دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی مەراسیمی چلەمین ساڵیادی شەهیدبوونی نەجۆ ئەنجامدەدات

2024-03-07

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بە سەرپەرشتی باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی مەراسیمی چلەمین ساڵیادی شەهیدبوونی (نەجمەدین بیوکایا) ناسراو بە (نەجۆ) خەباتکار، نیشتیمانپەروەر و هاوخەباتی سەرۆک مام جەلال_ی ئەنجامدا.

لەو مەراسیمەکەدا بەشی ئەرشیفی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کورتە فیلمێکیان لەسەر ژیان و خەباتی (نەجۆ) پێشکەش کرد ،لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا هەڵۆ شێرکۆ بێکەس قەسەیدەیەکی تایبەت بە شەهید نەجمەدین بیوکایا خوێندەوە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا نووسەر(قادرو بیوکایا) دەربارەی کتێبی (شایەتحاڵەکانی نەجۆ)، کە تایبەتە بە ژیان و خەباتی نەجمەدین بیووک کایە کە بەزمانی تورکی نووسراوە و پێشکەش کرد.

مەراسیمی چلەمین ساڵیادی شەهید نەجۆ لەلایەن دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بە هاوکاریی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بەڕێوەچوو.

وتاری دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کە لە مەراسیمەکەدا لەلایەن باڵیۆز د. محەمەد سابیرەوە خوێندرایەوە
-  بەڕێز قادر بیوکایا، ئامۆزای شەهید نەجۆ.
  بەڕێز د. نەمروود بیوکایا، برازای شەهید نەجۆ.
- بەڕێزان لێپرسراوان و خاوەن پایە و تێکۆشەران، لەگەڵ پاراستنی ناو و پێگەی هەمووان.
- خوشک و برایانی بەڕێز، ئامادەبووانی خۆشەویست
- بەناوی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی-یەوە ،گەرمترین بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ یادی ٤٠هەمین ساڵەی شەهیدی رێگەی رزگاری و تێکۆشەری گەورەی گەلەکەمان ( نەجمەدین بیوکایا) کە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تێکۆشەرانی کوردستانی باشوور بە (سەڵاح) ناسراوە.
شەهید نەجمەدین بیوکا کە نازناوەکەی نەجۆیە.
بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٧٧ لە شام ناسیم، بەراستی سیاسەتمەدار وخەباتگێرێکی کەم وێنە و ناوداری کوردستانە، لەو ماوە کورتەی لە شام بینیم زۆر چۆوە دڵمەوە، چونکە ئەو کوردستانی وەک یەک خاک و یەک نیشتیمان و یەک نەتەوە دەبینی، هەر بۆیەش خەباتەکەی لە کوردستانی گەورە (باکوور)ەوە دەستی پێکرد و رۆژئاوا و باشووریشی کردە مەیدانی تێکۆشان.
شەهید نەجۆ هەر لە سەرەتای ژیانی لاوێتییەوە تێکەڵی خەبات و تێکۆشان بووە، ساڵی ١٩٦٩ کە هێشتا خوێندکاری زانکۆ بووە لە شاری ئەستنبول لەگەڵ ١٢ هاورێیدا کۆمەڵەی رۆشنبیری رۆژهەڵاتیان دامەزراندووە کە بە (دە دەقەدە) ناسراو بوو.
دواتر شەهید نەجۆ بوو بەسەرۆکی رێکخراوەکە.
شەهید سەلاح بەر لەوەی خوێندنی زانکۆ تەواو بکات رۆژی 12/ ی ئازاری 1971 لە دوای کودەتای سەربازی لە تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو ئیدی شەهید نەجۆ بە ناچاری وڵاتی جێ هێشتووە و روی لە چیک ( پراگ) کردووە، دوای لە وڵاتی سوید گیرساوەتەوە ە بووە بە پەنابەر.
وە لە ساڵی ١٩٧٤ حکومەتی (بۆڵەند ئەجاوید) لێبوردنی گشتی دەرکرد، بەهۆی ئەو لێبوردنەوە شەهید نەجۆ گەراوەتەوە تورکیا لەگەڵ باڵی چەپی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی دکتۆر شڤان درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە، و پاشان وازی لەو پارتەش هێناوە، کاتێک کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دادەمەزرێت دێتە شام و زۆر نزیک دەبێتەوە لە شکۆی نەتەوەکەمان سەرۆک مام جەلال.
شەهید سەڵاح هەموو ژیانی خۆی تەرخان دەکات بۆ یارمەتیدانی (ی. ن. ک.) و دابینکردنی پێداویستییە لوجستییەکانی یەکێتی لە ناو خاکی تورکیادا.
شەهید نەجۆ رێگە نیشاندەری یەکەم مەفرەزەی یەکێتی بوو بە سەرکردایەتیی شەهید ئیبراهیم عەزۆ و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو خاکی کوردستانی باشور و ناوچەی بادینان.
شەهید نەجۆ بەراستی تێکۆشەرێکی بێ وێنە بوو هەموو خەسڵەتەکانی سەرکردەیەکی مەزنی تیادا کۆبۆوە ، وە لە هیچ فیداکاری ومەترسییەک سڵی نەکردۆتەوە و زۆر راستگۆبووە لەگەڵ خۆی لەگەڵ نەتەوەکەی ولەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
هەموو سەرکردەکانی یەکێتی و مەفرەزەکانی لە شامەوە لەڕێگەی شەهید نەجۆ وە گەیەنراونەتەوە کوردستانی خۆمان هەر لە کاک نەوشیروان و مام جەلال و حسن خۆشناو... هتد.
کاک نەوشیروان زۆر سەرسام بووە بە شەهید سەلاح، لە کتێبەکەیدا (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناو زەنگ) باسی رۆڵی دیارو پڕ بایەخی شەهید نەجۆ دەکات و وە بەم شێوەیە وەسفی دەکات: "نەجۆ کوردێکی راستگۆ، جوامێر، تێگەشتوو، هەتا بڵێی ئازا و لەخۆبوردوو).
نەجۆ ئەو کاتەی لە ناوزەنگ و تووژەڵە بووە بە کامێراکەی خۆی دەیان وێنەی رەنگە و رەنگ و سەرکردەو پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ و دیمەنی ئەو ناوچانەی گرتووە و وەکو یادگاری و ئەرشیفی شۆرشی نوێ تۆمار کردوە و هەروەکو چۆن هێرۆ خان بە پاڵەوانی ژنانی شاخ و شۆرشی نوێ دا دەنرێت و رۆڵی گەورە و بێ وێنەی بینیوە لە کۆکردنەوەی ئەرشیفی نوێی گەلەکەماندا بە خۆی و کامێراکەیەوە ئەرشیفی شۆرشی نوێ ی تۆمار کردووە.
کە نەتەوەکەمان و خەباتگێران و (ی. ن. ک.) قەرزاری ئەم تێکۆشەرە دێرین و بە ئەزمونانەن، لە سایەی ئەوانەوەیە کە ئێستا شۆرشی نوێی گەلەکەمان بە سەرکردایەتیی شکۆی نەتەوەکەمان مام جلال.
یەکێتی خاوەن ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە کە بۆ ئەم نەوەیە و نەوەکانی داهاتوو سەرچاوەی توێژینەوە و مێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان.
مەخابن سەد مەخابن کە زۆر زوو شەهید سەلاح لەلایەن رژێمی تورکیاوە دەستگیر کرا لە بەندیخانە شەهید دەکرێت بە بیانوی سووتاندنی بەندیخانەکە.
بە رای بەندە ئەگەر شەهید نەجۆ لە ژیاندا بمایە بە پێی ئەو رۆڵەی کە ئەیبینی دەبوو بە سەرکردەیەکی مەزنی گەلەکەمان لە کوردستانی باکوور و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمانی لەو پارچەیەدا دەگەیاندە کەناری ئارام.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید نەجۆ و هەموو شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان.

 
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved