مام جەلال لەژووری هەواڵدا... لەجێی سەرنووسەری (کوردستان) و (رزگاری) دەبێتە سەرلەشکری (رزگاری)

2026-10-25
6
مام جەلال وەک چۆن لە نووسینی لەسەر رۆژنامەکەی بولگاریا باسی دەستەی نووسەران و شێوەی کاریان دەکات لەسەر (خەبات)یش وا دەنووسێت (دوای ئەوە ئیتر دەستەیەکی نووسەر پێکهێنرا بۆ خەبات لە خوالێخۆشبوان عەبدولڕەحمان زەبیحی، حیلمی عەلی شەریف و مام جەلال، پاشان کە بوو بە عەرەبییش، کاک حەبیب محەمەد کەریم و شەمزینی و هەڤاڵە کوردە سورییەکە کاک خەلیل و ناوبەناو مامۆستا جرجیس فەتحوڵڵا، بەشدارییان تێدا دەکرد). 

ئەمە جگە لە چەندین نووسەری کورد و عیراقی کە ناوبەناو وتاریان بۆ خەبات دەنارد و جگە لە بەشداریی پەیامنێرەکانی خەبات لە کوردستانەوە و ئەو وتار و دەنگوباسانەی د.کەمال فوئاد لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆی دەنارد. وەرگێڕانی تێزەکانی د.شەمزینیش و بڵاوکردنەوەی رۆژانەی لە خەباتدا لەژێر ناونیشانی (الحرکة التحرریة للشعب الکردی)دا بابەتێکی هەمیشەیی خەبات بوو. 
ئەمە بوو سەرگوزشتەی خەبات هەتا داخستنی لەلایەن رژێمی قاسمی خوالێخۆشبوووەوە. (کتێبی نووسینەکان.. هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە 347).

ئەم شارەزاییە  زەق و ئاشکرایە سەرمایەی مەعنەوین بۆ ئەزموونی رۆژنامەوانیی سیاسەتمەدارێک. بۆیە پاش ماوەیەکی کورت رۆژنامەی (کوردستان) لە درەنگانی ساڵی 1960 دەبێتە رۆژنامەیەکی کوردیی نیمچە ئازاد کە مامۆستا برایم ئەحمەد دەبێتە خاوەن ئیمتیاز و مام جەلال دەبێتە سەرنووسەری. دوای ئەوەی ئیمتیازی رۆژنامەی (خەبات)ی عەرەبی دەداتە حزب، لەسەر ناونیشانی ئەم رۆژنامە دەنووسرێ لە چاپخانەی (کوردستانی نوێ) چاپکراوە. ئەمەش چاپخانە نییە بە قەدەر ئەوەی چاپخانەی ئومێدی مام جەلال-ە کە دوایی دەبێتە ناوی ئەم رۆژنامەی ئێستامان (کوردستانی نوێ) کە ئەم زنجیرە وتارەی  تیا بڵاودەبێتەوە. 

بەداخەوە ئەم رۆژنامە تەنها هەر پێنج ژمارەی لێدەردەچێت کە دوای دەیان ساڵ (ساڵی 2019) هەر پێنجی بە کۆششی د.نەوزاد عەلی ئەحمەد و د.هیمداد حسێن و لە بڵاوکراوەکانی کورستانی نوێ و بە پێشەکی نووسەری ئەم باسە، بڵاودەکرێتەوە. 

سەرەنجام لەبەر دیکتاتۆریی حوکمڕانیی قاسم، بەرامبەر بە گەلی کورد، ئیتر بڵاوکراوەکانی کوردستان و خەبات دادەخرێن. خەبات بۆ کوردستان دەگوازرێتەوە بۆ شاخ و ئیتر شۆڕشی ئەیلول بەرپا دەبێت. 
لێرەوە مام جەلال لە راڕەوی بڵاوکراوەکانی (رزگاری و خەبات و کوردستان) دەیگوازێتەوە بۆ توولەرێ و باریکەڕێی شاخەکانی کوردستان.  لەوێ خەباتی چەکداری دەست پێدەکات و مام جەلال لەجێی سەرنووسەری (کوردستان) و (رزگاری) دەبێتە سەرلەشکری (رزگاری) بۆ کوردستان. بەڵام بەهرەی نووسین هەروا گەش و رووناک دەمێنێتەوە کە تەنانەت نەیارە سیاسییەکانیشی کە دواتر دەبنە بەشێک لە شەڕەدەنووک، ناتوانن ئەم توانایانە نادیدە بگرن. بۆیە م.هەژار موکریانی، لە چێشتی مجێوردا وا دەنووسێ کە گوایە ئەو داوای کردووە مام جەلال کە لە هەمەدان گەڕاوەتەوە با بێتە راگەیاندنی شۆڕش و لەوێ بنووسێ (من پێشنیارم کرد کە حەیفە جەلال تاڵەبانی لە دۆڵە رەقە بێکار دانیشێ، قەڵەمی باشە با بێتە لامان و لە نووسیندا هاوکاریمان بکات. نامەیەکیان بۆ نووسیبوو کە وەرە مەکتەبی سیاسی کارمان پێتە! وا تێگەیبوو کە دەیکوژن. چێشتی مجێور چاپی ساڵی 1989) بەڵام ئیتر دابڕانە سیاسییە قووڵەکە دەقەومێت. 

مام جەلال لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دەچێتە بەغدا، ئیتر لەوێ هەر لە خەبات و لە نووسین و لە چاودێریی مەیدانی رۆژنامەنووسی بەردەوام دەبێت، بەڵام وەک کارەکتەرێکی سیاسی، بەڵێ دەبێتە نووسەر لە گۆڤاری رزگاری و لە رۆژنامەی(النور)ی عەرەبی.  تەنانەت سەروتار و زنجیرە وتاریش دەنووسێ و کتێب و لێکۆڵینەوەی دەوڵەمەندتریش دەبێت، بەڵام ئیتر ئەو رۆژنامانە بە گوێرەی ئیدارە و هەیکەلی تەحریر سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی خۆیان هەیە (مێژووی رۆژنامەگەری پارتی دیموکراتی کوردستان باڵی مەکتەبی سیاسیی 1964-1970 چاپی یەکەم 2023).

لەوێ بەدوا، مام جەلال تەرخانی سەرەکی خەباتی سیاسی دەبێت. تەنانەت لە شۆڕشی نوێشدا وەکو دێینە  سەرباسکردنی کە رێبەرایەتی شۆڕش و یەکێتی و دامەزراوەکانیشیان دەکات، بایەخێکی زۆر بە کایەی راگەیاندن و رۆژنامە و رادیۆ دەدات، بەڵام ئیتر راستەوخۆ نا، بەڵکو وەکو رێبەرێکی هەمەلایەنە کە میدیا ئامرازێکی سەرەکی خەباتی خۆی و شۆڕشەکەی دەبێت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved