شكستی لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی

2023-09-24
لەگەڵ هەموو ئەو تەحەدایانە دەهاتنە رێگەی كارەكانی لیژنەی ئامادەكار، بەڵام بەهۆی پەیوەندیی چڕ و بەردەوامی نێوان ئەندامەكانی لیژنە، ئەوا توانیان كۆبوونەوەیەك بۆ تەواوی ئەندامەكان بكەن لە ماوەی نێوان 2-5\3\1982 لە بەرڵینی خۆرئاوای ئەڵمانیا، ئەمەش دووهەم كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكاربوو، كە نوێنەرانی چوار حزب ئامادەی بوون، ئەوانیش «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی سۆشیالیستی كوردستانی توركیا، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا»، هەروەها نوێنەرێكی حزبی شیوعی سوریاش ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو كە سەرپشکیش كرابوو بە نوێنەرایەتیكردنی حزبی شیوعی عیراق، دەروێش سەبارەت بەم كۆبوونەوەیە لەكتێبەكەیدا دەڵێـت: «پێش ئیمزاكردن لەسەر دۆكیۆمنێتی كۆتایی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكەی بەرلین، د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ لەپاریسەوە پەیوەندی تەلەفۆنی بە سەید عەزیز ماملێی نوێنەری حزبەكەی كرد، داوای لێكرد پەلە نەكات لە ئیمزاكردن لەسەر بڕیارەكانی كۆتایی كۆبوونەوەكە، تا قسە لەگەڵماندا دەكات، كاتێ قسەی لەگەڵ مندا كرد، تكای لێمكرد قەناعەت بە هەڤاڵانی حزبەكانی تر بهێنم، بەوەی نوێنەری حزبەكەی ئیمزا لەسەر بڕیارەكان نەكات، لەبەر هۆكاری تایبەت بە بارودۆخی ئەو حزبە، جەختی لەوەش كردەوە، كە ئەوان پابەند دەبن بەتەواوی ناوەڕۆكی دۆكیۆمێنت و بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە، بەڵام هەڤاڵانی لیژنەكە ئەو پێشنیازەی قاسملۆیان رەتكردەوە و سووربوون لەسەر پێویستی ئیمزاكردنی نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش لەسەر بڕیارەكان،  دواجار دكتۆر قاسملۆ رازی بوو، داواشی لە عەزیز مامەلێی نوێنەریان كرد، كە ئیمزا لەسەر بڕیارەكان بكات هاوشێوەی هەڤاڵانی تری ئەندامی لیژنەكە».
چالاكییەكانی «لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی» لە سەرەتای  1983ەوە بەرەو كزی دەچوو، هەروەها بەدەست حاڵەتێكی ناسروشتی چەقبەستنەوە دەیناڵاند

ئەنجامی كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی

لە كۆبوونەوەكەی بەرلیندا، بڕیاردرا ناوی ئەو لیژنەیەی لە كۆتایی كۆبوونەوەكە لەسەری رێكەوت بوون، بنێن «لیژنەی ئامادەكار بۆ هەماهەنگی و هاریكاری نێوان حزبە كوردی و كوردستانییە پێشكەوتوخوازەكان»، هەروەها بڕیاردرا گۆڤارێك بەناوی گۆڤاری «دەنگی كوردستان» بڵاوبكەنەوە، بۆ ئەوەی ببێت بە زمانحاڵی لیژنەی ئامادەكار و بە زمانی كوردی و بە پیتی لاتینی بێت، هەریەك لە «كەمال بۆرقای، عەزیز ماملێ، عەبدولحەمید دەروێش، د. كەمال فوئاد، رەمۆ شێخو ئەلفەرحە» بەشداری كۆبوونەوەكەی بەرلین بوون.

سێیەم كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی

لیژنەی ئامادەكار بۆ هەماهەنگی و هاریكاری لە نێوان حزبە كوردی و كوردستانییە پێشكەوتوخوازەكان، كۆبوونەوەی سێهەمی لە 5-7\6\1982  بە ئامادەبوونی «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی سۆشیالیستی كوردستانی توركیا و پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا»و نوێنەرانی «حزبی شیوعی سوریا و عیراق» وەكو چاودێر بەسترا، بەڵام نوێنەری «حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران» ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، چونكە بوار نەبوو پێشوەختە وادەی كۆبوونەوەكەی پێ رابگەیەنرێت، لە كۆتایی ئەم كۆبوونەوەیەشدا، بڕیاردرا كۆبوونەوەی چوارەمی لیژنەی ئامادەكار لە كۆتایی مانگی ئەیلولی 1982 بكرێـت، بە بەشداری هەموو ئەندامانی لیژنەكە.

بەڵام چالاكییەكانی «لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی» لە سەرەتای ساڵی  1983ەوە بەرەو كزی دەچوو، هەروەها بەدەست حاڵەتێكی ناسروشتی چەقبەستنەوە دەیناڵاند،  بەهۆی ئەو ناكۆكییەی لەنێوان لایەن و هێزەكانی ناو لیژنەكەوە دروست بوبو،، ئەوەش كارێگەری راستەوخۆی لەسەر كاری «لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی» هەبو و تووشی ئیفلیجی كرد، عەبدولحەمید دەروێش لەم رووەوە دەڵێت: لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی دوای ئەم رووداوانە بە كرداریی ئیفلیج بوو، لە ئەنجامی ئەوەشدا حزبی شیوعی رەتی كردەوە بەشداری كۆبوونەوەكانی لیژنەی ئامادەكار بكات و چالاكییەكانی لەناو لیژنەكەدا راگرت،  هەرچەند بەشێوەیەكی رەسمی لە لیژنەكە نەكشایەوە، حزبی شیوعی سوریاش پاڵپشتی لە هەڵوێستەكەی حزبی شیوعی عیراقی كرد و لەگەڵیدا ئەویش كارەكانی لەناو لیژنەكە راگرت، بەوەش لیژنەكە كەوتە بارودۆخێكی زۆر خراپەوە».
لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ و پەیوەندی نێوان ئەندامانی «لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی» بەردەوام بوو، بەمەبەستی نەهێشتنی لەمپەڕەكانی بەردەم كاری «لیژنەی ئامادەكار» و بەردەوام بوون لەكارەكانیدا، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو كۆنگرە كوردستانییە ببەستن كە بەنیازی بوون، لەو رووەوە دەروێش دەڵێت: دوای ئەو پەیوەندییانەی لەنێوانیاندا كرا، لایەنە جیاجیاكان رێكەوتن لەسەر كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكار لە پاریس لە 1-3/11/1983، كە هەر یەك لە، «دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ- سکرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، عومەر شێخموس-ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەمال بورقای- ئەمینداری گشتی پارتی سۆشیالیستی كوردستانی توركیا، عەبدولحەمید دەروێش-سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا» ئامادەی بوون، بەڵام نوێنەرانی هەردوو حزبی شیوعیی عیراقی و سوری بایكۆتی ئەم كۆبوونەوەیەیان كرد.

تەحەداكان گەورەتر بوون

لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە بێ وچانەی حزبەكانی ناو «لیژنەی هەماهەنگی كوردستانی» دایان، كە هەنگاوێكی نەوعی دەگمەن بوو بە ئاراستەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد، وەڵامێكی كرداریش بوو بۆ پێشهاتەكانی دواتر كە ناوچەكە بەخۆوەی بینی، بەڵام بەداخەوە تەحەداكان گەورەتر بوون لە هەوڵی دڵسۆزانەی ئەو چوار حزبە و بەچاودێری هەردوو حزبی شیوعی عیراقی و سوری، بەوەش لیژنەكە گەیشتە رێگەیەكی داخراو بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی نێوان هەندێك لایەنی بەشداربووی لیژنەكە، ئەمە چ جای ئەو پێشهاتە سیاسییانەی بەهۆی جەنگی عیراق ئێران هاتنەپێش، دەروێش سەبارەت بەوە دەڵێت: «كۆبوونەوەی پاریس كە لە 1-3/11/1983 بەسترا، دوا كۆبوونەوەی لیژنەی هاریكاری و هەماهەنگی كوردستانی و كوردی بوو،  لیژنەكەش لەوە بە دوا لە حوكمی هەڵوەشاوەدا بوو، هەرچەند هیچ بڕیارێكی سیاسیی ئاشكرا لەلایەن حزبەكانی ناو لیژنەكەوە لەو بارەوە رانەگەیەنرا».
بەمجۆرە ئەو هەوڵە جددیانەی نوخبەیەك لە حزبە كوردستانییەكان دایان بەمەبەستی بونیاتنانی چوارچێوەیەك كە هەموویان كۆبكاتەوە، یەكیان بخات لەسەر خیتابێكی سیاسیی هاوبەش، كە ئاوێنەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و تایبەتمەندی خەباتی هەریەك لەبەشەكانی كوردستان بپارێزێت لەناوبرا.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved