دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژوو) بڵاودەکاتەوە

2023-12-07
کتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژوو) بریتییە لە دیدارێکی تایبەت و گرنگی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەگەڵ غەسان شربل، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی لوبنانی، لە ساڵی ١٩٩٨ لە شاری سلێمانی ئەنجامیداوە، بە چوار ژمارە لە گۆڤاری (الوسط) بڵاوکراوەتەوە، دیدارەکە دوورە لە ژیانی کەسیی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، بەڵام باسی رووداوە مێژووی و سیاسییەکانی ئەو قوناغانە دەکات کە سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێدا تێپەڕیووە، پەردە لەسەر رووداوە شاراوەکان لادەدات.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی مەراسیمی بڵاوکردنەوە و پێبەخشین و واژۆکردنی کتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژوو) ئەنجامدرا، مەراسیمەکە لەلایەن دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بە هاوکاریی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بە ڕێوەچوو.

کتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژوو) لەلایەن شاناز هیرانی لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی، حەسەن یاسین دووبارە پێداچوونەوەی بۆ ئەنجامدراوە، هەروەها پ. د. ئەحمەد حەمەدئەمین، پسپۆڕی بواری مێژووی هاوچەرخ ئەرکی پێداچوونەوە، پەراوێز و پێشەکی گرتووتە ئەستۆ.

ئەم کتێبە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەسەر ئەرکی بەڕێز دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چاپکراوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved