"مشتوماڵکردنی ئەدەبیاتی مام جەلال بۆ تەکنیکە نوێیەکانی میدیا و سیاسەت" لە سیمینارێکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی-دا
2026-10-25
لە درێژەی زنجیرە سمینارە تایبەتەکانی خۆیدا، دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، باسێکی دەربارەی ئەدەبیاتی سەرۆک مام جەلال لەژێر ناوی (مشتوماڵکردنی ئەدەبیاتی مام جەلال بۆ تەکنیکە نوێیەکانی میدیا و سیاسەت) پێشکەش کرد.
رۆژی چوارشەممە ٢١ی ١٠ی ٢٠٢٦ سمینارەکە بە ئامادەبوونی باڵیۆز دکتۆر محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەک لە نووسەر و ئەکادمی بەڕێوەچوو، تێیدا نووسەر و رۆژنامەنووس ستران عەبدوڵڵا رووناکی خستە سەر نموونەیەک لە نووسینە بەراییەکانی مام جەلال لە بواری ناساندنی مەسەلەی کورد لە عێراق، ئەویش ئەو لێکۆلێنەوە بوو کە لە کۆنگرەی سۆشیالیستەکانی عەرەب لە ساڵی ١٩٦٧ لە وڵاتی جەزائیر پێشکەشی کرد.
لە باسەکەدا تیشک خرایە سەر روانگەی سەرۆک مام جەلال لە بواری چارەسەری مەسەلەی کورد بەپێی پێوەرەکانی سۆسیالیزم و خوێندنگە فکرییە جیاوازەکانی جیهانی عەرەبی، ئەم روانگەیە بە یەکێک لە روانگە پێشکەوتوو و پڕ وردەکارەکانی لایەنی تیۆری کوردایەتی لە قەڵەم درا کە رەخنەی هاوسەنگ و بابەتی تێدایە لە بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانی وڵاتانی عەرەبی و لایەنە جیاجیاکانی مامەڵەیان لەسەر مەسەلەی کورد.
کۆڕگێر ئاماژەی بە پێویستی گواستنەوەی نووسین لەسەر ئەدەبیاتی سەرۆک مام جەلال لە قۆناغی گشتەوە بۆ بەشەکان، لە کۆ بەرهەمەکانەوە بۆ یەک بە یەکی بەرهەمەکانی مام جەلال کرد.
بەتایبەتی نووسینە کلاسیکییە بەراییەکانی بە زمانی عەرەبی کە داوای دیالۆگ و پێکەوەیی و تێگەیشتن لە مەسەلەی کورد دەکات لەلایەن گەلی عەرەب و هێزە سیاسییەکانەوە.
لە باسەکەدا ئەوە روونکرایەوە کە باسی کۆنگرەی جەزائیر بەناوی (سۆشیالیزم و کێشەی نەتەوەیی و مەسەلەی کورد لە عێراق) کۆمەڵێک چەمک و لێکدانەوەی تێدایە کە بۆ ئەمڕۆش دەست دەدات، چونکە زیندوو و دەوڵەمەندن، بە تایبەتی بۆ پرسی پەیوەندی نێوان کورد و عەرەب لە عێراق و لە سوریاش، ئەمەش بەوە دەبێت کە جگە لە بڵاوکردنەوەی کۆبەرهەمی سەرۆک مام جەلال دەبێت لێکۆڵینەوەی سەنگین لەسەر یەک بە یەکی ئەم بەرهەمانە بنووسرێت، هەروەها پێویست دەکات تەکنیکە نوێیەکانی میدیا و ژیری دەستکرد و هەموو تەکنەلۆژیای پەیوەندی بۆ ناساندنی بیر و ئەندێشەی سەرۆک مام جەلال بە نەوەکانی داهاتووی کورد و نەتەوەکانی دراوسێ بخرێتەگەڕ.
بۆ کەڵک وەرگرتن لەو ئەندێشە دەوڵەمەندە لە فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی دەستەبژێری سیاسیی کورد لە ئاست مەسەلەی کورددا، ئامادەبووان گفتوگۆ و سەرنجی باشیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە دەربڕی.