مام جەلال دەرگای بۆ دەنگ و توانای ژنان کردەوە

2026-08-13

لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنان بۆ ماوەیەکی درێژ ڕووبەڕووی بەربەستی کۆمەڵایەتی، نەریت و کەمبوونی دەرفەتی سیاسی بوونەتەوە، پێگەیاندنی ژن تەنها بە مانای پێدانی پۆستێك نییە؛ بەڵکو بە مانای دروستکردنی باوەڕ بە توانای ژن و ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەوەی دەنگی لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ببیسترێت.

لە مێژوودا هەندێك کەس تەنها بە بڕیار و وتارەکانیان ناسراو نابن، بەڵکو بەو دەرگایانە دەناسرێنەوە کە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەیکەنەوە، جەلال تاڵەبانی، یەکێك بوو لەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە بابەتی بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەشێك بوو لە دیدی گشتیی بۆ کۆمەڵگە.

ڕۆڵی ژنی کورد تەنها لە ماڵ و خێزاندا نەبووە،لە قۆناغە سەختەکانی خەبات، کۆچ، شۆڕش و دروستکردنەوەی کۆمەڵگەدا، ژنان بەشێکی گرنگی بەرگری و بەردەوامی بوون.

لێرەدا گرنگی ئەو بیرکردنەوەیە دەردەکەوێت کە ژن تەنها وەك پشتگیری خەبات نابینێت، بەڵکو وەك خاوەن دەنگ، توانای سەرکردایەتی و مافی بڕیاردان دەیبینێت.

مام جەلال لە ژیانی سیاسیی خۆیدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاك و سیاسی کاریکرد و لەو ژینگە سیاسییەدا کە بەشداری ژنان هێشتا پێویستی بە پشتگیری و دەرفەت هەبوو، بواری زیاتر بۆ دەرکەوتنی ژنان لە سیاسەت و دامەزراوەکاندا دروست بوو.

پێگەیاندنی ڕاستەقینەی ژنان ئەوە نییە تەنها ناوی ژنێك لە لیستی بەرپرساندا زیاد بکرێت؛ پێگەیاندن ئەوەیە ژن بتوانێت بڕیار بدات، ڕەخنە بگرێت، سەرکردایەتی بکات و خاوەنی دید و هەڵوێستی خۆی بێت.

گرنگی ئەم تێڕوانینە لەوەدایە کە کۆمەڵگە بە نیوەی توانای خۆی پێش ناکەوێت، ئەگەر ژنان لە خوێندن، سیاسەت، ئابووری، ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردندا دەرفەتی یەکسانیان نەبێت، کۆمەڵگەش بەشێکی گەورە لە وزە و داهێنانی خۆی لەدەست دەدات بۆیە پێگەیاندنی ژن بابەتێکی تایبەت بە ژنان نییە و بابەتی پێشکەوتنی تەواوی کۆمەڵگەیە.

یەکێك لە وانە گرنگەکانی ئەو قۆناغە سیاسییە ئەوەیە کە بەشداری ژنان نابێت تەنها بۆ پیشاندانی وێنەیەکی جوانی دیموکراسی بێت، ژن دەبێت لەو شوێنانەدا هەبێت کە بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵك دەدرێت.

کاتێك ژن دەبێتە پەرلەمانتار، وەزیر، بەڕێوەبەر، ڕۆژنامەنووس، مامۆستا، ئەکادیمیست یان سەرکردەی سیاسی، تەنها تاکێك پێش ناکەوێت، بەڵکو بۆ کچێکی گەنجیش پەیامێك دروست دەبێت کە تۆش دەتوانیت لێرە بیت.

ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین شێوەکانی پێگەیاندن؛ گۆڕینی ئەو وێنەیەی کۆمەڵگە لە توانای ژن هەیەتی.
باسکردن لە ڕۆڵی مام جەلال لە پێگەیاندنی ژنان نابێت تەنها ببێتە ستایشکردنی ڕابردوو. گرنگتر ئەوەیە بپرسین: ئێمە ئەمڕۆ لە کوێین؟
ئایا ژنان بە هەمان ئاستی پیاوان دەرفەتی بڕیاردانیان هەیە؟
ئایا کچانی گەنج بەبێ ترس دەتوانن خەونی سەرکردایەتی ببینن؟
ئایا ژن تەنها کاتێك پشتیوانی دەکرێت کە لەگەڵ بۆچوونی ئێمە هاوڕایە، یان مافی ئەوەشی هەیە جیاواز بیر بکاتەوە؟
ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە نیشان دەدەن پێگەیاندنی ژنان پرۆسەیەکی تەواونەکراوە و هەر نەوەیەك بەرپرسیارە بەشێك لەو ڕێگایە درێژتر بکات.

کۆمەڵگەیەك کە دەنگی ژن لاواز بکات، نیوەی هێزی خۆی بێدەنگ کردووە.
میراتی سیاسیی مام جەلال لە چەندین بواردا جێگای گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەیە، بەڵام لە بابەتی ژناندا یەک وانە گرنگ دەمێنێتەوە دەرفەتدان بە ژن خێرخوازی نییە؛ داننانە بە ماف و توانای مرۆڤێك کە دەبێت هاوبەشی دروستکردنی داهاتوو بێت.

ئەمڕۆ باشترین ڕێگا بۆ بەردەوامکردنی ئەو بیرۆکەیە، تەنها باسکردنی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو دروستکردنی ژینگەیەکە کە تێیدا هیچ کچێك ناچار نەبێت بپرسێت ئایا منیش دەتوانم ببمە سەرکردە؟
بەڵێ ئەگەر تواناکەت هەیە، دەرگاکە دەبێت بۆ تۆش کراوە بێت.

مێژوویەك لە پشتیوانی مام جەلال و شۆڕشی ئازادکردنی تواناکانی ژن
لە مێژووی گەلاندا، کەم جار کەسایەتیی سیاسی هەڵبکەون کە بتوانن لە یەك کاتدا ڕابەرایەتی شۆڕشێکی چەکداری بکەن و لە هەمان کاتیشدا، بناغەی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ و دادپەروەر دابڕێژن، مام جەلال خاوەن دیدگایەکی پێشکەوتنخوازانە بوو کە بەهێزکردنی پێگەی ژنانی بە مەرجی سەرەکی بۆ رزگاریی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە دەزانی.

لە سەردەمێکدا کە کۆمەڵگە بەدەست دابونەریتی خنكێنەر و دیدی پیاوسالارییەوە دەیپڕوکاند، مام جەلال دەرگای شۆڕشی بەڕووی ژناندا واڵا کرد، ئەو تەنها بە قسە داوای مافی ژنانی نەدەکرد، بەڵکو ژنانی هێنایە ناو ناوەندی بڕیاردان و سەنگەرەکانی بەرگرییەوە، لەسەر دەستی ئەو پێشمەرگەی ژن و ڕێکخراوەکانی ژنان دروستبوون، ئەمەش ڕێڕەوی خەباتی چەکداری و سیاسیی کوردستانی بە تەواوی گۆڕی و سەلماندی کە ژنان دەتوانن لە قورسترین ڕۆژگارەکاندا شانبەشانی پیاوان بارودۆخەکە بگوڕن.

دیارترین و کاریگەرترین ڕەهەندی ڕۆڵی مام جەلال لەدوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و دواتریش لە بەغدا وەک سەرۆک کۆماری عێراق دەستپێپێکرد، ئەو تێگەیشتبوو کە بێ پشت بەستن بە یاسا، ئازادیی ژنان تەنها بەڵێنێکی سەر زار دەمێنێتەوە، مام جەلال پشتیوانییەکی بێپاشەکشەی لە یاسا پێشکەوتووەکان کرد و ڕێگری لە توندوتیژی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەناو شەرەفپارێزی و هەموارکردنەوەی ئەو یاسانەی بکوژانی ژنانیان لە سزا دەبووراند، یاسای خێزان گۆڕانکاری لە یاسای بارودۆخی کەسێتی بۆ پاراستنی مافەکانی ژن لە هاوسەرگیری، جیاوبوونەوە، و مێراتدا.
کۆتای ژنان و چەسپاندنی ڕێژەی بەشداریی ژنان لەپەرلەمان و ناوەندەکانی بڕیاردان لە سەرانسەری عێراق و کوردستاندا.

مام جەلال بڕوای بە توانای ژن هەبوو لە بەڕێوەبردندا، لەسەر ئاستی حزبی و حکومی، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ژنان بگەنە ئاستی وەزیر، پەرلەمانتار، باڵیۆز و ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ئەو هەمیشە هانی ژنانی دەدا خوێندنی باڵا تەواو بپەڕێنن، بێنە ناو بواری ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و نەترسن لە گرتنەبەری بەرپرسیارێتییە گەورەکان.

کۆچی دوایی مام جەلال کەڵێنێکی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا جێهێشت، بەڵام ئەو ڕێبازەی لەسەر ماف و ئازادییەکانی ژنان جێی هێشت، تا ئێستاش بنەمایەکی بەهێزە، مام جەلال بە کردەوە سەلماندی کە کۆمەڵگەی بێ ژنی ئازاد، هەرگیز ناگاتە سەربەستی. ئەمڕۆ کە ژنانی کورد لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بوونیان هەیە و بەرهەم هاتوون، ئەنجامی ئەو تۆوەیە کە مام جەلال بە بڕوا و ئیرادەیەکی بەهێزەوە چاندیی.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved