بیرۆکە بەڵێندەرەکان بگۆڕن بۆ دەستپێشخەریی کرداری، "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو ئاشتیدا" ناونیشانی وۆرکشۆپێک دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و رێکخراوی یونسکۆیە
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی ١٠ی ٢٠٢٦ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە هاوبەشیی رێکخراوی یونسکۆ لە عێراق، لە چوارچێوەی پرۆژەی "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو ئاشتیدا"، وۆرکشۆپێک بە هەماهەنگی لەگەڵ پێنج کۆلێژی زانکۆی حکومی لە بەغدا، بەسرە و هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی، رۆژنامەنووس و دەرچوانی زانکۆکان ساز کرد.
بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئاخاوتنی ڕقلێبوونهوه، زانیاریی هەڵە و چەواشەکاریی راگەیاندن و ناوەڕۆکی زیانبەخش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها هاوکارکردنی سەنتەرەکانی توێژینەوە و رەخساندنی ژینگەیەکی هاوکاری بۆ خوێندکاران بۆ ئەوەی بیرۆکەکانیان بەشێوازی نووسین بکەنە پرۆژە بگۆڕن بۆ دەستپێشخەریی کرداری کە کاریگەریی کۆمەڵایەتیی ئەرێنییان هەبێت.
باڵیۆز، د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە وتەیەکیدا بۆ ئامادەبووانی وؤرکشۆپەکە وتی: "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی جەخت لەسەر ئامادەیی بەردەوامی دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ و هاوبەشەکانیدا و کارکردنی هاوبەش بۆ پشتیوانیکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە بەهای لێبوردەیی و پێکەوەژیان دەچێنن و رۆڵێکی کارا دەبەخشنە گەنجان لە ئاشتیسازیدا".
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتیشی: "لەسەر بنەمای رێباز و کەلەپووری سەرۆک جەلال تاڵەبانی، کە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی کردبووە بنەمایەک بۆ هاوبەشیی نیشتمانی، ئێمە بڕوامان وایە وەبەرهێنان لە گەنجان، زانست و داهێناندا، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بوونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە هۆشیارتر، تەباتر و سەقامگیرتر بێت".
باسی لەوەش کرد: " لە مەڕ ئەم روانگەیەوە، داوا لە گەنجانی کوڕ و کچمان دەکەم، بەتایبەتی خوێندکارانی زانکۆکان و داهێنەران لەبوارەکانی ژیریی دەستکرد و راگەیاندندا، بەشدارییەکی کارا بکەن لەم دەستپێشخەرییەدا و بیرۆکە و پرۆژە داهێنەرانەکانیان پێشکەش بکەن، هەروەها بە بەهرەکانیان بەشداربن لە پەرەپێدانی ئامرازی دیجیتاڵی کە تەکنەلۆژیا بکەنە هۆکارێک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، رووبەڕووبوونەوەی ڕق و بەهێزکردنی فەرهەنگی ئاشتی".
ئەم وۆرکشۆپێکی هاوبەشە بۆ ناساندنی "هاكاسۆنی گەنجان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو ئاشتیدا، ئامانجەکانی، پرۆسەی خۆتۆمارکردن، و چۆنیەتی پەرەپێدان و پێشكەشکردنی بیرۆکەی داهێنەرانە بۆ پێشبڕکێکە، کە تایبەتە بە زانکۆکان، کۆلێژەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە.
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و یونسکۆ لە عێراق و لە چوارچێوەی پرۆژەی "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو ئاشتیدا" بە هەماهەنگی لەگەڵ پێنج کۆلێژی حکومی لە بەغدا، بەسرە و هەرێمی کوردستان، دەستپێشخەریی "مەشقگەی داهێنانی گەنجان" رادەگەیەنێت، ئامانج لەم دەستپێشخەرییە پشتیوانیکردنی خوێندکارانی زانکۆیە.
لەکۆتاییدا بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە سوپاسی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ورێکخراوی یونسکۆ-یان کر بۆ کردنەوەی ئەم جۆرە چالاکییە کەدەبێتە هۆی هۆشیارکردنەوەی گەنجان و نووسین پرۆژە و بە کردارکردنیان.