مام جەلال و پرۆسەی ئاشتبوونەوەی گشتیی لەشاخ
سەرەتا
ئەگەرچی شەڕی براكوژیی لەنێو جوڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلانی جیهاندا روداو و دیاردەیەكی سیاسی و چەكدارییە، بەڵام روداوێكی پڕ ئازارو برینداركەرەو مایەی سەركۆنەكردن و پێداچوونەوەو بەخۆداچوونەوەیە بۆ كورد. شەڕی براكوژیی لەشاخ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی نێو جوڵانەوەی رزگاریخوازی كورد لەباشووری كوردستان یەكێكە لەو رووداوە تراژیدیانەی، كە پێویستە ببێتە وێستگەیەكی گرنگی پێداچووونەوەو هەڵسەنگاندن لەسەر كۆمەڵێك بنەماو پرنسیپی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، بەجۆرێ رێگا نەدرێت جارێكیتر دووبارە ببێتەوەو بتوانرێت پەندو وانەی لێبەرهەم بهێنرێت و هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی دروست بكات، چونكە ئەو روداوە زیانێكی گەورەی بەخەباتی رەوای كورد بۆ وەدیهێنانی مافە رەواكانی گەیاندو لەكاروانی خەباتی رزگاریخوازیی دوایخست.
بڵێسەی ئاگری شەڕی براكوژیی و بانگەوازی مام جەلال بۆ ئاشتەوایی
دوای ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لایەنەكانی بەرەی جود (بەرەی نیشتمانیو دیموكراسیی عێراقی- الجبهة الوطنیة الدیمقراطیة العراقیة/ جود)، لەرۆژی (28/11/1980) لەلایەن پارتی و حسیك و حزبی شیوعی پێكهات، دواتر لەرۆژی (12/11/1980) هەریەكە لە (پارتی سۆسیالیستی كورد- پاسۆك) و (پارتی گەلی دیموكراتی كوردستانو حزبی سۆسیالیستی عێراقو گردبوونەوەی دیموكراتی عێراق) هاتنە ناو ئەم بەرەیەوە،(1) لەبەرامبەر (بەرەی نیشتمانیو نەتەوەیی دیموكراسیی عێراق- الجبهة الوطنیة القومیة الدیمقراطیة العراقیة/ جوقد)، كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و چەند لایەن و رێكخراوێكی سیاسی كوردستانی و عێراقیی تێدا بوو پێشتر لە رۆژی (12/11/1980) دامەزرا بوو،(2) قۆناغێكیان لەشەڕی براكوژیی لەنێوان خۆیاندا تێپەڕاند، ئاكامەكەی بەزیانی خۆیانو جوڵانەوەی رزگاریخوازیی كورد كۆتاییهات، لەبەرئەوەی جگە لەماڵوێرانیو بەفیڕۆچوونی توانا مرۆییو مادیو چەكدارییەكان هیچ لایەك سودی لەو شەڕە نەبینی. هەرچەندە یەكێتی توانی لایەنەكانی بەرەی جود لەبەشێكی گۆڕەپانی ناوچەكانی باشوری كوردستان بەتایبەت ناوچەی سۆران وەدەربنێت، بەڵام نەیتوانی كۆتایی بەبوونی سیاسی و چەكداریی و هێرشی ئەوان بهێنێت. دوای رودانی دوو گەڕی خوێناوی لەشەڕی براكوژیی لەو ماوەیەدا جۆرێك لەهەستكردن بەرامبەر بەبێسود بوونی شەڕو كوشتاری یەكتری دروستبوو، لەمیانەی ئەو ماوەیەشدا چەند هەوڵێك بۆئاشتبوونەوەی لایەنەكانو كۆتاییهێنان بەشەڕو ململانێ درا، بەڵام ئەنجامی كرداری ئەوتۆی لێنەكەوتەوە، لەبەرئەوەی ئەو هەوڵانە لەلایەن نوسەرانو رووناكبیرانەوە دەدران، بەجۆرێ لەلایەك هەوڵی تاكەكەسیی بوونو هیچ فشارێكی سیاسیو چەكدارییان نەبوو، تاوەكو لایەنەكانی نێو جوڵانەوەی كورد ناچار بكەن ئاشتببنەوەو كۆتایی بەناكۆكییەكانی نێوانیان بهێنن، لەلایەكیتریشەوە ئیرادەی ئاشتبوونەوە لەو قۆناغەدا لای لایەنەكانی نێو جوڵانەوەی رزگاریخوازیی كورد ئامادەیی نەبوو، بەڵام بەهۆی هەوڵی مام جەلال و دەستپێشخەرییە مێژووییەكەی ئاشتبوونەوەی گشتیی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی جوڵانەوەی رزگاریخوازی كورد لەباشووری كوردستان وەدیهات و شەڕی براكوژیی لەشاخ كۆتایی هات، بەجۆرێ لەو ساتەوەختەدا، كە هێشتا ئاگری لولەی تفەنگەكانی شەڕی براكوژیی بڵێسەو چەخماخەی دەداو دەشت و كێوو كانیاوەكانی كوردستان بەخوێنی شەڕی براكوژیی سور بووبوون، ئا لەو ساتەدا مام جەلال دەركەوت و بەدەنگێكی زوڵاڵ بانگی ئاشتی بەگوێی هەموواندا دا و دەستپێشخەریی بۆ ئاشتبوونەوەی یەكێتی و لایەنەكانی بەرەی جود راگەیاند، كە بووە بەردی بناغەی ئاشتییەكی سەرتاسەری و زۆر بەرەوپێشچوونی خەباتی رزگاریخوازانەی كورد لەباشووری كوردستان.
مام جەلال و دەستپێشخەری بۆ ئاشتبوونەوەی گشتیی لە نەورۆزی سورداش
لەرۆژی (21/3/1984) لەسورداشو لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی جەماوەری فراواندا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە (مام جەلال) وتارێكی خوێندەوەو تیایدا داوای ئاشتبوونەوەی گشتیی كردو بانگهێشتی لایەنەكانی بەرەی (جود)ی بۆ ئاشتیو تەباییو چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بەرێگای وتووێژی هێمنانە كرد.(3) بۆ ئەم مەبەستەش دوای ئەمە یەكێتی چەند جارێك نامەو نوێنەری بۆ لای لایەنەكانی بەرەی جود (بەتایبەت بۆ حزبی شیوعی و پارتی دیموكراتی كوردستان) بەمەبەستی ئاشتبوونەوە نارد، بەڵام بەهۆی بوونی مەرجی ئەو لایەنانەوە نامەو هەوڵەكان ئەنجامی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە.(4) دواجار ئەوەی لەنێو لایەنەكانی بەرەی جوددا بەدەم بانگەوازەكەی یەكێتییەوە بۆ ئاشتبوونەوە رۆیشت، حسك بوو. سەرەتاكانی ئاشتبوونەوەی گشتیش لەنێوان حسكو یەكێتیدا لەئاشتبوونەوەو رێكەوتنێكی ناوچەییەوە (ناوچەی سلێمانیو شارەزوور) دەستیپێكرد، بەڵام پرسی ئاشتبوونەوەی گشتیی بەواقیعی لەدوای كۆتاییهاتنی وتووێژی یەكێتیو رژێمی بەعس ئەنجامی باشی لێكەوتەوە، چونكە یەكێتی لەمەسەلەی وتووێژ لەگەڵ بەعسدا بەهۆی دەستێوەردانی توركیاو بەدەستهێنانی كۆمەكی دەرەكی لەچەند لایەنێكەوە لەلایەن عێراقەوە لەشەڕیدا لەگەڵ ئێران بێهیوا بوو، هەروەها وتوێژەكان گەیشتنە بنبەستو شتێكی ئەوتۆیان لێسەوز نەبوو.(5)
هەوڵی نووسەران و رووناكبیران لەشاخ بۆ ئاشتبوونەوەی گشتیی
لەرۆژی (16/4/1984) هەریەكە لە فەرەیدون دارتاشو حەمەی حەمەباقی دەچنە برادۆست بۆ بینینی بەرپرسەكانی حزبی شیوعی بۆ ئاشتبوونەوە، بەڵام ئەنجامی نابێت. هەر لەم قۆناغەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی نامە بۆ پارتی دەنێرێ بەمەبەستی ئاشتبوونەوە، بەڵام وەڵامی نابێ. لەدەرەوەش چەند هەوڵێك لەگەڵ مەسعود بارزانی دەدرێت، ئەویش سودی نابێتو چەند مەرجێكی دەبێ لەوانە: یەكێتی وتووێژ لەگەڵ بەعس كۆتایی پێبهێنێتو یەكێتیش داوای لەپارتی كرد بوو، ئەوانیش پەیوەندی لەگەڵ ئێران بپچڕێنن. دیسان لەرۆژی (16/8/1984) شاندێكی یەكێتی، كە پێكهاتبوون لە(ئازاد هەورامی، د.پێشەوا تاڵەبانی) لەگەڵ فەرەیدون دارتاش دەچن بۆ چیای شیرین بۆ لای حزبی شیوعیو لەكۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند مەرجو خاڵێك باس دەكەن، بەڵام حزبی شیوعی مەرجیان بۆ وتووێژو ئاشتبوونەوە ئەوەیە، كەیەكێتی بەیاننامەیەك لەسەر سەركۆنەكردنی رووداوی پشتئاشانو وتووێژی یەكلایەنەی لەگەڵ بەعس دەربكاتو كۆتایی بەوتووێژ لەگەڵیاندا بهێنێتو شەڕ دژی بەعس دەستپێبكاتەوە. جگەلەوەی بەعس وەك سەوداكارێكی جەنگ درێژەی بەوتووێژ دەدا، لەولاشەوە یەكێتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنەكانی بەرەی جوددا نەمابوو.(6) هاوكات پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ سوریاو لیبیاو ئێرانیشدا بەهۆی نزیكبوونەوەو چوونە نێو وتووێژە لەگەڵ رژێمی بەعس تێكچووبوو. لەم نێوەندەدا یەكێتی بەتەنها مابوویەوە، ئەگەرچی لەو قۆناغەشدا بەهێزبوو. یەكێتی لەرۆژی (15/1/1985) بەیاننامەیەكی لەسەر كۆتاییهاتنی وتووێژەكانی لەگەڵ بەعسدا دەركردو(7) لەلایەن بەرەی جودیشەوە ئەمە بەهەنگاوێكی ئیجابیی لەقەڵەمدرا.(8)
هەنگاوە كردارییەكانی یەكێتی بۆ ئاشتبوونەوەی گشتیی دوای دەستپێشخەرییەكەی مام جەلال
دوای كۆتایی هاتنی وتووێژی یەكێتیو بەعس، یەكێتی لەرێگای (شەوكەتی حاجی مشیر)ەوە یەكەم نامە بۆ (محەمەدی حاجی مەحمود) لەحسك بەمەبەستی ئاشتبوونەوە دەنێرێت، كە دوو پێشنیازی تێدابوو:
یەكەمیان- گەڕانەوەی محەمەدی حاجی مەحمود بۆ ناو ریزەكانی یەكێتی.
دووەمیان- ئەگەر گەڕانەوەی قبوڵ نەبوو، ئەوا رێكەوتنو ئاشتبوونەوە لەسنوری ناوچەی سلێمانیدا ئەنجامبدرێت، كە ئەو ئەوكاتە ناوبراو لێپرسراوی بووە.(9)
محەمەدی حاجی مەحمودیش وەڵامی نامەكە بەپیاوێكدا بەناوی (رەحیم ئیسماعیل) دەنێرێتەوەو ئامادەیی بۆ پیشنیازی دووەمو ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەكێتیدا دەردەبڕێت، بەڵام لەنامەكەدا داوا دەكات، كە لەگەڵ حسك ئاشتبوونەوەی گشتیی بێت، نەك تەنها لەسنوری ناوچەی سلێمانیدا.(10) پاش ئاڵوگۆڕكردنی چەند نامەیەك لەنێوان هەردوولا (محەمەدی حاجی مەحمودو شەوكەتی حاجی مشیر)،(11) دواجار دەگەنە رێكەوتننامەیەكی ناوچەیی لەرۆژی (21/3/1985)و لەگوندی (ناوگردان)ی نزیك شاری (سەیدصادق) رێكەوتننامەكە ئیمزا دەكەن.(12) خاڵەكانی ئەو رێكەوتننامەیە پێكهاتبوون لە:
ئاگربڕ لەنێوان هەردوولا لەرۆژی (21/3/1985)ەوە.
ئازادی سەربازیو سیاسی لەناوچەی شارەزوور بۆ هەردوولا هەبێت، بەڵام لەناوچەكانی شارباژێرو دۆڵێ، بەئاگاداری هەردوولاو بەمۆڵەتی فەرمییەوە بێت بۆ گەرمیانو قەرەداغ.
چەك رفاندن لەرۆژی (21/3/1985)ەوە بۆ هەردوولا قەدەغە بكرێت.
ئیجرائاتی چەكەكانی پێشوو، كە لەنێو یەكێتی نیشتمانییەوە چوونەتە ناو حكومەت، دەكرێت.
دانانی لیژنەیەك بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی هەردوولا لەگەڵ رەچاوكردنی هەندێ هەڵاوێردن.
ئیجرائات لەگەڵ دۆستانو رێكخستنو كەسو كاری شەهیدی هەردوولا نەكرێت، بەمەرجێك بەڵگەی یەكێك لەو لایەنەی پێبێت.
بكوژی پێشمەرگەو جەماوەر، بەپێشمەرگە وەرنەگیرێتو حسابی بكوژی بۆ بكرێت.
گەڕان لەگەڵ لایەنەكانی جود لەو شوێنانەی كەبوونی یەكێتی لێیە.
هەركەسێك لەهەرلایەك لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرا، لەلاكەی دیكە وەرنەگیرێت.
كێشەكانی هەردوولا بەلیژنەیەك چارەسەر بكرێت.
ئەنجومەنی ئاواییەكانی شارەزوور لەلایەن لیژنەیەكەوە پێكبهێنرێتو دەسەڵاتی تەواوەتی بدرێتێ.(13)
ئەگەر سەیری خاڵەكانی رێكەوتننامەكە بكەین، تێبینی ئەوە دەكەین، بناغەیەكی باشی بۆ ئاشتبوونەوەی گشتیی سازكردووە. لەلایەكیتریشەوە هۆكاری سەرگرتنی ئەم رێكەوتننامەیە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی هەریەكە لەمحەمەدی حاجی مەحمودو شێخ محەمەد شاكەلی، كە سەرپەرشتی ناوچەی سلێمانیو شارەزووری حسكیان دەكرد، جۆرێك لەسەربەخۆیی كاركردنو هەڵسوكەوتو بڕیاردانیان هەبوو، لەولاشەوە لەم ناوچەیەدا بەهۆی گومرگو هەندێ شتی ترەوە، جۆرێك لەساردی كەوتبووە نێو پەیوەندی نێوان حسكو لایەنەكانی بەرەی جودەوەو هەندێجاریش ئاڵۆزی كەوتبووە نێوانیانەوە، ئەمە جگەلەوەی خودی محەمەدی حاجی مەحمودیش بەرەی جودی بەمایەی زیان بۆ سەر حسك لێكدەدایەوەو حەزی لێنەدەكرد.(14)
لەراستیشدا ئەم هەڵسوكەوتانەی هەریەكە لەمحەمەدی حاجی مەحمودو شێخ محەمەد شاكەلی سەربەخۆییانەو بێپرسو راكردن بەسەركردایەتی حسك بوو، هەرچەندە محەمەدی حاجی مەحمود باس لەوە دەكات، كە ناوەڕۆكی نامەكانی لەرێگای خاڵەحاجییەوە بۆ سەركردایەتی ناردبوو، بەڵام وەڵامیان نەدابوویەوە.(15) ئیتر یان ئەوەبووە خاڵەحاجی نەیگەیاند بوون، یاخود سەركردایەتی حسك بەهۆی بوونی شەڕو كوشتار لەگەڵ یەكێتیداو لەولاشەوە بەهۆی بوونیان لەبەرەی جوددا پێیان خۆشنەبووە لەگەڵ یەكێتیدا ئاشتببنەوە. هەم سەركردایەتی حسكو هەم لایەنەكانی بەرەی جودیش جگە لەپاسۆك (بەتایبەت حشعو پارتی)دژی ئەم رێكەوتننامەو ئاشتبوونەوە ناوچەییە بوون. لەكۆبوونەوەیەكی لایەنەكانی بەرەی جودیشدا لەراژان رەخنە لەسەركردایەتی حسك دەگرنو گوشار دروستدەكەن، كەبەرەی جود یان سەركردایەتی حسك بەیاننامەیەكی سەركۆنەكردن دژی محەمەدی حاجی مەحمودو شێخ محەمەد شاكەلی دەربكەن.(16) دوای سوربوونو پێداگرتنو روونكردنەوەی بارودۆخەكەو قەناعەتپێكردنی سەركردایەتی حزبەكەیان، شێخ محەمەد شاكەلی بە هاوڕێیەتی عەبدولخاق هەورامیو دوو پێشمەرگە سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە یاخسەمەر دەكەنو دوای ئەویش چەند جارێك محەمەدی حاجی مەحمود سەردانی یەكێتی دەكاتو گفتوگۆ لەگەڵ مام جەلالو ئەندامانی مەكتەبی سیاسیدا دەكات.(17)
شێخ محەمەد شاكەلی لەمبارەیەوە دەڵێت:"دوای ئەوەی رێكەوتننامەو ئاگربڕە ناوچەیییەكەی ئێمەو یەكێتی بەباشی شكایەوە، سەركردایەتیی یەكێتی داوای وتووێژی راستەوخۆیان كردو ئێمەش لەمەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەمان كردو زۆر پێشنیاز هەبوو، دوایی لەسەر پێشنیازی من لەگەڵ عەبدولخالق هەورامیو دوو پێشمەرگە سەردانی سەركردایەتی یەكێتیمان كردو لەلایەن مام جەلالو ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتییەوە پێشوازی گەرم كراین".(18) هاوكات ناوەڕۆكی بەشێكی زۆری ئەو نامانەش، كە لەوماوەیەدا لەنێوان یەكتردا ئاڵوگۆڕ دەكران، دەربڕی پەرۆشی بوو بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەكترو كۆتایی هێنان بەشەڕو ناكۆكی رابردوو.(19)
وێستگەكانی ئاشتبوونەوەی گشتیی دوای دەستپێشخەرییەكەی مام جەلال
وێستگەی یەكەم- ئاشتبوونەوەی (یەكێتی و حسك) لە (یاخسەمەر):
ئەنجامی دەستپێشخەرییەكەی مام جەلال لە نەورۆزی سورداش و بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەشەوە بەستنی رێكەوتنی ناوچەی شارەزوورو سلێمانی نێوان یەكێتی و حسك زەمینەسازی بۆ سەردان و چاوپێكەوتنی ئەو دوولایەنە لەسەر ئاستی باڵاتر لێكەوتەوە، یەشێوەیەك ئاكامی ئەم سەردانو چاوپێكەوتنانە ئەوەی لێكەوتەوە، كەشاندێكی سەركردایەتی حسك، كەپێكهاتبوون لە (قادر جەباری، شێخ محەمەد شاكەلی، خاڵە حاجی)، لەرۆژانی (18-24/4/1986) سەردانی باخسەمەریان كردو لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیدا كۆبوونەوەو بەدیاریكراویش لەرۆژی (21/4/1986)رێكەوتننامەیەكی گرنگیان پێكەوە ئیمزاكرد.(20)
ئەو خاڵانەی لەو رێكەوتننامەیەدا هاتبوو بریتیبوون لە:
ئەلف- لایەنی سیاسیی:
ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەنێوان هەردوولا لەسەر هەموو ئەو مەسەلانەی لەكوردستانو عێراقو ناوچەكە دێنە پێشەوە.
لەرۆژی ئیمزاكردنی ئەم رێكەوتننامە بەدواوە هەردوولا بەڵێنی بەیەكتری دەدەن، لەهیچ میحوەرێكی سیاسی دژی ئەویتر بەشدار نەبنو لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی دژ بەیەكتر پێكنەیەن.
هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشو قوڵكردنەوەیانو كاركردن لەسەریان.
هاوكاریكردنی یەكتری بۆئەوەی لایەنەكانی تر مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی كورد لەعێراقدا بسەلمێنن.
هەوڵدان بۆ یەكخستنی رێكخراوە دیموكراتیو پیشەییەكانی كوردستان لەناوەوەو دەرەوەی وڵات.
گۆڕینەوەی زانیاریی هەمەلایەنە لەنێوان هەردوولادا.
ئەم هاوكارییە هەنگاوێكی كرداری بێت بۆ ئاشتبوونەوەیەكی گشتی لایەنە كوردستانیو عێراقییەكان، بۆ بنبڕكردنو نەهێشتنی شەڕی ناوخۆ بەرەو پێكهێنانی بەرەی كوردستانیو بەرەی فراوانی عێراقی، كەمافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی كورد بسەلمێنن.(21)
بێ- لایەنی راگەیاندن:
1. یارمەتیدانی یەكتری بۆ گەشەپێدانی كاری راگەیاندن لەسەر مەسەلە هاوبەشەكان.
2. تەركیزكردن لەسەر پێویستی هاوكاریو یەكخستنی خەباتی شۆڕشگێڕانە دژی حكومەتو هێنانەدی مافەكانی گەلەكەمان لەسەر بناغەی مافی چارەی خۆنوسینی گەلی كورد.
3. بڵاوكردنەوەی هەواڵی رۆژو چالاكی یەكتر.
4. هاوكاری هونەری بۆ گەشەپێدانی رۆژنامەو رادیۆی هەردوولا.(22)
جیم- لایەنی سەربازیی:
1. هاتوچۆكردن بۆ ناوچەكان بەئاگاداری یەكتر بێت، بەگوێرەی (ضوابط و أسس)و پێویستییەكانی، كە لەكۆبوونەوە خولییەكاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت.
2. نابێت هەردوولا پێشمەرگەی محاسەبەكراوی راكردووی یەكتری وەربگرن یاخود یارمەتی بدەن.
3. پێشمەرگە بۆی هەبێت لەئەنجامی قەناعەتی خۆی لەیەكێك لەم دوو لایەنەوە بۆ لای یەكتری بگوازێتەوە، بەبێ چەك، مەگەر چەكەكە بەبەڵگە هی خۆی بێت.
4. هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی چالاكیی سەربازیی هاوبەش دژی هێزەكانی حكومەت بەرێكەوتن لەنێوان مەڵبەندی (ی.ن.ك)و لقی حسكدا.
5. هەوڵدان بۆ خۆشكردنی زەمینەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە.(23)
دوای ئەم رێكەوتنە جارێكیتر شاندێكی باڵای حسك، كە پێكهاتبوون لە(رەسوڵ مامەند، عەدنان موفتی، سەیدكاكە، خاڵەحاجی، محەمەدی حاجی مەحمود)، لەرۆژی (11-13/7/1986) سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكەنو لەلایەن (مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، د.فوئاد مەعسوم، فەرەیدون عەبدولقادر)ەوە پێشوازی دەكرێنو پاش چەند رۆژێك وتووێژ، راگەیەنراوێك بەزمانی عەرەبی دەردەكەنو تیایدا، باس لەپێویستی بەدەنگەوەهاتنی لایەنە سیاسییە كوردییەكان بۆ ئاشتبوونەوەو كۆتایی هێنان بەكوشتاری ناوخۆ لەپێناوی دانانی بەردی بناغەی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی دژی حكومەتی فاشی بەغدا، بەئامانجی وەدەستهێنانی مافە رەواكانی كوردو مافی چارەی خۆنوسین دەكەن. هەروەها هەردوولا لەسەر چەند خاڵو تەوەرەیەك رێككەوتن لەوانە:
ئەلف- ئاشتبوونەوەی هەمەلایەنەی هەردوولاو پێكهێنانی بەرەیەكی بەرهەڵستیكاری بۆ هێزە كوردییەكان.
بێ- رێكخستنی كاروباری داراییو گومرگو بڕینەوەی رێژەیەك لەپارەی گومرگی مانگانە بۆ حسك.
جیم- دابینركردنی بڕی (30) هەزار دینار مانگانە بۆ حسك لەلایەن یەكێتییەوە.(24)
هەر لەم سەردانەی حسكدا داوای ئاشتبوونەوەی یەكێتی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی تری بەرەی جود بەگشتیو پارتی بەتایبەت دەكرێتو هەردوولا (یەكێتیو حسك) رێكدەكەون، لەسەر ئەوەی حسك هەوڵی ناوبژیوانی بۆ ئاشتبوونەوەی نێوان یەكێتیو پارتی بدات.(25) ئەم رێكەوتنو ئاشتبوونەوەیەی نێوان حسكو یەكێتی، ئەگەرچی لەسەرەتاوە ئاگربڕێكی ناوچەیی بوو، بەڵام دوایی بوو بەسەرەتایەك بۆ رێكەوتنو ئاشتبوونەوەی گشتیی لەنێوان یەكێتیو لایەنەكانی بەرەی جوددا. هاوكات ئەم ئاشتبوونەوەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو، چونكە كۆتایی بەشەڕو ناكۆكی نێوان یەكێتیو حسك لەلایەكو لەدواتردا یەكێتیو لایەنەكانی بەرەی جود هێناو بوو بەئامرازو زەمینەیەكی لەبار بۆ پێكهێنانی بەرەی كوردستانیو یەكخستنی هەوڵو توانا سیاسیو چەكدارییەكان دژی حكومەتی بەعس لەعێراقدا، ئەمە جگەلەوەی زۆر مەسەلەو شتی بنەڕەتی چارەسەر كردبوو، كەجێگەی ناكۆكیو شەڕو شۆڕی نێوان یەكێتیو لایەنەكانی بەرەی جود بوو، بەتایبەت مەسەلەی ناوچەی دەسەڵاتو فەرمانڕەوایی.(26)
وێستگەی دووەم- ئاشتبوونەوەی (یەكێتی و پاسۆك) لە (بێژوێ و یاخسەمەر):
دوای ئاشتبوونەوەی حسكو یەكێتی زەمینەیەكی لەبار بۆ ئاشتبوونەوەی یەكێتیو لایەنەكانی تری بەرەی جود هاتەئاراوە. حسك هەوڵیدا لەنێوان یەكێتیو پاسۆكدا ئاشتەوایی دروست بكات، بەتایبەت پاش چاوپێكەوتنو دیداری نێوان ئازاد مستەفا لەپاسۆكو محەمەدی حاجی مەحمود لەحسك. لەو دیدارەدا ئازاد مستەفا پێشنیاز دەكات حسك، بۆ ئاشتبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتیدا رۆڵ ببینێت، تەنانەت كاتێك یەكێتی رادیۆكەیان لەدەنگی شۆڕشی عێراقەوە بۆ دەنگی كوردستان دەگۆڕن، پاسۆك پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە لەیەكێتی دەكاتو هانی حسكیشیان دابوو وەپیر بانگەوازەكەی یەكێتییەوە بۆ ئاشتبوونەوە بچێتو لەكۆبوونەوەی لایەنەكانی بەرەی جودیشدا لەراژان، بەرگری زۆریان لەهەڵوێستی شێخ محەمەد شاكەلیو محەمەدی حاجی مەحمود كرد بوو، بەوەی لەگەڵ یەكێتیدا رێكەوتنی ناوچەییان لەسنوری ناوچەی سلێمانیو شارەزووردا ئیمزاكردووە.(27) شاندێكی پاسۆك، كە پێكهاتبوون لە (ئازاد مستەفا، مولازم كەریم، شەماڵ)، لەرێگای خاڵەحاجی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حسكەوە بۆ بێژوێو یاخسەمەر بۆ لای یەكێتی بەڕێدەخرێن، پاش یەكتر بینینی شاندی پاسۆكو یەكێتی، بەیاننامەیەكی هاوبەش پێكەوە دەردەكەنو رێكدەكەونو ئاشتدەبنەوە. دوای ئاشتبوونەوەشیان پاسۆك بنكەو بارەگاكانیان دەبەنە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لەدۆڵی جافەتیو مالومە.(28)
وێستگەی سێیەم- ئاشتبوونەوەی (یەكێتی و پارتی) لە گوندی (كاولان)و دواتر لە (تاران):
هەر لەم ماوەیەداو لەناوەڕاستی ساڵی (1986)داو لەرێگای حسكەوە هەندێ نامە لەنێوان سەركردایەتی یەكێتیو پارتیدا بەئامانجی نزیبكوونەوەو ئاشتبوونەوە ئاڵوگۆڕ دەكرێت، لەرۆژی (25/5/1986) نوێنەرانی سەركردایەتی یەكێتیو پارتی لەبارەگای حسك لەگوندی كاولان كۆدەبنەوەو پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایی دەكەنەوە، تەنانەت دواتریش دەبێتە پەیوەندییەكی گەرم و گوڕ.(29) بەهۆی هەوڵو ناوبژیوانی حسكو ئامادەیی هەردوولا بۆ ئاشتبوونەوە لەرۆژی (7/11/1986) ئیدریس بارزانیو مام جەلال لەتاران كۆبوونەوەو لەسەر هاوكاریو تەنسیق لەنێوانیاندا رێكەوتنو بەیاننامەیەكی دوو قۆڵییان دەركردو لەسەرجەم كوردستاندا بەزمانی كوردیو عەرەبی بڵاوكرایەوەو لەسەر چەند خاڵێك رێكەوتن.(30) دواتریش پرۆژەیەكیان بەناوی (پرۆژەی هاریكاریی لەنێوان پارتیو یەكێتی) لەرووی سیاسیو سەربازییو راگەیاندنەوە دەركرد.(31) ئەو خاڵانەی، كە یەكێتیو پارتی لەسەری رێكەوتن بریتیبوون لە:
ئەلف- هەوڵی تەواوو بەردەوام بۆ بەگەڕخستنی هەموو توانای هەردوولاو رووخاندنی حكومەتی بەعسی عەفلەقی عێراق.
بێ- دابینكردنی ئازادی چالاكی سیاسیو سەربازیو رێكخراوەیی هەردوولا لەهەموو ناوچەكانی كوردستانی عێراقو گەشەپێدانی خەبات.
جیم- وەستاندنی چالاكی راگەیاندنی هەردوولا لەدژی یەكتر، چ چالاكی راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ.
دال- رێگرتن لەشەڕی براكوژیو حەرامكردنی. راگەیەنراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی یەكێتیو پارتی لەتاران، لەرۆژی (2/11/1986).(32)
ئەم ئاشتبوونەوەو رێككەوتننامەیەی نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەنێوان (مام جەلال تاڵەبانی و ئیدریس بارزانی) لەقۆناغەكانی دواتردا بناغەیەكی گرنگی بەرەو دامەزراندنی (بەرەی كوردستانی) داڕشت، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی (مام جەلال تاڵەبانی) لەتاران، لەبەرئەوەی لەنێو سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا (ئیدریس بارزانی) یەكێك لەو سەركردەو كەسایەتییە سیاسیانە بوو، كە لەگەڵ ئاشتبوونەوەو ئاشتەوایی سیاسییدا بوو، لەو پێناوەشدا چەند هەوڵێكی دا، بەتایبەتیش دوای رێكەوتننامەی تاران هانی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات بۆئەوەی شاندێكی مەكتەبی سیاسی سەردانی دۆڵی (جافایەتی) بكەن بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان. بۆ ئەو مەبەستە شاندی پارتی و چەند ئەندامێكی سەركردایەتی حزبی شیوعی- لیژنەی هەرێمی كوردستان چوونە یاخسەمەر. شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتبوون لە (فازل میرانی، فەرەنسۆ حەریری)، لەكۆتایی مانگی تشرینی دووەمی (1986) هەردوولا كۆبوونەوەیەكی بەرهەمداریان ئەنجامدا لەپێناوی پەرەپێدانی زیاتری ئاستەوایی و یەكڕیزی نیشتیمانی جوڵانەوەی كورد.(33)
وێستگەی چوارەم- ئاشتبوونەوەی (یەكێتی و حزبی شیوعی) لە (ڕاژان):
هاوكات هەر لەم قۆناغەدا حسك، لەهەوڵدان بۆ ئاشتكردنەوەی یەكێتیو لایەنەكانی تری بەرەی جود، كەمتەرخەم نەبوو، بەتایبەت كاتێك لەلایەن مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی، كەبەرپرسی ناوچەی كەركوكو سلێمانی حشع بوو، لەرێگای چەند نامەیەكەوە لەمانگی (4/1986)دا، كە بۆ عەبدولخالق هەورامیو دواتریش بۆ محەمەدی حاجی مەحمودی دەنێرێت، تیایاندا داوا دەكات حسك رۆڵی ناوبژیوانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتیدا ببینێت.(34) لەمانگی (5/1986)دا لەرێگای خاڵەحاجییەوە، مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی دەگاتە (سەفرەو زەروون)و لەگەڵ مام جەلال بەیەك دەگەنو پرسی ئاشتبوونەوە تاوتوێدەكەن. بەهۆی ئەم چاوپێكەوتنەوە لەناوەڕاستی مانگی (كانوونی دووەمی 1987) نوێنەرانی حشع، كە پێكهاتبوون لە(عەبدورەزاق سافی، مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی) لەراژان لەگەڵ نوێنەری یەكێتی، كەبریتی بوو لە(فەرەیدون عەبدولقادر)كۆدەبنەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا بەیاننامەو رێكەوتننامەیەك دەردەكەنو تیایدا لەسەر چەند خاڵێك رێكدەكەون.(35) ئەو خاڵانەی، كە یەكێتیو حشع لەسەری رێكەوتن بریتیبوون لە:
ئەلف- هەرلایەك بڕیاری ئازادی چالاكی سیاسیو فیكریو رێكخستن بۆ لاكەی تر دەدات.
بێ- هەردوولا پابەندن بەوەی نەچنە ناو رێكەوتنێكەوە، كە دژی لاكەی تر بێت.
جیم- ئاڵوگۆڕی بیروڕا بۆ گفتوگۆكردنی بارودۆخە نوێیەكان.
دال- پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا لەهەردوولا، كە لەساڵێكدا دووجار كۆدەبێتەوەو لانیكەم بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان.
ها- سەركۆنەكردنی توندوتیژی وەك شێوازێك بۆ چارەسەكردنی ناكۆكییەكانو حەرامكردنی بەكارهێنانی بەرەهاییو پشت بەستن بەوتووێژی دیموكراتی وەك تاكە شێواز بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانو پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی...تاد.(36)
ئاشتبوونەوەی یەكێتی و ئێران
دوای ئاشتبوونەوەی گشتیی یەكێتی و لایەنەكانی بەرەی جود، پێویستبوو یەكێتی و ئێرانیش ئاشتببنەوە، لەبەرئەوەی هەم یەكێتی لەو قۆناغە هێزێكی نیشتیمانی سیاسی و چەكداری گرنگی جوڵانەوەی رزگاریخوازی كورد بوو، هەم ئێرانیش وڵاتێكی بەهێزو پشتیوانیكەری هێزە نەیارەكانی رژێمی بەعسی عێراق بوو. چەندین جار بەناوبژیوانیو ئامادەیی حسك نوێنەرانی دامو دەزگا جیاوازەكانی ئێرانو بەرپرسەكانیان سەردانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییان دەكردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی كۆدەبوونەوە. لەئاكامدا یەكێتیو ئێران ئاشتبوونەوەو لەسەر هاوكاری هەردوولا پێكهاتنو جۆرێك لەپەیوەندی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆش لەنێوانیاندا دروستبوو.(37) ئەو خاڵانەی، كە یەكێتیو ئێران لەسەری پێكهاتن بریتی بوون لە:
ئەلف- ئێران پشتیوانی لەبزوتنەوەی نیشتمانی كورد لەدژی سیاسەتی داگیركارانەی عێراقی عەفلەقی بكات.
بێ- ئێرانو یەكێتی پابەندن بەهاوكاری یەكتری بۆ سەرنگومكردنی حكومەتی سەدام حسێنو بەدیهێنانی حكومەتێكی دیموكراسی سەربەخۆو میللی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵكەوە.
جیم- ئێرانو یەكێتی لەدژی هەموو ئەوانەی، كە دەسەڵاتو سەربەخۆیی عێراق دەخەنە مەترسییەوە هاوكاری یەكتری بكەن.
دال- هەردوولا بڕیاردەدەن سەبارەت بەجەنگو ئاشتی، بەهیچ شێوەیەك هەڵوێست وەرنەگرن بەبێ راوێژ.(38)
گرنگی ئاشتبوونەوەی یەكێتیو ئێران سەبارەت بە جوڵانەوەی رزگاریخوازی كورد لەوەدا بوو، كە ئێران لەو قۆناغەدا وەك پەناگەیەك بۆ لایەنەكانی نێو جوڵانەوەكە، بەتایبەت لایەنەكانی بەرەی جود وابوو، ئەگەر بهاتبا ئێرانو یەكێتی ئاشت نەبوونایەتەوە، پێدەچوو پرۆسەی ئاشتبوونەوەی گشتیی لەنێوان یەكێتیو لایەنەكانی بەرەی جوددا سەری نەگرتایە، چونكە لەشەڕی ناوخۆدا ئێران پشتیوانییەكی ناڕاستەوخۆی گەورەی لەلایەنەكانی بەرەی جود دەكرد، ئەمە جگەلەوەی ئێران وەك دوژمنێكی گەورەی عێراق بەردەوام هاوكاری لایەنە كوردییەكانو هێزە بەرهەڵستیكارەكانی حكومەتی عێراقی دەكرد. ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ ئێران، بۆ سود لێوەرگرتنو درێژەدان بەخەباتی جوڵانەوەی رزگاریخوازی كورد لەپێناوی لاوازكردنو روخاندنی حكومەتی بەعس لەعێراقو وەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد، گرنگ بوو.
ئەنجام
دواجار بەهۆی ئەو دەستپێخەری و بانگەوازە گرنگەی مام جەلال لە نەورۆزی سورداش بۆ ئاشتی و ئاشتبوونەوەی گشتیی یەكێتی و لایەنەكانی بەرەی جود خستییەڕوو، هەروەها بەهۆی بەدەمەوەچوونی حسك بۆ دەستپێشخەرییەكەی مام جەلال و هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئاشتبوونەوەی گشتیی، توانرا لەو قۆناغەدا ئاشتەوایی گشتیی دروستببێتو جوڵانەوەی كوردی لەشەڕی زیاتری ناوخۆو براكوژیی رزگار بكرێت. هاوكات هەوڵو تەقەلاكانیش یەكبخرێنو زەمینەیەك بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسیو سەربازی لەنێوانیاندا بڕەخسێنرێت، كە دواتر لەچوارچێوەی (بەرەی كوردستانی)دا رەنگڕێژ بوو، كە لەوەشدا رۆڵ و دەستپێشخەریی مام جەلال، هەڵوێست و دەستپێشخەرییەكی مێژوویی بوو بۆ جوڵانەوەی رزگاریخوازی كورد لەباشووری كوردستان، كە بەدوای خۆیدا راپەڕین و بەهاری ئازادی ساڵی 1991 و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە، هەوڵدەدەین لەوتاری شیكاری و توێژینەوەیی داهاتوودا لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە گرنگەی تری مام جەلال بەپشتبەستن بەبەڵگەنامەو سەرچاوەكان بوەستین و زانستیانەو بابەتیانە شیبكەینەوە.
پەراوێزو سەرچاوەكان
كەریم ئەحمەد: رێڕەوی تێكۆشان، وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە (جەلال دەباغ)، چ1، چاپخانەی رەهەند، سلێمانی،2007، ل291، ئەحمەد بانیخێڵانی: بیرەوەرییەكانم، چ1، بەبێ چاپخانە، ستۆكهۆڵم- سوید، 1997، ل396. حبیب محمد كریم: تاریخ الحزب الدیمقراطی الكردستانی- العراقی فی محطات رئیسیة (1946-1993)، مطبعة خبات، دهوك، 1998، ص169، عزیز محمد: تقریر اللجنة المركزیة الی المؤتمر الوطنی الرابع للحزب الشیوعی العراقی، أقرە المؤتمر (10-15تشرین الثانی 1985)، منشورات الاعلام المركزی للحزب الشیوعی العراقی، بدون مكان الطبع، ص83.
نەوشیروان مستەفا: پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن، دیوی ناوەوەی رووداوەكانی كوردستانی عێراق (1979-1983)، 1997، ل176. حبیب محمد كریم: تاریخ الحزب الدیمقراطی، م.س، ص168.
نەوشیروان مستەفا: خولانەوە لەناو بازنەدا، دیوی ناوەوەی رووداوەكانی (1984-1988)، چاپو بڵاوكردنەوەی مەڵبەندی ئاوەدانی، 1999، ل32، یەكێتی ی نیشتمانی كوردستان: گفتوگۆی، ل5، رێباز: قەندیل بەغدای، بەشی یەكەمو دووەم، چ2، چاپخانەی (پەیوەند)، سلێمانی، 2008، ل(205،108).
یوسف حنا یوسف: مذكرات یوسف حنا یوسف، ط1، مطبعة التعلیم العالی، اربیل، بلا سنە الطبع، ص(132،131)، نەوشیروان مستەفا: خولانەوە، س.پ، ل(78،32).
بیار مصطفی شریف: تركیا وكوردستان العراق، الجارین الحائرین، ط1، مطبعة (خانی)، دهوك، 2008، منشورات مؤسسة موكریانی للبحوث والنشر، اربیل، ص167، چاوپێكەوتنی توێژەر لەگەڵ (نەوشیروان مستەفا)، لەرۆژی(18/6/2009)، سلێمانی.
فؤاد معصوم: المسالە الكردیة وتشكیل الدولة العراقیة، فی كتاب عدنان المفتی: الحوار العربی- الكردی، ط1، مكتبة مدبولی، القاهرة، 1999، ص(194)، محەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری پێشمەرگەیەك (1982-1986)، بەرگی دووەم، چ1، بەبێ چاپخانەو شوێنی چاپ، 1999، ل215.
بەیاننامەی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی ی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی كۆتایی هاتنی وتووێژ لەگەڵ بەعس لەرۆژی(15/1/1985)، دەق لەفاتح رسول: صفحات من تاریخ كفاح الشعب الكردی (أحداث ووثائق 1982-1990)، ترجمة (كمال غمبار)، ج3، مطبعة (شفان)، السلیمانیة، 2006، منشورات مدیریة النشر، وزارة الثقافة حكومة اقلیم كوردستان، ص651.
بەیاننامەی بەرەی جود لەكۆتایی مانگی كانوونی دووەمی (1985)، دەق لەفاتح رسول: صفحات، ج3، م.س، ص665.
نامەی شەوكەتی حاجی مشیر بۆ محەمەدی حاجی مەحمود لەرۆژی (1/2/1985)، دەق لەمحەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س.پ، ل683.
نامەی محەمەدی حاجی مەحمود بۆشەوكەتی حاجی مشیر، لەرۆژی (2/2/198)، دەق لە لەمحەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س.پ، ل686.
بۆدەقی نامەكان بڕوانە لەمحەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س.پ، ل(680-700).
سەرەتا لەگوندی (دۆڵاش) لەماڵی هاوڵاتی (محەمەد عەلی دۆڵاشی) دانیشتن دەكرێت، بەڵام ئێوارەكەی دەچنە گوندی (ناوگردان)و لەوێ رێكەوتنەكە ئیمزا دەكەن، صلاح الخرسان: التیارات السیاسیة فی كردستان العراق (1946-2001)، ط1، 2001، مؤسسة البلاغ للطباعة والنشر والتوزیع، بیروت- لبنان، ص(498،499).
بڕوانە رێكەوتننامەی حسكو یەكێتی لەناوچەی شارەزوورو سلێمانی لەرۆژی (21/3/1985)، دەق لە محەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری پێشمەرگەیەك، ب2، س.پ.
محەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، ل(228، 229).
ه.س، ل237.
ه.س، ل258.
صلاح الخرسان: التیارات السیاسیة، م.س، ص(498،499).
چاوپێكەوتنی توێژەر لەگەڵ شێخ محەمەد شاكەلی لەرۆژی (24/2/2009)، هەولێر.
نامەی مام جەلال بۆ محەمەدی حاجی مەحمود لەرۆژی (2/12/1985)، هەروەها نامەی نەوشیروان مستەفا بۆ محەمەدی حاجی مەحمود لەرۆژی (14/1/1986)، دەق لەمحەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س.پ، ل(728،718).
نەوشیروان مستەفا: خولانەوە، س.پ، ل116.
پرۆتۆكۆلی هاوبەشی نێوان یەكێتیو حسك، بەرگەڵو، لەرۆژی (21/4/1986)، دەق لەمحەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س.پ، ل739.
ه.س، ل739.
ه.س، ل739.
نەوشیروان مستەفا: خولانەوە، س.پ، ل116، محەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س،پ، ل(343،342).
نەوشیروان مستەفا: خولانەوە، س،پ، ل116.
محەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، ل331.
محەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س،پ، ل(231، 333، 334).
ه.س، ل(33،32)، هەروەها ل(337،336).
فاتح رسول: صفحات، ج3، م.س، ص456.
راگەیەنراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی یەكێتیو پارتی لەتاران، لەرۆژی (2/11/1986)، دەق لەفاتح رسول: صفحات، ج3، م.س، ص455، صلاح الخرسان: التیارات، م.س، ص427.
پرۆژەی هاریكاری نێوان یەكێتی ی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەرۆژی (8/11/1986) تاران، دەق لەفاتح رسول: صفحات، ج3، م.س، ص(669،668).
راگەیەنراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی یەكێتیو پارتی لەتاران، لەرۆژی (2/11/1986)، دەق لەفاتح رسول: صفحات، ج3، م.س، ص455، صلاح الخرسان: التیارات، م.س، ص427.
سامی شۆڕش: الحركة القومیة والزعامة السیاسیة، ادریس بارزانی نموذجا، ص169.
بۆ دەقی نامەكانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی بۆ عەبدولخالق هەورامیو محەمەدی حاجی مەحمود بڕوانە محەمەدی حاجی مەحمود: رۆژژمێری، ب2، س،پ، ل(732-745).
لەفاتح رسول: صفحات ، ج3، م.س، ص(437،436)، بیروەرییەكانی مەلا حەسەن، ل(83،84)، نەوشیروان مستەفا: خولانەوە، ل121.
بڕوانە فاتح رسول: صفحات، ج3، م.س، ص(439،440).
نەوشیروان مستەفا: خولانەوە، س،پ، ل(102-105).
كریس كۆچێرا: بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردو هیوای سەربەخۆیی، وەرگێڕانی لەفارسییەوە (ئەكرەمی میهرداد)، بەرگی یەكەم، چ1، سەنتەری چاپو پەخشی تەما، سلێمانی، 2002، ل77.
[email protected]