وەزارەتی ژینگەی عێراق دەست دەکات بە ڕێکارەکانی ڕووپێوی مەیدانی بۆ پرۆژەی "پارکی شەهیدان" لە شاری سلێمانی.

2026-08-02
وەک تەواوکارییەک بۆ دەرەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی پێشتر لە شاری بەغداد لەنێوان شاندی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بەڕێز وەزیری ژینگەی عێراق خاتوو سروە عەبدولواحید بەڕێوەچوو، لەپێناو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی بەڕێزیان بۆ پشتگیریکردنی ئەو پرۆژە ژینگەییانەی کە دامەزراوەکە گرتوویەتیە ئەستۆ، تیمی تەکنیکی تایبەتمەند لە وەزارەتی ژینگەی عێراق دەستیان کرد بە کارەکانی ڕووپێوی مەیدانی بۆ ئەو زەوییەی کە تەرخانکراوە بۆ پرۆژەی "پارکی شەهیدان" لە پارێزگای سلێمانی.
ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکی و ژینگەییە پێویستەکان بۆ ڕاگەیاندنی وەک پارێزکراوێکی (محمیة) سروشتی، دوای ئەوەی مەرج و پێوەرە پەسەندکراوەکانی تێدا بێت.
ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دێت کە لەنێوان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و وەزارەتی ژینگەدا واژۆ کراوە، هەروەها بەرجەستەکردنی ئەو هاوبەشییە دامەزراوەییەیە کە ئامانجی پاراستنی ژینگە، زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و دروستکردنی و زیادکردنی ناوچەی سەوزاییە، ئەمە کارێکی نیشتمانی و مرۆییە بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی شەهیدان و بەناوکردنیان، بە جۆرێک لەگەڵ ئامانجەکانی دامەزراوەکە بۆ چەسپاندنی بەهاکانی بەردەوامی و پاراستنی میراتی سروشتی بگونجێت.
تیمی تەکنیکی ڕاسپێردراو لە وەزارەتی ژینگە پێکهاتوون لە د. عادل عومران سەلمان، بەڕێوەبەری بەشی هەمەجۆری بایۆلۆژی و سیستمە ژینگەییە سروشتییەکان لە وەزارەتی ژینگە/ فەرمانگەی تەکنیکی و ئەندازیاری کشتوکاڵی پێشکەوتوو و محەمەد فازڵ عەبد، لێپرسراوی هۆبەی هەمەجۆری بایۆلۆژی و پارێزکراوە سروشتییەکان/ فەرمانگەی تەکنیکی و ئەندازیاری کشتوکاڵی وەلید خالید محەمەد، هۆبەی هەمەجۆری بایۆلۆژی و پارێزگراوە سروشتییەکان/ فەرمانگەی تەکنیکی.
لیژنەکە ئەرکی ئەنجامدانی پشکنینی مەیدانی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تەکنیکی تایبەتمەند بۆ هەڵسەنگاندنی شوێنەکە بەپێی ڕێنماییە ژینگەییە پەسەندکراوەکان دەگرێتە ئەستۆ، وەک ئامادەکاری بۆ تەواوکردنی ڕێکارە فەرمییەکان بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەکە وەک پارێزکراوێکی سروشتی بە ناوی "پارکی شەهیدان".
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی سوپاس پێزانینی زۆری هەیە بۆ ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی کە بەڕێز وەزیری ژینگەی عێراق خاتوو سروە عەبدولواحید پێشکەشی دەکات، هەروەها بۆ هەوڵە پیشەییەکانی ستافی وەزارەت لە ئەنجامدانی ئەم پرۆژە ژینگەییە، ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی نیشتمانی گرنگە و تێیدا پاراستنی ژینگە، گەشەپێدانی بەردەوام و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدان لە ناوچەیەکی ژینگەیی و مرۆییدا کۆدەکاتەوە کە شایستەی قوربانییەکانیان بێت.
پرۆژەی "پارکی شەهیدان" یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، کە ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی سەوزایی و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدان لە ژینگەی ناوچەکەدا و سەروەتێکی گەورەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو بۆ زانینی ناوی شەهیدان و مانەوەی ناویان بە زیندوویی، لەم پارکەدا لە دەروازەی شاری سلێمانی.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved