کوردی
العربیة
English
سەرەکی
دامەزراوە
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
سەرۆکی دامەزراوە
جێگری سەرۆک
ڕێکخەری میدیا
پەیوەندی
میدیا
هەواڵ
سەردان
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
چاوپێکەوتن
کتێب
سکۆلارشیپ
وتار
گەلەری
وتار
حەسەن یاسین
رۆڵی مام جەلال لە هاوسەنگکردنی هێز لە هەرێمی کوردستاندا
2026-10-25
هاوسەنگیی هێز یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی زانستی سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئەم چەمکە تەنها بە پێوەندیی نێوان دەوڵەتەکان سنووردار نییە، بەڵکو لە ناو سیستمە سیاسییەکانیشدا دەتوانرێت بۆ شیکردنەوەی پێوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان بەکاربهێنرێت. لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا، بەهۆی بوونی چەندان هێزی سیاسی و فرە حزبەوە، هاوسەنگیی هێز بووەتە بابەتێکی گرنگ.
سەرۆک مام جەلال، وەک یەکێک لە کەسایەتییە هەرە کاریگەرەکانی مێژووی سیاسیی نوێی کورد، رۆڵی بنچینەیی لە دروستکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی هەبووە. دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی 1975، بووە مایەی هاتنەمەیدانی هێزێکی سیاسیی بەهێز لە کوردستانی عیراق و گۆڕانکارییەکی گرنگی لە هاوکێشەی هێزی سیاسیی ناوچەکە بەدوای خۆیدا هێنا.
لێرەدا هەوڵدەدەین رۆڵی مام جەلال لە هاوسەنگکردنی هێز لە هەرێمی کوردستاندا لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا شیبکەینەوە؛ بە تایبەتی لە پێوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ململانێی ناوخۆیی ساڵانی1992 و قۆناغی دوای ساڵی 2003.
هەڵبەت هاوسەنگیی هێز بریتییە لە دۆخێک کە تێیدا هێزێک یان کۆمەڵێک هێز هەوڵدەدەن لەڕێگەی بەرفراوانکردنی تواناکانی خۆیان یان دروستکردنی هاوپەیمانی، رێگە لە زاڵبوونی هێزێکیتر بگرن.
لە سیاسەتی ناوخۆدا، ئەم چەمکە دەشێت بۆ شیکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان حزبە سیاسییەکان بەکاربهێنرێت. کاتێک پتر لە یەک هێزی سیاسی، توانای کاریگەر و یەکلاکەرەوەی لەسەر بڕیارسازی هەبێت، رکابەری لەنێوانیاندا دروست دەبێت و رەنگە هێز لاسەنگ ببێت.
هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتی دوای راپەڕینی ساڵی 1991، (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) بوونە دوو هێزی سیاسیی سەرەکی. ئەم دۆخە جۆرێک لە «دوو- هێزی»ی سیاسی دروست کرد، کە هەر یەکێک لە دوو حزبەکە، لە ناوچە و دامەزراوەکانی خۆیدا نفوزی بەهێزی هەبێت. بۆیە، مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی زۆر دژوارە و بریتییە لە رکابەری، هاوکاری و هەوڵدان بۆ هاوسەنگکردنی هێزی نێوان ئەم دوو حزبە.
مام جەلال یەکێک بوو لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەک. لە یەکی حوزەیرانی ساڵی 1975، دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، مام جەلال و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی لە دەرەوەی وڵات و سەرکردەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان- ئەندێشەی ماو، لەناو وڵات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند. دامەزراندنی (ی.ن.ک) گۆڕانکارییەکی گرنگی لە هاوکێشەی هێزی سیاسیی کوردستاندا دروست کرد. پێش ئەوە، پ.د.ک بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی هێزی سەرەکیی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بوو، بەڵام بە دامەزراندنی (ی.ن.ک)، هێزێکی نوێی سیاسی، بە شێوەیەکی کاریگەر هاتە مەیدانی سیاسیی کوردستانەوە. مام جەلال بە دامەزراندنی ی.ن.ک، توانای سیاسیی خۆی و حزبەکەی بەرزکردەوە و بووە کاراکتەرێکی سەرەکی لەنێو هاوکێشەی هێزی سیاسیی کوردستاندا.
مام جەلال و رکابەریی (پ.د.ک) و (ی.ن.ک)
دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستانی عیراق لە بەهاری ساڵی 1991 و دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی، (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) هەردووکیان هەوڵیاندا نفوز و دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکەدا بەهێز بکەن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 19ی ئایاری ساڵی 1992 تاڕادەیەک هاوسەنگییەکی سیاسی لەنێوان دوو حزبە سەرەکییەکە هێنایەئاراوە، بەڵام کێشەکانی نێوان ئەم دوو حزبە ریشەی لەرۆژگاری خەباتی شاخەوە هەبوو، لەسەردەمی ژیانی شار و دەسەڵاتدارێتیی بەرەی کوردستانیشدا، نەک هەر درێژەی هەبوو، بەڵکو کێشەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکانی ئابووری و ئەمنی، بوونە هۆی توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان و تەگەرەدانان لەبەردەم پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.
لە ساڵی 1994 ناکۆکییەکانی نێوان دوو هێزە سیاسییە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی تەقینەوە و لە یەکی ئایاری هەمان ساڵدا گەیشتە ئاستی شەڕی ناوخۆ. ئەم شەڕە زیانێکی گەورەی بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان گەیاند و دەریخست هاوسەنگیی هێز، ئەگەر لەسەر بنەمای دامەزراوە و یاسا نەبێت، دەتوانێت بگۆڕێت نەک هەر بۆ ململانێی توند، بگرە بۆ شەڕی خوێناویش. مام جەلال، کە سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لەو قۆناغەدا هەوڵیدا شوێنی حزبەکەی لە هاوکێشەی هێزی سیاسیی کوردستان بپارێزێت. لە هەمان کاتدا، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، هەوڵی پاراستنی نفوزی خۆی دەدا. دوای چوار ساڵ شەڕی ناوخۆیی، رێککەوتنی واشنتن لە ساڵی 1998 یەکێک بوو لە خاڵەکانی وەرچەرخانی ئەم قۆناغە. رێکەوتنەکە رێگای بۆ کەمکردنەوەی شەڕ و گەڕانەوە بۆ هاوکاریی سیاسی خۆشکرد.
مام جەلال و گۆڕینی رکابەریی بۆ هاوکاری
دوای ساڵی 2003 بارودۆخی سیاسیی عیراق بە تەواوی گۆڕا. روخانی رژێمی بەعس هەلێکی نوێی بۆ کورد رەخساند بۆ بەشداریی فراوانتر لە پرۆسەی سیاسیی عیراق. لەو قۆناغەدا، (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) لە زۆر بابەتی گرنگدا بە شێوەی هاوبەش کاریان کرد. ئەمە گۆڕانێکی گرنگ بوو لە پێوەندیی نێوان دوو حزبەکە، چونکە دوای چەندان ساڵ لە رکابەری و شەڕی ناوخۆیی، هاوبەشیی سیاسی، پتر گرنگیی پەیدا کرد. مام جەلال لە ساڵی 2005 بوو بە سەرۆکی کۆماری عیراق. ئەم پێگەیە رۆڵی سیاسیی مام جەلالی لە ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستاندا بەرفراوانتر کرد. مام جەلال لە پێگەی سەرۆکایەتیی کۆماردا هەوڵی دروستکردنی تەوافوقی لەنێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکانی عیراق دەدا. هەروەها ئەم پێگەیەی بۆ پاراستنی پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا گرنگ بوو.
کاریگەریی مام جەلال لە هاوسەنگکردنی هێز
بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەریی مام جەلال لە هاوسەنگکردنی هێز لە هەرێمی کوردستاندا روون بکەینەوە، لەم چەند خاڵە سەرەکییەی خوارەوەدا کورتی دەکەینەوە:
1 - هێزێکی سیاسیی کاریگەری بەرانبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دروست کرد. ئەمە هاوکێشەی سیاسیی کوردستانی گۆڕی.
2 - پاراستنی نفوزی (ی.ن.ک). مام جەلال لە ماوەی سەرکردایەتیی خۆیدا هەوڵیدا نفوزی (ی.ن.ک) لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەتی دەڤەری سلێمانی بپارێزێت.
3 - رۆڵی ناوبژیوان. توانای مام جەلال لە گفتوگۆ و دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان وایکرد بتوانێت لە هەندێک قۆناغدا رۆڵی ناوبژیوان و نزیککەرەوە بگێڕێت.
4 - بەشداری لە سیاسەتی عیراق. سەرۆک کۆماری، بۆ مام جەلال هەلێکی گرنگ بوو بۆ بەشداریی کورد لە بڕیارسازییە سەرەکییەکانی عیراق، ئەمە جگەلەوەی مام جەلال، وەک کوردێک، سەلماندی سەرۆکی هەموو عیراقییەکانە.
5 - گواستنەوە لە ململانێوە بۆ تەوافوق. یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی قۆناغی دوای 2003 ئەوە بوو کە پێوەندییەکانی (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) لە رکابەری و شەڕی خوێناوییەوە بەرەو هاوکاری و تەوافوق چوو. هەڵبەت پێشەنگی ئەم هەوڵەش مام جەلال بوو.
6 - بەڵگە و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان (پ.د.ک) و (ی.ن.ک)، بە تایبەتی رێکەوتنی واشنتن لە 1998.
سنوور و کێشەکانی سیستمی هاوسەنگیی هێز
لەگەڵ ئەوەی رکابەریی (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) جۆرێک لە هاوسەنگیی هێزی سیاسیی دروست کرد، بەڵام ئەم سیستمە کێشەی خۆی هەبوو. یەکێک لە گرنگترین کێشەکان، دابەشبوونی دامەزراوە ئەمنی و سیاسییەکان بوو. لە قۆناغێکی مێژووییدا، لە پایزی 1996ەوە تا 2005، هەر یەک لە دوو حزبە سەرەکییەکە لە ناوچەی نفوزی خۆیدا، دامەزراوە و هێزی جیای خۆی هەبوو. تا ماوەیەکی کەم پێش ئێستاش ئەو دوو هێزییە هەر بەردەوام بوو، بەڵام بەر لە مانگە زەمانێک راگەیەندرا کە یەکیگرتووەتەوە. ئەم دۆخە وایکرد پڕۆسەی یەکخستنی دامەزراوەکانی هەرێم بە تەواوی و بە ئاسانی نەچێتە پێشەوە. لە روانگەیەکی رەخنەییەوە، دەکرێت بڵێین هاوسەنگیی هێز لە هەرێم، هەمیشە بە مانای دیموکراسیی بەهێز و دامەزراوەیی نەبووە؛ بەڵکو لە هەندێک قۆناغدا بووەتە هاوسەنگیی نێوان دوو حزبی سەرەکی.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین مام جەلال یەکێک بوو لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی گۆڕینی هاوکێشەی هێزی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی ی.ن.ک لە ساڵی 1975 بووە هۆی دروستبوونی هێزێکی سیاسیی بەهێز لە بەرامبەر (پ.د.ک) و بەشداریی مام جەلال لە رکابەریی سیاسیی کوردستان، هاوکێشەی هێزی ناوخۆیی گۆڕی.
لە قۆناغی شەڕی ناوخۆ 1994–1998، رکابەریی نێوان دوو حزبەکە لەوپەڕی توندیدابوو، بەڵام رێککەوتنی واشنتن و دواتر هاوکارییە سیاسییەکان و رۆڵی ئاشتیخوازانەی مام جەلال نیشانیاندا کە دەتوانرێت رکابەری بگۆڕدرێت بۆ تەوافوق.
دوای ساڵی 2003، مام جەلال بە بەشداریکردنی کارای لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق و بە تایبەتی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، رۆڵێکی فراوانی لە مەیدانی سیاسیی عیراق و پێوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا گێڕا. بۆیە، لە روانگەی تیۆریی هاوسەنگیی هێزەوە، دەتوانین رۆڵی مام جەلال بە سێ قۆناغی سەرەکی دیاری بکەین: دروستکردنی هێزی بەرامبەر، پاراستنی هاوسەنگیی هێز و گواستنەوە بەرەو تەوافوق و هاوکاریی سیاسی. بەڵام دەبێ جیاوازی بکەین لەنێوان «هاوسەنگیی هێز» و «دامەزراوەسازیی دیموکراتی»، چونکە بوونی دوو هێزی بەهێز، بە تەنیا بەڵگەی بوونی سیستمێکی دیموکراتیی دامەزراو نییە.
زیاتر بخوێنەرەوە
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... پێدانی ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی (کوردەواری) بە بزووتنەوە سیاسییەکەی کوردایەتی
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... لەجێی سەرنووسەری (کوردستان) و (رزگاری) دەبێتە سەرلەشکری (رزگاری)
د. سەلام عەبدولکەریم
مام جەلال و پرۆسەی ئاشتبوونەوەی گشتی لە شاخ
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... هەموو نووسەرێک نابێتە رۆژنامەنووس
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... قاڵبوونەوە لە کاری پراکتیکی رۆژنامەنووسیدا
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... دۆخی تورکی بولگاری کردە باسی دۆخی کورد لە تورکیا
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
دامەزراوە
ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
پەیوەندی
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
لینکی زیاتر
کتێب
وتار
گەلەری
سکۆلارشیپ
میدیا
هەواڵەکان
سەردان
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 pjtfoundation.org ,All rigth reserved