ڕۆژی سێشەممە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦ باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی گەنجانی راپەڕین واژۆ دەکات.
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دامەزراوەیەکی ناحکومی سەربەخۆی قازانج نەویست، بێلایەنی کەلتووری، مرۆڤایەتی و نیشتیمانییە، کاردەکات بۆ ناساندن، ئەرشیفکردن، پاراستنی ژیان و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی. لەبەرئەوەی سەرۆک مام جەلال بڕوای تەواوی بە توانای گەنجان و دەورو کاریگەریان هەیە لە داهاتوو و پێشخستنی وڵات دا و هەمیشە پێی وابووە گەنجانی رۆشنبیر دەتوانن کۆمەڵگە بگۆرن بەرەو باشتر و لەبەر ئەم هۆکارانە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتی لێکتێگەیشتی واژۆ دەکات لەگەڵ ڕێكخراوى گەنجانی ڕاپەڕین کە ڕێکخراوێکی ناحکومی قازانج نەویستە لەبواری گەشەپێدانی تواناو لێهاتوییەکانی گەنجان کە لەسەرتاسەری کوردستان کاردەکات.
لە لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە "بەرزکردنەوەی توانا مرۆییەکانی گەنجان لەبوارە جیاوازەکاندا بە ڕەخساندنی هەلی بەشداریکردن لە خول و ۆرکشۆپە جیاوازەکان بەتایبەت لەبوارە پیشەییەکاندا".
باس لەوەشکراوە "دروستکردنی دەرفەت بۆ گەنجان لە گەشەپێدانیان لە کایەی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دییبلۆماسییەکان".
لەبەشێکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە "ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنیوان ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین لەگەڵ ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لەڕێگەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵابانی-یەوە".
ئاماژەبەوەش کراوە " کارکردن بۆ کەمکردنەوەی بێکاری لەناو گەنجاندا، ئامادەکردنی گەنجان بۆ چوونە ناو بازاڕی کار، دابینکردنی خولی کرداری لەگەڵ مامۆستایانی شارەزا، پشتگیریی گەنجان بۆ دەستپێکردنی پیشەی خۆیان بە پێی ئەو توانایانەی کە لەبەردەستدان".
لە لێکتێگەیشتنەکەدا گرنگی بە "کارکردن لەبواری ژینگە و چالاکییە ژینگەییەکان کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕێکخستنی چالاکی و کەمپەین بۆ پاراستنی ژینگە، وەک پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی".
ئەم لێکتێگەیشتنە کاری پێدەکرێت بۆ ماوەی (2) ساڵ بەڕەزامەندی هەردوو لایەن نوێ دەکرێتەوە.