*مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
نۆڤلێتی (کارەکەر)* یەکێکە لە چیرۆکە کۆمەڵایەتی و بایەخدارەکانی نووسەر و ئەدیبی گەورەی کورد خاتوو(گەلاوێژ)، لەم نۆڤلێتەدا خاتوو گەلاوێژ ڕۆڵی بنچینەیی بە ژن بەخشیووە، بەڵام بە چەندین کاراکتەر و ڕۆڵبینینی جیاواز، ئەم جۆرە وردییە لە نووسیین، ئامانج و پەیامێکی مەبەستدار لە خۆ دەگرێت، نووسەر نەهاتووە بە شێوەیەکی لایەنگیرییانە یاخود جیاکاریی و خودیی، ڕۆڵەکانی ژن دابەش بکات و، وەک ژنێک تەنها لایەنە ئەرێنی و باشەکان هەڵبژێرێت و، نەرێنییەکانیش بخاتە ئەستۆی بەرامبەر، بەڵکو زۆر بابەتییانەو واقیعیانە لە ژن و سایکۆلۆژیای ژن دوواوەو، بەچەندین ناوەندی کۆمەڵایەتی جۆر بەجۆر و شوێن و پێگەی جۆربەجۆر و تەمەن و ئاستی جۆربەجۆر ڕۆڵەکانی دابەشکردووە، هەر ڕۆڵبینینەی لایەنێکی واقیعی ژیان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاکاریی و تایبەتمەندییە فسیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکانی ژنمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە وادەکات ئەم نۆڤلێتە نەک تەنها لە ڕووی ئەدەبییەوە، بەڵکو لە چەندین ڕەهەندی ترەوە بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لە ژیانی ژن، بەتایبەت ژنی کورد لە مێژوو و ئێستادا بەکەڵ بێت و سوودی لێ وەربگیرێت.
نۆڤلێتی (کارەکەر) دەیەوێت ئەوە بە ڕوونی بخاتە بەردەست خوێنەرەکەی، کە ژن بەشێکی سەرەکی ژیانەو کاریگەریی لە زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابووریی و بڕیارە جۆربەجۆرەکاندا هەیە، ژن، بە پێی ئەو پەروەردەو پێگەیاندنەی کە پێیدا تێپەڕدەبێت لە نێو خێزان و کۆمەڵگەو بەشەکانی تری ژیانیدا دەتوانێت ڕۆڵەکانی خۆی بگۆڕێت، نەک خۆی بەڵکو کاریگەری لەسەر گۆڕینی بڕیارەکانی دەوروبەریشی هەبێت، کە ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین بەشیک لەو ڕۆڵە جیاوازانەی ژن کە لە نۆڤلێتی (کارەکەر) لە نووسینی خاتوو گەلاوێژدا کاری لەسەر کراوە، بخەینە ڕوو:
یەکەم: ژن وەک خانمی خانەدان و ئەرێنی:
مەلیحە خان، وەک خانمێکی بەهێز و کاریگەر، خانەدان لە نۆڤلێتەکەدا ڕۆڵ دەبینێت، ژنێک پێمان دەڵێت ژن دەتوانێت زۆر کاریگەری هەبێت لە ئاڕاستەکردن و بەڕێوەبدردنی خێزان و ماڵدا، هێزی خاتوو مەلیحە لە میهرەبانی و چاوکراوەیی و ورییایدایە، ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی نابێتە هۆکاری ئەوەی کە لەخۆبایی بێت و بەرەو لایەنی نەرێنی ڕەفتارکردنی بەرێت.
خاتوو مەلیحە سەرەڕای سەرقاڵییەکانی، ماڵ و منداڵ و خێزان و هاوسەر و خزمانی لەیاد ناکات، هەمیشە لەخەمی بەڕێوەبردن و باشتر ئەنجامدانەکانی ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانییەتی، ئەم ڕووخسارە لە دەرخستنی توانای ژن جوانییەک بە ژن دەبەخشێت لە نۆڤلێتەکەدا کە خوێنەر سەرسامی ژن بێت و خوازیاری ئەوە بێت هەموو ژنێک بتوانێت بەو شێوەیە لە ژیان و ژنییەتی خۆی بڕوانێت، پێش ئەوەی ژنایەتی خۆی بشێوێنێت هەوڵبدات ژنییەتی خۆی بسەلمێنێت.
دووەم: گوڵە، گەورەبوون لە منداڵییەتیدا:
گوڵە، ئەو کچە دەساڵانەی کە بەهۆی باری کۆمەڵایەتی و هەژاریی و بێ دایکییەوە هەر لە منداڵییەوە دەبێت( کارەکەر) زۆر دیمەنی ناخهەژێن و ئازاربەخشمان بۆ دەخاتە بەرچاو، نووسەر خاتوو گەلاوێژ، بەم کاراکتەرە ویژدانی مرۆڤ دەوروژێنێت بۆ تێفکرین لە ژیان و لە ژنبوون، کارکردنی منداڵێکی کچی دە ساڵان، ئەنجامدانی ئەو ئیشانەی کە هی ئەو نیین، دابڕان لە یاری و گەمەو سەماو گۆرانی منداڵی و ئاوێتە بوون بە خەم و مەراقی گەورەکان، ئازارێکە ڕامان دەچەڵەکێنێت و پێمان دەڵێت جیاکاریی ژیان چ ئازارێکی سەخت و قوڵی هەیە، کە ئەگەر چی لە نێو خێزانێکی میهرەبان و باشیشدا کاربکات ، زەحمەتە بتوانرێت خستنەبری ئەو منداڵێتییە لەدەست چووەی بۆ بکرێتەوە کە لە منداڵیەتیدا نەیتوانییەوە بوونی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، گوڵە، لە وتەیەکیدا دەڵێت،( ئەم ژنە دەڵیت ئیتر بووی بە کچمان؟ ئەی کوا ؟ بۆچی وەکو کچی ئەو لەو ژوورە و لەسەر ئەو جێگە باش و خۆشە نانووم، ئەی بۆچی منیش نانێرن بۆ مەکتەب؟ئەگەر وەکو کچی ئەوم ئەی بۆچی نانە باشەکە دەدات بە منداڵەکانی وبۆچی پاشماوەکەیان دەدات بەن؟ وەڵڵا تێناگەم؟) ئەم جۆرە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەیە پێمان دەڵێت، منداڵ گەرچی ئەوەی لە خەیاڵیدایە نەشیڵێت نەڵام ئەستەمە بێ کاریگەری لە ژیانیدا تێبپەڕێت، چ جای ئەو منداڵە کچ بێت، کە لەداهاتوو دەبێت بەدایک، ئەم رووداوانە ئەبێ چ کاریگەریەکی ناهەموار لەدەرونی منداڵێک بکەن، کە بارگرانی ژیان ناهێڵێت بە ڕەوتی ئاسایی منداڵیتی خۆیدا تێ بپەڕێت و ئەزموونەکانی ژیان لە یاری و خۆشیدا دەستبکەوێت.
سێیەم: ژنی کاریگەر لە گۆڕینی بڕیارەکانی پیاو:
زۆر جار دەوترێت ئەگەر ژن بیەوێت و بزانێت، زۆر شتی پێدەکرێت، تەنانەت دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕینی بڕیارەکانی پیاویشدا لە کارو پیشەکەیدا، خاتوو گەلاوێژ لە کاراکتەری ئوم باسلدا، ئەوە دەخاتە ڕوو کە ژن ڕۆڵی هەیە لە ئاڕاستەکردنی پیاو، وە ئەو ئاڕاستەکردنەش چۆن بە شێوەیەکی دیبلۆماسییانە دەتوانرێت جێبەجێبکرێت، ڕامکردنی پیاو ژنێکی بەهێزی بەدەستوبازووی ناوێت، هێندە ژنێکی لێزان و وریاو تەکنیککاری دەوێت لە ڕەفتار و گرنگی پێدان و مامەڵەدا، هەر وەک لە نۆڤلێتەکەدا هاتووە،(ژنەکە وای لە خۆی کردبوو یەک ڕۆژ پیاوەکە ئۆقرە نەگرێت بەبێ ئەو، وای فێرکردبوو کە لەهیچ کوێ و لەگەڵ هیچ ژنێکی تر کە ئەگەر وەکو پەری و حۆریش بێت هەڵنەکات، چونکە ئەوەندە بەدەوریا ئەهات و وەکو منداڵێکی زۆر نازدار نازی دەکێشا جێگە و رێگە و جلوبەرگ هەتا سەریشی وەک منداڵ دەشت، هەرچی خواردنی خۆشی دنیا هەبوو دەیزانی و بۆی درووست دەکرد..) بۆیە لە نۆڤلێتی(کارەکەر) زۆرجار بۆ نزیک بوونەوە لە هاوسەری ئوم باسل یاخود بۆ مەبەستی بەهاناوەچوون و نێوەندگیری بۆ ئەنجامدانی کارێک و ڕاییکردنی پەنا دەبەنە بەر خۆ نزیککردنەوە لە ئوم باسل، بۆ نموونە هاوسەری مەلیحە خان، مەلیحە هاندەدات و ڕایدەسپێرێت کە هەر چۆن بووە خۆی نزیک بخاتەوە لە ئوم باسل و دەڵێت(دەزانی ئەگەر ڕایبکێشیت بە لای خۆتدا چی دەبێت؟ یەعنی باوکی باسل دەچیتە گیرفانمەوە، تۆ نازانیت ئەو ژنە چەند زاڵە بەسەر مێردەکەیدا)
چوارەم: ژن قوربانی پیاوسالاری و تووندووتیژیی:
لە نۆڤلێتی (کارەکەر)دا گەلێ شێوازی جۆر بەجۆری توندوتیژی بەرامبەر بە ژن خراوەتە ڕوو، کە بەشێکیان ژنان بەشێوازی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هۆکاری تووندوتیژییەکە بوون، ئەمەش دیوێکی ڕاستەقینەی گرفتەکانە کە خاتوو گەلاوێژ زۆر بابەتیانە ویستوویەتی تیشکی بخاتەسەر و سەرنجی خوێنەری بۆ ڕابکێشێت، لەوانە:
توندوتیژی جەستەیی: لە نۆڤلێتەکەدا گەلێ قوربانی خراونەتە ڕوو کە ژنان باجەکەیان داوە، یەکێ لەو قوربانییانەی توندوتیژی(شوکرییە)ی کارەکەرە، کە سەرەڕای باری خرابی گوزەران و ئابوری و کرێچێتی، بەهۆی خەسوویەوە-دایکی هاوسەری- ڕۆژانە بوهتانی بۆ دەکرێت و بەدەست تێکەڵاوکردنی لەگەڵ کوڕی خاون خانووەکەیان تۆمەت باری دەکات و مێردەکەشی بێ بیرکردنەوەو دڵنییا بوون ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدات و شوکرییە خۆی دەڵێت،( خەسووم بە کوڕەکەی دەوت شوکرییە چاوبڕکێ لەگەڵ ئەم کوڕ و پیاوانە دەکات، ئەویش پشتێنە عەسکەرییەکەی دادەکەند و هەموو لەشمی ڕەش و شین دەکردەوەو دوایش تەڵاقی دام ..) ئەم جۆرە ئازاردانە ئازارەکی زۆرتر سەختە، چونکە تەنها جەستەیی نییە بەڵکو چەندین جۆری تووندوتیژی هاوپێچی یەک دەبن لەوانە، ناوزڕاندن، سوکایەتی پێکردن، تاوانبارکردن بێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک، هاندان بۆ لێدان و کوشتن، تێکدانی نێوان دوو هاوسەر.. و زۆری تریش، کە باداخەوە کۆمەڵگە بەرامبەر بە هەندێ لەو تووندوتیژییە نادیارانە بێ ئاگایە، یان کەمترین ئاگایی دەربارە هەیە، لە کاتێکدا ئەو زەبرانەی کە بەهۆی توندوتیژی مەعنەوییەوە بە مرۆڤ دەگات هیچی کەمتر نییە لە جەستەیی ئەگەر زیاتر نەبێت.
خیانەت: خیانەت بەچەند شێوازێک ئاماژەی پێکراوە،بەشێوەی کرداری یان زارەکی یان ڕەفتاریی، بەشێکیان پەیوەندن بە هەلومەرجی دەسەڵاتو شوێن و پێگەوەو هەندێکیان لە ئەنجامی حەزی زیادو دەستەبەر نەبوونی خواستەوە لای هاوسەر درووست دەبێت، وەک خیانەتی (مودیری پۆلیس) کە لەکاتێکدا ژنی بەڕێوەبەری پۆلیس نەخۆش دەبێت و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، هاوسەرەکەی خیانەتی لێ دەکات و سکی کارەکەری ماڵەکەیان پڕ دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی تر ژن باجەکەی بدات و ژنی کارەکەر دەربکرێت و منداڵەکەش لەبار ببرێت.
سوکایەتی و ناچارکردن: کچێکی کارەکەر لە ماڵی ئەبوباسل کار دەکات، سەرەڕای ئەوەی ناڕەوایی لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵیدا باس دەکات لەوەش دەدوێت کە چۆن ئازاد نییە لە خواردن و خواردنەوەو هەرشتێک لە ماڵەکەدا زیانی پێ بگات ئەوا دەبێت مانگانە لە خەرجییەکەی خۆی ببڕدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناچار بەکارکردن کراوەو گرفتی نەخۆشکەوتنی دایکی و بێ شوێنی و باری سەختی ئابورییان قۆستراوەتەوە کە ناچاری ئیشکردن و قەبوڵکردنی سوکایەتییەکان بکەن کە پێیان دەکرێت، کچەی کارەکەر دەڵێت،(ئاخر لە باخەکەیاندا دەژین، باوکم باخەوان و ئیشی بازاڕو هەموو ئیشێکیان بۆ دەکات، دایکیشم هەر ئیشی بۆ دەکردن، بەڵام ئێستا نەخۆشە و بە باوکمیان گوتبوو کەوا (حلوە) لەجیاتی دایکی بێت ئەگینا بڕۆن و خانووەکە چۆڵ بکەن..). لەگەڵ ئەم ستەم و توندوتیژیانەشدا دیسان ژن دەبێت قوربانی و لە پێناوی پیاودا کە براکەیەتی بە بیانووی ئەوەی کە بەرژەوەندی خۆی بەڵێن پێدراوە ناچاری ڕازی بوون بەو بارودۆخەی کردوون، جارێکی تر(حلوە) دەڵێت،(هەمووی خەتای براکەمە.. خانم پێی گوتووە داتدەمەزرێنم ،ئەویش ناهێڵێ ورتەمان لەدەم بێتە دەرەوە..)
بەزۆر بەشوودان و دەستدرێژی سێکسی: یەکێکی تر لە دیمەنە ناخهەژێنەکانی نێو نۆڤلێتی (کارەکەر) کە نووسەر خاتوو گەلاوێژ، بە دیقەتەوە لەناو چیرۆکەکەدا وەک حەقیقەتێکی واقیعی تیا ژیاو کە تائێستاش بەداخەوە کۆمەڵگە بەدەستییەوە دەناڵێنێت و بەردەوامە بە شێوازی جۆر بەجۆر و بۆ مەبەست و مەرامی کەسیی و مادەو دەستکەوت ژن قوربانی سەرەکی ئەو بارەیەو باجێکی قورسی ژیان و تەمەن دەدات نەک کاتیی بەڵکو سەرانسەری تەمەنی ژن دەکاتە تابلۆیەکی ڕەش و تاریک، ئەویش بە زۆر بەشوودان و بێ ئاگایی و نەژماردنی هەست و بۆچوون و حەزوئارەزووەکانی ژنە لە بابەتەدا، کە کەمترین پرس و ڕاوێژی پێ ناکرێت و لەو پرۆسەیەدا کەسەکانی ژن کە زۆربەی جار باوک و بران بڕیار لە چارەنووسی دەدەن.
دژوارترین تووندووتیژی ئەوجۆرەیە کە کچ ناچاری ژیانکردن بکرێت لەگەڵ پیاوێک هیچ هەست و سۆزێکی نەبێت، کەمترین رووخساری خۆشەویستی لە نێوانیان نەبێت، ئەبێت چ کارەساتێک بێت کاتێک ژن لەگەڵ ئەو پیاوەدا نەتوانێت بچووکترین دەربڕین لە ناخی بکات و لێی تێنەگەن، بۆیە نووسەر ئەم لایەنەی لە چیرۆکەکەیدا گرنگی پێداوە، لە کاراکتەری(فەیروز)دا ئەو واقیعەی خستووەتە ڕوو.
فەیروز کچیکی شانزە ساڵانە، کوردێکی خەڵکی دهۆکە، باوکی بە چاولەدووی پارەو سەروەت دەیدات بە پیاوێکی شۆفێری لۆری، ئەم پیاوە بێ ئەوەی فەیروز بیناسێت یان هاوتەمەنی بێت ،یان هیچ هەستوسۆزێک لەنێوانیاندا بێت، بە رامبەر بە بڕێک پارە فەیروزی لێ مارەدەکرێت و دەتهێنێتە موسڵ، پاشان لەوێشەوە بە فڕوفێڵ لەگەڵ خۆی دەیباتە بەگذاو لە ماڵێک دایدەنێت کە کچ بە کارەکەر دەستەبەر دەکەن بۆ ماڵە خواپێداوەکان و دەستڕۆیشتووەکان و لەو رێگایەوە دەبێتە کارەکەر و هاوسەرەکەی جێی دەهێڵێت و لێی ناپرسێتەوە، بێ کەس و بێ ئەوەی زمانی عەرەبی بزانێت دەبێتە قوربانی کچ بەشوودان بەرامبەر بە پارەو وەک هەر کاڵایەکی تر ئەڵوگۆڕی پێوە دەکرێت، خستنە ڕووی ئەم واقیعە ڕوخسارێکی تری تووندوتیژییە بەرامبەر بە کچان و ژنان، فەیروز ، لە دەربڕینی واقیعی ژیانی خۆی لە چیرۆکەکەدام سەرەڕای ئەو هەموو نادادییە باس لەدەستدرێژی سێکسیش دەکات کە لە لایەن پیاوی ماڵەکەوە کە ئەفسەرێکی سەربازی دەبێت دەکرێتە سەری و دەڵێت.(ژوورێکیان دابوومێ کە لەوێ بنووم...شەویش نووستبووم، سەیردەکەم یەکێک هاطوەتە سەر جێگەکەم <ڕاپەڕیم و خەریک بوو بقیژێنم، بەڵام فایدەی نەبوو، دەرەقەتی نەهاتم، بە چڕنووق و بە لەقە پەلاماریم دا، هەموو لەشمی تێک شکاندم ئەوەندەی لێدام، ئیتر لەو شەوەوە هەموو شەوێک ئەم پیاوە زابتەی مێردی ئەم ژنە وام بەسەر دەهێنێت، نازانم قسە بکەم، نە کەس دەناسم، نازانم بچم بۆ کوێ.؟).
سەرکوتکردنی حەزو خواستی ژن: خاڵێکی تر لە نۆڤلێتی (کارەکەر)دا کە نووسەر سەرنجی خستووەتە سەر، ئەو واقیعەیە کە ژن پێوەی دەناڵێنێ، ئەویش زەوت کردنی ڕادەربڕین و دەربڕینی حەزو خولیاو خواستەکانییەتی، تا ڕادەی لێسەندنەوەی مافی ئەوەی تەنانەت لە هەڵبژاردنی جل و بەرگ و ڕەنگ و شێوازی پۆشینیشدا ئازاد نەبێت، ئەمە ئەگەر لە ڕابردوودا زۆرتر بووبێت ، ئێستاش بە چەندین شێوازو بیانووی تر هەر هەیەو کچان و ژنان ناچار بە هەڵبژاردةیک دەکرێن کە خێزان و کۆمەڵگە و هەندێ کەلتورو نەریت پێی ڕازییە، نەک حەزو خولیای خۆیان.
جیاکاری جێندەری و بڕوابوون بە خورافیات: نووسەر، یەکێکی تر لەو واقیعە تیاژیاوەی ژیانی کورد کە خستوویەتییە ڕوو، جیاکاریی کردنی ڕەگەزیی و تێڕاونینی کۆمەڵگەیە بۆ کچ و کوڕ و ئەم بەرپرسیارێتیەشیان بە شێوەیەکی گشتی خستووەتە سەر ژنان، کاتێک لە چیرۆکەکەدا ژنێک خاوەن سێ کچە بەڵام بەهۆی سوکایەتی پێکردنەوە لە لایەن خەسوو کەسوکاری هاوسەرییەوە ناچار دەکرێت بۆ ئەوەی منداڵێکی کوڕیان هەبێت بچێتە بەر دەرگای کەسێک کە گوایا دەتوانێت نووشتە و نزای کوڕ بوون بکات.
جیاکاری جێندەری یەکێکە لە گرفتانەی کە بەشێوەیەکی زەق لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەگی هەیەو ئەمەش نەک هەر کاریگەری لە جۆری تێڕوانینی کۆمەڵگە کردووە بۆ جیاکاریکردن لە کردار و ڕەفتاردا، بەڵکو کاریکردووەتە سەر بیرکردنەوەو خەیاڵ و جیهانی ناهۆشمەندی خودی کچان و ژنانیش، کە ئەو جیاکارییەک وەک حەقیقەتێک لایان بچەسپێت و تەنانەت خودی ڕەگەزی مێ هەر بە خۆشیان زۆرجار ئەو جیاکارییە بکەن و تووندوتیژییەکانی جیاکاریکردنەکە سەرچاوەکەی هەر ژنان خۆیان بن لە جۆری پەروەردەکردنی کوڕان و گرنگی پێدانەکانیان بە جۆری ئازادی و کرانەوەو پاکانەکردن بۆ هەڵەو کەموکووڕییەکانیان و پەردەپۆشکردنیان بە بەهانەی پیاوبوون و مافی خۆیانەوە، کەچی لە بەرامبەریشدا کۆت و بەندکردن و سنووردانانی ناڕەواو بەرتەسک کردنەوەی خەیاڵ و ڕادەربڕین و تەعبیرکردنی لە ناخی خۆیان بۆ کچان و ژنان و بە خەوش و نەبەجێ و ناگونجاو لەگەڵ دابونەریت و کەلتور و مێژوو ئاین ناوی بەرن، بۆیە نووسەر بەلایەوە گرنگ بووە ئەم واقیعەی کە بەداخەوە کە تائێستاش نەک خەڵکە سادەکە بەڵکو لە ئاستی خوێنەوار و پلەی زانستی باڵاشدا هەر ڕەگی ماوەو لەم سەردەمەشدا دەبینین چەندها فاڵچی و ژادوگار و خەڵکانێک بە فروفێڵ خەریکی هەڵخەڵەتاندنی ژنان و کچانن و لەو ڕێگایەشە زۆرجار ناچار بە پارەدانێکی زۆر یان دەستدرێژی سێکسییان دەکەن.
لەباربردنی منداڵ لە ئەنجامی پەیوەندی سێکسی شاراوە: زێرین کچێکی ئیشکەرە، لە ماڵێکدا کاردەکات، بەڵام بە نهێنی پەیوەندی لەگەڵ کوڕێکدا هەیە کە پێشتر ئەم وەک کارەکەر لە ماڵیاندا ئیشی کردووە، لە ماڵە نوێکەشدا کە کاری تێدا دەکات کوڕی ماڵەکەی هەڵخەڵەتاندووە کە خۆشی دەوێت و دەیەوێت ئەنجام شووی پێ بکات، ئەمە بۆ شاردنەوەی هەر هاتوچۆیەک کەدەیکات، شەوانە بە بیانووی کارکردن و جل شتن و هەڵخستن و ئوتووکردنەوە دەچێت ماڵی کوڕەکەی دۆستی، ئەنجام بە هۆی پەیوەندی سێکسی بەردەوام لە نێوانیاندا سکی دەبێت، بۆ شاردنەوەی سکەکەی هەوڵی لەباربردنی کۆرپەلەکەی دەدات بەو هۆیەشەوە ئاشکرا دەبێت.
ئەم واقیعە پەل دەکێشێت بۆ بارێکی تر کە زۆر جار بۆ پینەوپەڕۆکردنی ئەم حاڵەتانە ناچار پەنا دەبرێتە بەر چارەسەرێک کە خۆی لە خۆیدا درووستبوونی گرفتێکی گەورەترە، کە ئەویش جارێکی تر بەشودانی ناچارییە و مێ مەرج و هیچ لەبەرچاوگرتنێکی هەستو ناخی کچەکە، بۆیە دوای ئەوەی ئەم کچە لە ماڵی ژنێک کە کاری مامانی دەکات بۆ ماوەی دووساڵ دەمێنێتەوە، دەدرێت بە پیاوێکی بێ کەس و هەژار و هیچ نهێنیەکیشیان دەربارەی ژیانی پێشووتری کچەکەیان پێ نەوتووە بەڵکو پێی وتراوە ( کەوا وەختی خۆی لە لادێ بووە باوەژنێکی داویەتی بە شوو بە پیاوێکی پیر، ئەمیش مانگێک لە لای بووەو پیرەمێردەکە مردووە..)
پێنجەم: گرفتەکانی خێزان: لە نۆڤلێتی (کارەکەر)دا:
گەلێ گرفتی خێزانی و ناوماڵ و ڕۆڵی ژن لەدروستکردنیدا یان چارەسەرکردنیدا خراونەتە ڕوو، نووسەر هەوڵیداوە لەو باسانە چ لە نێوان ئەندامانی خێزانێکدا کراون یان لە نێوان خودی ژنان لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانیاندا کراون، دەربڕین لە زۆر لایەنی بیرکردنەوەو خواست و خولیای ژنان و کچان و خەیاڵ و سیفاتەکانی مێینیەتی ژنان بکات، لە نێو ئەو قسەو باسانەدا زۆر لایەنی شاراوەی ژیانی ژنان خراوەتە ڕوو کە دەکرێت بۆ چەندین توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لە ژیان و بیرکردنەوەی ژناندا سوودی لێ وەربگیرێت، خوێندنەوەی ئەو دیو سنورەکانی نەستی ژنان، بەشێکی گرنگی تێگەیشتنە لە ژن و سیفاتە سرووشتییەکانی ژنان، کە ئەگەر مرۆڤ لێیان تێنەگات و ژن وەک ئەوەی هەیە نەناسێت و لە سیفاتە مێینیەتیەکانیان تێنەگات هەمیشە دووچاری ئاڵۆزی و گرفت و سەرئێشە دەبێت لەگەڵیان، کاتێکیش ئەم واقیعی ژن بوونە ژنێک دێت بە شێوەیەکی وردو سەرنجڕاکێش و لە دووتوێی نۆڤلێتێکدا باسی دەکات، ئەوا گرنگییەکەی زیاتر دەبێت، بەوەی ژن خۆی دەتوانێت دەربڕین لە ژن بکات و ئەو شێوازە ڕاستگۆیانەیەو وردی و ڕاشکاوانەیەی کە نووسەر لە نووسینی چیرۆکەکەیدا بەکاری هێناوە هیچ بوارێک بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە کە خوێنەر لێی تێنەگات و کاریگەری نەبێت لەسەری.
شەشەم: ژن هێزێکی ئەرێنی سەرەڕای هەموو گرفتەکان:
سەرەڕای ئەوەی ژنان و کچان بەشی سەرەکی سەرانسەری ڕووداوەکانی نۆڤلێتی (کارەکەر) پێک دەهێنن، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبووە لەوەی کە ژنان نەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی و بوێری و وەستان و مانەوە نەبینن، بەشیکی بنەڕەتی چارەسەرەکان بۆ هۆی بیرکردنەوەو هۆشیاری و تێگەیشتنی ژنان خۆیانەوەن، نووسەر ئەوەی دەرخستووە کە کاراکتەرە جۆربەجۆرەکانی ژنان و جیاوازییەکانیان خاڵی بەهێزن نەک لاواز، ژنان ئەگەر بەشێکیان ژان بن و تەنها لە ڕووکەشی بابەتەکاب بڕوانن و وەک کاڵاو جەستە خۆیان ببینن، ئەوا لە بەرامبەریشدا ژنانێکی بیرمەند و بیرکەرەوە و هۆشیار لە نێو پلەو پێگە جیاوزەکاندا هەن، ئەم هۆشیارییە پەیوەند نییە بە ئاستی خانەدانی یان توانای پۆست و داراییەوە، بەڵکو ژنان لە هەر پێگەو ئاستێکی ئابوری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتیدا دەتوانن بە ڕۆڵی خۆیان هەڵسن و کاریگەریشیان نەک لەسەر ژنان بگرە لەسەر تەواوی واقعی ژیان هەبێت و شوێن پەنجەیان لە ئاڕاستەو گۆڕانی ڕوداوەکان ببینن.
حەوتەم: وریایی نووسەر لە تێگەیشتن لە ڕووداوەکان و ژیریی لە دۆزینەوەی چارەسەر:
لە نۆڤلێتی(کارەکەر) دا چەندین گرێ و ڕووداو درووست دەبێت، خوێنەر بێ ئەوەی هەست بەماندووبوون بکات، یان بێزار بێت، لەگەڵ وشەکانی چیرۆک و بەسەرهاتەکاندا دەڕوات، سەرنجی ڕادەکێشێت و خوێنەر دەخاتە حاڵەتێکی وریایی و ئاگایی بەردەوام لە خوێندنەوەی چیرۆکەکە، ئەمە وادەکات خوێنەر لەگەڵ ڕەوتی ئاڕستەی چیرۆکەکەدا بڕوات، لەگەڵ کات و شوێنی ڕووداوەکان ئاوێتە بێت، وێنەی هزری لادرووست بێت بەشێوەیەکی باش وێنانی کارەکتەرو شوێن و ڕوداوەکان بکات، چونکە گرێکان زۆر بە ئاڵۆزی نامێننەوە، بەردەوام دەکرێنەوەو گرێی تر درووست دەبێت، ڕووداوەکان جیاوازن و پەیوەنداریشن پێکەوە، لە کۆی تەواوکردنی نۆڤلێتەکەدا خوێنەر ئەو هەستەی لادرووست دەبێت کە نووسەر لە چارەسەرکردنی کیشەکاندا لێزانانە مامەڵەی کردووەو هیچ گرفتێکی بێ وەڵام یان بێ تێگەیشتنی خوێنەر نەهێشتووەتەوە و پاشانیش ڕێگەی بیرکردنەوەشی لە خوێنەر نەگرتووەو کە خەیاڵ و لێکدانەوەی خۆی تێکەڵ بە چیرۆکەکە بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەندێشەی خوێنەر بەشیکی سەرەکی لێکدانەوەکانی چیرۆکەکەیە و خوێنەر تا دەگاتە کۆتایی چیرۆکەکە دانابڕێت لە ڕۆچونە نێو چیرۆکەکە.
*مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
..................................
سەرچاوە: نۆڤلێتی(کارەکەر)
نووسینی: گەلاوێژ
چاپی نوێ-سلێمانی ٢٠١٨