عــــیــــراق و کــــوردســــــــتــــان، نــــیــــشـــــــتـــــــــــمـــــــانـــی نـــووســــــــــــەر و شـــاعـــیــــرە مـــەزنـــەکــان
2026-09-20
عــــیــــراق و کــــوردســــــــتــــان، نــــیــــشـــــــتـــــــــــمـــــــانـــی نـــووســــــــــــەر و شـــاعـــیــــرە مـــەزنـــەکــان
مـــحــه‌مـــه‌د مـــەهـــدی جـــەواهــیــــری و شــــــــێـــــــــرکــــۆ بـــــــــــــێــــکـــەس وه‌ك نــــمــــوونــــه
ئامادەکردنی - رێنوار خەلیل عەلی
ئەم مادەیە لە چوارچێوەی پڕۆژە هاوبەشی کەلتوریی نێوان رۆژنامەی کوردستانی نوێ و بڵاوکراوەی یارکوب ئامادەکراوە، کە ئامانجی ئاشناکردنی خوێنەرانە بە کەلتور و مێژوو و نەریت و ژیانی هاوچەرخی هەردوو گەلی کورد و روس، هەروەها پەرەپێدانی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەڕێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە.
پێشه‌كی
وڵاتی میزۆپۆتامیای جاران و عیراقی ئێستا، ناوه‌ندێكی كەلتوری و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی دێرینه و بۆ یه‌كه‌مجار نووسین له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه و له‌لایه‌ن سۆمه‌رییه‌كانه‌وه داهێنراوە و دواتر بابلی و ئه‌كه‌دی و ئاشورییه‌كان چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانی خۆیانیان پێ نووسیوه‌ته‌وه. لێره‌دا تاكی عیراقی له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبونه‌وه و ئاڵنگارییه‌كان راهاتووه و هه‌میشه بۆ ئه‌م رووبه‌ڕووبونه‌وانه‌ش یه‌كێك له چه‌كه كاریگه‌ره‌كانی تابلۆ هەڵكۆڵدراوه‌كانی سه‌ر دیواره‌كان بووه و دواتریش به نووسینه‌كانی، دڵی دوژمنه‌كانی هه‌راسانكردووه. ئیدی لێره‌وه ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاری و رووبه‌ڕووبونه‌وه له‌لای تاكی عیراقی دروستده‌بێت و نه‌خشی خۆی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كۆن و نوێ به‌جێده‌هێڵێت.
مێژووی هاوچه‌رخی عیراق دوو شاعیری مه‌زن له‌خۆده‌گرێت، یه‌كێکیان له کوردستان و ئه‌وی تریشیان له باشووری عیراق. شێركۆ بێكه‌س وه‌ك شاعیرێكی به‌ره‌نگاریی دژی زوڵم و سته‌می داگیركه‌ران به وشه و شیعره‌كانی رابوونێك ده‌خولقێنێت، تا تاكی كورد، ئینجا عیراقی له‌و خه‌وه قووڵه هه‌ڵسێنێت و بانگی ئازادی و یه‌كسانی و دیموكراسییان به‌گوێدا بدات. هه‌ر له‌هه‌مان كات و سات و سه‌رده‌مدا كه‌سێكی تر له باشوور دێته بوون، ئه‌ویش محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیرییه.
دوای یاخیبوون و چوونە ناو شەڕە گەورەکان و بەرگەگرتنی سەختییەکان، جەواهیری بوو به یه‌كێك له شایەتحاڵه‌كانی سەردەمه‌كه‌ی خۆی، كه هەرگیز سازش و لایەنگری لە کەس نەدەکرد و ملی بۆ کەس نەدەدا
محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیری
د.فالح گه‌یلانی نووسەر و شاعیر و ئەدیبی عیراقی له‌باره‌ی جه‌واهیرییه‌وه ده‌ڵێت: محه‌مه‌د مەهدی جەواهیری، بنەماڵەکەی له بنەماڵەیەکی موحافیزکاری نەجەفین، مێژوویەکی دوورودرێژ و بەرچاویان لە بواری زانست و ئەدەب و شیعردا هەیە، كه بە بنەماڵەی ئه‌لجه‌واهیر ناسراون و ناوی یەکێک لە باو و باپیرانی ئەو بنەماڵەیەیە. شێخ محه‌مه‌د حەسەن ساحیب ئه‌لجەواهیر، خاوه‌نی كتێبێكه لەسەر فیقهـ بەناونیشانی: «جواهر الكلام في شرح شرائع الإسلام» (گەوهەری قسەکردن لە شرۆڤەی یاساکانی ئیسلامدا).
جەواهیری لە 26ی تەمموزی ساڵی 1899 لە شاری پیرۆزی نەجەف لە بنەماڵەیەکی موحافیزکاری نەجەفی لەدایکبووە و مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە بواری زانست و ئەدەب و شیعردا. ئەم خێزانە وەک خێزانە دیارەکانی دیکەی نەجەف ناوه‌ندێكیان هەبوو، تا کەسایەتییە ئەدەبی و زاناكان لێی كۆببنه‌وه.
شاری نەجەف له رابردوو و ئێستاشدا ناوەندێکی ئایینی و ئەدەبی بووە، شیعر دیمەنێکی زیندووی لە ناوه‌ند و کۆبوونەوەکانیدا هەیە. باوکی بەناوی «عەبدولحسێن»، زانایەکی خەڵکی نەجەف بووه و دەیویست کوڕەکەی کە نیشانەکانی زیرەکی و لێهاتوویی تێدا ده‌رده‌كه‌وت، ببێتە زانایەکی ئایینی.
جەواهیری ته‌نها ته‌مه‌نی 10 ساڵ بووه، كاتێك باوكی عەبای زانایەکی لەبەرکرد و عه‌مامه‌یه‌كیشی خسته سه‌ری. لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستیکرد بە له‌به‌ركردنی قورئانی پیرۆز، لە خزم و هاوڕێکانی باوکییەوە فێری قورئان خوێندن بوو. پاشان باوکی ناردی بۆ لای مامۆستا بەناوبانگەکان بۆئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسینی بکەن، هەروەها زمانی عەرەبی بە ره‌وانی ناسی و پەیوەندی نێوان زمان و قورئانیشی بۆ روونبووەوە. له‌وانه‌ش: رێزمان، مۆرفۆلۆژی، رەوانبێژی، فیقهـ و بابەتەکانی دیکەی باو، لە پڕۆگرامی ئەو سەردەمەدا خوێندوویەتی.
باوکی و کەسانی دیکە پلانیان بۆ دانا، کە رۆژانە وتاری نەهج ئەلبەلاغه و شیعرێک لە دیوانی ئەلموتەنەبی لەبه‌ربکات. کوڕەکە هەموو رۆژەکەی بە له‌به‌ركردن بەسەردەبرد، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی تاقیکردنەوەی ئێوارەی دەکرد. دوای ئه‌وه‌ی له تاقیكردنه‌وه‌كه ده‌رده‌چوو، رێگەی پێده‌درا بڕوات، به‌مه‌ش هەستی بە لەدایکبوونێكی نوێ ده‌كرد. پاشان لەگەڵ باوکی‌دا دەچوو بۆ کۆبوونەوەی پیاوه گەورەکان.
جه‌واهیری و شێرکۆ بێكه‌س هه‌ردووكیان زاده‌ی خاكێكن، كه مێژوو وه‌ك قه‌ده‌رێك به جه‌نگ ده‌وری وڵاته‌كه‌یانی داوه، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا له‌پێناو ئامانجێكدا تێكۆشاون کە بریتییە لە سه‌ربه‌رزیی بۆ مرۆڤ و ئازادییه‌كانی
جه‌واهیری هەر لە منداڵییەوە مەیلێکی بەهێزی بۆ ئەدەب نیشاندا و بەرهەمەکانی وەک: [البيان والتبيين و مقدمة ابن خلدون] و له‌هه‌مانكاتیشدا بەرهەمە کۆکراوەکانی شاعیرانی بەناوبانگی عەرەبی دەخوێندەوە. دواتر بە کاریگەریی ژینگەکەی و پاڵنەری بەهرە زگماکییه‌كه‌ی، لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە نووسینی شیعر کرد.
باوکی هیوای خواستبوو ببێتە زانا، نەک شاعیر، بەڵام خولیا و مه‌یلی بۆ شیعر زاڵتر بوو. لە ساڵی 1917 باوکی کۆچی دوایی کرد. دوای ماوەی ماتەمینی، گەنجەکە گەڕایەوە سەر خوێندنەکەی و به‌یان و لۆژیک و فەلسەفەی بۆ وانه‌كانی زیاد کرد. هەموو شیعری نوێی خوێندەوە، جا عەرەبی بێت، یان وەرگێڕدراو.
لە سەرەتای ژیانیدا عەمامە و جلوبەرگی زانایانی ئایینی دەپۆشی، له‌هه‌مانكاتیشدا رەنگدانەوەی پەروەردەی ئایینی موحافیزکار بوو. ئەمەش وایکرد بەشداری شۆڕشی عیراقی ساڵی 1920 بکات دژی داگیرکردنی وڵاتەکەی له‌لایه‌ن کۆلۆنیالیزمی بەریتانیاوه. بە پۆشینی عەمامە، داکۆکیکارێکی دیار و بەشداربووی شۆڕش بوو، داوای بەئاگاهاتنەوەی هاووڵاتیی عیراقی و عەرەبی دەکرد لەدژی داگیركارییه‌كانی بەریتانیا. پاشان رووی لە بەغدا کردووە و بۆ ماوەیەکی کورت کاتێک مەلیک فەیسەڵی یەکەم تاجی پادشای عیراقی لەسەر دانراوە، لەوێ کاری کردووە. لەوکاتەشدا عەمامەکەی هه‌ر له‌سه‌ر بووه. دواتر واز لە عەمامە ده‌هێنێت و ئەرکەکەشی لە بەغدا جێهێشتووە. دواتر روو لە كاری رۆژنامەگەری ده‌كات، لەوانە (الفرات، الانقلاب و الرأي العام) و چەندینجار بە سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی عیراق هەڵبژێردراوە.
کەمێک لە شیعرە سەرەتاییەکانی ماونەتەوە. یەکەم شیعری لە مانگی یەکی ساڵی 1921دا چاپ و بڵاوکرایەوە، دوای ئەوە لە رۆژنامە و گۆڤارە جۆراوجۆرەکانی عیراق و عەرەبیدا بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوە.
یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناوی حلبة الأدب (گۆڕەپانی ئەدەب) بڵاوکردەوە، کە تیایدا لەگەڵ ژمارەیەک شاعیری کلاسیک و هاوچەرخ خەریکی دووانەی شیعری بووە. لە ساڵی 1928دا کۆمەڵە شیعرێکی بە ناوی «بين الشعور والعاطفة» (لە نێوان هەست و سۆزدا) بڵاوکردەوە، کە بەرهەمە تازە نووسراوەکانی لەخۆگرتبوو.
لە ساڵی 1930دا دەستی بە بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی «الفرات» کرد، بەڵام حکومەت دوای بڵاوبوونەوەی ژمارەی بیستەم، مۆڵەتەکەی هەڵوەشاندەوە. ئه‌م داخستنه‌ش بە قووڵی غەمباری کرد. هەوڵیدا رۆژنامەکە بخاته‌وه‌گه‌ڕ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. به‌بێ كار مایه‌وه، تا دواجار له ساڵی 1931دا لە قوتابخانه‌ی مه‌ئمونیه، وەک مامۆستا دامەزرا. دواتر وەک سەرنووسەر گواستراوەتەوە بۆ ناو دیوانی وەزارەتی مه‌عاریف کە (ئێستا وەزارەتی په‌روه‌رده‌یه).
ساڵی 1935 دووەم کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناوی «دیوان الجواهري» بڵاوکردەوە.
لە کۆتایی ساڵی 1936دا دوای کودەتای سەربازی بە سەرۆکایەتی بەکر سدقی، رۆژنامەی «الانقلاب» (کودەتا)ی ئــامــاده‌كــرد بۆ بڵاوكردنه‌وه، بەڵام هەستیکرد حکومەتی کودەتاچییه‌كان لە ئامانجە راگەیەندراوەکانی لایداوە و ئینجا لە رۆژنامەکەیدا دەستیکرد بە رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ئه‌و حكومه‌ته. لەئەنجامدا سزای سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و رۆژنامەکەشی بۆ ماوەی مانگێک راگیرا.
دوای رووخانی حکومەتی کودەتاچییه‌كان، ناوی رۆژنامەکەی گۆڕی بۆ «الرأي العام» (رای گشتی). بەڵام رێگەی پێنەدرا بەردەوام بێت لە بڵاوکردنەوە و چەندینجار داخراوە بەهۆی ئه‌و بابەتە رەخنەگرانه‌ی، كه گوزارشت له توندوتیژی و سیاسەتە چه‌وته یەک لە دوای یەکەکانی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن.
کاتێک بزووتنەوەی ئاداری 1941 بە سەرۆکایەتی رەشید عالی گه‌یلانی و ئەفسەرە ئازادەکان روویدا، جەواهیری پشتیوانی لێکردن، بەڵام بەهۆی بوونی هێزی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا لە عیراق، شکستیهێنا. دوای شکسته‌كه، عیراقی بەرەو ئێران بەجێهێشت، بەڵام لە کۆتایی ئەو ساڵەدا گەڕایەوە بۆئەوەی دەست بە بڵاوکردنەوەی رۆژنامەکەی بکاتەوە. لە ساڵی 1944دا بەشداری لە فێستیڤاڵی ئه‌بو عه‌لا مه‌عری لە دیمەشق کردووە.
پاشان لەنێوان ساڵانی 1949 بۆ 1950 بەرگی یەکەم و دووەمی شیعرە کۆکراوەکانی لە چاپێکی نوێ‌دا بڵاوکردەوە، كتێبه‌كه‌ش ئەو شیعرانەی لەخۆگرتبوو، کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا ئامادەی کردبوون و تێیدا شێوازی شیعری پێشەنگانەی خۆی تێدا ده‌رخستووه.
لە ساڵی 1950دا بەشداری لە کۆنفرانسی رۆشنبیریی جامیعەی عەرەبی کرد، کە لە ئەسکەندەرییە بەڕێوەچوو، دواتر بە سەرۆکی سەندیکای نووسەرانی عیراق و سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق هەڵبژێردرا.
کاتێک شۆڕش دژی دەسەڵاتی پادشایەتی و دامەزراندنی رژێمی نوێی کۆماری لە 14ی تەمووزی 1958 راگەیەندرا، پشتیوانی خۆی بۆ شۆڕش و سەرکردەکانی و رێبەرەکەی (عەبدولکەریم قاسم) و حکومەتەکەی راگەیاند. بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی قاسمدا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر بەو رووداوانەی لە ماوەی چەند مانگێکدا روویاندابوو، بەتایبەتی رووداوە خوێناوییەکانی ساڵانی 1959 و 1960 کە عیراقی خستە ناو دەریایەک خوێنەوە، رووبەڕووی جۆرەها هەراسانکردن بووەتەوە. دیاره هەموو ئەو رووداو و هەڵچوونانەی کە لە عیراقدا روویاندا، لەکاتێکدا کۆمۆنیستەکان دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، هەموو نەیارەکانیان کوشت، یان زیندانی کرد. ئەمەش جەواهیری ناچارکرد لە ساڵی 1961دا عیراق بەجێبهێڵێت و رووبكاته لوبنان و لەوێشەوە گەشتێکی بۆ ئەوروپا کرد و دواجار وەک میوانی یەکێتیی نووسەرانی چیکۆسلۆڤاکیا لە پراگ نیشتەجێبوو.
حەوت ساڵ لە شاری «پراگ» ژیاوە و لە ساڵی 1965 کۆمەڵە شیعرێکی نوێی لەوێ بە ناوی (برید الغربة) «پۆستی دەربەدەری» چاپ کرد. لە ساڵی 1968 دوای دامەزراندنی دووهەمین حکومەتی پارتی سۆسیالیستی عەرەبیی بەعس بە سەرۆکایەتیی (ئەحمەد حەسەن بەکر)، گەڕایەوە عیراق و حکومەت مووچەیەکی خانه‌نشینی به‌بڕی 150 دینار بۆ تەرخانکرد.
لە ساڵی 1969دا کۆمەڵە شیعری (برید العودة) «پۆستی گەڕانەوە» لە بەغدا چاپ و بڵاوكرده‌وه.
لە ساڵی 1971دا وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندنی عیراق کۆمەڵەی (ایها الارق) «ئەی بێخەوی»ـی بڵاوکردەوە. هەر لەو ساڵەدا سەرۆکایەتی وەفدی عیراقی کرد بۆ هەشتەمین کۆنفرانسی نووسەرانی عەرەب، کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو. هەروەها هه‌ر لەهه‌مان ساڵدا وەزارەتی راگەیاندن دووانێكی به‌ناوی (خلجات) بۆ بڵاوكرده‌وه.
ساڵی 1973 سەرۆکایەتی وەفدی عیراقی کرد بۆ نۆیەمین کۆنفرانسی نووسەرانی عەرەب، کە لە تونس بەڕێوەچوو.
زۆرێک لە وڵاتان بەڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە پێشوازییان لە شاعیری گەورە جەواهیری کرد، لەوانە: میسر، مەغریب، ئوردن، سوریا و چیکۆسلۆڤاکیای ئەوکات، بەڵام دواجار دیمەشقی هەڵبژارد و لەوێ نیشتەجێبوو، ئارامی دۆزییەوە و بوو بە دوا مه‌نزڵگای پشوودانی. دیمەشق شانازی بەوەوە دەکات کە پەناگەی شاعیران و بەتایبەت عیراقییەکانە. حافز ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەو کاتی سوریا، دوای خوێندنەوەی شیعری دیمەشق، كه شیعری جەواهیری بوو به‌ناوی: (دمشق جبهة المجد) (دیمەشق، بەرەی شکۆمەندی)، بە پێدانی بەرزترین میدالیای ئەو وڵاتە، رێزی لێگرت.
دواجار جەواهیری لە 27ی تەمموزی 1997دا کۆچی دوایی كرد، ئه‌مه‌ش دوای یاخیبوون و سەرپێچیکردن لە کات و ستەمکارەکان و چوونە ناو شەڕە گەورەکان و بەرگەگرتنی سەختییەکان. به‌مه‌ش بووه یه‌كێك له شایەتحاڵه‌كانی سەردەمه‌كه‌ی خۆی، كه هەرگیز سازش و لایەنگری لە کەس نەدەکرد و هەرگیز ملی بۆ کەس نەدەدا. چرای رووناکی بوو، بەڕاستی لێره‌دا ده‌كرێت بگوترێت: جه‌واهیری، «موتەنەبی-ی هاوچه‌رخه»، بەهۆی لێکچوونی شێوازی لەگەڵ موته‌نه‌بی و بەهێزیی شیعرەکانی و پتەویی له بەیتەکانیدا.
یه‌كه‌م دیداری جه‌واهیری و بێكه‌س له به‌غدا
له 11ی ئاداری 1970، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی 11ی ئادار له به‌غدا و له‌هه‌مانكاتیشدا رۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد بوو له به‌غدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته شاعیری گه‌وره‌ی كورد شێركۆ بێكه‌س رووده‌كاته به‌غدا، تا به‌شداری له‌و مه‌راسیمه گه‌وره‌یه‌دا بكات و هه‌رله‌وێ بۆ یه‌كه‌مجار به دیداری محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیری شاد ده‌بێت و له‌وێڕا ده‌بنه هاوڕێ و هاوخه‌باتی یه‌كتر.
ئه‌م دیداره، ته‌نها دیدارێكی ئاسایی نابێت، به‌ڵكو به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو گه‌وره پیاوی مه‌زنی كورد و عه‌ره‌ب بوو له به‌غدای پایته‌خت، كه دواتر لێكه‌وته‌ی زۆر گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیشی وروژاند، چونكه جه‌واهیری هاوڕێی نزیكی فایه‌ق بێكه‌س-ی بابی شێركۆ بوو، كاتێكیش باوكی ده‌مرێت، شیعرێك به ناونیشانی: «أنت الجميع وأنت الأوحد»ی به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌دات.
ئه‌م دیدار و پێكگه‌یشتنانه‌ی نێوان شێركۆ و جه‌واهیری درێژه‌ی كێشا، به‌تایبه‌ت له غوربه‌تدا و له هه‌ردوو شاری دیمه‌شق و پراگ. ئه‌م لێكنزیكبوونه‌وانه وایكرد شێركۆ بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی جه‌واهیری و شیعرێك به‌ناونیشانی: «حلبجة تذهب إلى بغداد» بنووسێت و هێز و توانای جه‌واهیری پیشان بدات.
شێركۆ بێكه‌س
شێرکۆ فایەق عەبدوڵڵا بێکەس (2ی ئایاری 1940، سلێمانی – 4ی ئابی 2013، ستۆکهۆڵم) لە دیارترین شاعیرانی کورد بوو. کوڕی شاعیری به‌ناوبانگی كورد فایق بێکەسه. باوكی چالاکوانی نەتەوەیی و یەکێک لە سەرکردەکانی راپەڕینی 6ی ئەیلولی 1930 بوو، کە لەئەنجامیدا زیندانیکردن و دواتر دوورخستنه‌وه‌ی بۆ باشووری عیراقی لێكه‌وته‌وه. هەروەها باوکی داكۆكیكاری مافەکانی ژنان بووە و لە ژێر کاریگەریی بیرۆکەکانی قاسم ئەمین و شیعره‌كانی ره‌سافی و زەهاوی و شاعیرانی دیکەی ئەو سەردەمەدا بووە. دایکی رۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەسەندنی شێركۆدا هەبووه، ئه‌وه‌ش لەڕێگەی ئەو ئەفسانە و چیرۆکە فۆلکلۆریانەی، کە بۆ شێركۆ و خوشکەکانی دەگێڕایەوە، هه‌روه‌ها لەڕێگەی ئەو گۆرانییە کوردییانەی شەوانە بۆی ده‌گوت، خۆشەویستی زمانی کوردی لە ناخیدا چاند.
شێركۆ لە سلێمانی درێژە بە خوێندن دەدات، کە فێرکردن بە زمانی کوردی بووه و زمانی عەرەبییش زمانی دووه‌م بووه. لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی پەیوەندی بە کاری سیاسییەوە کردووە و زیاتر لە 35 کۆمەڵە شیعری-یشی چاپ کردووە. دواتر ده‌بێت به یەکێک لەو شاعیرانەی شیعری ھاوچەرخی کوردیی داده‌مه‌زرێنێت و ناوبانگێکی جیهانیی په‌یدا ده‌كات.
شێرکۆ بێکەس، لەلایەن نووسەر و توێژەری ئیتاڵی «لاورا شرادەر» کە چەندین کتێبی دەربارەی شێرکۆ بێکەس ئامادەکردووە و نووسیوە؛ بە شاعیرانێکی وەک پابلۆ نیرۆدا و فێدریکۆ گارسیا لۆرکا، بەراوردی دەکات. هەروەها سەید عەلی ساڵحی شاعیری ئێرانی، شێرکۆ بێکەسی بە ئیمپراتۆری شیعری جیهان ناودێر کردووە.
شێرکۆ بێکەس یەکەم وەزیری رۆشنبیری لە حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و هەروەھا لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندامی پەرلەمانیش بووە. شێرکۆ بێکەس ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتیی نووسەرانی سوید بووە.
ئه‌م شاعیره رۆژی 2ی ئایاری ساڵی 1940 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. شێرکۆ یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی 17 ساڵیدا بڵاوکردووەتەوە. ساڵی 1968 یەکەمین پەرتووکی شیعریی خۆی بە ناوی «تریفەی هەڵبەست» لە بەغدا چاپ کردووە. ساڵی 1970 لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان، بەناوی بانگەوازی روانگە، بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی‌دا و هەنگاونان بەرەو شیعری نوێی کوردی، بڵاوکردەوە.
ساڵی 1987 لە سوید خەڵاتی «تۆخۆڵسکی»ی پێبەخشرا و شیعرەکانی بۆ زۆر له زمانه‌كانی دنیا وەرگێڕدراوه. لە ساڵی 1998ـەوە تا کۆتایی ژیانی، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئەمریکا و کەنەدا بوو. لە هەمان ساڵدا بە یارمەتیی کۆمەڵێک کەس و ھاوڕێی خۆی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم»یان دامەزراند.
ساڵی 2001 ناوەندی چاپ و راگەیاندنی خاک، خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بێکەس بەخشی. لە ساڵی 2009دا تەواوی بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا لە چاپ درا. شێرکۆ بێکەس یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و پێشەنگەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی. شیعرەکانی ئاوێتەیەک بوون لە نیشتمانپەروەری، مێژوو، خۆشەویستیی ئاو و خاک.
شێركۆ، لەبەردەم دنیایەکی گەورە داماندەنێت، دنیایەکی راستەقینە و ئەزموونکراو لە شیعر و خەبات و شاخ و شۆڕش.
ئەگەر لە پۆلێنبەندییەکی گشتیی‌دا ئەزموونی شیعریی هه‌رێمی كوردستانی عیراق بەسەر پێش راپەڕین (شاخ و شۆڕش) و پاش راپەڕین (شار و دەسەڵاتی کوردی) دابەش بکەین، ئەوا شێرکۆ زایەڵەی بەرزی هەردوو قۆناغەکەیە، لەمیان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی و نیشتیمانپەروەریی و ئازادی و سەربەستی، لەوه‌شیان بۆ دادپەروەری و جوانیپەرستی و کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی ژن، دەنگی هەڵبڕیوە. دنیای گێڕانەوە و خەون و ختوورە و ئازار و جوانپەرستی شێرکۆ هێندە پان و بەرینە، کە مرۆڤ لە ئاستیدا تا ئێستا کورتی هێناوە و کەمی کردووە. ئه‌و قەڵا و پارێزی زمانی کوردی بوو، لە سەردەمێکدا کە بوون و قەوارەی کورد بە هەموو شێوەیەک قڕ و نابوود دەکرا. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بوترێت: هاوشانی شۆڕش و خەباتی چەکداری، شیعر و ئەدەبی شێرکۆ سنوورەکانی سیاسەت و بەرژەوەندی و کایەکانی دەسەڵاتی تێپەڕاند و کوردبوون و دۆزە رەواکەی بردە ناو دیسکۆرس و فەزای ئەدەبی وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
ئەمەش نەک تەنها کارامەیی شێرکۆ، بەڵکو کارامەیی شیعر و ئەدەبیشە، لەلایەکی دیکەوە کە دەتوانێ ئه‌و ئیشەی سیاسەت و هاوکێشە سیاسییەکان لەمپەرن لە بەردەمی، بە هێزی خەیاڵ و وشە تێبپەڕێنێت و دنیایەک دروستبکات، کە پەردە لەسەر کایەی قێزەونی کوردقڕانی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەڵداتەوە و شێرکۆ بە شیعر ئەمەی کرد. ساڵی 1974 دووبارە دەبێتەوە بە پێشمەرگە.
پاش تێکچوونی شۆڕش بەرەو خوارووی عیراق، شاری رومادی، دووردەخرێتەوە. پاشان ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە سلێمانی. هاوکات ساڵی 1984 بۆ پشتگیریی شۆڕش و هێزی پێشمەرگە، هەروەها بۆئەوەی خۆی لە وەرگرتنی خەڵاتی (قادسیەی سەدام) بپارێزێت، جارێکی تر روو لە چیاکانی کوردستان دەکاتەوە و دەبێتەوە بە پێشمەرگە.
ساڵی 1986 بەهۆی تێکچوونی باری خراپی کوردستان و هێرشە بێئامانەکانی کیمیابارانەوە، پێشنیازی بۆ دەکەن بەرەو دەرەوەی وڵات بچێت. ساڵی 1986 دەگاتە ئیتاڵیا.
ساڵی 1987 لە سوید خەڵاتی تۆخۆڵسکی وەردەگرێت. خەڵاتەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی سوید «ئیگڤار کالرسۆن»ەوە پێشکەش دەکرێت. پاشتر هەر لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و دەبێت بە هاووڵاتی سوید.
شێرکۆ بێکەس ساڵی 1992 لە یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت بە وەزیری رۆشنبیری. ساڵی 1998 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی نووسەر و رۆشنبیری‌دا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دروستدەکەن و دەبێت بە سەرۆکی ئەو دەزگایە.
جێی باسە ساڵی 2009 سەرجەم بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپ کرد. هەروەها شێرکۆ بێکەس خاوەنی دەیان کۆمەڵە هۆنراوە و نزیکەی 10 هەزار لاپەڕە هۆنراوەی رەنگاوڕەنگە.
خاوەنی چەندین ئەزموونی جۆراوجۆرە لە نووسینی هۆنراوەدا. ئەو هۆنراوە، شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، داستان و گەلێ بەرهەمی تری ئەدەبیی نووسیوە.
هۆنراوەکانی شێرکۆ بێکەس بۆ زۆر زمانی وەکو ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، سویدی، عەرەبی، تورکی، فارسی و زمانی دیکەش وەرگێڕدراون.
ئه‌نجام
وه‌ك له پاشخانی هه‌ردوو شاعیر جه‌واهیری و شێرکۆ بێكه‌س-دا ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ردووكیان زاده‌ی خاكێكن، كه مێژوو وه‌ك قه‌ده‌رێك به جه‌نگ ده‌وری وڵاته‌كه‌یانی داوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا هه‌ردووكیان له‌پێناو ئامانجێكدا تێكۆشاون، كه بریتییه له تێكۆشان بۆ سه‌ربه‌رزیی مرۆڤ و ئازادییه‌كانی. هه‌ردووكیان به شیعره‌كانیان پڕ به گه‌رووی خۆیان له هه‌مبانیه‌كی پڕ له وشه‌ی ئه‌ده‌بی، گوزارشتیان له كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی، ئینجا كوردی كردووه. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌واهیری زۆر له كه‌سایه‌تییه كوردییه‌كانه‌وه نزیكبووه و له كێشه‌كانیان تێگه‌یشتووه، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ش بووه راستگۆیانه و به ئه‌مانه‌ته‌وه شیعری بۆ نووسیون و داكۆكی له پرسی کورد كردووه له دژی زوڵم و زۆرداریی به‌عس.
جه‌واهیری و شێرکۆ بێكه‌س خاوه‌نی یه‌ك پرس بوون و تا كۆتایی ژیانیشیان به وشه بۆی تێكۆشان.