کوردی
العربیة
English
سەرەکی
دامەزراوە
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
سەرۆکی دامەزراوە
جێگری سەرۆک
ڕێکخەری میدیا
پەیوەندی
میدیا
هەواڵ
سەردان
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
چاوپێکەوتن
کتێب
سکۆلارشیپ
وتار
گەلەری
هەواڵ
رۆژنامەوانی وەک ئامرازێک بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی... ناساندنی کتێبی (بەشێک لە وتارە رۆژنامەوانییەکانی مام جەلال)
2026-07-05
هاوار نەسرەدین
پەیوەندیی نێوان سیاسەت و مەعریفە تەنیا رێکەوت نییە، بەڵکو ئاماژەی خۆئامادەکردن و پەرۆشبوونە بۆ رزگاربوون لە دۆخێکی داسەپێنراو و دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر. سیاسەت بەبێ مەعریفە دەبێتە کایەیەکی کوێر بۆ ململانێی هێز و بە دەستهێنانی دەسەڵات؛ هەروەها مەعریفەش بەبێ تێڕامانی سیاسی، لەناو کتێبخانەدا بە بێدەنگی دەمێنێتەوە و رەنگدانەوەی لە واقیعدا نابینێرت. هەر لەو سۆنگەیەوە وتارە رۆژنامەوانییەکانی مام جەلال، ئاماژەن بۆ پەیوەستبوونی کایەی مەعریفە و سیاسەت لە فیکری ئەودا. ناوەڕۆکی وتارەکان دەریدەخەن کایەی نووسین و رۆژنامەوانی، وەک کەرەستەیەک بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەشێک بووە لە سیاسەت.
کتێبی (بەشێک لە وتارە رۆژنامەوانییەکانی جەلال تاڵەبانی)، بریتییە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک وتاری مام جەلال لەلایەن (سامی قادر)ەوە و تاکو ئێستا لە دوو توێی کتێبێکی 292 لاپەڕەییدا، بۆردی هۆشیاری لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ک) بەشی یەکەمی چاپ و بڵاوکردووەتەوە. (ستران عەبدوڵڵا) لەسەرەتاوە، کتێبەکەی ناساندووە و تیشک دەخاتە سەر ناوەڕۆک و مەبەستی بەشێک لە وتارەکانی مام جەلال. جگە لە وتارە رۆژنامەوانییەکان، ئامادەکاری کتێبەکە پێشەکییەکی وردی لەبارەی ژیان و قۆناغەکانی گەشەکردنی بیری مام جەلال-ەوە نووسیوە. لەو پێشەکییەدا تیشک دەخاتە سەر وێستگە جیاوازەکانی گەشەی فیکری مام جەلال و چۆنێتی تێکەڵبوونی خەباتی سیاسی لەگەڵ نووسیندا دەخاتەڕوو، کە تێیدا رۆژنامەگەری وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و تێکۆشانی چینایەتی و برەودان بە سیاسەتی پێشکەوتووخوازنە بەکارهێناوە. پاشان بیۆگرافیای کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی کە لە کتێبەکەدا باسکراون خراوەتەڕوو. لە کۆتایی کتێبەکەدا، ئامادەکار لیستی سەرچاوەکانی نووسیوە و دواتر وێنەی لاپەڕەی چەند رۆژنامەیەکی کۆنی بڵاوکردووەتەوە کە مام جەلال وتارەکانی تێدا نووسیوە.
ئەم کتێبە تەنیا کۆکردنەوەی چەند وتار و تێکستێکی کۆن نییە، بەڵکو گەشتێکی مێژوویی و مەعریفییە بۆ ناو قووڵایی بیرکردنەوەی مام جەلال. ئەم بەرهەمە دەلاقەیەکە بۆ ناسینی مام جەلال وەک رۆژنامەنووس و نووسەر، پێش ئەوەی وەک پێشمەرگە و دیپلۆماتکار و سەرۆک دەربکەوێت. زۆربەی هەرە زۆری ئەو وتارانەی لەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی پەنجاکان و ساڵانی شەستەکان و سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو. ئەم قۆناغە بە یەکێک لە هەستیارترین و پڕ لە ململانێترین سەردەمەکانی عیراق دادەنرێت. هەروەها سەردەمێکە مام جەلال لە لووتکەی گەنجی و وزەی فیکریدا بووە و سەرەتای دەربڕینی بۆچوونە سیاسییەکانێتی. وتارەکان نیشانمان دەدەن کە مام جەلال چۆن لەنێوان کایەی سیاسی و کاری حزبی و مەیدانی رۆژنامەوانیدا هاوسەنگی راگرتووە. شێوازی نووسینی زۆربەی وتارەکان لەسەر بنەمای گێڕانەوە و گێڕانەوەی بەسەرهاتە. ئەمەش وایکردووە تێکستەکان تەنیا وەک وتارێکی وشک نەمێننەوە، بەڵکو ببنە جۆرێک لە وتووێژی کراوە لەگەڵ خوێنەردا. ئامانجیش لێی بریتییە لە تێگەیشتن لە نهێنییە سیاسییەکان و دۆخی نالەباری ئەو سەردەمە.
کۆڵەکەی سەرەکی هەموو نووسینەکانی ئەم کتێبە، پرسی «کوردایەتی» و خەباتی رەوای گەلی کوردە. مام جەلال لەم وتارانەدا وەک پارێزەرێکی سەرسەختی مافە نەتەوەییەکان دەردەکەوێت، بەڵام بە دیدگایەکی پێشکەوتنخوازانەوە. ئەو تەنیا داوای ماف ناکات، بەڵکو هەوڵدەدات خوێنەری کورد هۆشیار بکاتەوە لەوەی کە دۆزی کورد بەشێکە لە خەباتی ئازادیخوازیی گەلانی جیهان، هەروەها خەباتی گەلی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی لە دژی مافی گەلانی تر و پێشێلکردنی مافی خەڵکی تر نییە. لە بەشێک لە وتارەکاندا، نووسەر بۆچوونەکانی خۆی بە دێڕێکی شیعری، یان بەسەرهاتێکی هونەری و ئەدەبی دەوڵەمەند دەکات، هەروەک چۆن خەمخۆریی ئەو بۆ فەرهەنگ و ئەدەب لە نووسینەکانیدا رەنگ دەداتەوە، بەتایبەت کاتێک بە غەمبارییەوە باس لە کۆچی دوایی ئەدیب و شاعیرانی کورد دەکات، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لای مام جەلال، سیاسەت و کەلتور دوو رووی یەک دراون. بەتایبەت سیاسەت لەپێناو بەرنگاربوونەوەی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی.
یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی نێو ئەم وتارانە، رەنگدانەوەی فیکری سۆسیالیستییە لە دیدگای مام جەلال-دا. بە ئاشکرا دژی ئیستیعمار و دەسەڵاتە کۆنەپارێزەکانە و بە روونی پشتیوانی لە چینە چەوساوەکان، بەتایبەتی جووتیاران و کرێکاران دەکات. وەک زەمینەیەک بۆ کاریگەربوون بە ئایدیۆلۆژیای ماوتسی تۆنگ، لە نووسینەکانیدا بەرگری لە جووتیاران دەکات و وتارێک بۆ وەرگرتنەوەی مافە شایستەکانیان دەنووسێت، بەڵام لەم دیدگایەدا بۆ وەرگرتنەوەی مافی جووتیاران توندوتیژ نییە. هاوکات لەم وتارانەدا دەردەکەوێت مام جەلال هەمیشە بڕوای بە پێکەوەژیان و برایەتی گەلان هەبووە. ئەو لە دژی هەر جۆرە شۆڤێنیزمییەک دەوەستێتەوە و پێیوایە عیراق دەبێت ببێتە نیشتمانی هەمووان، نیشتمانی کورد، عەرەب، مەسیحی و ئاشووری و...هتد، داوا دەکات لە سایەی سیستمێکی دیموکراتی و پێشکەوتووخوازدا، پێکهاتەکان مافی یەکسانیان هەبێت. رەنگە ئەم بۆچوونانە بۆ ئیستا ئاسایی دەربکەون، بەڵام ڕێکەوتی ئەو بۆچوونانەی مام جەلال دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1959 و 1960.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکانیدا، مام جەلال تەنیا لە چوارچێوەی باشووری کوردستاندا نەماوەتەوە، بەڵکو بە وردی چاودێری دۆخی کوردی لە پارچەکانی تردا کردووە. بە توندی هێرش دەکاتە سەر بیری شۆڤێنیزم لە عیراق و تۆرانیزم لە تورکیا و ئاریاییزم لە ئێران. دژی هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد و چەوساندنەوەی کورد دەوەستێتەوە. ئاماژەدان بە دەربڕینی (تورکی چیایی) وەک سووکایەتییەک بە کورد و نکۆڵیکردن لە بوونیان، یەکێکە لەو بابەتانەی مام جەلال هەڵوەستەی لەسەرکردووە و بە نووسین وەڵامیان دەداتەوە. هەروەها شۆڕشی 14ی تەممووزی عیراق وەک نموونەیەک دەهێنێتەوە و هیوای خواستووە تورکیا چاو لەو وەرچەرخانە بکات و دان بە مافی خوێندن و بڵاوکراوەی کوردیدا بنێت. ئەو سەردەمە شۆڕشی 14ی تەممووز تەنیا گۆڕینی رژێم نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی کورد و عەرەب وەک دوو هاوبەشی سەرەکی لە کۆمارێکی نوێدا بژین.
لە چەند وتارێکدا مام جەلال باس لەو ئاستەنگ و تەنگوچەڵەمانە دەکات کە لە کاتی خەباتی نهێنیدا رووبەڕوویان بووەتەوە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن رۆژنامەیەک بە زمانی کوردی دەربکەن. ئەم گێڕانەوانە گرنگیی (وشە و نووسین و هۆشیاری) لە مێژووی رزگاریخوازیی کورددا دەسەلمێنن. ئاماژەیشە بۆ پەرۆشی تێکۆشەرانی کورد بۆ رۆژنامەوانی و راگەیاندنی کوردی. هەروەک چۆن ئاماژەیە بۆ پەیوەستبوونی رۆژنامەوانی و سیاسەت.
ئەم کتێبە وێنەیەکی راستگۆیانەی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئاستی هۆشیاریی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی و عیراقی دەخاتەڕوو. نووسینەکان گوزارشتن لەو پەستان و گوشارە کەلتورییانەی کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لەسەر کوردیان پەیڕەو دەکرد. نووسەر لە رێی دەربڕینی هەندێک بۆچوونەوە، تیشک دەخاتەسەر فشار و گوشارە جۆراوجۆرەکان لەسەر کورد.
زیاتر بخوێنەرەوە
هەواڵ
وەسیەتنامەکەی شەریف پاشا دۆزرایەوە
هەواڵ
ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانیی ACNS لە شاری سلێمانی ناسێندرا
هەواڵ
جێگری سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەشداریی مەراسیمی قوتابخانەی دانیاڵ میتران دەکات
هەواڵ
چەمکی کوردستانیبوون؛ شیکاریی گوتاری رەخنەیی یەکەمین وتاری مام بە کوردی لە نەتەوەیەکگرتووەکان
هەواڵ
ئەعرەجی: مام جەلال خاوەنی مێژویەکی مەزنە و یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بزووتنەوەی نیشتمانی
هەواڵ
سەرۆک کۆماری عێراق بەشداری لە کردنەوەی نووسینگەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە شاری بەغدا دەکات
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
دامەزراوە
ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
پەیوەندی
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
لینکی زیاتر
کتێب
وتار
گەلەری
سکۆلارشیپ
میدیا
هەواڵەکان
سەردان
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 pjtfoundation.org ,All rigth reserved