فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی: ناوێک کە شایەنی عێراقی نوێ و (سەمام ئەمان)ەکەیەتی

2026-04-12

ناونانی فڕۆکەخانەکان لە جیهاندا تەنیا ڕێوشوێنێکی کارگێڕی یان بژاردەیەکی پرۆتۆکۆڵی ڕاگوزەر نین، بەڵکو کردارێکی ڕەمزیی قوڵن کە وڵاتان لە ڕێگەیەوە بەسەرهاتی نیشتمانیی خۆیان دەپارێزن و لە ڕێگەیەوە کەسایەتییە یەکخەرەکانیان وەک گوزارشتێک لە مێژووی سیاسی و ئەخلاقی خۆیان، دەخەنەڕوو. لە شارەکانی جیهاندا، ئەو فڕۆکەخانانەی کە ناوی ڕابەرەکانیان هەڵگرتووە شوێنپەنجەی بەرچاویان لە بونیادنانی وڵاتەکانیاندا بەجێهێشتووە، بۆ نموونە جۆن ئێف کەنەدی لە نیویۆرک و شارل دو گۆڵ لە پاریس.

هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نیلسۆن ماندێلا لە کەیپ تاون، پایتەختی ئەفریقای باشوور، ناوی یەکێک لە دیارترین ڕەمزەکانی تێکۆشانی مرۆیی هەڵگرتووە. ناوی ماندێلا تەنیا سنووردار نەبوو بە ئەفریقای باشوور، چونکە فڕۆکەخانەیەکی تر بە ناوی ئەو لە پایتەختی دەوڵەتی کەیپ ڤێردا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، ناونانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی، هەنگاوێکە بە واتای سیاسی و نەتەوەیی کە لە چوارچێوەی ناوخۆیی ڕەت دەبێت و واتایەکی عێراقی فراوانتر وەردەگرێت.  

ناکرێت ئەم ناونانە لە ڕەهەندی حزبی خۆیدا کورت بکرێتەوە، یان لە سنووری ئینتیمای ڕێکخراوەییدا بخوێنرێتەوە، چونکە کەسایەتی جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) لە سەرتاپای ڕێگا درێژەکەیدا، پێناسەکانی حیزب و چوارچێوەی بەرتەسکی تێپەڕاندووە و بووەتە ڕەمزێکی نیشتمانیی عێراقی یەکخەر. لەوانەشە وەسفکردنی لەلایەن مەرجەعە ئایینی و سیاسییە جیاوازەکانەوە، لە ناوەوە و لەدەرەوەی عێراق بە "سەمامی ئەمانی عێراق"، وەسفکردنێکی وێنایی نەبووبێت، بەڵکو گوزارشتێک بووبێت لە ڕۆڵێکی ڕاستەقینە کە ئەو لە قورسترین و ناجێگیرترین قۆناغەکانی وڵاتدا گێڕاویەتی.

ناوی مام جەلال بە قۆناغە چارەنووسسازەکانی مێژووی عێراقی هاوچەرخەوە بەستراوەتەوە، هەر لە تێکۆشانی زوو بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، لەوانەش بەشداریکردنی لە داڕشتنی پڕۆژەیەکی دیموکراسی عێراقی کە لەسەر بنەمای فرەیی سیاسی بونیاد نرابێ، تا ڕۆڵی سەرەکی لە چەسپاندنی بنەماکانی دەستووری عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣. ئەو یەکێک بوو لە دیارترین پارێزەرانی بونیادنانی وڵات لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، سەربەخۆیی دادوەری، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی وەک چوارچێوەیەکی دەستووری کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر دەکات، بەتایبەتی مافەکانی هەرێمی کوردستان.

قوڵایی گرنگی کەسایەتی مام جەلال تەنیا لە هەڵوێستە سیاسییەکان یان دەستکەوتە دەستوورییەکانیدا نەبوو، بەڵکو لە توانای ناوازەیدا بوو لە ڕۆڵگێڕانی وەک نێوەندگیرێکی یەکخەر لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا. هەمووان ئاگادارن کە لە لوتکەی ساتەکانی تەنگژەی تایەفی و سیاسییدا، ئامادەبوونی ئەو فاکتەرێکی هاوسەنگی بوو و بەشدار بوو لە هێورکردنەوەی قەیرانەکان و ڕێگریکردن لە خلیسکانی وڵات بۆ ناو ململانێ ناوخۆییە کراوەکان. بەڕاستی ئەو ڕۆڵێکی باوکانەی بینی لە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکاندا بە پشتبەستن بە ژیریی سیاسی و متمانەی هاوبەش لەگەڵ هێزە جیاوازەکانی عێراقدا، کە ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی ببێتە یەکێک لە دیارترین زەمینەسازانی یەکێتیی نیشتمانیی عێراق لە قۆناغی دوای گۆڕانکاریدا.

لێرەشەوە، دابڕینی ناوی ئەو بەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا، پەیامی دڵسۆزییە بۆ یادەوەرییەکی تێکۆشانی پڕ بەرهەم و جەختکردنەوەیە لە مۆدێلێکی سیاسی کە عێراق لە ئێستا و ئایندەیدا پێویستیەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، گونجاوە کە پرسیارێکی نیشتمانیی فراوانتر بکرێت: ئایا شایەنی ئەوە نەبوو کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ناوی جەلال تاڵەبانی هەڵبگرێت؟ ئەو کەسایەتیەی کە لەلایەن مەرجەعە ئایینی و سیاسی و ڕۆشنبیرانەوە وەسفی "سەمامی ئەمانی عێراق"ی دراوەتە پاڵ، شایەنی ئەوەیە – بەوەی بۆ عێراقی کردویەتی – ناوی بە پایتەختی وڵاتەوە ببەسترێتەوە، نەک تەنیا بە شارێکەوە. لەبەرئەوەی کە ئەو سەرۆکێک بوو کە شایەنی عێراق بوو، یەکخەر بوو نەک جیاکار و ڕەمزێک بوو کە دەشێ ناوی ببێتە سەرچاوەی شانازی بۆ هەر دامەزراوەیەکی خاوەن سەروەری، لە بەغدا بێت یان لە هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە ناونانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ناوی ئەو، هەنگاوێکە بە نرخێکی گەورە، پیشاندەری ڕێزلێنانێکی شایستەیە و بناغەیەک بۆ کەلتوری ڕێزلێنان لە ڕەمزە نیشتمانییەکان لە پانتایی گشتیدا دادەنێت. فڕۆکەخانەکە، وەک دەروازەی شار بۆ جیهان، تەنها پێشوازی لە گەشتیاران ناکات، بەڵکو گێڕانەوەیەکیش لەمەڕ ناسنامە و بەهای شوێنەکە و ئەو کەسایەتییانەی کە بەشدارییان کردووە لە پێکهێنانی ڕوخساریدا، پێشکەش دەکات.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی تەنیا ناوێکی نوێ لەسەر تابلۆیەک نییە، بەڵکو ناونیشانی قۆناغێکە، کورتکەرەوەی ڕێگایەکە و پەیامێکی سیاسییە کە ڕایدەگەیەنێت عێراق، بە هەموو فرە ڕەنگییەکەیەوە، توانای بەرهەمهێنانی کەسایەتی یەکخەری هەیە کە دابەشبوونەکان تێدەپەڕێنێت و وەک چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ هەمووان، بنەما بۆ واتای دەوڵەت دادەنێت.
لە کاتێکدا کە هۆکارەکانی پەرتەوازەیی لە جیهاندا زیاد دەبن، ئەم جۆرە ڕەمزانە وەک پێویستییەکی نیشتمانی دەردەکەون، چونکە ئەو گەلانەی کە ڕێز لە کەسایەتییە یەکخەرەکانیان دەگرن، لە ڕاستیدا بەهای خۆیان دووبارە بەرهەم دەهێننەوە و رەهەندێکی زیندوو بە یادەوەرییەکەی دەدەن و لە هەمان کاتدا ئاسۆیەک بۆ داهاتویەکی هاوسەنگتر و جێگیرتر واڵا دەکەن.

کەوایە هەزاران سڵاو و درود بۆ ڕۆحی پاکی مام جەلال و بۆ ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەی کە لە ویژدانی عێراقییەکاندا دەمێننەوە و سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی کە بەشدارییان کردووە لە بەدیهێنانی ئەم ناونانەدا بەتایبەتی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق کە ئەم هەنگاوەیان نا بۆ چەسپاندنی کەلتوری ئەمەک و وەفاداری بۆ ڕەمزە یەکخەرەکانیان.

ئەم ناونانە لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی و دەروازەکەی بەڕووی جیهاندا، لە سلێمانییش پیرۆز بێت.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved