەر بڕوای تەواوی بەوەی ئەم حزبانە خەبات بۆ مەسەلەیەكی رەوای گەلێكی ستەملێكراو دەكەن لەناوچەكەدا.
 لە دیدارە فراوانەكەدا كە ئەندامانی لیژنەی ئامادەكار لەگەڵ خالید بەگداش كردیان، مام جەلال لە بەگداشی پرسی بۆچوونی چییە؟ سەبارەت بە هاریكاری لیژنەی ئامادەكار لەگەڵ پارتە سۆشیالیستە ئەنتەرناشناڵەكان، دەروێش سەبارەت بەوە  لە كتێبەكەیدا دەڵێت:  خالید بەگداش وەڵامی ئیجابی بوو بۆ مام جەلال و وتی، بە بۆچوونی من دەبێت پەیوەندی لەگەڵ حزبە سۆشیالیستە ئەنتەرناشناڵەكان ببەستن لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان: ئەوەیە كە ئەم حزبانە هێزێكی سیاسیی گەورە لە ئەوروپا و جیهان پێكدەهێنن، و ئێوە دەتوانن  سوودیان لێببینن لە كاتی بوونی هاریكاری لەنێوانتان، دووەمیان:   ئەوەیە، هاریكاریتان لەگەڵ ئەو حزبانەدا وا دەكات حزبە شیوعییەكانیش پاڵپشتیتان بكەن، لەهەموو حاڵەتەكانیشدا هاریكاری و كاركردن لەگەڵ حزبە سۆشیالیستەكان سوودی زۆری دەبێـت بۆتان. 

هەڵوێستی خالید بەگداش

ئەو هەڵوێستەی خالید بەگداشی ئەمینداری حزبی شیوعی سوریا لەو كاتەدا، هەڵوێستێكی ئازایانەو پڕ جۆرئەت بوو، چونكە ئەو تۆمەتبار دەكرا بەوەی هەڵوێستی كۆسمۆپۆڵیتی بەرامبەر بەنەتەوەكەی خۆی هەیە كە كوردە، ئەوكاتیش بەگداش بە «عەمیدی شیوعییەكانی عەرەب» هەژماردەكراو ناودەبرا، ئازایی بەگداش لەوەدا بوو، راستگۆیانە جەختی لەوە دەكردەوە كە پێویستە كورد لەپەیوەندیدا بێت لەگەل «سۆشیالیستی جیهانیدا»، ئەمەش لەكاتێكدایە زۆرێك دەیانوت «سۆشیالیستی جیهانی» و  «ئیمپریالی جیهانی» دوو دیوی یەك دراون.
ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەیەی بەگداش، مام جەلال و ئەندامانی تری تووشی شۆك كرد و سەرسامی كردن، بۆیە دەستخۆشیان لە هەڵوێستە ئازاو پڕ جۆرئەتەكەی كرد.


زیاتر بخوێنەرەوە

شوان شێخە قەرەنی

بۆیادی "سایەی شکۆمەندیی"
Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved