رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦ بەبەشداریی بەڕێز نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق و بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز ئیحسان عەوادی، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی عێراق و
بەسەربەرشتی باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بەهاوبەشی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حزبی بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە پیشاندانی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەبارەی فرۆکەخانەکەوە دەستی پێکرد و پاشان باڵیۆز د. محەمەد سابیر بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر وتی: "بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەین بۆ ئەم ساتەوەختە گرنگە، کە تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو وێستگەیەکی نیشتمانی و هەڵگری واتایەکی قووڵە لە کاروانی چەسپاندنی ناسنامە و وەفاداری بۆ مێژوو".
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتیشی: "بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، تەنیا ڕێکارێکی ڕواڵەتی یان ناونانێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو دەربڕینێکی ڕوونە لە ئیرادەیەکی سیاسیی هۆشیار کە مێژوو بە بەرپرسیارێتییەوە دەخوێنێتەوە و پێزانینی شایەن پێشکەش بە ڕەمزە نیشتمانییەکان دەکات".
باڵیۆز د. محەمەد سابیر باسی لەوە کرد: "ڕەوانشاد سەرۆک جەلال تاڵەبانی، ئامادەییەکی ناوازەی لە ژیانی سیاسیی عێراقدا هەبوو؛ هەم وەک یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ وهەم وەک یەکێک لە دیارترین داڕێژەرانی وەرچەرخانە گەورەکان و کەسایەتییەکی کاریگەر کە بەشداری کرد لە نەخشاندنی سیمای قۆناغێکی نوێ لە مێژووی عێراقدا".
پاشان بەڕێز نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق وتارێکی پێشکەش کرد باسی رۆڵەکانی سەرۆک مام جەلالی تاڵەبانی کرد لەبەرەو پێشچوونی عێراق و هەنگاونانی عێراق بەرەو دیموکراسی و بنیاتنانەوەی عێراق و بەهێزیی مام جەلال لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و یەکخستنەوەی لایەنە دژەکان لەکۆتاییدا پیرۆزبایی لەشاری سلێمانی کرد بەبۆنەی ناونانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی-یەوە.
بەڕێز نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق: "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەبێتە هێمایەکی هەمیشەیی بۆ زیندووهێشتنەوەی رۆڵی مام".
هەریەک لە بەڕێز حەسان جەوادی و بەڕێز ئەمجەد جبوری، جێگری سەرۆکی فڕۆکەوانی عێراق و نوێنەری رێکخراوی بەدر وتەیان پێشکەش کرد، لەکۆتایی مەراسیمەکەدا رێز و سوپاس بەخشرایە ئەو لایەن و کەسایەتیانەی هاوکاربوون لەگۆڕێنی ناوی فڕۆکەخانەکەدا ئەوانیش بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشووی عێراق و بەڕێز حازم وەتەن، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەڕێز رەزاق موحیبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی پێشوو عێراق و بەڕێز کاپتن ئەمجەد جبوری، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق و بەڕێز عەلی تاڵب فازل، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومی لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و بەڕێز عەلی بەلەد، نووسینگەی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق.
لە رێکەوتى 19ى شوباتی 2026، ناوى "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی" بۆ ناوی "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" گۆڕدرا و ناوی نوێ لە سەرجەم نووسراوە رەسمییەکان، نەخشە، گەشتە ئاسمانییەکان و بەڵگەنامە پەسەندکراوە پەیوەندیدارەکاندا جێگیر کرا.
ئەم رێکارە لە چوارچێوەی ئەو نوێکارییە رەسمییانەدایە لە کەرتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراقدا پەسەند کراون، کە هەموارکردنی کۆد، نیشانە و زانیارییە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە فڕۆکەخانەکە دەگرێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق، لە 3ی10ی2025، ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی گۆڕی، ئەمەش وەک رێز و پێزانینێک بۆ خەباتی بێوچانی سەرۆک مام جەلال لە رووبەڕووبونەوەی دیکتاتۆرییەتدا.