دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی سیمینارێک بۆ نووسەر و سیاسەتمەدار "عەلی شەمدین" ساز دەکات

2026-11-01
​رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی١٠ی٢٠٢٦ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە درێژەی چالاکییە رۆشنبیری و مەعریفییەکانیدا، سیمینارێکی تایبەتی بۆ نووسەر و سیاسەتمەدار "عەلی شەمدین" رێکخست بۆ خوێندنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە ناونیشانی "مام لە شام".

​لە سیمینارەکەدا، ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسی، رۆشنبیری و راگەیاندنکاران ئامادەیبوون، لەم سیمینارەدا روانگە و خەباتی سیاسی و دیپلۆماسیی سەرۆک مام جەلال لە شام خرایە روو.
عەلی شەمدین لە سیمینارەکەیدا تیشکی خستە سەر، خەباتی سەرۆک مام جەلال لە شام وەک قۆناغێکی گرنگ و کاریگەر لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکاندا.
​لە درێژەی سیمینارەکەدا، عەلی شەمدین کورتەیەکی لەسەر ناوەرۆکی کتێبی "مام لە شام" خستەڕوو کە لەلایەن دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانییەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کتێبەکە ئاوڕدانەوەیەکی وردە لە رۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال لە دروستکردنی پردی پەیوەندی و رەخساندنی زەمینەی دیالۆگ لە شام، هەروەها دۆکیۆمێنتکردنی ئەو وێستگە گرنگانەیە کە کاریگەرییان لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە هەبووە.

​لە کۆتایی سیمینارەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و پرسیار بۆ ئامادەبووان کرایەوە عەلی شەمدین سەرنجی خۆی و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.

کتێبی "مام لەشام" بە زنجیرە وتار بەزمانی کوردی و عەرەبی لە وێب سایتی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی و کرمانجی لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە کاغەزی بڵاودەکرێتەوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved