مەسەلەكە كۆتایی هاتووە

2023-10-15
مام جەلال لە 19/7/1990 كە لەپاریسەوە گەیشتە شام،  داگیركردنی كوێتی لەلایەن سەدامەوە لە مێشك دەرناچوو، ئەو مەسەلەیەی پێشتریش پێشبینی بۆ كردبوو، بەهۆی هەست و بیر تیژی لە خوێندنەوەی رووداو و پێشهات و موفاجەئەكانی دوای شەڕی عیراق - ئێران، بەتایبەت كە سەدام تۆڵەی لە كورد كردبۆوە و چەكی كیمیاوی دژیان بەكارهێناو هەڵمەتەكانی ئەنفالی كرد و گوند و دیهات و  شارۆچكە كوردییەكانی تەختەكرد لەگەڵ زەویدا.

خیتابەكەی سەدام

بیرۆكەكەی مام جەلالیش لە نێو ئەو رستانەوە هەڵێنجرا كە سەدام حسێن لە خیتابەكەیدا لە  17/7/1990، بە بۆنەی ساڵیادی هاتنە سەر دەسەڵاتی حزبی بەعس دابووی، كە تێیدا زۆر بەتوندی هێرشی كردە سەر وڵاتانی كەنداو، بێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێكیان بهێنێت، سەدام لەو وتارەیەدا رستەیەكی وت بووە جێ سەرنجی مام جەلال و  چەند جارێك لە گەڵ خۆیدا وتیەوە، كە تێیدا سەدام دەڵێت: «باشترە سەرمان لەلاشەمان بكەنەوە، نەك لەبرسا بمرین..»، دكتۆر ئەحمەد بامەڕنی كە ئەوكات مام جەلال لەلای میوان بوو لە پاریس دەڵێت: هەر كە مام جەلال ئەو رستەیەی گوێ لێ بوو بەخۆشیەوە وتی»مەسەلەكە یەكلابووەوەو كۆتایی هات ئەحمەد، كێشە لەنێوان عیراق و كەنداو دەستیپێكرد!». 
مام جەلال لە 18/7/1990 چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی فەرەنسی كەوتبوو (بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری)، واتا دوو رۆژ پێش بە جێهێشتنی پاریس و رووكردنە شام، زۆرجاریش مام لەسەردانەكانیدا بۆ پاریس چاوی  بە بەرپرسانی فەرەنسا دەكەوت بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان سەبارەت بەو مەسەلانەی جێ گرنگی هەردوولا بوون.

پێشبینیی داگیركردنی كوێت

دكتۆر بامەڕنی كە یاوەری مام جەلال بوو لەو كۆبوونەوەیە لە كتێبەكەیدا دەڵێت: گفتوگۆكان لەنێوانیان زۆرجار سەبارەت بە كورد و سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوە ئیسلامییەكان بوو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە كۆتایی دیدارەكەشدا قسەیان لەبارەی لێدوانەكەی ئەو دواییەی سەدام كرد كە لە كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی كردی لە نیسانی 1990 لەبەغدا، كە تێیدا سەدام وتی: (دوو دڵ نابم لە سووتاندنی نیوەی ئیسرائیل، ئەگەر هێرش بكاتە سەر هەر دەوڵەتێكی عەرەبی)، بامەڕنی بەردەوام دەبێـت و دەڵێت فەرەنسییەكان لەم دیدارەدا تەئكیدیان لەوە كردەوە بۆ مام جەلال، كە ئەو زانیاریانەی هەیانە هەموو ئاماژەیە بۆ ئەوەی سوپای عیراق لە ئامادەباشیدایە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئیسرائیل،  بەڵام وەكو ئەحمەد بامەڕنی باسی دەكات، مام جەلال بۆچوونێكی تری هەبوو لەو روەوە و پێی وتن، «لەو بڕوایەدام عیراق سوپاكەی دژ بە كوێت ئامادە دەكات»، بامەڕنی هەروەها دەڵێت: « هەردوو بەرپرسە فەرەنسییەكە چاوەڕوانی ئەو پێشبینییەی مام جەلال نەبوون، و وڵامیان دایەوەو وتیان «بەڕێز تاڵەبانی پرسیارەكەمان بەخراپ تێمەگە، بەڵام ئایە ئەوەی وتت لەهیچ  سەرچاوەیەكەوە وەرت گرتووە؟ مام جەلالیش وتی»نەخێر بەلام ئەمە شیكاری تایبەتی خۆمە و لەسەر ئەو زانیارانەی لەلامە، بەم نزیكانەش راستییەكە دەبینن).
ماوەیەكی زۆر تێنەپەڕی كە پێشبینییەكەی مام جەلال هاتە دی، كاتێك سەدام لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 2/8/1990 هەڵمەتی داگیركردنی كوێتی لە ئێزگەی بەغداوە راگەیاند و تێیدا وتی: «لەسەر داوای هێزە شۆڕشگێڕەكانی كوێت، سوپای عیراق چووە ناو شاری كوێتەوە، بەمەبەستی یارمەتیدانی برا كوێتییەكانمان و ئازادكردنیان لە حوكمی هۆزگەری بنەماڵەی ئال سەباح»، هەر دوای ئەوە بەرپرسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا كە پێش دوو هەفتە چاوی بە مام جەلال كەوتبوو، بەپەلە داوای دیداری مامی كردەوە، لە رێگەی تەلەفۆن کردن بە ئەحمەد بامەڕنییەوە و لێی پرسی ئایە گوێی لەهەواڵەكان بووە و ئاگادارە كە سەدام حسێن كوێتی داگیركردووە،  زۆریش پێداگیری لێكرد و  وتی «حەز دەكەین جارێكی تر چاومان بە مام جەلال بكەوێت، بەڵام دكتۆر ئەحمەد بامەڕنی پێی راگەیاندن «داوای لێبوردن دەكەم! ئەو ئێستا لە دیمەشقە»، بەرپرسە فەرەنسییەكەش بەردەوام بووە لە قسەكانی وتویەتی «پێی رابگەیەنە كە ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆی لەگەڵدا بكەین لەهەر شوێنێكی ئەوروپا بێت، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ئامادەین بچین بۆ شام بەمەبەستی دیدار لەگەڵیدا».

راستی پێشبینییەكانی

گومانی تێدا نییە، ئەوەندەی داگیركردنی كوێت شۆكێكی گەورەی بۆ رای گشتی جیهان دروستكرد، لەهەمان كاتدا راستی پێشبینییەكانی مام جەلالی دەرخست، سەرنجی زۆر لایەنی خستە سەر كەسایەتی كاریزمایی ئەو، هەروەها ئەزموون و توانای سیاسیی ئەو و دوربینیشی دەرخست، بەرامبەر بە ئایندەو خوێندنەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی بە عیراق و ناوچەكەدا تێ دەپەڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا مام جەلال تووشی لە خۆباییبوون نەبوو، بەڵكو بەجۆرێك هەڵسوكەوت و ئامادەكاری كرد كە بتوانێت ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییە بگرێتە ئەستۆ كە چاوەڕوانی بوو، لە ئیدارەدانی قەیرانەكان دوای سەركێشیەكەی سەدام دهاتنە ئاراوە، كە دواجار وایكرد هەڵوێستی لەرزۆكی نێودەوڵەتی و هەرێمیی   بەئاراستەی روخان و لەناوبردنی رژێمی خوێناوی سەدامدا برد، كە ببووە هەڕەشە بۆ هەمووان، ئەوەش پاڵی بە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە نا بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لە 17/1/1991 هێرشی ئاسمانی چڕ بكەنە سەر ئامانجە سەربازی و ستراتیژییەكانی عیراق، دوا بەدوای ئەوەش و لە 22/2/1991 هێرشی زەمینی هاوپەیمانان بۆ سەر سوپای عیراق دەستیپێكرد.

لەبەر هەموو ئەوانە مام جەلال هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ بەستنی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراق لە بەیروت لە 7/3/1991 و بە هاوكاری سەركردە عیراقییەكانی تر، كە پێكەوە لە «لیژنەی كاری هاوبەش» كە ساڵی 1990 دامەزرابوو كاریان دەكرد، كە ئەوكات بەرەی كوردستان و حزبی دەعوەی ئیسلامی و ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عیراق و حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی-قیادەی قوتری عیراقی نزیك لە سوریا و حزبی شیوعی عیراقی تێدابوو، دواجار دوو رێكخراوی تریشیان هاتە پاڵ كە لەلایەن سعودیەوە پاڵپشتی دەكران، ئەوانیش بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی و رێكخراوی ئەنجوومەنی عیراقی ئازاد بەسەرۆكایەتی سەعد ساڵح جەبر بوون.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved