دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ دامەزراوەی بەحر لعلوم واژۆ دەکات

2023-08-09

رۆژی سێشەممە ٨ی٨ی ٢٠٢٣، باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە شاری بەغدا سەردانی دامەزراوەی بەحر لعلومی کرد، لەلایەن بەڕێز د. ئیبراهیم بەحر لعلوم، سەرۆکی دامەزراوەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا باڵیۆز د. محەمەد سابیر باسی لە رۆڵی گەورەی سەرۆک مام جەلال کرد لە دووبارە بوونیادنانەوەی عێراق کە بەردەوام سەرۆک مام جەلال بێجیاوازی ئایین، نەتەوەیی و مەزهەبی کاری بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکرد لەم کۆمەڵگەیەدا؛ سەرۆک مام جەلال بە رۆحییەتێکی دیموکراسییەوە تەماشای هێزە سیاسییەکانی دەکرد و باشترین پەیوەندیشی لەگەڵ کەسایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدا هەبوو.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، باسی لەوەکرد کە وەک دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە بیری سەرۆک مام جەلال لە ژیانی شەست ساڵەی خەباتی کاردەکەین و ئامانجمان پتەوکردنی گیانی تەبایی و پێشکەوتنی وڵاتە، لەڕێگەی بزووتنەوەی رۆشنبیری، کولتووری و زانستییەوە دەتوانین کار بۆ پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵ بکەین.

سەرۆکی دامەزراوەی بەحر لعلوم وێڕای خۆشحاڵی دەربرین بە سەردان و بەسەرکردنەوەی سەرۆک و وەفدی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی؛ ئاماژەی بەوەدا هەموو شۆڕشگێران و ئازادیخوازان قەرزداری رۆڵ و گەورەیی بوونیادنەرانەی سەرۆک جەلال تاڵەبانین، عێراقی نوێ لەسەر دەستی پێشەنگانی شۆڕش کە مام جەلال سیمبولیەتی بوونیادنرایەوە و کۆتایی بە ستەمی بەعس هێنرا.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved