چۆنیەتی گرتنی كۆنگرەكانی بەشێك لە پارتە سۆشیالیست ‌و سۆشیال دیموكراتەكانی ئەوروپا

2023-09-25
ئەم بابەتە لە رۆژی (25/1/2001) ژمارە (2362) كوردستانی نوێ بڵاومكردۆتەوە پێم خۆش بوو وەكو ئەزموون جارێكی تر بڵاو ببێتەوە
سەبارەت بەوەی كە من لە بەشێكی زۆری كۆنگرەكانی پارتە سۆشیال دیموكراتەكان‌و چەپەكان‌و كۆمونیستەكانی ئەوروپا چەندین جار بەشداربووم‌و تا رادەیەكی زۆر شارەزای چۆنێتی گرتنی ئەو كۆنگرانەم، بۆیە بۆ دەوڵەمەندكردنی كۆنگرەی دووهەم‌و شارەزایی هەڤاڵانی یەكێتی، حەزدەكەم بەكورتی ئاماژە بۆ چەند مۆدێل‌و كۆنگرەی هەندێ لەو پارتانە بكەم، لە پاشانیش ئەنجامگیرییەك بكەم بەوەی چۆن بگونجێت لەگەڵا بارودۆخی خۆمان‌و كۆنگرەی دووهەمدا، بەو هیوایەی كەسوودبەخش بێ‌ بۆ كۆنگرەكەمان.

یەكەم: مۆدیلی سۆشیال دیموكراتەكان‌و پارتەكانی وڵاتانی ئەسكەندەناڤی (سوید، نەرویج، دانمارك ...).

ئەم پارتانە هەر سێ‌ ساڵا جارێك كۆنگرەی خۆیان هەیە، ئەو ساڵەی كە كۆنگرەی تیا دەگرن، كۆمیتەیەكی سەرپەرشتی هەڵبژاردن لەلایەن سەركردایەتی پارتەكەیانەوە دادەنرێت، ئیشی ئەم كۆمیتەیە ئەوەدەبێ‌ كە چەند كۆمیتەیەكی تر پێك بێنێ‌ بۆ ئامادەكردنی كۆنگرە لەوانە بۆ گۆڕین‌و دەستكاریكردنی بەرنامەو پەیڕەو، كۆمیتەیەكی تر بۆ گەڵاڵەكردنی پێشنیازو بەرنامەی كاری داهاتوو كەهەر یەكەیان بەمۆسیون (Motion) ناودەبرێ‌و پێش چەند مانگێك پێش گرتنی كۆنگرە هەر هەموو ئەمانە دەخرێنە بەردەم ئەندامانی پارتەكەیان بۆ رادەربڕین لەسەری‌و ئاڵوگۆڕ تیایدا‌و بۆ سەركردایەتی داهاتووی حیزبەكەیشیان كۆمیتەیەك دادەنێن بەناوی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن (Val bredning)، كە ئیشی ئەم كۆمیتەیە بە راوێژكردن لەگەڵا سەركردایەتی پارتەكەیان‌و لەگەڵا كەسانی بەرقودرەتی ناو پارتەكەیان‌و بەرەچا‌وكردنی تەرازووی هێزەكانی ناو پارتەكەیان‌و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵا‌و بەرژەوەندییان‌و بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی ژنان، لیستێك ئامادەدەكە ن بۆ كۆنگرە بەگوێرەی ژمارەی سەركردایەتی پارتەكەیان‌و دەیخەنە بەردەست كۆنگرەو كۆنگرە دەنگ بۆ ئەو لیستە دەدات بەگشتی، خۆ ئەگەر كەسێكیش هەبێ یان لیستی تر هەبێ لەجیاتی لیستی ئامادەكراوی كۆمیتەی تایبەت ئەوە ئەوانیش هە قیان هەیە دەنگیان بۆ بدرێ، وەكو لیست یان وەكو تاكەكەس، بەڵام ئەمە زۆر كەمەو تا ئێستا ئەو كۆنگرانەی كەمن چووم شتی وا تیا رووی نەداوە، بۆ پێشنیارەكانی تریش هەر هەمووی ئەخرێتە بەردەم كۆنگرە، ئەگەر یەكێك تێبینییەك یان گۆڕانكارییەكی هەبوو، ئەوا لە كۆنگرە كاتی ئەدرێتێ بۆ چە ند دەقیقەیەك‌و بۆ قسەكردن لەسەری، پاشان ئەخرێتە دەنگەوە بۆ قبوڵكردنی ئەو گۆرانكاریە یان قبوڵنەكردنی، بۆ شەخسی یەكەمی پارتەكەش، كە لەم وڵاتانە بە ناوی سەر كردەی پارتەوەیە (Parti Leader) كە لە جیاتی سكرتێری گشییە، لە كۆنگرەدا راستەوخۆ هەڵئەبژێردرێ، ئەگەر چەند كاندێك هەبێ ئەوسا ئەخرێتە دەنگەوە، كۆنگرەش بەپێی ئەو لیستە ئامادەكراوە كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێ‌‌و، پاشان كۆمیتەی سەركردایەتیش لە ناوخۆیاندا ئۆرگانێكی خاوەن دەسەڵات هەڵدەبژێرێ‌ وەكو مەكتەبی سیاسی‌و سكرتێری پارتیش هەڵدەبژێرن وەكو لێپرسراوی كۆمیتەی كارگێڕی م.س بەم شێوەیەش كاتی كۆنگرەو ئیش‌وكارەكانی كەم دەبنەوە هیچ كۆنگرەیەك نییە لە 3 رۆژ زیاتر بخایەنێت.

دووەم: مۆدیلی پارتی كاركەری سۆشیالیستی ئیسپانی (PSOE)

كە ئەمانیش شێوەی هەڵبژاردن‌و گرتنی كۆنگرەكەیان زۆر نزیكە لەمۆدێلی وڵاتانی ئەسكەندناڤییەوە، جگە لەچەند شتێكی بچوك نەبێت، ئەویش لەجیاتی سەركردەی پارتی، سكرتێری گشتییان هەیە، راستەوخۆ لەكۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێن‌و هەمیشە یەك كاندیدیان هەبووە، جگە لەم كۆنگرەی ئەم دوواییان نەبێ كە لە (21 تا 23-7-2000) لەمەدرید گیرا، كۆنگرەیەكی ئیستسنائی (كتوپڕ) بوو، چونكە پاش ئەوەی هەڵبژاردنیان(هەڵبژاردنی گشت وڵاتەكەیان بۆ حوكمڕانی) دۆڕاند لە 12-3-2000 ، هەموو ئەندامانی سەركردایەتی‌و سكرتێری گشتییان ئیستیقالەیان كردو سەركردایەتی كاتییان دانا بۆگرتنی ئەم كۆنگرەیەو چارەسەركردنی كێشەكانیان. ئەوەی جێی سەرنج بوو كە بە پێچەوانەی مێژووی 200 ساڵەی پارتەكەیان بۆ یەكەمجاربوو كە بێنە كۆنگرەوە چوار(4) كاندید هەبێ بۆ سكرتێری گشتییان‌و مونافەسە هەبێ‌و هیچ كەس لەوانە ئامادە نەبێ خۆی بكشێنێتەوە. لەبەر ئەوە لەم كۆنگرەیەیانداو ئەم جارەیان بەپێچەوانەی كۆنگرەكانی ترەوە، خۆیان بە باشی ئامادە نەكردبوو، پێش هەڵبژاردنی سكرتێرە گشتییەكەیان زۆر قەلەق بوون. ئەم جارەیان، لە كۆنگرەدا وەكو لای ئێمە، چەند كۆمیسیۆنێكیان دانابوو، كۆمیسیۆنی سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، هەڵبژاردن، سەندیكاكان، رێكخراوەیی ... هتد، هەریەكەیان راپۆرتی خۆیان خوێندەوەو لێكۆڵینەوەی لەسەركرا، پاشان خرانە دەنگەوە.
رۆژی دووهەمی كۆنگرەش دانرابوو بۆ هەڵبژاردنی سكرتێری گشتییان هەروەكو لە سەرەوە وترا 4 كاندید بوون، لەوانە یەكێكیان هەڵبژارد. پێش هەڵبژاردن هەریەكە لەو چواركەسە نیو سەعات كاتیان پێدرا بۆ قسەكردن بۆ كۆنگرە، ئەو چوار كاندیدە نوێنەری دوو تەیاری ناو حیزبەكەیان بوون، تەیاری چەپ‌و تەیاری ناوەند، لەو چوارە یەكێكیان هەڵبژێردرا بە دەنگدانی نهێنی‌و ئەوەی زۆرترین دەنگی هێنا، بە گوێرەی زۆرایەتی تەواو نەبوو واتە رێژەی %50 +1 رەچاو نەكرا، نوێنەری باڵی چەپەكان دەرچوو كە (414) دەنگی هێنا(بە رێژەی 41.69%) لە كۆی 995 دەنگ.
*بۆ هەڵبژاردنی لیژنەی تەنفیزییان واتە سەركردایەتیان، ئەوانیش رۆژی سێهەم هەڵبژێردران كە ژمارەیان 25 كەس بوو، 15 ی لێپرسراوی كۆمیسیۆنە جیاجیاكان بوون، لەگەڵا 10 كەسی تردا كە سكرتاریەتی پارتی پێك ئەهێنن وەكو م.س وان‌و ئەمانیش بە هەڵبژاردنی راستەوخۆو بە تەسەلسولی دەنگەكان دەرچوون.

*جگە لەمانە، جیاوازی تر لەوڵاتانی ئەسكەندەناڤی ئەوەیە، كە ئەمان كۆمیتەی فیدراڵییان هەیە كە پێشتر 210 ئەندام بوون، لەم كۆنگرەیەدا تەنها 49 كەسیان كۆنگرە هەڵیبژارد راستەوخۆ، ئەوانی تر هەر فیدراڵە نوێنەری خۆی لە ناوچەكەی خۆی هەڵبژاردووە.

سێیەم: مۆدیلی تازەی پارتی كۆمۆنیستی فەرەنسی

سیستمی ئیشكردنی پارتی كۆمۆنیستی فەرەنسی‌و گرتنی كۆنگرەكانی، تا كۆنگرەی 30 هەمیان كە لە 23 تا 26- 3- 2000 لە شاری مارتیگ لەخوارووی فەرەنسا گیرا، وەكو پارتە كۆمۆنیستەكان وابوو، بەڵام لەكۆنگرەی ناوبراودا بە تەواوی گۆڕانكاری تەواویان هێنا بە سەر پارتەكەیان‌و پەیڕەو‌و پڕۆگرامیاندا.

لەم كۆنگرەیەیاندا دەوری 1500 كەس بەشداربوون، لەمانە 850 نوێنەری 96 فیدراسیۆن (فیدراسیۆن وەكو مەڵبەند یان كۆمیتەی لای ئێمە وایە). لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری تەواویان كرد لە پەیڕەو‌وپڕۆگرام‌و دروشم‌و ستراتیژو ئامانجەكانیان. سەركردایەتیان، 7 دەقیان ئامادە كردبوو، پێش كۆنگرە بەچەندین مانگ خرابووە بەردەست هەموو ئەندامەكانیان بۆ راوەرگرتنیان‌و گۆڕانكاری پێویست، دەقەكانیش ئەم ناونیشانەیان هە بوو:
1-عەولەمەو رۆڵی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئێستاو دەوری پارتی كۆمۆنیستی فەرەنسی چی دەبێ‌.
2-ئایا كۆمۆنیست تێكشكاوە لەم سەدەیەدا.
3-كۆمەڵگای فەرەنسا ئێستا چۆنە.
4-پرۆژەی كۆمۆنیست ئەبێ چی بێ.
5- ستراتیژی پارتی كۆمۆنیستی فەرەنسی چی ئە بێ.
6-پارتی كۆمۆنیستی ئێستا چۆن ئەبێ ببێ‌.
7-مەسەلەی رۆژنامەی
(LHumanite) زمانحاڵی حزب، رۆژنامەگەری كۆمۆنیست‌و پەیوەندییەكانی ناوخۆ چۆن ئەبێ؟ لەسەر ئەم حەوت دەقە لەگەڵا ئەوەی رای هەموو ئەندامانی حیزبەكەیان لەوەوپێش بە نووسین وەرگرتبوو، بەڵام لەگەڵا ئەوە شدا موناقەشەی زۆركرا بەتایبەتی لەسەر پڕۆگرام‌و پەیڕەو‌و ستراتیژی حزب‌و رۆژنامەی زمانحاڵی حزب، كە كەمایەتییەك هەبوون كە دژی ئەو گۆڕانكارییانە بوون)، بەتێكرا ئەو دەقانەی كە ئامادەكرابوو پاش چەند گۆڕانكارییەكی بچووك، دەنگیان لەسەردراو پەسەندكران‌و لەم كۆنگرەیەیاندا، گرنگی تەواویان دا بەدەوری ژن، بۆ نموونە، بەندەتان، ساڵی 1978 دا لە كۆنگرەكەیان بەشداریم كرد، ئەوسا باسی گرنگی ئەوە ئەكرا چەند كرێكار لە سەركردایەتیاندا هەیە، بەڵام ئەمجارەیان باس لەوە ئەكرا كە ئەبێ لە سەركردایەتییاندا 50% ی ژن بێ، ژمارەی نوێنەرەكانیان بۆ كۆنگرە 850 نوێنەر بوو لەمە 46.67%ی ژن بوون. پاش ژنان، باسەكان لەسەر ئەوەبوو كە دەوربدرێت بە گەنجان‌و گشتگیركردنیان‌و دابینكردنی داواكان‌و پێداویستییەكانیان‌و بینینی رۆڵا لە پارتەكەیاندا، هەروەها گرنگیدان بە مووچەخۆران‌و دانانیان بەچینێكی زۆر لێكراو‌و بەشخوراوو شوڕشگێڕو هەوڵدان بۆ باشكردنی گوزەرانیان، ئنجا لەسەر مەسەلەی خوێندن‌و تەندروستی‌و كێشە كۆمەڵایەتییەكان‌و باشكردنیان زۆر دوان‌و لێكۆڵینەوە كرا، پاشان هەڵبژاردنیان كرد بۆسەركردایەتی بە دووجار، جاری یەكەم بۆ هەڵبژاردنی سەركردایەتیی گشتی كە لە ژێر ناوی )مجلس الوطني( ئەنجومەنی نیشتمانی كە ژمارەیان 260 كەسە، لەمە 42% ی ژنانە، ئەم دەستگایە وەكو پەرلەمانی حیزبەكەیان وایە، سكرتێری گشتی حیزبەكەیان كە لە ژێر ناوی سكرتێری نیشتمانی، بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ لەكۆنگرەدا هەڵبژێردرا، تەنها كاندید بوو، 811 دەنگی هێنا لەكۆی 850 ، بۆیەوا ژمارەی ئەنجوومەنی حیزبەكەیان وازۆر دانا بۆئەوەی كە بەشی هیچ بۆچوونێكی جیاواز نەخورێ‌‌و نوێنەری هەموو بۆچوونەكانی ناو حیزبی تیابێ، پاشان هەڵبژاردنێكی تریان كرد بۆ لێژنەی جێبەجێكردنی حیزب (لیجنەی تەنفیزی) كە وەكو سەركردایەتی ئێمە وایە، بۆ ئەمەش لیستێكی 46 كەسییان دابەزان بۆ دەنگدانی راستەوخۆ، بە تێكڕای دەنگ راستەوخۆ دەنگ بۆ ئەو لیستە دراو دەرچوون، لەم 46 كەسی ئەندامی سەركردایەتیە 19 ژنی تیایەو 9 كەس كە تەمەنی لە 35 ساڵا كەمترە لە ناو ئەم 46 كەسەدا، جگە لەم لیستە كە لەلایەن سەركردایەتی پێشووەوە ئامادەكرابوو، هیچ قائیمەیەكیتر نەبوو .

چوارەم: مۆدیلی حیزبی سۆشیالیستی فەرەنسی

مۆدیلی كۆنگرەكانی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسی هەندێك جیاوازی هەیە لەپارتە سۆشیالیست‌و سۆشیال دیموكراتەكانی ئەوروپایی، ئەوەش لەوەدا خۆی ئەبینێ كە لەناو پارتی سۆشیالیستی فەرەنسیدا رێگا بەمحاویر یان فراكسیۆن دەدرێت‌و نوێنەرانی كۆنگرەش بەگوێرەی رێژەی هەریەك لەو محاویرە جیاوازانە لە ناو حیزبەكەیاندا كۆنگرە پێكدێنن، رێژەی لایەنگرانی هەر فراكسیۆنە بەگوێرەی ئەوەیە كە هەر فراكسیۆنە لە ناو پارتەكەیاندا چەندین لە ئەندامان پشتگیری لەو دیدو بۆچوونانە ئەكەن، دیارە هەر فراكسیونێك پێش كۆنگرە بەماوەیەكی زۆر دیدو بۆچوونی خۆی بەنووسراوەیی لەسەر هەموو مەسەلە جیاجیاكانی ناو حیزب لەرووی تێڕوانینی جیاوازیانەوە ئەگاتە دەستیان‌و هەر ئەندامەش بە نووسراو پشتگیری خۆی لەیەكێك لەو فراكسیۆنانە رادەگەیەنێت بە سەركردایەتی حیزبەكەیان، بۆ نمونە لە دوا كۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسیدا، كە لە رۆژانی (24 تا 26 ی مانگی نۆڤەمبەری 2000) لە گرینۆبل لە خوارووی فەرەنسا، گیرا، 3 فراكسیۆن یان وەكو خۆیان دەڵێن 3 (Motion) هەبوو، كە یەكەمیان هی زۆرایەتی بوون لە ژێر ناونیشانی (بەهەموومان با ئەمرۆ سەركەوین لە پێناوی دابینكردنی سبەینێدا) كە سكرتێری یەكەم‌و زۆربەی كەسایەتیە ناودارەكانی حیزبی لەگەڵدابوو، دیارە پڕوگرامەكەی خۆیان لە سەر هەموو مەسەلە جیاجیاكان پێش چەندین مانگ خستبووە بەردەم ئەندامان‌و رێژەی پشتگییری بۆ زۆرایەتی دەوری لە 71% دا بوو، دوو مۆسیۆنی (Motionی) تریش هەبوو هەریەكەیان لە ژێر ناونیشانێكدا كە باڵی چەپی ناو پارتەكەیانیان پێك دەهێنا، كە هەریەكەیان زیاتر لە 13% ی دەنگی ئەندامانی حزبیان لەگەڵدا بوو، رێژەی بەشداربووانی كۆنگرەش بەپێی رێژەی پشتگیریەكان بوو لەمۆسیونەكان، لەكۆنگرەشدا نوێنەری هەر فراكسیۆنە 10 دەقیقەی هەبوو بۆ قسەكردن لەسەر دیدو بۆچوونەكانی خۆیان، هەر فرەكسیونەش بەپێی رێژەكەیان نوێنەرانی خۆیان دیاریكرد بوو بۆ سەركردایەتی داهاتو، لە دوای كۆنگرەش بۆئەوەی بەشی كەمایەتی نەخورێ‌، هەر لایەنە بەپێی رێژەی خۆی پۆستی كاری دەدرێتێ، دیارە زۆرایەتی پۆستە گرنگەكانی ناو حكومەت‌و حیزب وەردەگرێ‌.

*لە پارتی سۆشیالیستدا شەخسی یەكەمی حیزبەكەیان پێی دەوترێ سكرتێری یەكەم، كۆنگرە راستەوخۆ هەڵیدەبژێرێ، لە بەرئەوەی هیچ كاندیدێكی تر نەبوو هەڵبژاردنی سكرتیری گشتی نەخرایە دەنگەوە، واتە بەئیجماع بوو، فراكسیۆنەكان هەموویان بە یەكەوە قبوڵیان بوو، كەس دژ نەبوو، لە زۆرایەتی بوو.
*جۆری سەركرد ایە تیان: دوو ئۆرگانیان هەیە، یەكەمیان: ئەنجومەنی راوێژكار كە زیاتر لە 250 كەسن، كە ئەمە بە گوێرەی لیست‌و رێژەی هەر فراكسیۆنێك یەك لیستیی یەكگرتوو دەخەنە بەردەم كۆنگرە، كۆنگرە موافەقەتی لەسەر دەكات، پاشان ئەنجومەنی راوێژكار سەركردایە تی پارتی لە ژێر ناوی سكرتاریەتی نیشتمانیدا (secretariat national) هەڵدەبژێرێ، كە بە سكرتیری یەكەمیشەوە، ژمارەیان 35 كەسە، بێگومان رەچاوی رێژەی فراكسیونەكان دەكە ن لە هەڵبژاردنیاندا بۆ دیاریكردنی ئەو 35 ئەندامە، لەمانە 25 یان بەرپرسیاری مەكتەبە جیاجیاكانی حیزبن، بە ناوی سكرتێری نیشتمانییەوە (Secretaire Nationaux)، 10 ئەندامەكەی تریان ناویان لێپرسراوی نیشتمانیەكانن بۆ كاروباری ناوخۆی حیزب‌و هاووڵاتیان، كە ئەم 35 ئەندامە وەكو (م.س)ی ئێمە یان سەركردایەتی وایە.
ئەوەی شایانی باسە ئەم فراكسیۆنانە، دیدو بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڵام هەموویان ملكەچی بڕیارەكانی زۆرایەتی دەبن‌و جێبەجێیدەكەن‌و لەهەمان كاتیشدا ململانێی خۆیان لەناو حیزبەكەی خۆیاندا دەكەن بۆ بەرگریكردن لە راوبۆچوونەكانی خۆیان، یان كاركردنە سەر ئەندامانی تری فراكسیونەكان، بەڵام ململانێیەك لەسەر ئەساسی رێزگرتن لەدیدو بۆچوونی ئەویترو جێبەجێكردنی بڕیاری زۆرایەتی. ئەندامەكانی ئەنجومەنی راوێژكاریش بەشێكی زۆری لەسەر ئەساسی نوێنەرانی فیدراسیونەكان، واتە كۆمیتەكانی حیزب دادەنرێن.

پێنجەم: مۆدێلی پارتی كرێكارانی بەریتانی:

كە ئەمانیش هەندێ جیاوازیان هەیە لە حیزبەكانی كە لەسەرەوە ناومان برد، ئەویش لەوەدایە بەشداربووانی كۆنگرەو هەڵبژاردنی، لەسەر ئەساسی رێژەیە بۆ بەشی زۆری توێژەكانی كۆمەڵا، بۆ نمونە بەگوێرەی دەستوورەكانی دەبێ‌ رێژەی بەشداربووانی ژن لە كۆنگرەو سەركردایەتیدا لە 25% كەمتر نەبێ‌، هەروەها بۆ نوێنەرانی سەندیكاكان‌و كارمەندان‌و.. هتد.
*پاش ئەوەی بە خێرای.ی چاوێكمان خشاند بەسەر ئەو مۆدێلانەی سەرەوە..
1-بەرای من گونجاوترینیان بۆ كۆنگرەی ئێمەو بارودۆخی وڵاتی ئێمە مۆدێلی یەكەمە واتە هی وڵاتانی ئەسكەندەناڤیەكانە، دیارە بۆ پێشنیازەكان‌و خستنە بەردەستی هەموو ئەندامان بەو شێوەی ئەوان، لەم كۆنگرەیەدا لە توانادا نە بووە، بەڵام لەوەی هەموو كەس ئازاد بێت دیدو بۆچوونی خۆی لەسەر رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بخاتە روو وەكو تا ئیستا كراوە، ئەمە نزیكمان دەخاتەوە لەمۆدێلەكانی ئەوروپا، لەلایەك، لەلایەكی ترەوە، راپۆرتی سكرتێری گشتی‌و راو بۆچوونەكانی دەبێتە ئەساسی ئەو پێشنیازانەو سیاسەتی یەكێتی، راپۆرتی كۆمیسیۆنە جیاجیاكانی ناو كۆنگرەش، لەمەڕ مەسەلە گرنگەكانی وەكو لەرووی سیاسی‌و ئابوری‌و رێكخراوەی‌و رۆشنبیری‌و مافی مرۆڤ‌و مەسەلەی ژنان‌و .. هتد هەر هەموو ئەمانە جێگەی مۆشنەكانی (Motion) ئەو پارتە ئەوروپیانە دەگرێتەوە كە هیوادارم كۆنگرەی داهاتوو لەسەر تەرزی ئەوروپایی بڕۆین‌و بیگونجێنین لەگەڵا بارودۆخی كوردستان‌و خۆماندا.
2-بۆ هەڵبژاردنی سەركردایەتیش : ئەو ژمارەیەیی كە لە پەیڕەوی ناوخۆی ئامادەكراو بۆ كۆنگرەو، دیاریكراوە، لەوەی 31 تا 35 كەس بن، بە رای من لە جێی خۆیدایەتی، بۆ ئەوەش لە كۆنگرەدا لیژنەیەك دەستنیشان بكرێ بۆ پێشنیازكردنی لیستێك لەو ژمارەیەیی سەرەوە، ئەو لیژنەیەش بە سەرۆكایەتی هە ڤاڵی بەڕێز مام‌جەلال بێ‌، ئەگەر بكرێ زۆر باش دەبێ، لیژنەكەش بەرەچاوكردنی بەرژەوەندیەكانی یەكێتی‌و راگرتنی هاوكێشەی نوێنەرایەتی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان‌و لێهاتوویی هە ڤاڵان‌و رووبەرووبوونەوەی ئەركەكانی یەكێتی بۆ قۆناغی دوای كۆنگرەو زیاتر گەشەدان بەیەكێتی، پێشنیازی ئەو لیستە بكرێ، ئەوە لیستی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەبێت‌و نوێنەران دەنگ بۆ لیستەكە بەیەكەوە بدرێت، وەكو هەموو مۆدێلەكانی كۆنگرەكانی پارتە ئەوروپیەكان، ئەگەر لەناو كۆنگرەدا، كەسانێك هەبوون كە لیستی تریان هەبێ ئەوا با هەردوو لیستەكە، یان هەموو لیستەكان بخرێنە دەنگەوە، چ لیستێك زیاتر دە نگی هێنا ئەو لیستە دبێت بەسەركردایەتی یەكێتی، یان ئەگەر كەسێك لە دەرەوەی لیستەكە یان لیستەكان خۆی هەڵبژارد ئەوا ئەگەر لە لیستەكان زیاتر دەنگی هێنا ئەوا دەبێ‌ بەئەندامی سەركردایەتی.
3-دیارە وەكو زۆربەی هەموو كۆنگرەكانی پارتەكانی دنیا، سكرتێری گشتی كۆنگرە راستەوخۆ هەڵی دەببژێرێ، ئەگەر تەنها یەك كاندید بوو ئەوە پێویست ناكات بخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر كۆنگرە ئەوەی قبوڵانەكرد، ئەوە تەنها ژمارەی ئەو دەنگانە تۆماربكرێ كە نارازین.
4-هەروەكو لەپەیڕەوی تازەدا دیاریكراوە ئەندامانی سەركردایەتی هەڵبژێردراو ئەندامانی م.س هەڵبژێرێت‌و ژمارەیان لە 7 تا 9 كەس بن‌و لەگەڵا چەند ئیحتیاتێكیش (جێگرێكدا).
5-هەروەكو لە پەیڕەوی تازەدا دیاریكراوە، كۆنگرە هەر سێ‌ ساڵا جارێك بگیریت بۆئەوەی كێشەكان كەڵەكە نەبێت‌و تازە بوونەوەش بەردەوام بێت‌و ئەگەر بارودۆخی وا هاتەپێشەوە، كە نەتوانرا كۆنگرە لەكاتی خۆیدا بگیرێت، ئەوا دەسەڵات بدرێتە دەست كۆمیتەی سەركردایەتی كە 6 تا 9 مانگ كۆنگرە دوابخات بەڵام نابێ‌ لەوە زیاتر دوابكەوێت .
هەڤاڵانی بەڕێز ئەمە هەندێ‌ زانیاری‌و دیدوبۆچوونی خۆم بوو خستمە بەردەستتان هیوادارم سوودبەخش بێ‌ بۆ كۆنگرەو بەشداربووانی.
ژمارە (2362) پێنجشەممە 25/1/2001
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved